بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە نێردراوی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە خاتوو شێخە حیسە ئال سانی نێردراوی ئەمینداری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كرد.


لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و خاتوو ئیناس مەكاوی بەڕێوەبەری كارگێڕی بەشی ئافرەت و منداڵ لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی ئامادەی بوون ، بارودۆخی هەنووكەیی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم و پەرەسەندنە سیاسییەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە باسیان لێوە كرا.


بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دووپاتیكردەوە حكومەتی هەرێم هەمیشە رۆڵی كۆمكاری عەرەبی لە پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم بەرز دەنرخێنێت و بە هەنگاوێكی ئیجابی كۆمكاری عەرەبی بۆ باشتر كردنی بارودۆخی ئەم پەنابەرانە لە قەڵەمدەدات ، هاوكات ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی زۆر چالاكانە خزمەتگوزاری پێشكەشكردوون .


هەروەها دووپاتیكردەوە ئەم پەنابەرانە گرفت و پێداویستیان زۆرە و پێویستیان بە یارمەتی زیاترە بەتایبەتی خێزانە بێ سەرپەرشتەكان و خاوەنی پێداویستی تایبەت ومنداڵان لە چەندین بواری جیاجیای وەكو پەروەردە و فێركردن و تەندروستی و ژینگە .


شێخە حیسە دووپاتیكردەوە ئەم سەردانەیان بۆ كوردستان جێگەی شانازیە و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی یارمەتیدانی پەنابەرانی سوریا بەرز نرخاند و ئاشكراشیكرد ئەو بەیاوەری ئەو شاندەی لەگەڵیدایە دەیەوێ چەندین سەردانی مەیندانی بۆ كامپی ئەم ئاوارانە بكات بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ژیانیان و پێشكەشكردنی هەموو پێداویستیەك بۆیان .


لەلایەكی دیكەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستەسەر مێژووی گەلی كورد و ئاماژەی بەوە دا گەلی كورد قوربانی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دووپاتیشیكردەوە كورد هەمیشە دەرگای بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەب كراوەیە و ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان چوار كونسوڵگەری عەرەبی هەن و حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی كرانەوەی كونسوڵگەری زیاتری عەرەبیە بۆ قووڵكردنەوەی زیاتری پەیوەندی نێوان هەردوو گەل كە لەبەرژەوەندی هەردوولا دایە .

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 298

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی