بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان، یادی گۆرانیبێژی کورد "عەلائەدین باباشەهابی" لە تاران بەرز ڕاگیرا

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، یادی گۆرانیبێژی کورد "عەلائەدین باباشەهابی" لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 

 

بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، موزیکزانانی کورد و ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران "هووشەنگ کامکار" و "پەشەنگ کامکار"، مامۆستای زانکۆ و پسپۆر لە بواری مافە نێودەوڵەتییەکاندا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان"، ڕۆژنامەنووسی کورد و سەرۆکی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران "بەهرام وەلەدبەیگی"، ئەندامی سەرەکی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، هەندێک لە کارمەندانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و بە یارمەتی و هەوڵی ڕێکخراوەی هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس بە بەرپرسیارییەتی دوبلۆری کورد "محەمەد فەرەیدوونی" و هەروەها بنەماڵەی گۆرانیبێژی کورد سەید "عەلائەدین باباشەهابی" و بە پێشکەشکاری "پەرویز حەبیبی"، کاتژمێر 6 دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی تەمموز / یۆنیۆی 2014 ڕێوڕەسمی بیرئانینی گۆرانیبێژی کورد سەید "عەلائەدین باباشەهابی" و نەوەی گۆرانیبێژی ناوداری کورد سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" لە مزگەوتی جامیعی شارەکی غەربی تاران بەڕێوەچوو و بە پێشکەش کردنی چەندین وتار، یادی ئەم هونەرمەندە بەئەزموونە سنەییە بەرز ڕاگیرا.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا "پەرویز مەجیدی" یەکێک لە هەڤاڵانی "عەلائەدین باباشەهابی" باسی تایبەتمەندییەکانی ژیانی هونەری ئەم گۆرانیبێژە کوردەی کرد و لە درێژەدا هەندێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ ئەم هونەرمەندە گێڕاوە. 

 

لە درێژەدا پسپۆر لە بواری مافە نێودەوڵەتییەکاندا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" سەبارەت بە کەسایەتیی عەلائەدین باباشەهابی گوتی: ئەم هونەرمەندە پێش ئەوەی کە گۆرانیبێژ بێت وەرزشوان و مامۆستای قوتابخانە بوو و هەر ئەو ئاکارەی کە لە وەرزش و قوتابخانەدا هەیبووی هێنایە ناو هونەرەکەیەوە و بەردەوام لەگەڵیدا هاوڕێی بوو، هەر بەم بۆنەیەوە کەسایەتییەکی بێوێنە بوو. لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە باباشەهابیم دەناسی ئاکاریی کۆمەڵایەتیی بە تەواوی ڕچاو دەگرت.

 

گوتیشی: یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم گۆرانیبێژە ئەوە بوو، بەردەوام کە لەگەڵیدا دەبووم داوام لێدەکرد کە دیسانەوە مەقام و گۆرانییەکانی باوەگەورەی خۆی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" بچڕێتەوە، بەڵام ئەو کارەی نەدەکرد و دەیگوت هیچ کەسێک ئیزنی نییە ئەو کارە بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەنگێکی خۆشی هەبوو و لە دەشت و دەردا کە گۆرانی بۆ ئێمە دەچڕی دەنگێکی حەزین و بێوێنەی هەبوو، بەڵام گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە نەگوتەوە.    

 

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا پەیامی بەرپرسی کەناڵی جیهانی سەحەر "مێهدی موجتەهێد" بە بۆنەی کۆچی دوایی باباشەهابی خوێندرایەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: هونەر خەزێنەی بردنی مرۆڤە بەرەو کامڵبوون، هەر بەم هۆیەوەیە کە میراتهەڵگرانی ئەم خەزێنەیە بەردەوام لە نێوان خەڵکی کۆمەڵگادا جێگای ڕێزی تایبەتین و لێرەوە بە ئەرکی خۆمی دەزانم بە بۆنەی کۆچی دوایی برای گەورەم مامۆستا عەلائەدین باباشەهابی سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەم هونەرمەندە و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و بە تایبەت تەواوی هونەرمەندانی ئەم نیشتمانە بکەم و یاد و بیرەوەری ئەم خۆشەویستە و هاوڕێی هەمیشەیی بەشی کوردیی کەناڵی جیهانی سەحەر بەرز ڕابگرم.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بیرئانینەدا پەیامی ڕادیۆ کوردی تاران خوێندرایەوە، لەم پەیامەدا هاتووە: هەموو بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە، سترانبێژی لەبەردڵان و هونەرمەندیی دلوڤان کاک "عەلائەدین باباشەهابی" نەوەی سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" چی دی ئیتر گۆرانی ناچڕێت. لە لایەن ڕادیۆ کوردی تارانە سەرەخۆشی و سەر سڵامەتی دەکەین لە بنەماڵە و هۆگرانیی هونەرمەندی کۆچکردووی کورد کاک "عەلائەدین باباشەهابی"، کە هەمیشە و هەتا هەتایە لەناو دڵاندا زیندووە. لەم خەمە گەورەیەدا خۆمان بە هاوخەم و هاوسۆزی خەڵکی دەزانین.

 لە بەشێکی دیکەم ئەم یادەدا "محەمەد فەرەیدوونی" بەرپرسی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس و هاوڕێی هەمیشەیی گۆرانیبێژی کورد سەید "عەلائەدین باباشەهابی" گوتی: وەکوو هاوڕێی 40 ساڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە لە لایەن خۆم و تەواوی هەڤاڵانمەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، تەواوی خەڵکی کوردستان و هۆگرانی گۆرانی و موزیکی کوردیی دەکەم.

 

لە درێژەدا گۆرانیبێژی کورد "سەدیق تەعریف" سەبارەت بە کەسایەتیی عەلائەدین باباشەهابی گوتی: هەر وەکوو هەموو لایەک ئاگادارن ئەم هونەرمەندە نەوەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانییە کە یەکێک لە گەورەترین گۆرانیبێژانی مێژووی موزیکی ئێران و کوردستانە. لەڕاستیدا بە بڕوای زۆر یەک لە شایەتیدەران و بەڵگەکانەوە سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" دەتوانین بە یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی گەورەی مێژووی مۆسیقای نە تەنیا کوردستان بەڵکوو ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی ئەم وڵاتەیش پێناسە بکەین.

 

گوتیشی: لە جوگرافیای فەرهەنگیدا ئێمە سنوورمان نییە و ئەوەی کە سنوورەکان لێک جوێی دەکاتەوە جوگرافیای سیاسییە. سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" گەورە، یەکێک لە دیارترین هونەرمەندانی گەورەی وڵاتی ئێمە و ناوچەکەیە. لەڕاستیدا ئەگەر نەڵێین یەکێکە لە گەورەترین گۆرانیبێژانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، دەبێت بڵێین یەکێکە لە گەورەترین گۆرانیبێژانی ئەم چەند سەدەی دوایی ئێران و عەلائەدین باباشەهابیش نەوەی ئەم گۆرانیبێژە نەمرە بوو.

ئەویشی خستەڕوو: شانازی ئەوەم نەبوو کە لە نزیکەوە لەگەڵ کاک عەلائەدین باباشەهابیدا هەڤاڵ بم، بەڵام هەر کاتێک کە ئەم بەڕێزەم دەبینی لێوانلێو بوو لە خۆشەویستییەکی پاراو سەبارەت بە بەرانبەرەکەی. 

 

تەعریف لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بە بۆنەی کۆچی دوایی سەید عەلائەدین باباشەهابییەوە هاوخەمی خۆم بە کۆمەڵگای کەلتووری و هونەری کوردستان و تەواوی هۆگرانی موزیک و گۆرانی کوردیی و هاودڵانی ڕاستەقینە ڕادەگەیەنم و هەروەها لە لایەن هونەرمەندانی موزیکی سەرتاسەری ئێران، کۆمەڵگای ئاوازدانەران و دەنگهەڵگرانی موزیکی ئێران و کوردستان و تەواوی ئەو کەسانەی کە لەم خەمەدا شەریکن پەیامی سەرەخۆشی ئاراستە بنەماڵەی بەڕێزیان و کۆمەڵگای هونەری ئێران و کوردستان دەکەم.   

 

لە یاد و بیرئانینی سەید عەلائەدین باباشەهابیدا چەندین کەسایەتیی دیکەی کورد ئامادەبوون، لەوانە: مامۆستای زانکۆکانی تاران و شانۆکاری کورد دکتۆر "قوتبەدین سادقی"، مامۆستای زانکۆ و نووسەر و توێژەی مێژووی کرماشان و یارسان دکتۆر "محەمەد عەلی سوڵتانی"، پارێزەری ناوداری کورد "محەمەد ساڵح نیکبەخت"، بێژەی پێشەنگی ڕادیۆ کرماشان و ڕۆژنامەنووسی کورد "محەمەد کەمانگەر"، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە سێ خولی پێشووی پەڕڵەمانی ئێران "محەمەد کەریمیان"، ئەکتەری بەئەزموونی کورد "حەسەن دادشکەر"، نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی حەوتەمی پەڕڵەمانی ئێران "جەعفەر ئایین پەرەست"، نووسەر و توێژەری کورد "محەمەد ڕەئووف داشبەندی"، کەسایەتیی کورد دکتۆر "عەلی شەمس بورهان"، توێژەری کارووباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیامەک کاکەیی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی مێژوو دکتۆر "فەرەیدوون نووری"، گۆرانیبێژی کورد "مستەفا مەحموودی"، سەرۆکی پێشووی کەناڵی سەحەر "عەتا قادری"، سەرپەرەستیی گرووپی موزیکی چل دەف "فەڕشید غەریب نیژاد"، گۆرانیبێژی کورد جەمشید عەزیزخانی، توێژەر و زمانناسی کورد ئەیووب گازرانی، موزیکزانی کورد و ژەنیاری تار ئازاد میرزاپوور، سەرۆکی پێشووی ڕایەڵەی جیهانی سەحەر "هادی محەمەدی"، نووسەر و توێژەری کورد "محەمەد ڕەئووف مورادی"، ژەنیاری نەی "فەردین لاهوورپوور"، "شەهرام باباشەهابی" و "ئاڕش باباشەهابی" و "شاهین باباشەهابی" کوڕەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو سەید "عەلائەدین باباشەهابی" کوردانی دانیشتووی تاران و هۆگرانی گۆرانی و موزیکی کوردی و چەندین کەسایەتیی دیکە.

 

"عەلائەدین باباشەهابی" ساڵی 1939 لە شاری سنە لە دایک بووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چووە بۆ قوتابخانەی سەرەتایی لە شاری سنە، لە تەنیشتیشیدا لەگەڵ مۆسیقا وردەوردە ئاشنا بوو. لە ساڵی 1954 بە خوێندنی گۆرانی "ئەی وەتەن" لە ڕادیۆ سنە دەستی بە گۆرانیبێژی کردووە و لە ساڵی 1955 چووە بۆ تاران و قۆناغە سەرەتاییەکانی سۆڵفێژ لە خزمەت موزیکزانی لێهاتووی ئێران "فەرهاد فەخرەدینی" تێپەکرد و قوناغە جۆراوجۆرەکانی گۆرانیبێژی لە خزمەت گۆرانیبێژی پێشەنگی ئێرانی "مەحموود کەریمی" فێربوو.

 ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەدا لەگەڵ ئۆرکستڕای کوردی، ئۆرکستڕای ڕامتین، ئۆرکستڕای لەشکری، ئۆرکستڕای باربەد، ئۆرکستڕای نەکیسا و ئۆرکستڕای فەرهەنگ و هونەری ئێران کاری کرد و نزیکەی 50 ساڵ لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران وەکوو گۆرانیبێژ و دوبلۆری زنجیرە دراما و فیلمە سینەماییەکان هاوکاری هونەریی کردووە. 

 باباشەهابی لە ماوەی 60 ساڵ کار و خزمەتی هونەری خۆیدا نزیکەی 60 گۆرانی لەگەڵ ئۆرکستڕا ناودارەکانی ئێران و کوردستان تۆمارکردووە و بەرهەمەکانی بە شێوەی سی دی و کاسێت لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان و ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، لەوانە: "هاوڕازی دڵ" لە لەندەن، "بەر بەیان" لە سوید و "بادە گویا" و "پاییز" لە تاران.

 

نەوەی گۆرانیبێژی ناوداری کورد سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" لە وڵاتانی سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەلژیکا، نەمسا و هەرێمی کوردستان کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی پێشکەش کردووە.

 سەید عەلائەدین باباشەهابی لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام لە لایەن هاوسەر و منداڵەکان و هەروەها هەڤاڵانییەوە بۆ چڕینی گۆرانیی کوردی هاندراوە و بە تایبەت هونەرمەندانی کۆچکردووی کورد، لەوانە: "حەسەن یۆسف زەمانی"، "حوسێن یۆسف زەمانی"، ژەنیاری بەتوانای کلارینێت سەید "محەمەد عەبدولسەمەدی" و ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای سەنتوور "سوهەیل ئەیوانی" هاندەری ئەم گۆرانیبێژە کوردە بوون.

 "جێی ژوانی جاران"، "ئاوات"، "جیلوەی دیدار"، "ئاوێنەی دلبەری"، "ئەی وەتەن"، "نم نم بارانە"، "گوڵ بانە"، "مەگری" و "وەیلان" هەر کامیان یەکێکن لەو گۆرانیانەی کە بە دەنگی عەلائەدین باباشەهابی لە یاد و هزری هۆگرانی موزیک و گۆرانی کوردی هەتا هەتایە هەر دەمێننەوە.

 

 

ئەم هونەرمەندە کوردە کاتژمێر 4ی سپێدەی ڕۆژێ پێنجشەمە 28ی حوزەیران / جوونی 2014 بە هۆی وەستانی دڵ لە ماڵی کوڕەکەی لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی 29ی حوزەیران / جوونی 2014 بە ئامادەبوونی بنەماڵەی، خەڵکی ئاوایی سەڵەواتاوا زێدی باب و باپیرانی ئەم هونەرمەندە، نوێنەرانی شاری سنە لە پەڕڵەمانی ئێران، هونەرمەندان و بەرپرسانی شاری سنە و لە ئاپۆڕەی خەڵکی هونەردۆستی ئەم شارە و شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا تەرمی گۆرانیبێژی کورد سەید "عەلائەدین باباشەهابی" لە مزگەوتی مەلا وەیسی سنە بەرەو گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی سنە بەڕێکرا و لە پارچەی هونەرمەندانی ئەم شارەدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

 

 

 

 

Read کد خبر: 617

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی