لە دیدارێكدا سەرەتا سەرۆكی ئێستای ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسی و مەیدانی و مرۆڤیی سووریای بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد. هەروەها سەرۆك بارزانیشی لە ئەو هەنگاوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیانە ئاگادار كردەوە كە بۆ بەستنی كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 نراون.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سەبارەت بە دەرهاوێشتەكانی قەیرانی سووریا هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە لە قەیرانی سووریا دەڕوانێت چونكە كاریگەرییەكانی ئەم قەیرانە هەموو ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و، هیوای ئەوەشی خواست كە هەرچی زووترە كۆتایی بە قەیران و شەڕ و نەهامەتییەكانی گەلی سووریا بێت.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر دواڕۆژی سووریا و ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە تیرۆر و توندڕۆیی مەترسییەكی گەورەیە لەسەر دواڕۆژی سووریا و ناوچەكە.