هاوخه‌می عیماد ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌تاوانه‌كه‌ی شاری خانه‌قین و سه‌عدیه‌

  • سێ شەممە, 29 نیسان 2014

تیرۆرستان و دوژمنانی ژیان و ئازادی له‌شاری خانه‌قین و سه‌عدیه‌ جارێكی تر تاوانێكی گه‌وره‌و نامرۆڤانه‌یان ئه‌نجامدا، كه‌بوه‌ مایه‌ی شه‌هیدو برینداربونی ژماره‌كی زۆر له‌هاووڵاتیان كه‌به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ سه‌رقاڵی خۆشی ده‌ربڕینی خۆیان بوون.

من وه‌كو خانه‌قینیه‌ك و رۆڵه‌یه‌كی ئه‌و شاره‌ پرسه‌و هاوخه‌می  خۆم به‌كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان راده‌گه‌یه‌نم و هیوای چاكبونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم، له‌وه‌ش تێده‌گه‌م كه‌خانه‌قینیه‌كان به‌درێژایی مێژوو به‌هۆی هه‌ڵوێستی كوردانه‌یان و به‌رگریان له‌دۆزی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌یان روبه‌ڕوی چ زه‌بروزه‌نگ و نه‌هامه‌تیه‌ك بونه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆش كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسازداین ، تیرۆرستان و ناحه‌زانی كورد، له‌رێگه‌ی شه‌هیدكردنی رۆڵه‌كانی  ده‌یانه‌وێت ترس و دودڵی له‌خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری  بچێنن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵی خاوی خۆیان رێگه‌ له‌وه‌ بگرن جارێكی تر له‌رێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌عبیر له‌ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن و كوردستانی بونی خۆیان دوپاتبكه‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ی خانه‌قینی وه‌ك باقی خه‌ڵكی تری كوردستان، به‌هۆی كوردایه‌تی و داكۆكیكردن له‌شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆمان، به‌درێژایی شۆِرش و خه‌بات دڵره‌قی و زوڵمی بێوێنه‌مان بینی و ته‌نانه‌ت شارو ناوچه‌كه‌مان به‌گشتی روبه‌ڕوی تاوانی راگواستن و ته‌عریب بوه‌وه‌، به‌ڵام خوێنی شه‌هیده‌كانمان و دیواری زیندانه‌كان، سه‌نگه‌ره‌كانی كوردایه‌تی باشترین به‌ڵگه‌بوون، كه‌مه‌حاڵه‌ كوردستان و خانه‌قین، كوردایه‌تی خانه‌قین له‌یه‌ك جیابكرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆش كه‌ئێوه‌ له‌رێگه‌ی نواندنی چالاكی مه‌ده‌نیانه‌و ده‌ربڕینی خۆشی  به‌م قۆناغه‌ تازه‌یه‌، گوزراشت له‌خۆتان ده‌كه‌ن، ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان چاویان به‌م دیمه‌نه‌ جوان و شارستانه‌یه‌ هه‌ڵنایه‌ت و تاوانێكی تری دڕندانه‌یان به‌رامبه‌ر رۆڵه‌كانمان ئه‌نجامدا، له‌هه‌مان كاتیشدا له‌كه‌ركوكی قودسی كوردستان و دوزخورماتووی گه‌رمه‌سێری كوردستانیش هه‌مان تاوانیان ئه‌نجامداو ژماره‌یه‌ك رۆڵه‌ی ئه‌و دوو شاره‌ش شه‌هیبوون.

من هیوادارم ئێوه‌ وه‌ك چۆن داگیركه‌ران چۆكیان پێدانه‌دان، ئه‌مڕۆش تیرۆرستان زه‌فه‌رتان پێنه‌به‌ن و سبه‌ی به‌گوڕوتینێكی زۆره‌وه‌ روو له‌ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ دیموكراسیه‌دا جارێكی تر ئه‌و شه‌مشه‌مه‌كوێرانه‌ نائومێد بكه‌نه‌وه‌و كوردستانی بونی شاری خانه‌قین ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك دوپات بكه‌نه‌وه‌و گیانی شه‌هیدانی 28 نیسان له‌به‌هه‌شتی نه‌مری شاد بكه‌ن.

 

  • سێ شەممە, 29 نیسان 2014

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 495

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی