ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تان بانگلین كونسوڵی گشتیی چین و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی چین سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان. كونسوڵی گشتیی چین جەختی لەوەیش كردەوە كە بەهێزتربوونی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی، دەبێتە هۆی بەرزتر بوونی ئاستی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چین. هەروەها هیوایشی خواست كە شاند و بەرپرسانی هەردوو لا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان سەردانی یەكتر بكەن. كونسوڵی گشتیی چین هیوایشی خواست هەرێمی كوردستان لە ئاییندەدا سوود لە ئەزموونەكانی وڵاتەكەی لە بوارە جیاجیاكان وەربگرێ.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی سیاسی و ئابووریی چین و هەروەها شارستانییەتی ئەم وڵاتە، بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتی چینی لە هەولێر بەرز نرخاند و بە سەرەتایەكی باشی لە قەڵەم دا بۆ پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
سەرۆك بارزانی پێشوازیشی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لە زۆر بواردا بۆ هەرێمی كوردستان و چین دەرفەتی كاری هاوبەش و هاوكاری هەیە.

 

 

 

 

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە ئێران دیداری کرد.

"الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، رۆژى دووشەممە رێکەوتى 10-11-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "محمد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرى حکوومەتى هەرێمی کوردستان و "سۆران علی" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان پێشوازى گەرمی لێکرا.

لە سەرەتاى دیدارەکە دکتۆر "جگەرخوێن" یارمەتیی و هاوکارییەکانى فەڕەنساى بۆ ئاوارەکانی هەرێمى کوردستان زۆر بەرز نرخاند.  

لەم دیدارەدا بەشێوەیەکى تێروتەسەل باس لە باروودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و "الویە دوکوتینى" باسی لەوە کرد کە فەڕەنسا زۆر لە نزیکەوە و بە وردى چاودێرى ڕەوشی پێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات و باسی لە سووربوونى وڵاتى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانى هەرێمى کوردستان و دوایین هەڵوێستى فەڕەنسا و وڵاتانى هاوپەیمانى ئەورووپاى خستەڕوو و تەئکیدى لەسەر جدییەتى هەڵوێستى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانى هەرێمى کوردستان.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا، دکتۆر "جگەرخوێن" هەڵوێستى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دوایانە باس کرد و هەروەها باسی لە خۆڕاگرى و ئازایەتى پێشمەرگەکانى کوردستان کرد لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستاندا. لە وڵامدا ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، جەختى لەسەر قسەکانى جێگرى نوێنەری حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تاران کرەوە و ئاماژەى بە وەکرد کە سیاسەت و بۆچوونى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا جیاوازە و کارەکانى حکوومەتى هەرێمى لە ماوەى ڕابووردودا ئەوەى نیشانداوە و پێویستە لەسەر هەموو لایەک پشتیوانى لە کوردستان و پێشمەرگە بکرێت لە ڕوبەروبوونەوەى تیرۆریستاندا.

لە بەشێکى دیکەی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ناوەندی عێراق کرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و دواوه‌وه به‌ تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی بیری مارکسیزم و لێنینیزم و دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا وه‌کو سه‌رمایه‌دار و کۆلۆنیالیزم دژی بلۆکی رۆژهه‌ڵات و سۆسیالیزم که‌وتنه‌ به‌رنامه‌رێژی بۆ دژایه‌تی‌کردنی کۆمۆنیزم، هه‌روه‌ها که‌ بینیمان ئه‌مه‌ش له‌ رێگای پشتیوانیکردنی بزووتنه‌وه‌ ئایینییه‌کان به‌ تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ کرا چونکه‌ ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌ت هاوسنوور بوون به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت ئه‌فغانستانی داگیرکرد، که‌ دواتریش ئه‌فغانه‌کان گروپه‌ سه‌له‌فییه‌کانیان پێکهێناو به‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئوسامه‌ بن‌لاده‌ن له‌ عه‌ره‌بستانه‌وه‌، له‌ لایه‌ن گروپه‌ وه‌هابییه‌کانه‌وه‌ پشتیوانی کراو توانییان تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان پێکبێنن، به‌ به‌هێزبوونی ئه‌م گروپه‌ به‌ره‌و ئامانجی دیکه‌ هاندران و له‌ کۆتاییشدا گروپی قاعیده‌ی لێ دروست بوو که‌ بوونه‌ دوو باڵی سه‌ره‌کی توندڕه‌وی له‌ ناوچه‌که‌دا، له درێژه‌‌دا بوونه دژبه‌ری رۆژئاوا و ئه‌مریکایان کرده ئامانج و لووتکه‌ی ئه‌م دژایه‌تیکردنه‌ش ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ڕه‌کانی رێکخراوی بازرگانی جیهانیی بوو له ١١ی سیبته‌مبه‌ری ٢٠١١.

 

دوای ئه‌وه‌ ئه‌مریکا که‌وته بیرکردنه‌وه‌ی تۆڵه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوپه‌یمانییان دروست کرد و په‌لاماری ئه‌فغانستان درا و تاڵیبان و قاعیده‌یان شکاند به‌ڵام ئه‌مانه به ته‌واوی له‌ناو نه‌چوون واش دیاربوو که‌ یان نه‌توانرا یان خود مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یان بوو که‌ له داهاتوودا به مه‌به‌ستی هه‌ندێ مه‌رامی تایبه‌ت به‌کار بهێنرێن به‌ڵام ئاکامی نه‌خوازراوی ئه‌م بڕیاره ئه‌وه بوو که‌ قاعیده و ته‌کفیرییه‌کان بوونه مه‌ترسییه‌کی گه‌وره.

 

هه‌روه‌ها که‌ بینیمان شه‌ڕی ئه‌فغانستان، داگیرکردنی کوێت و قه‌یرانی عیراق هه‌موویان به هاوپه‌یمانی کراو له عیراقیش سه‌دام رووخێندرا و سیستمێکی نوێی سیاسی هاته ئاراوه، له ئه‌نجامدا هێزه‌ به‌عسی و ته‌کفیری و سه‌له‌فییه‌کان له عیراقدا په‌رش و بڵاوبوونه‌وه‌و که‌وتنه دژایه‌تی‌کردنی عیراقی تازه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج بوو ئه‌وه‌ بوو که‌ پاشماوه‌کانی ئه‌مانه له گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازی وڵاتدا دوور نه‌خرانه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش پرسیارێکی گرنگ دروست ده‌کات، ئه‌م ره‌وته‌ش رۆژ له‌دوای رۆژ راده‌ی خراپه‌کاری و ته‌قاندنه‌وه‌کانی خۆیان زیادتر کرد و ژماره‌یه‌کیس له قاعیده و به‌عسییه کۆنه‌کان رژانه سوریاوه. که‌ ئه‌وکاتیش سوریا به بیانووی پارێزگاری له پاشماوه‌ی به‌عس و هاوسۆزی بۆیان و دژایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی کورد و شیعه داڵده‌ی ده‌دان.

 

 لێره‌دا پێویسته باسێک بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی له ئه‌فغانستان و عیراق و ناوچه‌که‌ هاته کایه‌وه به خراپ ئیداره‌کردنی رژێمه‌کان و هه‌ست نه‌کردن به ده‌رهاوێشته‌ژکان که‌ بوونه هۆی سازکردنی زه‌مینه‌یه‌ک که‌ هه‌رچی زیاتر ته‌کفیری و سه‌له‌فییه‌کان گه‌شه بکه‌ن و شان به شانی ئه‌وانیش قاعیده جالاکییه‌کانی خۆی گه‌شه‌ پێدا. له ئه‌وروپا و جیهانی ده‌ره‌وه‌شدا ئه‌م بیروباوه‌ڕانه که‌وتنه ناو فیکر و هزری گه‌نجه موسڵمانه‌کانه‌وه که‌ له بارێکی ده‌روونی جیاوازدا ده‌ژیان، هه‌روه‌ها له عیراق و سوریاش زه‌مینه و بارودۆخێک ئاماده کرا که‌ زیاتر گه‌شه بکه‌ن چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی عیراق که‌وته ده‌ست زۆرینه‌ی شیعه‌وه که‌ به خراپ ئیداره‌کردنی رژێم له لایه‌ن مالکییه‌وه و ده‌رپه‌راندنی سوننه‌کان و باش خزمه‌ت نه‌کردنی هاووڵاتیانی عیراق به تایبه‌ت له ناوچه سوننه‌نشینه‌کانی وایکرد رێژه‌ی ناڕه‌زایی و دژایه‌تی دژی حکومه‌تی عیراق و ده‌وڵه‌تی قانون گه‌شه بکات، تا ئه‌و ئاسته‌ی که‌ چه‌ندین جار خۆپیشاندان و جۆرێک له راپه‌ڕین دروست بوو که‌ بووه هۆی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی فه‌لوجه و ئه‌نبار.

 

له سوریادا به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی و له هه‌ندێ لاوه به تایبه‌ت به گواستنه‌وه‌ی سیاسه‌تی تاکره‌وی و خۆسه‌پاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د زه‌مینه‌یه‌ک سازکرا که‌ به‌ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه کێشه‌و راپه‌ڕین دروست ببێت، به تایبه‌ت له لایه‌ن ئیخوان و سه‌له‌فییه‌کانی حه‌ڵه‌ب و حمس و ... هه‌روه‌ها ناره‌زایی کورده‌کان له حکومه‌تی ناوه‌ندی که‌ مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه‌و شوناسی کوردی له‌م وڵاته‌دا ساڵانێکی زۆر پشتگوێ خرابوو و سه‌ره‌کیترین مافه ئینسانییه‌کانی کورده‌کان پێشێل کرابوون، له ئاکامدا به دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ناوه‌ندی رێگا بۆ چالاکی گروپه‌ سه‌له‌فی و ته‌کفیرییه‌کان کرایه‌وه‌و به‌مه‌ش چالاکییه‌کانی خۆیان به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو گه‌شه پێدا.

 

 جه‌ماعه‌تێکیش به‌ناوی ئه‌رته‌شی ئازاد و نوسره‌ی ئیسلامی و هه‌روه‌ها کورد که‌وتنه دژایه‌تی کردنی به‌شار ئه‌سه‌د، لێره‌دا بوو که‌ تورکیا، عه‌ره‌بستان، قه‌ته‌ر و وڵاتانی ئه‌وروپایی به مه‌به‌ستی جیاواز و به شێوه‌ی راسته‌وخۆ که‌وتنه پشتیوانی کردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژی به‌شار ئه‌سه‌د بووبوونه‌وه، جگه له کورده‌کان که‌ ئه‌وانیش رێگایه‌کی دیکه‌یان گرته به‌ر.

 

له‌م بارودۆخه‌دا قاعیده‌ی عیراق و کۆنه به‌عسییه‌کان به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی خۆیان گواسته‌وه بۆ سوریا و تێکه‌ڵ بوون به ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی سوری و کوردیان په‌راوێز خست، پشتیوانییه بێ حیساب و له‌راده‌ به‌ده‌ره‌کان بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا بووه هۆی به‌هێزبوونی ئه‌وانه‌و له دواییدا سه‌یرکرا که‌ ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ده‌رده‌چن و بێ توانایی ئه‌رته‌شی ئازادی سوریاش وایکرد که‌ به‌عسییه سه‌دامییه‌کان و قاعیده‌ی عیراق زۆر به‌هێزتر بن.

 

دوای ئه‌م به‌هێزبوونه بوو که‌ قاعیده‌ی عیراق، به‌عسییه کۆنه‌کان، سه‌له‌فییه‌کان، ته‌کفیرییه‌کان و به‌شێک له ئیخوانی سوریا یه‌کیان گرت و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام‌یان دروست کرد، واتا "داعش". به‌رنامه‌‌ی داعش پێکه‌تابوو له دروست‌کردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، قبوڵ‌نه‌کردنی هه‌موو بیر و باوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیایه‌کی دیکه‌ جگه له خۆیان و ته‌کفیرکردنی هه‌موان، که‌وتنه کاری تیرۆریستی و کوشتن و بڕین و تۆقاندن، له‌م ره‌وته‌شدا تا ئه‌و جێگایه‌ی گه‌شه‌یان کرد که‌ چالاکییه‌کانی خۆیان له سوریاوه‌ گه‌یانده عیراقیش و توانی له ناوچه سوننه‌نشینه‌کانی عیراق، موسڵ، تکریت و به‌شێک له ناوچه‌کانی سامه‌ڕاو که‌رکوک و دیاله بخاته ژێر رکێفی خۆیه‌وه و توانییان ئه‌مانه ببه‌ستن به فه‌لوجه‌و ئه‌نباره‌وه، که‌ هۆکاری یه‌که‌می ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌شیان بێ‌توانایی سوپای عیراق بوو که‌ مالکی به متمانه له‌سه‌ر کۆنه ئه‌فسه‌ره‌کانی به‌عسی ناو سوپای عیراق پێکی هێنابوو بۆیه له ماوه‌یه‌کی کورتی چه‌ند کاتژمێری نزیک یه‌ک سه‌د هه‌زار سه‌ربازی عیراقی په‌رش و بڵاوبوونه‌وه و ناوچه‌که‌ که‌وته ده‌ست داعش و ته‌نها ئه‌و ناوچانه مانه‌وه که‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی لێبوو.

 

ئه‌مه ئاکامی ئه‌و بارودۆخه بوو که‌ به هۆی خراپ ئیداره‌کردنی مالکی‌یه‌وه هاتبووه ئاراوه‌و زۆرینه‌ی سوننه‌ی بێ‌به‌ش کردبوو که‌ بووه هۆی گه‌شه‌کردنی داعش و دژایه‌تیکردنی مالکی له لایه‌ن سوننه‌کانی لێکه‌وته‌وه.

 

له رووی مێژووییه‌وه یه‌کگرتنی نێوان به‌عسییه‌کان، قاعیده، سه‌له‌فی و ته‌کفیرییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیرۆکه‌ ئیسلامییه‌ی که‌ له سه‌ره‌تای دامه‌زرادنی به‌عسه‌وه بڕوای به یه‌کگرتوویی سوریا، میسر و عیراق بوو و ئێستاش دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ که‌وتوونه‌ته جێبه‌جێکردنی ئه‌و بیرۆکه‌و هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ده‌ده‌ن.

 

داعش به پشتیوانی ئه‌وانه‌ی که‌ له عیراقی یه‌کگرتوو و به‌هێزبوونی کورد و شیعه رقیان بوو و ماوه‌یه‌ک له بیری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا بوون که‌وتنه زیاتر په‌لاماردان و فراوانکردنی سنووری ده‌سه‌ڵاته‌کانیان که‌ به‌نده له چاوپێکه‌وتنێکدا له رابردوودا باسم له‌وه کرد که‌ له هه‌لێکی ره‌خساودا داعش په‌لاماری کوردستان ده‌دات و ئه‌وه بوو کردی.

 

 ئه‌ڵبه‌ت هێرشی داعش بۆ سه‌ر کوردستان خاڵی وه‌رچه‌رخانی رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌ بوو، دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر کوردستان زیاتر له هه‌میشه هه‌ست به مه‌ترسییه‌کانی داعش کرا و بۆیه ده‌م و ده‌ست جیهان شڵه‌ژاو که‌وتنه هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین، که‌ له‌م بواره‌دا وڵاتانی ناوچه‌و جیهان له دوو به‌ره‌دا دابه‌ش کران:

 

1 ـ ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌وتنه جموجۆڵ بۆ پشتیوانی‌کردنی عیراق و کورد له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش

 

2 ـ ئه‌و وڵاتانه‌ی له نزیک یان دوور بێ‌ده‌نگ بوون و هیچ جۆره هه‌ڵوێستێکیان نه‌نواند دژی داعش.

 

ئه‌م دابه‌شبوونه هه‌ڵگری راستییه‌که‌، بۆ ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی هاوکاری سه‌ربازی و مرۆڤایه‌تی بوون و له هه‌وڵدان بۆ دروست‌کردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش نابێت جارێکی دیکه‌ له‌به‌ڕ مه‌رامه تایبه‌تییه‌کان و بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌که‌ کاتی واتا له ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی دیاریکراودا هاوکاریی یه‌کتر بن و دوایی لێبگه‌ڕێن و رووداوه‌کانی داهاتوو هاوشێوه‌ی رابردووی ئه‌فغانستان و عیراق دووپات ببنه‌وه. ئه‌گه‌ڕ چاوێک به ئه‌زموونی وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا بخشێنین ده‌بینین که‌ ئه‌گه‌ر پلان و به‌رنامه‌ی توکمه و دووربینانه نه‌بێت داعشێکی خراپتر و بریندارتر ده‌که‌وێته گیانی مرۆڤایه‌تی و جیهان و ناوچه‌که‌ تووشی مه‌ترسی ده‌کات.

 

نه‌هێڵین ناوچه‌‌که ‌و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین ببنه خۆراکی کێشه‌کان و کێشه‌ دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه‌کان له‌سه‌ر گیان و ماڵی ئه‌مان یه‌کلا نه‌بێته‌وه، به‌داخه‌وه زۆر جاریش به له‌ناوبردنی دیکتاتۆرێک، دیکتاتۆرێکی خراپتر هاتووه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌مه‌ش وایکردووه که‌ خه‌ڵک هه‌وڵی له‌ناوبردنی به‌رده‌وامی دیکتاتۆره نوێکان ده‌ده‌ن و به‌داخه‌وه ئه‌م بارودۆخه‌ زۆرجار به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

له کۆتاییدا ده‌بێت بڵێم داعش زۆر له‌و قه‌باره‌یه بچوکتره که‌ هه‌یه چونکه‌ پێکه‌اته‌ی داعش پێکه‌اتووه له به‌ره‌یه‌کی زۆرێک له‌و سوننانه‌ی دژی حکومه‌تی نوێی عیراقن که‌ خاوه‌ن بیرورای جیاوازیشن به تایبه‌ت له بواری دامه‌زراندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و داهاتووی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له ناوچه‌که‌و جیهاندا.

 

نابێت له یادیش بکه‌ین که‌ داعش هێزێکی بێ‌وڵات و بێ نیشتمانه، داعش به جۆرێک یه‌که‌مین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانه که‌ فۆرمی نێوده‌وڵه‌تی له‌خۆ گرتووه، له گرنگترین ئامانجیان دامه‌زراندنی وڵات و نیشتمانێکی تایبه‌ت به خۆیانه، له ئێستادا توانیویانه تا راده‌یه‌ک ئه‌م ئامانجه بێننه دی، بۆیه شه‌ڕی ئێستا بۆ ئه‌وان شه‌ڕی مردن و سه‌رکه‌وتن یان مان و نه‌مانه، ئه‌وان به دڵنیاییه‌وه دوای خۆیان و به شکست خواردنیان له عیراقدا، ته‌نها و ته‌نها وێرانی به‌جێ ده‌هێڵن.

 

 

ئه‌گه‌ریش سه‌رکه‌ون بیر له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌که‌نه‌وه که‌ ئه‌ڵبه‌ت هیچ هێزێکی ئیسلامی دیکه‌ پشتیوانییان ناکات، چونکه‌ داعش له خۆیدا ناتوانێت هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ له ئیسلام په‌سه‌ند بکات، بۆیه له‌ناوبردنی و ریشه‌کێشکردنی ئه‌م گروپه‌ پێویسته‌و ده‌بێت به پلانێکی توکمه له‌ناو ببرێن، له هه‌مان کاتدا زه‌مینه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی وه‌ها گروپێک له‌ ناوچه‌که‌دا وشک بکرێت، ئه‌زموونی رابردوو سه‌لماندوویه‌تی به سه‌رهه‌ڵدانی گروپه‌ نوێکان، راده‌ی توندڕه‌وی و تاوان و جه‌نایه‌ته‌کانییان گه‌شه ده‌کات.

 

 

 

 

ئەمڕۆ یەكشەممە 9ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە گیۆرگ ئێنزوایلەر كونسوڵی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە بە بۆنەی دەستبەكاربوون و خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەكە و ڕایگەیاند كە زۆر ئاسوودە و خۆشحاڵە لە شاری هەولێر نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی دەكات. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە سەردانی چەندین شاندی باڵای ئەڵمانی بۆ كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی وڵاتەكەیەتی. كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها هاوكاریكردنی هەرێم بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان. كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا هیوای ئەوەی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكان پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی كونسوڵی نوێی ئەڵمانیای كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیشی لەوە كردەوە كە هاوكارییەكانی ئەڵمانیا كاریگەرییەكی باشی لە بەرەكانی شەڕدا هەبووە.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڕەشەكانی تیرۆریستان و باری گوزەرانی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، سەرۆك بارزانی لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان ئەوەی دووپات كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی ئاوارەكان ئازادكردنی ناوچەكانیان و گەڕانەوەی خەڵكە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 9ـی 11ـی 2014 له‌ سه‌لاحه‌ددین، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سلێمان عوسمان كۆنسوڵی پێشووی وڵاتی میسر له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ كوردستان و ماڵئاوایی سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی كردبوو.

له‌ دیدارێكدا كونسوڵی پێشووی میسر سوپاسی خۆی و وڵاته‌كه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا هه‌ماهه‌نگ و پشتیوان بوونه‌ بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و هیوایشی خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رده‌وام بن و بگاته‌ ئاستێكی به‌رزتر.

سه‌رۆك بارزانی وێڕای به‌خێرهێنانی كونسوڵی پێشووی میسر لە هەولێر، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ربڕی بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی میسر. هەروەها سه‌رۆك بارزانی هیوای سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ كونسوڵی پێشووی میسر له‌ هه‌رێمی كوردستان خواست لە ئەرك و كارەكانی داهاتوویدا.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەدمیراڵ لویگی بینێڵی مانتێڵی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئیتاڵیا پێكهاتبوون.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا ئەوەی خستەڕوو كە لە وڵاتەكەی سۆزێكی تایبەتی بەرانبەر گەلی كوردستان هەیە. هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد كە بەرگریی لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكەن و هێمای بەوەدا كە ئیتاڵیا بە شانازییەوە سەیری ڕۆڵی بوێرانەی پێشمەرگە دەكات و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوەی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستاندا كردوویەتی كارێكی گەورە و دەستكەوتێكی مەزنە.

لەبارەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و كار بۆ دابینكردنی چەكی باشتر و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە ئیتاڵیا و هەروەها كردنەوەی بنكەیەكی مەشقپێكردن لە كوردستان دەكات.

سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا ئەوەیشی باسكرد كە لەپێناو بەهێزتركردنی هێزەكانی عێراقی ئیتاڵیا ئامادەیە هاوكاری و مەشق و ڕاهێنان پێشكەشی سوپای عێراقیش بكات. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا بە پێویستیشی زانی كە وڵاتانی ئەوروپایی ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەوە گەنجانەی لەگەڵ گڕووپە تیرۆریستییەكان تێكەڵ بوونە نەتوانن بگەنە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكاری تیرۆریستان بن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا و شاندی یاوەری كرد و جەختی لە دۆستایەتیی قووڵی گەلی كوردستان و ئیتاڵیای كردەوە و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئیتاڵیاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە شەڕی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستەڕوو كە گەلەكەمان هەر لە كۆبانێ هەتا خانەقین ڕووبەڕووی ترسناكترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی بووەتەوە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی هەیە و چەكی دوو دەوڵەتیشی كەوتۆتە دەست. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانیی ئێمەیە و شانازیشیە كە ئێمە لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریستان دەكەین.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگە توانی هێرشی تیرۆریستان ڕابگرێت و خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و زەبری كوشندەی لە تیرۆریستانی داعش وەشاند. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ هەموو گەل و نەتەوەیەك بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لەناوبردنیان هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە. سەرۆك بارزانی داهاتووی تیرۆریستانی داعشی بە دۆڕاو و وەك دیاردەیەكی كاتی وەسف كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دواجار هاووڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەكە لەدژی تیرۆریستان ڕادەپەڕن چونكە تیرۆریستان ئازادیی خەڵكیان زەوت كردووە و خەڵك قەبووڵ ناكات هێزێك ئازادییان لێ بستێنێت.

شایانی باسە لەم دیدارەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق و فەریق روكن تەیار ئەنوەر حەمەدئەمین فەرماندەی ھێزە ئاسمانییەكانی عێراق و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

 

 

 

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی رایگه‌یاند پێویسته‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر له‌ جاران هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات له‌ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و گوتیشی"پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ تاكه‌ نوێنه‌ری جیهان له‌ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا.

ئه‌م وتانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10/11/2014 له‌ میانی پێشوازی كردنی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ بارباڕۆی ئه‌مریكی هات.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له‌ باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌و هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ جیهان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی"گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی جیهان و ناوچه‌كه‌ سه‌لماندی كه‌ ئیتر كورد به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كییه‌ له‌ هاوكێشه‌كانی جیهان و ئه‌و پێشهاتانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌".

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆرستان كردو گوتی"له‌ ئێستادا له‌ چه‌ندین شوێن و ناوچه‌ی جیاواز پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌رگری له‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌ن و رووبه‌ڕووی تیرۆرستان ده‌بنه‌وه‌".

لای خۆیه‌وه‌ جه‌نه‌ڕاڵ بارباڕۆی ئه‌مریكی سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردو گوتی"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ هاوكاری و پاڵپشتی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ین و پاڵنه‌رێكی ئه‌كتیڤ بین بۆ زیاتر پێشخستنی تواناكانی ئه‌م هێزه‌".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی چه‌ند پرسێكی تری تایبه‌ت به‌ ره‌وشی پێشمه‌رگه‌و هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ئه‌م هێزه‌یان له‌ كوردستان كردو به‌گرنگیان زانی هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ربازییه‌كان زیاتر بێ بۆ سه‌ركه‌وتنی زیاتری جیهان به‌سه‌ر تیرۆرستاندا.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11/11/2014 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ محوه‌ری گه‌رمیان- خانه‌قین سه‌ردانی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی گوندی سێوسینانی لە ناوچەی قەرەداغ كرد و له‌ لایه‌ن دانیشتوانی گونده‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

هەر لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە گۆڕستانی شەهیدانی سێوسینان ئامادە بوو و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی ئەم شەهیدانە سووڕەتی فاتیحەی خوێندەوە.

گوندی سێوسینان له‌ شاڵاوی ئه‌نفال له‌ ساڵی 1988 دا له‌ لایه‌ن رژێمی دیكتاتۆری پێشووی عێراقه‌وه‌ كیمیاباران كرا و به‌هۆیه‌وه‌ 68 هاووڵاتی كوردی دانیشتووی ئه‌م گونده‌ شه‌هید بوون.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی