نازم ده‌باغ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێس: هاوکاری ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخی سووته‌مه‌نی

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران ڕایگه‌یاند که‌ دوو لایه‌ن بۆ ئاڵوگۆڕی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ به‌رانبه‌ر گازی سروشتی ئێران، به‌ ئامانجی دابین کردنی پێویستییه‌کانی هه‌رێم له‌ بواری سووته‌مه‌نی‌ و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخی سووته‌مه‌نی گه‌یشتوونه‌ته‌ لێکتێگه‌یشتن.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس، وتی: له‌ سه‌فه‌ری شاندی ئێرانی به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی ڕۆسته‌م قاسمی بۆ هه‌رێم، دوو لایه‌ن له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و گازی سروشتی گه‌یشتوونه‌ته‌ لێکتێگه‌یشتن، به‌ڵام هیچ ڕێککه‌وتنێک نه‌کراوه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و وتانه‌ی که‌ له‌ زمانی ئه‌و له‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی بڵاوبۆته‌وه‌ زیادی کرد: "من وتم له‌ کابینه‌ی شه‌شه‌م و حه‌وته‌می هه‌رێمی کوردستان پێشنیار بووه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ڕێگای بۆرییه‌وه‌ گاز بدات به‌ هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر وه‌کوو ئه‌یشی دا به‌ به‌غدا."

نازم ده‌باغ له‌باره‌ی قۆناغه‌کانی دواتری لێکتێگه‌یشتنی نه‌وتی و گازی له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی ده‌وڵه‌تی ئێران و وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌.

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌ هه‌موو دانیشتنه‌کانی شاندی ئێرانی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌شدار بووه‌، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ی به‌ ڕێگه‌گرتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخی سووته‌مه‌نی و دابین کردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێم ناوبرد و زیادی کرد: "شاندێکی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی ستادی هاوبه‌شی ئێرانی و عێراقی وتووێژیان کردووه‌ و بڕیاریان داوه‌ ئه‌و وتووێژه‌ به‌رده‌وام بێت و پێشبینی ده‌که‌م که‌ حه‌وته‌ی ئاینده‌ ئه‌و شانده‌ بێن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شداری بکه‌ن له‌ پیشانگای نه‌وتی که‌ له‌ ئێراندا هه‌یه‌ و بۆ جارێکی تر شاندی هاوبه‌ش دانیشتن و وتووێژ بکه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی ئه‌م کاره‌ و پێشنیاریش کراوه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگای لووله‌وه‌ نه‌وت بنێرین بۆ کۆماری ئیسلامی به‌رانبه‌ر به‌وه‌ فه‌راوه‌رده‌کانی نه‌وتی وه‌ربگرین وه‌کوو گازۆئیل و به‌نزین و نه‌وت."

جه‌ختی کرده‌سه‌ر ئه‌وه‌ش که‌: "دوو لایه‌ن له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌کانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی گفتوگۆیان کرد و ئه‌وه‌ی که‌ بوو؛ گفتوگۆ بوو، نه‌ک ڕێککه‌وتن."

نازم ده‌باغ به‌ ئاماژه‌ به‌ مێژووی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ئێستاشدا به‌رده‌وامه‌، به‌شێک له‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتنه‌کانی بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخی سووته‌مه‌نی ناوبرد.

ڕاشیگه‌یاند: "بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ (ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخ) دیاره‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌یه‌ شاند بنرێت بۆ کۆماری ئیسلامی و له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژی زیاتر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویستی به‌ ڕێککه‌وتن کرد ئه‌و کاته‌ له‌ ئاستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئاستی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کان دائه‌نیشن بۆ کۆتایی پێهێنان به‌و باسه‌."

هه‌مدیسان جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ لێکتێگه‌یشتنه‌که‌ بۆ ئاڵوگۆڕی نه‌وت و گاز له‌ نێوان هه‌رێم و ئێران بووه‌ نه‌ک فرۆش.

شیاوی ئاماژه‌یه‌ که‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی به‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌فه‌ری شاندی ئێرانی بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ زمانی نازم ده‌باغ له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و گازی سروشتی هه‌واڵی دابوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 502

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی