نازم دەباغ لەگەڵ کیوومەرس پوورئەحمەد دەرهێنەری سینەمای ئێران کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ "کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران دیداریی کرد. 

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران، ئەمڕۆ دووشەمە ڕێکەوتی 30ی دیسەمبەری 2019 سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و هەروەها "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "لوقمان محەمەد لەتیف" و "فەخرەالدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" کە ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی نووسینی سیناریۆی "کوردستانی من"ە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە خەباتی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕە پارتیزانییەکانی ئەو شۆڕشگێڕانە دژی ڕژێمی بەعس، چاویی بە "نازم دەباغ" کەوت و چەندین پرسیاریی لەمبارەیەوە ئاراستە کرد کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە وردیی وڵامی تەواوی پرسیارەکانی دایەوە و ئەم بابەتە گرینگەی بە جوانی بۆ شیکردەوە. 

 

ئەم دەرهێنەرە پێشەنگەی سینەمای ئێران هەروەها سەردانی "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد کە لەم دانیشتنەدا "لوقمان محەمەد لەتیف" و "فەخرەالدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تیایدا ئامادەبوون. 

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری ئێرانی ساڵی 1949 لە شاری نەجەف ئاباد لە پارێزگای ئیسفەهان لە دایک بووە و دەرچووی لقی دەرهێنەری سینەمایە و 22 فیلمی سینەمایی، لەوانە: "اتوبوس شب"، "شەوی یەڵدا"، "خواهران غەریب"، "گل یخ"، "بی بی چلچلە"، "ناتوورە"، "نوک برج"، "شەرم"، "نان و شیعر"، "باران" و هەروەها 3 زنجیرە دڕامای تەلەڤیزیۆنی سازکردووە کە "چیرۆکەکانی مەجید" یەکێکیە لەو بەرهەمانەی کە هەموو تاکێکی ئێرانی لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانی ئێران سەیری کردووە. پوورئەحمەد بە سازکردنی ئەم بەرهەمانە کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

 

 

Read کد خبر: 2285

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی