جام کوردی:"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران له وتووێژی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فارسی "دیپلۆماسی ئێرانی" ڕایگه‌یاندووه: یه‌که‌مین و دوایین مه‌رج بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، ڕه‌زامه‌ندی حکوومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه/ ئه‌و هه‌لوومه‌رجه‌ی که حکوومه‌تی عێراقی پێکهێنا، ده‌توانێت ببێته هۆی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان/ بارزانی وتی له پاش داعش، عێراقێکی نوێمان ده‌بێت/ تورکیا به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی، زیاتر له ئێران پاڵپشتیی له هه‌رێمی کوردستان کرد/ به هه‌مان شێوه که پێویستمان به تورکیا هه‌یه، پێویستیشمان به ئێران ده‌بێت/ به‌ڵگه‌ی بوونی مونافقین له هه‌رێمی کوردستان بخه‌نه‌ڕوو!
دیپلۆماسی ئێرانی – کوروش چهاردوری: کوردستانی عێراق ته‌نیا ناوچه‌ی کوردنشینی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته که له پاش ساڵانێک خه‌بات، گه‌یشتووه‌ته خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری سیاسی، به‌ڵام ئه‌مه کۆتا ئامانجی کوردانی عێراق نییه. سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بابه‌تێکه که به پێی ڕاگه‌یاندنی سه‌رکرده‌کانی هه‌رێمی کوردستان، ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی یه‌ک به‌ربه‌سته و ئه‌وه‌ش ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی وه‌ک ئێران و تورکیا له‌و بابه‌ته گرنگانه‌یه که ده‌توانرێت سه‌باره‌ت به‌مه له گه‌ڵ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له تاران وتووێژی له سه‌ر بکرێت. "نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له نووسینگه‌ی خۆی خانه‌خێوی په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" بوو و وڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاریی دایه‌وه.
که باس له هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێت ڕه‌نگه یه‌که‌م بابه‌ت که سرنجڕاکێشه، پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێت. به پێی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچه‌که، هه‌رێمی کوردستان تا چه‌نده بیر له پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌کاته‌وه؟
لێره‌دا دوو بابه‌ت گرنگه. سه‌باره‌ت به بیرکردنه‌وه له سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی، نه‌ک ته‌نیا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان به‌ڵکوو هه‌ر تاکێکی کورد بیر له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام بابه‌تی دووه‌م ئه‌وه‌یه که دابین کردنی ئه‌م مافه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌نده به‌م پرسیاره‌وه که که‌ی و چۆن؟ له‌م دۆخه‌ی ئێستادا، هه‌ندێک بابه‌ت و هۆکار بوونیان هه‌یه که به‌ستێنی ئه‌مه‌ی دابین کردووه که سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی قسه بکه‌ین. به‌ڵام به شێوازێکی گشتی، سه‌رکردایه‌تی و زۆرینه‌ی کوردان له‌و بڕوایه‌دان که سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، زیاتر له هه‌ر بابه‌تێکی دیکه بۆ ڕێکه‌وتنی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه پێویسته دابین بکرێت. ئه‌و کاته ده‌توانین له سه‌ر بابه‌ته‌کانی دیکه‌ی تایبه‌ت به سه‌ربه‌خۆیی قسه بکه‌ین.
ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق له هاوکێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان وه‌لاوه بنێین، چه هۆکارانێکی دیکه له سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی کاریگه‌رییان ده‌بێت؟
به بۆچوونی من، یه‌که‌مین و دوایین مه‌رجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م پرسه بۆ کێشه ناوخۆییه‌کانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر وڵاتانی وه‌ک ئێران، تورکیا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریکا و به‌ریتانیا بیانه‌وێت سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان لێدوان بده‌ن، هه‌موویان ئه‌م پرسه بۆ حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان به بێ ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ڕابگه‌ێندرێت، ته‌مه‌نێکی وه‌های نابێت.
به ڕای ئێوه ئایا ڕۆژێک ده‌گات که حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ڕه‌زامه‌ندی خۆی سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌رببڕێت؟
له سیاسه‌ت هیچ ئه‌گه‌رێک به دوور نییه و ده‌توانرێت بیری لێ بکرێته‌وه به‌ڵام به‌نده به کاته‌وه. ئه‌گه‌ر بۆ پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق بگه‌ڕێنه‌وه، ده‌بینن که ئه‌م وڵاته له پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تی عوسمانی پێکهاتووه و له پێکهێنانی چه‌ند به‌شێک، عێراق بوو به وڵات. ڕه‌نگه هه‌ل و مه‌رجێک دابین بکرێت و هه‌مان یه‌کگرتنه‌وه که له به‌شه‌کان پێکهێنرابوو، هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و دۆخی پێشوو یان دۆخێکی نوێی لێبکه‌وێته‌وه.
مه‌سعود بارزانی، ئه‌و کاته‌ی که گرووپی تیرۆریستی داعش شاری موسڵی داگیر کرد، ڕایگه‌یاند که ئه‌مڕۆ ده‌بێت کورده‌کان به مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی ئاماده ببن، هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م بابه‌ته له ئه‌وله‌ویاتی کارپێکردنی بارزانی و هه‌رێمی کوردستان نه‌ما، چی بوو؟
نه، به‌م شێوه‌یه نه‌بووه. پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراق و داگیرکردنی موسڵ له لایه‌ن داعشه‌وه هه‌ل و مه‌رجێک هاته پێشه‌وه که به پێی ئه‌وه، مه‌ودایه‌کی 1050 کیلۆمه‌تری که‌وته نێوان سنوری هه‌رێمی کوردستان و عێراق. ئه‌و کاته بوو که به‌ڕێز بارزانی ڕایگه‌یاند که " له پاش داعش، عێراقێکی نوێمان ده‌بێت ". به‌م پێیه‌ش، ئێمه به شێوازێکی ته‌واو له عێراق جیا بووینه‌وه و ته‌نیا ڕێگای په‌یوه‌ندیمان به به‌غداوه، ڕێگای ئاسمانی بوو. ئه‌گه‌ر ویستی سه‌ردانی به‌غدامان له ڕێگای وشکانییه‌وه هه‌بوو، ده‌بوایه سه‌ردانی ئێرانمان بکردایه و له‌و ڕێگایه‌وه سه‌ردانی عێراقمان ده‌کرد. ئه‌گه‌رچی هه‌ل و مه‌رجێکی نوێ هاته پێشه‌وه، به‌ڵام ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووین و له جێی ئه‌وه‌ی که باس له سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ین، باسی ڕێگاچارهکانمان کرد. ئێمه له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی دژ به داعش به سه‌رکردایه‌تی عێراق بووین به ئه‌ندام. له ئاکامی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به فه‌رمانده‌یی به‌ڕێز بارزانی، له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتن که له یه‌که‌م هه‌نگاودا، هه‌ندێک ناوچه ئازاد و دیسانه‌وه کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه و پاش ئه‌مه‌ش به‌شداریمان له شه‌ڕی ئازادکردنه‌وه‌ی موسڵ کرد. به‌و شێوازه نه‌بوو که لێدوانه‌که‌ی به‌ڕێز بارزانی یه‌کلاکه‌ره‌وه بێت. هه‌ل و مه‌رجێک هاته پێشه‌وه که به‌ڕێز بارزانی باسیان له عێراقێکی نوێ کرد. ئه‌مڕۆش ده‌ڵێین که له پاش ئازادکردنی موسڵ، هه‌ل و مه‌رجێکی نوێ دێته پێشه‌وه. ئایا حکومه‌تی عێراق ده‌توانێت هێزی خۆی سه‌باره‌ت به دابین کردنی یه‌کێتی ناوخۆی عێراق به کار بێنێت یان نه؟ ئه‌و هێزه‌ی نوێیه‌ی که پێکهاتووه، به مه‌به‌ستێکی دیکه به کاری دێنێت و ڕایده‌گه‌ێنێت که کورده‌کانم قبووڵ نییه. ئێوه ده‌زانن که له‌و کاته‌وه که عێراقی نوێ پێکهاتووه هیچ کات کورده‌کان وازیان له خه‌باتی خۆیان نه‌هێناوه. یه‌که‌م هه‌نگاوی کوردان به ده‌ستهێنانی مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بوو. گوشاری زۆر له ئارادابوو و له‌م ڕێگایه‌دا قوربانییه‌کی زۆر درا و له ئاکامدا له حکومه‌تی نوێی عێراق، حکومه‌تی فیدراڵیمان قبووڵ کرد. کاتێک که ئێمه ئه‌مڕۆ مسۆگه‌ربوونی فیدراڵی له ده‌ستووری عێراقدا ده‌بینین، چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین که حیسابمان بۆ بکرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌م فیدراڵییه‌دا له به‌رچاو نه‌گیرێین و له به‌ڕێوه‌بردنی عێراق هاوبه‌ش نه‌بین، ئه‌و کات فیدراڵیزم چه مانایه‌کی ده‌بێت؟ به‌ڵام به شێوازێکی گشتی، چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین که له پاش کۆتایی هاتنی شه‌ڕی داعش له موسڵ، به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری زیاتر له عێراق و ناوچه‌که، بتوانین له گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند بگه‌ینه ڕێکه‌وتنێک که ئه‌و ڕێکه‌وتنه، هۆکاری ئاسایش و سه‌قامگیری له ناوچه‌که و عێراق بێت و کورد بتوانێت له عێراقدا خاوه‌نی مافی خۆی بێت.
لانیکه‌م له‌م بارودۆخه‌دا، ئێران، تورکیا و عێراق، دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی که ئاماژه‌تان پێ دا، مسۆگه‌ر نه‌بێت، ئایا کورده‌کان ئاماده‌ن په‌نا بۆ چه‌ک ببه‌ن و له پێناو سه‌ربه‌خۆییدا، تێچووی مرۆڤی بده‌ن؟
ئێوه پێویسته له نێوان خواستی سه‌ربه‌خۆیی و به ده‌ستهێنانی ماف و پاڵپشتی له خۆ، جیاوازی دابنێن. به مه‌به‌ستی پاڵپشتی له خۆ و پاراستنی مافی کوردان، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه خه‌باتێک ده‌بین که ئه‌مه‌ش به‌نده به هه‌ل و مه‌رجه‌وه.
ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی داهاتی کوردستانی عێراق، هێڵی نه‌وتی جهیهانه که له تورکیاوه تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌م ماوه‌دا سه‌ردانه‌که‌ی به‌ڕێز بارزانیمان بۆ تورکیا بینی. پێده‌چێت که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌کی گه‌رم و گوڕی له گه‌ڵ تورکیا هه‌بێت. ئه‌م په‌یوه‌ندییه گه‌رمه بۆ چه هۆکارێک ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
هه‌ر گه‌رمی و پته‌وبوونی په‌یوه‌ندییه‌ک، له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی دوو لایه‌نه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئێمه له هه‌ل و مه‌رجێکدا بووین که له نێوان ئێمه و به‌غدا ناکۆکی هاته پێشه‌وه و به‌غدا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌کانی نه‌بوو به‌رامبه‌ر به کورد سه‌باره‌ت به جێبه‌جێ کردن و خێراکردنی پرۆژه‌ی نه‌وت. ئێمه‌ش بۆ بنیات نانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به که‌ڵک وه‌رگرتن له دهاتی ژێرزه‌وی خۆمان به‌سراوه بووین. سه‌رده‌مێک هه‌ر له‌م داهاته بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییان ده‌کڕی و به سه‌ر خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ده‌یانباراند. ئێمه دژایه‌تی پرۆژه‌ی نه‌وتی عێراق ناکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و یاسایه له پارله‌مانی عێراق په‌سه‌ند نه‌کرا، به هۆی ئه‌وه‌ی که بڕیارێکی سیاسی بوو. له لایه‌کی دیکه‌وه ئێمه دوو وڵاتی دراوسێمان هه‌یه، واته ئێران و تورکیا. یه‌که‌م وڵات که له ڕێگای ته‌نکه‌ر و ترانزێته‌وه ڕێگای بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه، ئێران بوو، به‌ڵام یکه‌م وڵات له موڵه‌تی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی کوردستانی له ڕێگای بۆرییه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌رکرد، تورکیا بوو، ئه‌مه‌ش جیاوازی نێوان ئێران و تورکیایه. به‌م دواییانه هه‌وڵی زۆر له نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان هه‌بوو تا هێڵی دووه‌می نه‌وت له ڕێگای ئێرانه‌وه بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئه‌مڕۆ به هۆی هه‌ندێک پرسه‌وه، ئه‌م پرۆژه‌یه جێبه‌جێ نه‌کراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه، تورکیا به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و هه‌روه‌ها دابین کردنی سووته‌مه‌نی و وزه‌ی خۆی، زیاتر له ئێران پاڵپشتی هه‌رێمی کوردستانی کردووه و به بۆچوونی من له داهاتووشدا ئه‌م پاڵپشتییه به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڵام ئێمه ده‌بینین که تورکیا چه هه‌ڵسووکه‌وتێکی به‌رامبه‌ر به کوردانی خۆی هه‌یه و له گه‌ڵ کورده‌کانی سوریا، ئه‌و کاته‌ی که شه‌ڕی کۆبانێ بوو. وێڕای ئه‌وه‌ی که له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت وه‌ک تاکه ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لایه‌نگری له مافه‌کانی کوردانی سوریا و تورکیا بکات به‌ڵام له گه‌ڵ حکومه‌تی تورکیا هاوکاری ده‌کات. ئه‌م جیاوازییه چۆن شرۆڤه ده‌که‌ن؟
جیاوازییه‌ک بوونی نییه، ئه‌مه شێوازی سیاسه‌تی هه‌رێمی کوردستانه که له ئیش و کاری کوردانی سوریا، تورکیا و ئێران ده‌ستێوه‌ردانی نییه و ته‌نیا له مافی کوردانی عێراق له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور لایه‌نگری و پاڵپشتی ده‌کات. ئه‌ڵبه‌ت ئێمه داواکاری پاراستنی مافی کوردان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری وڵاتانی دیکه‌ین. ئێمه ئیدانه‌ی کرده‌وه سه‌ربازییه‌کانی تورکیامان کردووه له‌م وڵاته و له سوریا به‌ڵام لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان هه‌رێمی کوردستانی عێراق و تورکیا هه‌یه، من ناتوانم هه‌موو شتێک بکه‌مه قوربانی درووشمه‌کان. ئێمه له هه‌رێمی کوردستان له ناوچه‌یه‌کی جوغرافین که که‌وتووینه‌ته نێوان وڵاتانی ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق، له هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌هادا ناتوانین له گه‌ڵ هه‌مووان شه‌ڕ بکه‌ین. به‌ڵام له هه‌ل و مه‌رجێکدا که دابین کرا، پێشمه‌رگه‌کانی کورد له شه‌ڕی کۆبانێ به‌شدارییان کرد، کۆبانێ ئازاد کرا و ئێمه گه‌ڕاینه‌وه هه‌رێمی کوردستان، ئێمه له هه‌ر شوێنێک بتوانین لایه‌نگری له کوردان بکه‌ین، لایه‌نگریمان کردووه، به‌ڵام ده‌ستێوه‌ردانمان نابێت، واته ئه‌و کاته‌ی که هێزی پێشمه‌رگه‌مان به‌ره‌و سوریا نارد، له سه‌ر داواکاری خه‌ڵکی ناوچه‌که بوو. ئێمه وه‌ک کورد، ئاماده‌ییمان هه‌بووه و هه‌شمانه که له هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێکی گونجاو‌دا یارمه‌تیده‌ری خه‌ڵکی کورد بین، به‌و مه‌رجه‌ی که به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور نه‌بێت.
ئاماژه‌تان به شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان له کۆبانێ دا. ده‌زانم که هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ڕۆڵێکی زۆریان له شه‌ڕی دژ به داعش هه‌بووه. ده‌مه‌وێت شێواز و ئاستی ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه و خه‌باته بزانم.
توانا و پێداویستی سه‌ربازی پێشمه‌رگه سنورداره، ئێمه ئه‌و چه‌ک و که‌ره‌ستانه‌ی به کار دێنین که وڵاتانی هاوپه‌یمان و دۆست و حکومه‌تی عێراق ده‌یده‌نه پێشمه‌رگه. وه‌کوو هێزی مرۆڤی ئێمه بوونمان هه‌یه. چه له کۆبانێ و چه له پرۆسه‌ی ئازادکردنه‌وه‌ی موسڵ. ئێمه هه‌رده‌م له دۆستانی خۆمان له ناوچه‌که و هه‌روه‌ها له کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هاوکاریمان کردووه. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم که له سه‌رجه‌م ئه‌م دۆستانه و له‌وانه‌ش کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئه‌و یارمه‌تییانه ده‌ستخۆشی بکه‌م. هێزی پێشمه‌رگه به هۆی ئه‌م یارمه‌تییانه‌وه بووه که تا ئێستا درێژه‌ی به شه‌ڕی دژ به داعش داوه.
به‌و گۆڕانکارییانه‌وه که بۆ عێراق پێش بینیتان کرد و به به‌ستێنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ناوتان برد، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ن که ڕۆژگارێک کوردستانی سوریا و عێراق یه‌ک بگرنه‌وه؟
له ئێستادا ڕه‌نگه هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌ها دابین نه‌کرێت. ئێمه به‌رده‌وام جه‌ختمان کردووه‌ته‌وه که کێشه‌ی ئێمه له گه‌ڵ به‌غدایه. ناچینه بابه‌تی وه‌ها که کێ، چی ده‌وێت! بۆ نموونه وڵاتانی وه‌ک ئێران و تورکیا هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌مه بۆچوونی منه که ڕه‌نگه لایه‌نه‌کانی دیکه بیانه‌وێت سیسته‌مێک پێک بێنن که له ناوچه‌که، مه‌ودایه‌ک دابین بکه‌ن که ئه‌و هیلاله شێعه‌ی پێناسه‌کراوه تێک بده‌ن، له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێکدا مه‌ودایه‌ک ده‌که‌وێته نێوان ئێران و سوریا و لۆبنان. من وه‌کوو حکومه‌تی کوردی ئه‌گه‌ری وه‌ها پێش بینی ناکه‌م به‌ڵام ڕه‌نگه وه‌ک شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی به‌ره‌ی سوننه، بۆ ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ی بگه‌ڕێته‌وه که له مێژوودا هه‌بووه و به ناوی ویلایه‌تی موسڵ یان نه‌ینه‌وا بووه. جوغرافیای ویلایه‌تی نه‌ینه‌وا ئه‌مه‌یه که له پاش شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌تی عوسمانی، ئیمپراتۆریه‌تێکیان دابه‌ش کرد و به‌شێک له نه‌ینه‌وا، به ناوی موسڵ ناو نرا و پارێزگاکانی دیکه‌ی وه‌ک سلێمانی، هه‌ولێر و که‌رکوک پێک هێنرا. ئه‌مه‌ش سوریا ده‌گرێته‌وه. ئهسکهندهروونیش له سوریا له به‌رامبه‌ر ویلایه‌تی نه‌ینه‌وا درایه تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م وڵاته ڕازی ببێت.
په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کوردستانی عێراق و ئیسرائیل به چه شێوازێکه؟ ئه‌م تۆمه‌ته ده‌درێته پاڵ حکومه‌تی هه‌رێم که ده‌رفه‌تی وه‌های بۆ ئیسرائیل ڕه‌خساندووه که سیخوڕه‌کانی له سنوره‌کانی نزیک له کۆماری ئیسلامی ئێران جێگیر بکات و له‌و ناوچانه‌وه ئیش و کاری زانیاری دژ به‌م وڵاته بکات. ئه‌مه لای ئێوه قبووڵکراوه؟
ئێمه له ناوخۆی عێراق و له چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌ین. ئاسان نییه که به هۆی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئیسرائیل، سه‌رجه‌م وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی ببنه دوژمنی ئێمه. هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی گونجاوی له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی هه‌یه، وه‌ک ئێران، تورکیا، ئه‌رده‌ن، سه‌عوودیا، کوێت، ئیمارات و میسر. من ئه‌م بابه‌ته به ته‌واوی به درۆ ده‌خه‌مه‌وه.
به ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئسیرائیل به درۆ ده‌خه‌نه‌وه؟
له ئێستادا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ئیسرائیل بوونی نییه و له داهاتووشدا نابێت. میسر، ئه‌رده‌ن، قه‌ته‌ر و ئیمارات له گه‌ڵ ئیسرائیل په‌یوه‌ندییان هه‌یه. کاتێک ئه‌وه‌م وتووه که ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت په‌یوه‌ندیمان له گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌بێت، سه‌ردانی باڵوێزخانه‌ی ئیسرائیل له میسر و ئه‌رده‌ن یان نووسینگه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابورییه‌کانی ئیسرائیل له قه‌ته‌ر و ئیمارات ده‌که‌ین. ئێمه له عه‌ره‌ب، عه‌ره‌بتر نین به‌ڵام وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخواز تا ڕاده‌یه‌کی زۆر لایه‌نگری مافه‌کانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینین. ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستان، فه‌ڵه‌ستین نوێنه‌رایه‌تیی هه‌یه.
کێشه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عێراق چین؟
ئه‌و کێشانه‌ی که بوونیان هه‌یه، یاسای نه‌وت، پێشمه‌رگه و یاسای په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌نده. له پاش ئه‌مه‌ش، کێشه‌یه‌کی دیکه، بڕینی به‌شه بودجه‌ی کوردستان له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه بوو. بڕیار بوو پێشمه‌رگه‌ی کوردستان وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ربازی بخرێته چوارچێوه‌ی سوپای عێراقه‌وه، به‌م پێیه‌ش ده‌بوایه مووچه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه دابین بکرێت و هه‌روه‌ها چه‌ک و پێداویستی سه‌ربازی ئه‌وان. ئێمه گله‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعشین به‌ڵام یارمه‌تییه‌کی ئه‌وتۆمان له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه پێنه‌گه‌یشتووه.
یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که باسی له سه‌ر ده‌کرێت ئه‌وه‌یه که کاتێک که هێزه سه‌ربازییه‌کانی تورکیا هاتنه باکوری عێراق و له ناوچه‌ی باشیک جێگیر کران، حکومه‌تی ناوه‌ند ناڕه‌زایه‌تی خۆیی ده‌ربڕی که به بێ ئاگاداری به‌غدا بووه و تورکیا ده‌ڵێت که هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان کراوه!
ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه له نێوان تورکیا و وه‌زیری پێشووی به‌رگری عێراق کراوه، به‌ڵام ئه‌م ڕێکه‌وتنه به ڕێکه‌وتنی نێوان تورکیا و به‌ره‌ی سوننه ناو برا. تورکیا له ڕێگای هه‌رێمی کوردستانه‌وه هاته عێراق به‌ڵام هیچ ڕێکه‌وتنێکی له گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه. هه‌ر کات وه‌زیری به‌رگری عێراق سه‌ردانی ئێران بکات وه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌تی عێراق هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه پۆسته نیشتمانییه‌کان پێناسه‌یه‌کی تائیفی ده‌کرێت. کاتێک که وه‌زیرێک له سوننه یان کورده‌کان بێت حکومه‌تی عێراق ده‌ڵێت که ئه‌م ڕێکه‌وتنه له نێوان کورده‌کان یان سوننه بووه نه‌ک حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق! به پێی زانیارییه‌کانی من، هێزه‌کانی تورکیا، مه‌شق و ڕاهێنانیان به هێزه‌کانی ئه‌و کاته‌ی وه‌زیری به‌رگری و پارێزگاری نه‌ینه‌وا له باشیک ده‌کرد.
به‌ڵام حکومه‌تی ناوه‌ندی و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، سه‌باره‌ت به ئاماده‌بوونی سه‌ربازی تورکیا له باکوری ئه‌م وڵاته کاردانه‌وه‌ی توندیان هه‌بووه، پێده‌چێت له‌م پرسه‌دا ئه‌نکه‌ره پاڵپشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به گرنگ بزانێت.
به‌داخه‌وه سیاسه‌توانانی عێراقی هه‌ڵکشان و داکشانی زۆریان هه‌یه، وتاره‌کانیان به‌نده به‌و کات و ساته‌وه. نه له ڕابردوو ده‌ڕوانن و نه بیر له داهاتوو ده‌که‌نه‌وه. به ته‌نیا له‌و کاته‌دا بیر ده‌که‌نه‌وه، که به ڕای من له جیهانی سیاسه‌تدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. کاتێک بڕیاره که له سه‌ر پرسه ستراتژیکه‌کان وتار بدرێت، پێویسته ئاگاداری ڕابردوو بیت، هه‌م دۆخی ئێستا تاوتوێ بکرێت و هه‌م به تێڕوانینێک بۆ داهاتوودا، بابه‌ته‌کان پێش بینی بکرێت.
پێده‌چێت که په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له گه‌ڵ ئێران به‌و گه‌رمییه‌ی ڕابردوو نه‌بێت. ئایا کێشه‌یه‌ک له‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا هه‌یه؟
نا وا نییه، تا ئه‌م کاته ده‌توانم بڵێم که په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له گه‌ڵ ئێران، باش، پته‌و، پۆزێتیڤ و به‌رده‌وامه، له داهاتووشدا ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌شێکه له سیاسه‌تی هه‌رێم، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه له گه‌ڵ ئێران جوغرافیای هاوبه‌شمان هه‌یه و گۆڕینی ئه‌م جوغرافیایهش ناکرێت. به‌و ڕاده‌یه‌ی که پێویستمان به تورکیا هه‌یه، پێویستیشمان به ئێران ده‌بێت. به ڕای من په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان به‌نده به سیاسه‌تی ئێران و تورکیا که چۆن به مه‌به‌ستی باشتربوون و پته‌وبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانیان بێنه پێشه‌وه. من وه‌کوو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئێران ڕازیم، له به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردستانی عێراق هه‌ر داواکارییه‌کی هه‌بووه، کۆماری ئیسلامی ئێران درێخی نه‌کردووه.
به‌ڵێ، به‌ڵام پێده‌چێت که له هه‌ڵوێسته‌کان، هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان نزیکتره له تورکیا و سه‌عوودیا تا ئێران. ته‌نانه‌ت ئه‌و تۆمه‌ته‌ش ده‌درێته پاڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که موڵه‌تی ئه‌وه‌ی داوه تا سه‌عوودییه‌کان، مونافقین له کوردستان جێگیر بکه‌ن و له‌و ناوچانه‌وه کرده‌وه‌ی تیرۆریستی دژ به ئێران بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی که چی ده‌وترێت له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که چی جێبه‌جێ ده‌کرێت جیاوازیی هه‌یه. هه‌رێمی کوردستان ئیداره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق. له‌مه‌ش زیاتر ڕه‌نگه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ی که له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه له به‌غدا باڵوێزخانه‌یان نه‌بێت. سه‌رده‌مێک له هه‌ولێر و سلێمانی کۆنسوڵخانه‌ی ئێران هه‌بوو، له کاتێکدا که تاران له به‌غدا باڵوێزخانه‌ی نه‌بوو. هه‌ر وڵاتێک که له به‌غدا باڵوێزخانه‌ی هه‌بێت مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که له هه‌رێمی کوردستانیش کۆنسوڵخانه‌ی هه‌بێت. له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و یاساکانی هه‌رێمی کوردستان موڵه‌تی ئه‌وه ناده‌ین که هیچ کۆنسوڵخانه‌یه‌ک کرده‌وه‌ی وه‌های هه‌بێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که نامانه‌وێت هه‌رێمی کوردستان ببێته شوێنی هه‌ڕه‌شه دژ به وڵاتانی دراوسێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه که ته‌نانه‌ت له ناوخۆی ئێرانیش باڵوێزخانه‌یه‌ک هه‌بێت که لێدوانێکی دژ به‌م وڵاته بدات، له‌و کاته‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌و نوێنه‌ره بانگهێشت ده‌کات و ئاگاداری ده‌کاته‌وه. به‌ڵام من جه‌خت ده‌که‌مه‌وه که له جێی وه‌ها قسه و باسێک، به‌ڵگه‌کانی بوونی مونافقین له هه‌رێمی کوردستان بخرێته‌ڕوو، ئه‌و کاته‌ی که به‌ڵگه‌کان خرانه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه به‌دواداچوونی بۆ نه‌کرا، وته‌که‌ی ئێوه ڕاست ده‌بێت. مونافقین هیچ بوونێکیان له هه‌رێمی کوردستان نییه. ئێمه هه‌مووی ئه‌وانمان وه‌ده‌ر ناوه و هه‌ر وه‌ک ئێران به مونافقین ناویان ده‌به‌ین، ئه‌وان دژ به کوردان شه‌ڕیان کردووه و هاوکاری سه‌دام بوون، ئه‌وان به‌رپرسه باڵاکانی کوردیان شه‌هید کردووه. به‌ڵام هیچ کات ئه‌وه‌مان به دررۆ نه‌خستووه‌ته‌وه که گرووپه کوردییه‌کانی ئێران له هه‌رێمی کوردستان نووسینگه‌ی سیاسی‌یان هه‌یه. به‌رده‌وام ڕامگه‌یاندووه که بوونیان هه‌یه و بۆ ئه‌مه‌ش ڕێکه‌وتنێک هه‌یه، به پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنه، نه‌ک ته‌نیا سه‌عوودیا، به‌ڵکوو هه‌ر وڵاتێکی دیکه که بیه‌وێت ئه‌وان دژ به کۆماری ئیسلامی به کار بێنێت، به دڵنیاییه‌وه ئاگادار ده‌کرێته‌وه که نابێت کرده‌وه‌ی وه‌های هه‌بێت.
واته ئێوه له گرووپه کوردییه‌کانی ئێرانی که داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی ئێران ده‌که‌ن، پاڵپشتی ده‌که‌ن؟
گرووپه کوردییه‌کانی ئێران داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ناکه‌ن. ئه‌وان داوای مسۆگه‌ربوونی مافی گه‌لی کورد ده‌که‌ن. پاڵپشتی ئێمه له‌م گرووپانه، پاڵپشتی سیاسییه تا بتوانن له هه‌رێمی کوردستان، چالاکی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆ نییه. له سه‌رده‌می سه‌دام، ئه‌م گرووپانه له ناوچه‌کانی ئێمه جێگیر کران. له یه‌که‌م ڕۆژی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێمه له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێکه‌وتن کراوه که موڵه‌تی به‌کارهێنانی خاکی هه‌رێم دژ به ئێران له لایه‌ن ئه‌م گرووپانه‌وه نه‌ده‌ین. ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ش له کۆتایی ساڵی 1986 خراوه‌ته بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه.
تا چه‌نده هیواتان به سه‌رۆک کۆماری نوێی ئه‌مریکا هه‌یه که بتوانن به‌راورد به سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی ئۆباما په‌یوه‌ندییه‌کی گهرمترتان له گه‌ڵ ئه‌و وڵاته هه‌بێت؟
سه‌باره‌ت به تره‌مپ، زۆر ئه‌سته‌مه لێدوان بدرێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که به هۆی درووشم و وتاره‌کانییه‌وه ناتوانین گه‌شبین بین که له کاته هه‌ستیاره‌کاندا هه‌نگاوی کرداری هه‌ڵبگرێت.
به ڕوونی، چاوه‌ڕوانیتان له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا هه‌یه؟
چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین که پاڵپشتی له کوردان بکات، وه‌ک ئه‌و وڵاتانه‌ی که ئه‌مڕۆ ئه‌م پاڵپشتییه ده‌که‌ن، ئێمه داواکاری و چاوه‌ڕوانی زۆریشمان له ئه‌مریکا نییه له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا به ته‌نیا هه‌وڵی مسۆگه‌ربوونی ئامانجه‌کانی ده‌دات و به پێی به‌دواداچوونه تایبه‌ته‌کانی من، ده‌زانم که سه‌رجه‌م به‌رپرسانی ئه‌مریکا جه‌خت له سه‌ر هاوکاری کردنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ده‌که‌نه‌وه. پاڵپشتی و هاوکاری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقه و هیچ یارمه‌تییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له ئارادا نابێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که له ڕێگای به‌غداوه بێت.
به‌شێک له فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێرتان داوه‌ته ئه‌مریکا تا بنکه‌ی سه‌ربازیی له هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت. به بۆچوونی ئێوه، کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی سه‌ربازی له هه‌ولێر، نابێته چه‌شنێک له کێبه‌ڕکێ له گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق؟
تا ئه‌م کاته ئه‌مریکییه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا هه‌ماهه‌نگن. ئه‌مریکا پێویسته له هه‌رێمی کوردستان بنکه‌ی سه‌ربازیی هه‌بێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌ولێره‌وه به ئاسانی ده‌توانێت هێرش بکاته سه‌ر موسڵ. ئێوه ده‌زانن له‌و کاته‌یدا که تورکیا به‌کارهێنانی بنکه‌ی ئاسمانی ئینجرلیکی له شه‌ڕی دژ به داعش قه‌ده‌غه کرد، له‌و کاته‌وه هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان گوازرانه‌وه.
مه‌سعود بارزانی ویستی هه‌یه تا که‌ی له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه؟
به‌ڕێز بارزانی له چه‌ندین ڕاگه‌ێندراودا ڕا و بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕیوه و ڕایانگه‌یاندووه که ئاماده‌یی ئه‌وه‌م هه‌یه که ده‌سه‌ڵات به که‌سێکی هه‌ڵبژێردراو، ڕاده‌ست بکه‌م، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌کان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ڕێکه‌وتن و له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون که نه‌خشه ڕێگایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی کوردستان دیاری بکه‌ن. دوایین وته‌ی به‌ڕێزیان ئه‌وه بووه که گۆڕانکاری له هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که بکرێت.
له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌و ڕێکه‌وتنه ده‌کرێت؟
هیوامان وایه که له زووترین کاتدا ئه‌م ڕێکه‌وتنه بکرێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌وڵێکی زۆر له لایه‌ن پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و لایه‌نه‌کانی دیکه له ئارادایه. له ڕاستیدا کێشه‌کان له نێوان پارتی و یه‌کێتییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بگه‌نه ڕێکه‌وتنی کۆتایی، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام ڕه‌نگه تا هه‌ڵبژاردنه‌کان که له ساڵی داهاتووه، درێژه‌ی هه‌بێت.
ئه‌م نه‌بوونی ڕێکه‌وتنه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان، به‌ستێنی ناسه‌قامگیری له هه‌رێمی کوردستان دابین ناکات؟
له سه‌دا سه‌د، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه ڕێکه‌وتن، سه‌قامگیری هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه.
وتووێژ: کورش چههاردوری/ سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێرانی
وه‌رگێڕان: ئیدریس سلێمانی / جام کوردی