بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، عەبباس عەبدوڵڵا بایز و خوڵقی سەبری لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، دکتۆر یۆسف ئەبازەری ـ مامۆستای کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی تاران، دکتۆر جەلال جەلالیزادە ـ مامۆستای زانکۆ و نوێنەری شاری سنە لە خولی شەشەمی پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر ڕەسووڵ خزری ـ نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران، نوێنەرانی کورد لە پەڕڵەمانی ئێران، کوردانی دانیشتووی تاران و خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی تاران، ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، لە کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی تاران لە لایەن خوێندکارانی کوردی ئەم زانکۆیەوە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر ڕەسووڵ خزری نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران، هاتە ئاخاوتن و گوتی: کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیایی سەردەشت وەکوو یەکەمین شاری قوربانی چەکە کۆمەڵکوژە کیمیاوییەکان لە ئاستی دنیادا بوو کە بەداخەوە لەوپەڕی ناباوەڕی و بێ ئینسافیدا بە بێدەنگییەوە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ئەو وڵاتانەوە ڕووبەڕوو بوو کە بوونە هۆی فرۆشتنی ئەم جۆرە چەکانە بە سەدام. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە سوپاسی خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی تاران بکەم کە ئەو کاتەی کە شاری سەردەشت لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە بۆردوومان کرا، ناڕەزایەتی خۆیان بە شێوەیەکی زۆر ئەوتۆ دەربڕی و ئەو کارەساتەیان بە دنیا ڕاگەیاند.
گوتیشی: ئەوان بەو کارەی خۆیان بە دنیایان ڕاگەیاند کە جینایەت دژی مرۆڤایەتی و کوشتنی دڕندانەی خەڵکی بێتاوانی سەردەشت، ئافرەتان و منداڵانی بێ دیفاعی ئەم شارە، ناخی هەموو کەسێک لە سەرتاسەری دنیا بە هەر دین و ئایین و زمانێکەوە بێگومان دەهەژێنێت. ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، دەزگاکانی ڕاگەیاند، دادگا نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی ناحوکمی داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، ئەو مەسەلەیەیان جیدی بگرتایە شایەد جینایەتی گەورەتر و دڵتەزێنی بۆردوومانی
کیمیابارانی شاری هەڵەبجە ڕووینەدەدا.
نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا
گوتی: بێگومان قۆڵایی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، یەگجار زۆر لەوەیە کە ئێمە فیکری لێدەکەینەوە، یەکەمین هەنگاو بۆ ناساندنی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە کۆمەڵگای زانکۆیی هاویشتیان و ئێستاکەش دەبێت هەر لەو شوێنە پیرۆزەوە هەنگاوی دیکە بهاویژرێت تاکوو سەبارەت بە توێژینەوە و پرۆژە زانستی لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەرووونناسی ئەم کارەساتانە کار بکرێت. بێگومان ئەم کارانە ساڵیانێکی زۆر کات دەخایەنێت بەڵام بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە و بەم کارە، خەڵکانی جیهان گوێبیستی لایەنەکانی ئەم جینایەتانە دەبن تاکوو جیهان هیچ کاتێک ئەم جۆرە کارەساتانە بە خۆیەوە نەبینێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ساڵیادەدا شوان عەتووف ئەکتەری کوردی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کورد و گوتی: زۆر بەختەوەرم کە چاوم بە قوتابیانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی زانکۆی تاران دەکەوێت و هەروەها لە تراژیدیایەکی ناخۆشدا لەگەڵتان کۆدەبنەوە بەڵام شانازی دەکەم کە سەر بە میللەتێکم کە هەڵەبجەی هەیە بەس نەکەوت، ویستیان کورد بە هەڵەبجە لەناوبەرن بەڵام نەیاتوانی و هەر ماوە قەومی کورد زمان ... .
ئەم هونەرمەندە کوردە لە درێژەدا شیعرێکی شاعیری کۆچکردووی کورد شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی هەڵەبجەی خوێندەوە.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا دکتۆر ئەسغەر ئیزەدی سەرۆکی بەشی مرۆڤناسی کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی تاران، سەبارەت بە مرۆڤناسی کارەساتی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت گوتی: چاوەکانی زانکۆ نابێت بە ڕووی بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجە و سەردەشت ببەسترێت و ئێمە دەبێت بە مەنتیقی مرۆڤناسییەوە بچینە ناو ئەو قوربانییانەوە و ئەوە پەیامی ئەخلاقی مرۆڤناسییە. ئێمە دەبێت باروودۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سەردەشت و هەڵەبجە لە نزیک و ڕاستەوخۆ بخەینە بەر توێژینەوە تا بە کۆمەڵگای زانستیی بڵێین کە کارەساتیی کیمیایی کەرەساتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییش هەیە. تاکو بە کۆمەڵگای زانستیی بڵێین کۆمەڵگای مرۆڤەکان لە ناو چووە، تاکوو پێیان بڵێین بە چ شێوەیەک سەردەشتییەکان و هەڵەبجەییەکان ڕووبەڕووی تراژیدیاییەکی مێژوویی بوونەتەوە.
گوتیشی: تا پێیان بڵێین کە بە چ شێوەیەک خەمەکان، دەردەکان، ڕەنجەکان و ئاهی دڵە
شکاوەکان دەبێت بچێتە ناو دەقە زانستییەکانەوە تاکوو زانست لەگەڵ ژیان تێکەڵ بێت، چونکە زانست بە بێ ژیان، لە خۆی بێگانە دەبێت.
دکتۆر ئیزەدی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێمە دنیا بەو شێوەیە دەرک دەکەین کە هەستی پێدەکەین، قوربانیان و زیان لێکەوتووانی هەڵەبجە و سەردەشت دنیا بەو زام و دەردانەوە دەرک دەکەن کە هەستی پێدەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆڕەدا خاتوو تریفە کەریمیان پەخشانە شیعرێکی سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجە خوێندەوە و لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا 20 خولەک لە فیلمی بڵندی "هێلانە سووتاوەکان" لە درەهێنانی شەهرام مەسلەخی و بە ڕۆڵ بینینی شوان عەتووف نمایشکرا.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا خوێندکاری کورد جەلال نەجاری دوو غەزەلی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و لە بەشێکی دیکەی ئەم ساڵیادەدا سەعدوڵڵا نەسیری گۆرانیبێژی کورد بە هاوکاری ژەنیارانی کوردی گرووپی موزیکی "ژوانا" چەندی گۆرانی و موزیکی کوردییان پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا دکتۆر یۆسف ئەبازەری مامۆستای ناودار و بەئەزموونی کۆلێژی کۆمەڵناسی زانکۆی تاران، گوتی: بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت کارەساتێکی دڵتەزێنی گەورەن و دەبێت بە یارمەتی یەکتری کاری لەسەر بکەین. بە بڕوای من هاوکاری سەدام و حەسەن المجید ناسراو بە عەلی کیمیایی دەتوانرێت لە چەند لایەنەوە بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و شیبکرێتەوە.
گوتیشی: سەدام لە تەنیشت بۆردوومانی کیمیابارانی هەڵەبجە، 4 هەزار گوندی لە کوردستان وێران کرد و ئەو جینایەتانەی کە ئەو ئەنجامیدا تەنانەت لەو ئاستەدا هیتلێریش ئەنجامی نەدا.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا پێرفۆرمانسێکی هونەری سەبارەت بە کارەساتەکانی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، لە دەرهێنانی بابەک گۆرشاسب و هەڤاڵانی هونەمەندی پێشکەش کرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی، ئاکادیمی، هونەری و کەلتووری کورد تیایدا ئامادەبوون، لەوانە: دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان ـ مامۆستای زانکۆکانی تاران، دکتۆر سالار مورادی ـ نوێنەری شاری سنە لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر بیژەن زەلفەقارنەسەب ـ مامۆستای زانکۆ، کارناسی وەرزش و راهێنەری تیپی تۆپی پێی نەتەوەیی ئێران لە مۆندیاڵی 1998ی فەڕەنسا، دکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی ـ مامۆستای زانکۆ، نووسەر و توێژەری مێژوو و ئەدەبی کرماشان، عوسمان ئەحمەدی ـ نوێنەری شاری مەهاباد لە پەڕڵەمانی ئێران، عەبدولکەریم حوسێن زادە ـ نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدە لە پەڕڵەمانی ئێران، موحسین بیگلەری ـ نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پەڕڵەمانی ئێران، رەحیم واحیدی ـ بنەماڵەی 10 شەهیدی بۆردوومانی کیمیایی سەردەشت و سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی مافی بریندارانی کیمیایی سەردەشت، تیمسار غوڵڵامعولی پەردەم ئازاد ـ سەرۆکی ماڵی کرماشان لە تاران، سەدیق تەعریف ـ گۆرانیبێژی کورد، بێهرووز تەوەکولی ـ گۆرانیبێژی کورد، شوان عەتووف ـ ئەکتەری کورد لە هەرێمی کوردستان، جەماڵ تەها ـ ئەندامی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، سەید مەعرووف سەمەدی ـ نوێنەری شاری سنە لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر عەلی شەمس بورهان ـ کەسایەتیی کورد، سینەماکاری لاو شەهرام مەسلەخی و چەندین کەسایەتیی دیکە.
ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، بە پێشکەشکاری قوتابی کورد خاتوو مەهتاب خۆش مەنێش بەڕێوەچوو کە لە میانەی بەرنامەکەدا بە خوێندنەوەی پارچە شیعری کوردی کۆڕەکەی ڕازاندەوە.
لە کۆتاییدا وتاری خوێندکارانی کورد سەبارەت بە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی یادی شەهیدانی بۆردوومانی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت خوێندرایەوە و پاشان لە لایەن بەرپرسانی ئەم بیرئانینەوە لەوحەی فەخری پێشکەش بە چەندینکەسایەتیی کرا کە لەم بەرنامەیەدا وتار و بەرهەمیان پێشکەش کردبوو.