نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێیکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی بە "کارێکی زۆر خراپ، بە تایبەت لەم قۆناغەدا" ناوبرد و جەختکردەوە لە باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەرەڕای ئەوەی "لە هەر ڕوداوێکدا ناحەزانی کورد حەزدەكەن کورد تێوەبگلێنن."
ئاوێنە: دوای ئەوەی شەوی 31ی 7 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە شاری تاران کرایە ئامانج و کوژرا، چەند چاودێر و میدیایەک پرسی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە وروژاند.
ماڵپەڕی ئەمواج لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانەوە کە ناوی نەبردوە وتویەتی، گوماندەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت و باس لەوە دەکات گوایە ئەم جۆرە درۆنانە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاغ دەبرێن بۆ ناو ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە.
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەسەر ئەم پرسە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی درۆن بۆ ئێران دەکەن، ئەگەر درۆنەکە هی کوردستان بێت ئەم ورد پێکانە چۆن بوە؟ بێگومان بە جی پی ئێس دەبێت کرابێت. ناحەزانی کورد حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن یان حزبەکان تێوە گلێنن لە هەر ڕوداوێکدا."
وتیشی، "بە ڕای من ئێستا هاوکارییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ڕەنگە لە جاران زیاتر ڕاستییەکان ئاشکرا بێن بۆ هەردولا. کورد ئێستا لە جاران ئارامترە و دڵنیایی دەدات کە بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، هەندێک برادەرمان دەڵێن شانازیش دەکەین کە عێراقین، واتە کورد ئەگەر مەترسی نەبێت بۆ سەر جوگرافیای عێراق یان هەر وڵاتێکی تر کە دابەشبوە بەسەریدا، دەتوانێت بەشی خۆی ئارامی بەدەستبهێنیت لەو چوارچیوە جوگرافییەی کە بۆی دابینکراوە."
کوشتنی هەنییە لە کاتێکدا بو کە بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی ناوچەکە، لە نێوانیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی سوێندخواردنی پزیشکیانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراندا بەشداریان کردبو.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە ئیدانەی ڕوداوەکەی کرد و ئاماژە بە مەترسی دورستبونی ئاڵۆزی لە ناوچەکە کرد.
هەر دوێنێ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئێران كۆبوەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئێرانی وتوە ئیسرائیل بەم کردەیە "دەیەوێت خراپەکاری لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە."
نازم دەباغ وتی "لە ڕوی سیاسیەوە کوشتنی هەنییە کارێکی زۆر خراپ بو بە تایبەت لەم قۆناغەدا، چونکە لە ئێستادا نزیک بون لە ڕێكکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و نزیک بون لە ئاشتی. کەواتە ئەم دەستانە ئەوانەن کە نایەنەوێت ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامبێت. دەبێت بە هەمو لایەک هەوڵ بدەن دەستەکانی پشت ئەمە ئاشکرا بکرێت."
وتیشی، "هەر پریشکێک لە ناوچەکە بێت کوردی بەسەزمان دەگرێتەوە...ئەم بارودۆخە لە هەمو جار زیاتر پێویستی بەوەیە کورد یەک خیتابی سیاسی هەبێت، یەکڕیز و یەک بڕیار و یەک توانا بێت، دەبێت کورد لەو جوگرافیایەدا خۆی ببینێت کە تێییدا دەژیت واتە لە عێراق عیراقی بێت لە ئێران ئێرانی ولە تورکیا تورکیایی بێت، چونکە هەموی تاقیکرایەوە نەگەشتین بە ئامانج."
لینکی چاوپێکهوتن:
https://www.awene.com/detail?article=112154