ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و ژمارەیەك كاربەدەست و ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە زۆر ئازایانە بە ڕووی تیرۆریستاندا هاتوونەتەوە و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانیی زۆریان داوە. سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانیشیان كرد كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی سووری و ناوخۆی عێراق و بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە بكەن و لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و داهاتووی ناوچەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و ڕۆشنایشی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە بەردەوام هەڕەشە و توندڕۆیی تازە سەر هەڵدەداتەوە. پەیوەست بە بارودۆخی موسڵ لە دوای شەڕی داعش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن. چونكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بە ئەزموونێكی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و دەبێ داهاتوویان گەرەنتی بكرێت.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها ئاییندەی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەراڵ بێدنارك بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسی یاوەری كرد كە بە بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە عێراق وناساندنی جەنەڕاڵ لاكامێرا وەك بەرپرسی نوێی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكا، سەردانی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز بێدنارك سوپاسی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كرد كە لەو ماوەیەی بەڕێزیان لە عێراق بە گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، تەواوی ئاسانكاری بۆ ئەركەكانیان كراوە و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لە بەرەكانی جەنگ بەرز نرخاند و بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی ئەمەریكاشی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دووپات كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی ناوچە جیاجیاكانی عێراق و بە تایبەتی ئەو دەڤەرانەی لە ژێر كۆنترۆڵی تیرۆرستانی داعشدان و شێوازی هاوكاریی ئێستا و داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ باشتر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی هەڕەشە و ترسی تیرۆر ، خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانەكەیانی كرد و دەسخۆشیی لە جەنەڕاڵ بێدنارك كرد كە لە ماوەی دووساڵی كارەكەیدا توانیویەتی ئەركەكانی بە باشی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە ببات و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێكەی بۆ خواست و لە هەمان كاتدا بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ لاكامێرای كرد و هاوكاری و هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی بۆ دووپات كردەوە.

هەروەها سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و بە تایبەت هێزەكانی ئەمەریكای كرد كە لە سەرەتای هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو بۆ لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر و دوورخستنەوەیان لە هەرێم.

لە كۆتایی دیدارەكەدا جەنەڕاڵ بێدنارك نامەیەكی ڕێز و پێزانینی نوسینگەی هەماهەنگیی ئاسایشی هێزەكانی ئەمەریكای لە عێراق پێشكەش بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد و سوپاسی هاوكاری و ئاسانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كارەكانی كرد.

 

 

 

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 29/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی بەڕێز ڕۆب ویتمەن كرد.

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز ویتمەن دەستخۆشی لە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان توانیویانە بوێرانە ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش ببنەوە و پاشەكشێیان پێ بكەن و ناوچەكانی خۆیان لە ترسی تیرۆر بپارێزن و ئەمەشی بە جێگەی ڕێز و شانازی لە قەڵەم دا، هەروەها دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو دۆستایەتییەی دووپات كردەوە.

شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا باسیان لەوە كرد كە لە كاتی بەسەركردنەوەی بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان تێبینیی ئەوەیان كردووە هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی لەو بنكانە پەروەردە دەكرێن و سەرسامیی خۆیان بە پابەندی و لێهاتووییی پێشمەرگە لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان دەربڕی و هیوایان خواست لە كاتێكی نزیكدا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بگەڕێتەوە دۆخی جاران.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەی بودجە و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانەوە بۆ هەرێم و ئەو بارگرانییەی بەوهۆیەوە كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرۆك باراك ئۆباما و ئیدارە و كۆنگرێس و خەڵك و سوپای ئەمەریكا دەربڕی كە لە كاتی تەنگانەدا بە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، ڕۆڵێكی بەرچاویان بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان لە هێرش و ترسی تیرۆر بینیوە و هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكارییانەی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها داوای لە شاندی میوان كرد هەوڵ بدەن لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە ڕۆڵی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی مەدەنیانە بگێڕن بۆئەوەی شایستەكانی هەرێم بە پێی یاسا و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دابین بكرێت و مافی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز تیم كاین سەرۆكی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی سەناتی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكان و كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەناتی ئەمەریكا پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا بەڕێز كاین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەی خستەڕوو كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە و دەستخۆشیی لە حكوومەت و خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە جیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون.

شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر پێشڕەوییەكانی تیرۆرستانی داعش و نەبوونی پلانێك بۆ لەناوبردنیان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە لە دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عێراق، داوا دەكەن بەشدارییەكی زیاتر بە سوونە بكرێت بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆیان بۆ نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا بەپێی رێككەوتن و یاساكان شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بارقورسیی سەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی سەناتی ئەمەریكای كرد و هاوكاری و هاریكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆڤییەوە بەرز نرخاند كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاشەكشێ كردن بە تیرۆستانی داعش هەبوو و هیوای بەردەوامی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە شاندی میوان كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ ببینن بە شێوەیەك ئەو ئەركەی كەوتۆتە سەر شانی بەغدا جێبەجێی بكات. ئاماژەی بەوەش كرد كە هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆیە داوای كرد هەوڵی جددی بدرێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیە یەكگرتووەكان بكات تا یارمەتی و كۆمەك بگەیەننە ئاوارە و پەنابەران.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕەوشی پێشكەوتن و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ئەو ئاستەنگانەی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوون، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

لەمیانى سەردانەکەى بۆ نەمسا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەی ‌‌حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، سەردانى وەزارەتى دەرەوەى نەمسا کرد و بەگەرمى لەلایەن سێبستیان کورتس وەزیرى دەرەوەى نەمسا پێشوازى لێکرا.

لە دیدارێکدا، کە د. مستەفا ڕەمەزان نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە نەمسا و ژمارەیەک لەبەرپرسانی وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە نەمسا و بەڕێوبەرانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەبوون باس لە پەرەپێدانى پەیوەندەکانى نێوان کۆمارى نەمسا و هەرێمى کوردستان کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى وەزیرى دەرەوەى کرد بۆ ئەو بەخێرهاتنە گەرمە و باسى لە پەیوەندیە دۆستانەى لە مێژینەى نێوان نەمسا و هەرێمى کوردستان کرد و سەردانى وەزیرى دەرەوە بۆ هەولێر لە سەرەتایى مانگى شوباتى ئەمساڵ.

دواتر بەڕێزیان باسى لەو بابەتانەکرد کە ئێستا ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبنەوە لەرووى ئاسایش و مرۆیى و ئابوورى، وەک ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە و پەنابەران کە ڕووبان لە هەرێمى کوردستان کردووە لە ئەنجامى کارە تیرۆریستیەکانى گروپى داعش و تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ١,٨ یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەر کردووە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى و پاڵپشتى ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پێداویستیەکانیان بۆ دابین کردوون بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و بەردەوامى شەڕ دژى تیرۆر ئەم ئاوارە و پەنابەرانە پێویستیان بە هاوکارى بەردەوام هەیە. هەروەها ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوەى ڕاگەیاندووە کە بۆ بەردەوامى کاروچالاکیەکانیان بۆ هاوکارى ئاوارەکان پێویستیان بە هاوکارى دارایى زیاتر هەیە.

هەروەها باس لە خەباتى پێشمەرگە کرا دژى گروپى تیرۆریستى داعش و ڕێگەگرتن لە پێشڕەوییەکانى ئەو گروپە و هێزەکانى پێشمەرگە پێویستیان بە پاڵپشتى و هاوکارى ووڵاتانى هاوپەیمان هەیە لە ڕووى چەک و مەشق و چارەسەرکردنى برینداران چونکە بەشێک لە بریندارەکان پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەى هەرێم.
پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و چالاکى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە تەوەرێکى تر دیدارەکەبوون.

لە بەرامبەردا سیباستیان کۆرتیس سوپاسى سەردانەکەى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کردوو ئەوەى خستەڕوو کە نەمسا کاردەکات بۆ کردنەوەى کونسوڵگەرى فەخرى ووڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان ووتی نەمسا پابەندە بە هاوکارى و پشتگیرى مرۆیى بۆ ئاوارە و پەنابەرانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان ووتی هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش، ئێمە هەوڵدەدەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنى پێشمەرگە بریندارەکان.

هەردولا هاوڕابوون لەسەر هاندانى کۆمپانیاکانى نەمسا بۆ دروستکردنى پەیوەندى ئابورى و بازرگانى و پشتگیریان کرد لە بیرۆکەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى ئابورى بۆ لە یەکتر نزیککردنەوەى کۆمپانیاکانى نێوان هەردوولا.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بۆ دەزگاکانى راگەیاندن سازکرا لەلایەن وەزیرى دەرەوەى نەمسا و بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە کە تیایدا دەرەئەنجامى کۆبوونەوەکە و پوختەى گفتوگۆکان بۆ رۆژنامەنووسان خرانە روو و وەڵامى پرسیارەکانى رۆژنامەنووسان درا.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

تیرۆریستانی دڕندەی داعش جارێكی دی پەلاماری وەحشیانەیان بۆ سەر خوشك و برایانمان لە كۆبانێ دەست پێ كردووە و لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا ژمارەیەك لە خەڵكی كۆبانێ شەهید و بریندار بوونە. زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیە دەكەین.

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم كە چۆن پێشتر هاوكار و یارمەتیدەری كۆبانێ بوونە ئێستایش بەردەوام بن لە یارمەتیدانی خەڵكی كۆبانێ و بیپارێزن.

داوا لە هێزی هاوپەیمانان دەكەم بەردەوام بن لە هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و گەلی كوردستان لە هەڕەشەكان بپارێزن. بە پێویستی دەزانم حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ڕێگایەك بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان بگرێتەبەر.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان

سەركەوتن بۆ كوردستان و شكست و لەناوچوونیش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی.



مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

25ـی 6ـی 2015

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز حەسەن دەروێش باڵیۆزی كۆماری میسری عەرەبی لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێزیان خۆشاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان پیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندییە لە مێژینەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و میسری كرد و هیوای پێشخستنی زیاتری ئەو پەیوەندییانەی لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا خواست و ئامادەییی وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەیشی بۆ زیاتركردنی وەبەرهێنان لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.

نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگەیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرز نرخاند و هیوای خواست دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێی بكرێت و مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش بە رێگای دەستووری و دیالۆگ چارەسەر بكرێن. لە هەمان كاتدا دەستخۆشی لە حكوومەت و خەڵكی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوە و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆز میسری لە عێراق كرد و پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كوردستان و میسری دووپات كردەوە و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ میسر لە هەموو ڕوویەكەوە دەربڕی و هەر ئاسانكاری و هاوكارییەكی دەزگاكانی حكوومەتی بۆ وەبەرهێنەرانی میسری لە هەرێم پیشان دا.

هەروەها تیشكی خستە سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش و پلانەكانی داهاتوو بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ، جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە دەستووری عێراق وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ بەغدا دووپات كردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومەت و خەڵكی كوردستان هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران ئەنجامی دەدەن و لەوبارەیەوە درێغی ناكەن.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێرا ق و شاندێكی دیبلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز باڵیۆزی ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە لە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام دەبن بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە. هەروەها باسی لە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەی كە كۆنترۆڵی كردوون، كرد.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەو بارەیەوە بەڕێز باڵیۆزی ئەمەریكا دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بكات و جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەغدا پابەندی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە بێت كە لەسەر شانییەتی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی بنێرێت چونكە بارێكی قورس كەوتۆتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆزی ئەمەریكای لە عێراق كرد و پاڵپشتی و هاوكارییەكانی حكوومەت و خەڵكی ئەمەریكای لە كاتی تەنگانەدا بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها پوختەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەوە پێشكەش كرد.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لایەنگریی ئەوە دەكات كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا گەر بەغدا پابەند نەبێت حكوومەتی هەرێم هەموو ڕێگایەك دەگرێتە بەر بۆئەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بكات بە تایبەتی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی