مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد "مەمەد ئەکتاش" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژی بە ناونیشانی "ئاماندا"ی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی پێشکەش بە منداڵانی کوردی ئیزەدی کرد کە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت کرد.
سینەماکارانی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "هیشام زەمان" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" Letter to the king لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" AMANDA لە شاری هاوگسۆن Hevgusan لە وڵاتی نۆڕوێژ بەشدارییان کرد و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژ بە ناونیشانی "ئاماندا" بەم هونەرمەندە کوردانە بەخشرا.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم خەڵاتە ساڵانەیەدا "مەمەد ئەکتاش" سیناریۆنووس و هەروەها "هیشام زەمان" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" ئامادەبوون و لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە: بەشەکانی باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین ئەکتەری ئافرەت و پیاو، باشترین فیلمی نۆڕوێژی، باشترین دەرهێنان، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین دیکۆمێناری، باشترین کورتە فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن، باشترین دیمەنە تایبەتەکان، باشترین موزیک، باشترین دیزاینی دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و باشترین فیلمی بیانی، خەڵات بەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتوو دابەشکرا.
دوای بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگ و گەورەیە کە بە خەڵاتی ئۆسکاری وڵاتی نۆڕوێژ ناسراوە، "مەمەد ئەکتاش" سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" هاتە ئاخاوتن و گوتی: ئەم خەڵاتە پێشکەش بە منداڵانی کوردی ئیزەدی دەکەم کە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت کرد. هیوادارم ئەوانیش وەکوو کوڕی من "چیا"کە لە نۆڕوێژ دەژی لە وڵاتی خۆیان لە کوردستاندا لە ناو ئازادی و ئاشتیدا بژین.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 16 تا 22ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری هاوگسۆن لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو.
هەر لەم فیستیڤاڵەدا "ژۆلیت بینووش" Juliette Binoche ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان و هەڵگری خەڵاتەکانی ئۆسکار و چڵەبەڕووی کان، بە فیلمی سینەمایی "هەزار جار شەو خۆش" A thousand times good night لە دەرهێنانی "ئێریک پۆپ" توانی خەڵاتی گەورەی باشترین ئەکتەری ئافرەت بەدەستبێنێت.
فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرهێنانی هیشام زەمان ساڵی پار لە فیستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبری Göteborg لە وڵاتی سوید گەورەترین خەڵاتی باشترین فیلمی باکووری ئەورووپای بەدەستهێنابوو.