دکتۆر "جگەرخوێن" لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی کوردی فەیلی لە تاران گوتی: مێژووی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد نیشانیدا کە کوردە فەیلییەکان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا لە عێراق و بە تایبەت خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆڕ لە هەموو ئاستەکاندا لەوانە: رێبەرایەتیی خەباتە ڕزگاریخوازەکاندا بەشداری کاریگەریان کردووە و لە ڕێگای ئازادیی و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دادپەروەرانەیان هەزاران شەهیدیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کردووە.
دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران لە ڕێوڕەسمی یازدەیەمین ساڵیادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بێتاوانی کوردی فەیلی و بەرز و زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ئەم سیمبولانەی خۆڕاگری، پایەداری و ئازادیی. کوردە فەیلییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد لە عێراق کە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە نیشتمانی دایکییان مەودای تێکەوتەوە، بەڵام ڕژێمی ڕەگەزپەرەستی بەعسی عێراق لە چوارچێوەی جەنایەتەکان و زوڵم و زۆرە بەربڵاوەکانی کە دەرهەق بە خەڵکی کورد لە عێراق ئەنجامیدەدا، لەوانە: وێران کردنی شار و گوندەکانی کوردستان، کارەساتی ئەنفال، بۆردوومانی شیمیایی و ... کوردە فەیلییەکانیشی خستە بەر هێرشی دڕندانەترین کردەوە نامرۆییەکانی خۆی.
ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1970 دەستی کرد بە کۆڕەوی زۆرەملی کوردە فەیلییەکان و بەم شێوەیە دەیان هەزار کەس لەوانی گرت و دەستی کرد بە داگیرکردنی ماڵ و سامانیان و ئەوانی بەرەو ئێران دەرکرد و تەنیا و تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە کوردن و بنچینەیان ئێرانییە و ڕەسەنایەتییان عێراقی نییە و بۆ ئاسایشی نەتەوەی عەڕەب و عێراق مەترسییان هەیە.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی سەرکوتکردن و پاکتاوی ڕەگەزی ڕژێمی بەعس لە دژی کوردە فەیلییەکان، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە گەنجانی فەیلی گیران و پێی و شوێنیان نەما و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە و دیار نییە کە بە چ شێوەیەک لە ناو چوون. دەگوترێت کە زۆربەی ئەم گەنجانە لە تاقیگەکانی بەرهەمهێنانی چەکە کیمیاییەکان و بیۆلۆجیکی سەدام وەکوو نموونەی تاقیگە لە توێژینەوەکان کەڵکیان لێوەرگیراوە و پاشان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردراونەتەوە.
ڕژێمی سەرکوتکەری سەدام، هەموو توانایەکی خۆی خستەگڕ تاکوو شوناسی عێراقی و هەروەها کوردبوونی کوردە فەیلییەکان بسڕێتەوە، چونکە ئەوان هەم کوردبوون، هەم شیعەبوون و هەمیش بنچینەیان ئێرانی بوو، و هەمووی ئەمانە بە بڕوای کۆنەپەرەستانەی ئەوان، مەترسی جیدی دژی حیزبی بەعس بوون. مێژووی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد نیشانیدا کە کوردە فەیلییەکان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا لە عێراق و بە تایبەت خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆڕ لە هەموو ئاستەکاندا لەوانە: رێبەرایەتیی خەباتە ڕزگاریخوازەکاندا بەشداری کاریگەریان کردووە و لە ڕێگای ئازادیی و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دادپەروەرانەیان هەزاران شەهیدیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کردووە.
ئەو تاوانانەی کە دەرهەق کوردە فەیلییەکان ئەنجامدراوە هاودەقی زۆربەی یاساکان و ڕێککەوتەنامەکانی نێودەوڵەتیی و مافە نێودەوڵەتییەکانە کە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی و کوشتنی بە کۆمەڵدایە. چونکە لە هەمووی شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵیاندا، لەوانە: گرتن، شاردنەوەی بە زۆرەملی، کوشتنی بەربڵاو، کۆچڕەوی بە زۆرەملی و داگیرکردنی ماڵ و سامانیان وەکوو کەمینەیەکی نیژادی و ئایینی دیار، وێنەیەکی ئاشکرایە لە کوشتنی بە کۆمەڵ و جەنایەت دژی مرۆڤایەتیی.
ئێستا دوای دە ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی زاڵمی بەعسدا، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کردەوەی دژی مرۆڤایەتیی و دڕندانەی دەوڵەتی بەعسی لە بەرانبەر کوردە فەیلییەکاندا بە ڕەسمی بە ژینۆساید ناساندووە. بەڵام ئەوە بە تەنیایی بەس نییە، دەوڵەتی عێراق دەبێت بەرنامەی چڕوپڕی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی داسەپاو بەسەر ئەم بەشە زوڵملێکراوەی نەتەوەی کورددا، ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و یارمەتی بدات کە چارەنووسی ئەوانەی کە شاردراونەتەوە ڕوونبێتەوە و هەروەها بەڵگەی شووناس و ئیقامەی ئاوان لە وڵاتی عێراق بۆیان بگەڕێنێتەوە و زیاتر لە هەموو ئەمانە بە شێوەی ڕەسمی داوای لێبوردن لە کوردە فەیلییەکان بکات.
ئومێد دەکەین لە چوارچێوەی عێراقی نوێی فیدڕاڵ و دیموکراتدا، عێراقێک کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی بەرانبەریان هەبێت، بە جێبەجێی کردنی تەواوی یاسای بنەڕەتی وەکوو پەیمانێکی نەتەوەیی، هەموو چین و توێژ و خەڵکانی عێراق، لە شیعە و سوننە، کورد و عەڕەب بە یارمەتی یەکتری کۆمەڵگایەک دروست بکەن دوور بێت لە هەر جۆرە زوڵم و زۆر و دەستدرێژی بە مافەکان مرۆڤ، کۆمەڵگایەک کە دوای تێپەڕبوون لە ساڵە مەینەتییەکانی جەنگ و خوێن ڕشتن و قوربانیدان و ... کۆمەڵگایەک بێت ئازاد، ئاوەدان و مودێڕن کە هەموو تێیدا هەست بە هێمنی و سەربەخۆیی بکەن. و هەروەها ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤە زوڵملێکراوەکان ساڕێژێک بێت بۆ برینە بێ کۆتاکانی نەتەوەیەکی ڕەنجەڕۆ بەڵام گەورە. نەتەوەیەک کە نیشانیدا هەموو ئەو زوڵم و زۆرانە لە ناو دەچێت بەڵام بۆخۆی هەروا خۆڕاگر و سەربڵند دەمێنێتەوە.