هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئۆکتۆبەر ( تشرینی یەکەم) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاولا گانلی باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.
لە ديدارەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا تاووتوێ کران.
باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و هاریکاریی و هەماهەنگیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای خستنەڕووی کورتەیەک دەرباری چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور کرد، بە شێوەیەک کە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پرنسیپەکانی هاوسەنگیی و بەشداریی ڕاستەقینە و سازان بگیرێت.
دۆخی ئاوارە و پەنابەران و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشو هەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/october/سەرۆکی-حکومەت-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-ئوسترالیا-لە-عێراق-دەکات/
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/10/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرال، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و عێراق، بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراقی فیدرالدا كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز
ڕۆژتان باش و هەموو لایەکتان بە خێر بێن..
ئه‌مڕۆ سێى ئۆكتۆبه‌ر له ساڵڕۆژى كۆچى دواييى سەرۆک مام جەلالدا، به ڕێز و شكۆوه يادى ده‌كه‌ينه‌وه. ڕاسته چەند ساڵێک بەسەر ماڵئاواییکردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام ئێمە بە درێژایيی ئەم چەند ساڵە و دوای نەخۆشکەوتنی و دوورکەوتنەوەی لە کاری سیاسی و دەوڵەتی، هەميشه هەستمان بەو بۆشایيیە كردووە كە مام جەلال بەجێی هێشتووە.
لەم یادەدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی، هەروەها سڵاوم هەیە بۆ هێرۆخانی هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوژینی مام جەلال، هیوادارم تەندروستی باش و تەمەنی درێژ بێت.
ئامادەبووانی بەڕێز..
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ (دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال) ڕادەگەیه‌نرێت. دەستخۆشی لە دەستەی دامەزرێنەری ئەم دامەزراوەیە دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مێژووی مام جەلال بەشێکی گرنگە لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. هەبوونی دامەزراوەیەک بۆ نیشاندانی خەباتی ئه‌و، کارێکی گرنگە. هەبوونی دامەزراوەیەک بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو بە تێکۆشانی مام جەلال، پێویستە. هیوادارم کاری ئەم دامەزراوەیە بە باشی بەڕێوەبچێت. ئه‌و زۆری کرد بۆ ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری و چاپەمەنی کوردی، هیوادارم ئەم دامەزراوەیەش درێژپێدەری ئەو ئاراستەیەی سەرۆك مام جەلال بێت.
بەڕێزان..
من مام جەلالم لە ڕۆژی دروستکردنی ئاشتی و تەباییدا ناسیوە، لەبەرئەوە بۆ من زیاتر لە هەموو شتێک، سەرکردە و یادگارێکی گەورەی پاراستنی ئاشتی و پێکەوەکارکردنە. ڕۆژی ٨ی نۆڤه‌مبه‌رى ١٩٨٦ هەردوو ڕەوانشاد، مام جەلال و باوکم ڕێککەوتننامەی ئاشتيی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتيی نیشتمانيی کوردستانیان واژۆ کرد. من ئەو ڕۆژە لە خزمەت باوکم چووبووم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، ڕۆژێکی زۆر مێژوویی بوو بۆ گه‌لى کوردستان. ئەو ڕۆژە، بۆ یەکەم جار مام جەلالم بینی. تا ئەوکاتەی نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد، ڕێز و په‌يوه‌ندييه‌كى باش له‌نێوانماندا بەردەوام بوو. ڕۆحی ئەو گەورەیە بۆ لای خوای گەڕایەوە، بەڵام ڕێز و خۆشەویستيی مام جەلال لای ئێمە هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ١٩٨٦ کرا، دواتر بە ئاشتبوونەوەی گشتی ناسرا، چونکە هەموو حیزبەکانی کوردستانی عێراق دوای ئەو ڕێککەوتنە ئاشت بوونەوە و شەڕی ناوخۆ کۆتایی هات و بەرەی کوردستانی دامەزرا. بە هۆی بەرەی کوردستانييه‌وه، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و گەلی کوردستان بەرگەی هەردوو تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی گرت. هەر بەهۆی بەرەی کوردستانیشەوە ڕاپەڕین سەرکەوت و بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنێکی ئازاد لە کوردستان کرا و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزران.
دوای هه‌ڵگيرسانه‌وه‌ى شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤، ویستی سەرۆک مام جەلال بۆ ئاشتی و باوەڕی جەنابی سەرۆک بارزانی بە ئاشتی، وایکرد ڕێککەوتنی ئاشتيی ساڵی ١٩٩٨ لە واشنتن واژۆ بکەن و قۆناغێکی نوێی ئاشتی و پڕ لە دەستکەوتی دەستووری و سیاسی بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەن. زۆر دەستکەوت بۆ گەلی کوردستان بەدەست هاتن، هەموویان بەهۆی پێکەوەکارکردنی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی بوون. مام جەلال هەموو شتێکی دەکرد بۆ ئەوەی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی دڵخۆش بێت، کاک مەسعوودیش هیچ داوایەکی مام جەلالی ڕەت نەدەکردەوە. تەنانەت سەرۆک بارزانی لەپێناو مانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەناو چوارچێوەی بڕیاری کوردستانى و لە دەستى مام جەلالدا، ملی نەدایە بەر گوشاری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و گوشارە ناوچەییەکانیش لە ساڵی ٢٠١٠ و تاکو مام جەلال نەبووەوە به سەرۆک کۆمار، کۆڵی نەدا.
ئەم تەباییە ساڵانێکی درێژ، پڕ لە سەقامگیری و سەرکەوتن بوون بۆ گەلی کوردستان، بۆیەش بە ڕاستی هەقە ئەم ساڵانە پێیانبگوترێت “ساڵە زێڕینەکان”. ئه‌و ساڵانه و له سايه‌ى ئه‌و ته‌بايى و يه‌كڕيزييه‌دا، كوردستان بووژانه‌وه‌يه‌كى هه‌مه‌لايه‌نه و سه‌قامگيرى و به‌ره‌وپێشچوون و ئاوه‌دانى و خۆشگوزرانى به خۆيه‌وه بينى كه مايه‌ى خۆشحاڵى و شانازيى هه‌موو كوردستانييان بوو.
مام جەلال زۆر پەرۆش بوو بۆ تەبایی، بەتایبەتی، تەبایيی نێوان پارتی و یەکێتی. چەند جارێك لەخۆی گوێم لێ بووە و گوتوویەتی: ئەگەر ڕۆژگار بگەڕابووایە دواوەوە، بە هیچ شێوەیەک نەمدەهێشت ناکۆکی بکەوێتە نێوان من و بارزانيی نەمر. دواتر ئەو هەستەی خۆی لە ڕاگەیاندنیشدا ده‌ربڕى. مام جەلال زۆر بە باوەڕەوە دەیگوت کە ئەو یەکلایەنە بڕیاری داوە نەبێتەوە بەشێک لە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی، ئینجا قوربانی و باجەکەی هەرچییەک بێت!
ئامادەبووانی به‌ڕێز..
تەبایيی پارتی و یەکێتی و مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژيی نێوانيان لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک مەسعوود بارزانی، دەستکەوتی زۆری بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێنان و دۆخێکی زۆر باشی گەشەکردنی ئاشتی و دیموکراسی لە کوردستان، دروست کرد. بەداخەوە هه‌ندێ کەس و لایەن لە کاتی هەبوونی ڕێککەوتنی ستراتیژیدا، دەیانگوت: ئەمە خنکاندنی دیموکراسییە. بەڵام ئەگەر دۆخی دوای ناکۆکيی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوکات بەراورد بکەن، دەزانن هەڵسەنگاندنەکەیان ڕاست نەبوو. دوای ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، زۆرترین هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنی ناوخۆیی کران. زۆرترین هەڵبژاردنی ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکاکان کران.
دوای ڕێککەوتنی ستراتیژيی پارتی و یەکێتی، زەمینەی جێگیربوون و گەشەکردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکوومییەکان و دادگاکان ڕەخسا. زەمینەی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دروستبوو. ئازاديی ڕاگەیاندن زۆرتر بوو. سنوورەکانی دووئیدارەیی کەم بوونەوە. زەمینه‌ى یەکخستنی هێزە ناوخۆکان و دروستبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا، فراوانتر بوو. ئەمانە هەموویان بەرەی ناوخۆیان بەهێز دەکرد، هێزی کوردستانیان لە عێراق و ناوچەکەدا کاریگەرتر دەکرد. ڕێزگرتن و پشتیوانيی جیهان بۆ گەلی کوردستان و مافەکانی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو. ئەوانەی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنی ستراتیژيی پارتی و یەکێتی دەگرت، نەیاندەزانی ئەو ڕێککەوتنە زۆر پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان! نەیاندەزانی ئه‌گه‌ر ڕێککەوتنی ستراتیژی نه‌بێت، بارودۆخی کوردستان خراپ و هێزەکەی پەرت دەکات و کاریگەریشی کەمتر دەکاتەوە.
به‌ڵێ.. پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستاش جارێکی دیکە پێویستییان بە ڕێککەوتنێکی تازەی هاوبەشە بە گوێرەی ئەم قۆناغە. بە هەموو شێوەیەک ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته كوردستانييه‌كاندا زۆر پێویستە بۆ ڕێگرتن لە لاوازبوونی زیاتری بڕیار و ئیرادەی سیاسيی گەلی کوردستان. نابێ تەماشای هیچ پێوەرێک بکەین جگە لە بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، چونکە هێزی هەموومان بەندە بە هێز و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە. به‌هێزيمان، يه‌كڕيزيمانه. ئەوانەی دەتوانن هەرێمی کوردستان بەهێز بکەنەوە، بەر لە هەمووان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى هه‌موو لايه‌نه‌كانه.
بەڕێزان..
مام جەلال هێز و گه‌وره‌يى به پۆستی سەرۆککۆماری دابوو. چونکە ببووە هۆکاری تەبایی بۆ هەموو هێزە عێراقییەکان، ببوو بە داكۆكیكارێكی زۆر باشی کورد، شیعە و سوننە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە. بارەگای مام جەلال لە بەغدا ببووە شوێنی خاوکردنەوە و نە‌هێشتنی ناکۆکییەکان، بە نەمانی مام جەلال لە بەغدا، کۆڵەگەیەکی گەورەی تەوافوق لەدەست چوو، سەنتەرێکی سەرەکيی گفتوگۆی سیاسی نەما، بە ڕادەیەک ئێستاش خەڵک و هێزە عێراقییەکان هەستی پێدەکەن.
ئێمە کە له‌م ياده‌دا کۆدەبینەوە و یەکتر دەبینین، گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن و گەڕان بە دوای ڕێککەوتنمان، بەبیر دێتەوە. دڵنیام ئەمڕۆ هەمووتان ئارەزووی گفتوگۆ و نە‌هێشتنی ناکۆکییەکانن، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەم هەستەتان بکەنە دەستپێشخەری و کردار. هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن بە تەنازول و شکست دانەنێن، چونکە ئەوەی گفتوگۆ دەکات و ئەوەی ڕێکدەکەوێت، هەمیشە براوەیە.
هیوادارم یادی مام جەلال هاندەر بێت بۆ یەکگرتوویيی حیزبە کوردستانییەکان. هاندەر بێت بۆ پێکەوەدانیشتنی لایەنە عێراقییەکان. له‌م ياده‌دا داوا لە هەموو حیزبە کوردستانییەکان دەکەم ڕێکبکەون و پێکەوە کار بکەن. داوا لە هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکەین، لەم یادەدا داوایان لێ دەكەین بیر لەو ڕۆژانە بکەنەوە کە مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو و بە دڵێکی پاکه‌وه بۆ بەرژەوەنديی هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەمووانی پێکەوە کۆدەکردەوە. بە هەمان ئەو دڵگەرمی و ئه‌و ئامانجە، زۆر پێویستە ئەمڕۆ پێکەوە دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. بە ڕاستی خەڵکی عێراق زۆر بێزار بووە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵات، چونکە دەزانێت تاکو ناکۆکییەکان بەردەوام بن، خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبن و سه‌قامگيرى و سەروەريی وڵاتیش لاواز دەبێت.
بەڕێزان ..
ئێستا کە ئه‌م ياده ده‌كه‌ينه‌وه، دەیان بیرەوەریم لەگەڵ مام جەلالدا بە بیر دێنەوە. زۆر جار کە ناکۆکییەک دەهاتە پێشەوە، بە زمانی شیرینی خۆی دەیگوت: وەرە با فسکەفسكێك بکەین! سوپاس بۆ خوا زۆر جار ئەو فسکەفسكانە یارمەتیدەر دەبوون بۆ كەمكردنەوەی كێشەكان و نە‌هێشتنی ناكۆكییەكان.
ئەمڕۆ با هەموومان ئاوا بكه‌ين و به هه‌مان شێوه بڕیار بده‌ين کە ڕێکبکەوين. سازشکردن لەپێناو ڕێککەوتن و دڵخۆشکردنی گەلدا، سەرکەوتنە و بە هیچ شێوەیەک شکست نییە بۆ هیچ لایەك.
ڕۆحی مام جەلال شاد بێت و یادی هەمیشە بە خێر بێت و هەموو لایەكتان بەخێر بێن و زۆر سوپاس.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-attends-the-death-anniversary-of-president-mam-jalal/
به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له خاتوو ليز تره‌س سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانياوه پێگه‌يشت.
له نامه‌كه‌يدا خاتوو تره‌س سوپاسی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات بۆ به‌شداريى به‌ڕێزيان له ڕێوڕه‌سمى پرسه‌ى شاژن ئێلێزابێسى دووه‌م، شاژنى كۆچكردووى شانشينى يه‌كگرتوو، هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به دووباره ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له له‌نده‌ن، نيشان داوە.
سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا له نامه‌كه‌يدا بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌يوه‌نديى به‌هێزى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ربڕيوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه داوه كه شانشينى يه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌هاى هاوبه‌شى وه‌ك ئازاديى ڕاده‌بڕين و په‌روه‌رده و ئه‌وله‌وييه‌تى هاوبه‌شى وه‌ك پرسه ئه‌منييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرى هه‌يه، جه‌ختيشى كردووته‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه له كارى پێكه‌وه‌يى به‌رده‌وام ده‌بن.
له كۆتاييدا خاتوو ليز تره‌س سه‌رۆك وه‌زيرانی به‌ريتانيا هيواى خواستووه له ئه‌ركى تازه‌يدا باشتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا فراوانتر ببن.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-a-message-from-the-british-prime-minister/
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 3 ی ئۆکتۆبەر ( تشرینی یەکەم) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی کرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ كردەوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان.
هەروەها ژماره‌یه‌ك بابەتی تایبەت بە گوزەرانی هاووڵاتییانی هه‌رێمي كوردستان تاووتوێ کران و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، پێویستە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە و ماف و شایستە دەستوورییەکانیان لە سەرتاسەری وڵات، بە هەرێمی کوردستانەوە، لە پێشینەی کارەکاندا بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، پێویستیی بەردەوامبووني كۆبوونەوە هاوبەشەكان و مامەڵەكردن بەشێوەیەکی جیددی لەگەڵ هەموو دۆسییەکان و ڕەخساندنی هەلومەرجی باش بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە كە ببێتە هۆی چارەسەرەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا، دووپاتکرایەوە.
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2022/10/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى كرد.
له ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه سياسييه‌كان و پاراستنى ئاشتيى ناوخۆيى، تاوتوێ كران و داكۆكييان له‌وه كرده‌وه كه گفتوگۆ تاكه ڕێگه‌يه بۆ گه‌يشتن به چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.
هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه كه كه خوێن و گيانى هاووڵاتييان و پاراستنى خۆپيشانده‌ران له هه‌موو عێراق، هه‌روه‌ها پاراستنى ماڵ و سامانى تايبه‌ت و گشتى، خواست و ئامانجى هاوبه‌شن و هه‌مووان ده‌بێ هاوكاريى هێزه ئه‌منييه‌كان بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانيان و پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵات.
دوايين پێشهاته ئه‌منييه‌كان و به‌ئامانجگرتنى چه‌ند شوێنێكى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو. تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه كه پێويسته ڕێز له سه‌روه‌ريى عێراق بگيرێت و ڕه‌تيانكرده‌وه عێراق بكرێته گۆڕه‌پانى يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه هه‌رێمييه‌كان، هه‌روه‌ها دووپاتيان كرده‌وه كه عێراق و هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندن به په‌يوه‌نديى دۆستانه له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و به‌وه‌ى خاكى عێراق نه‌بێته سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه بۆ ئه‌و وڵاتانه.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-prime-minister-mustafa-al-kadhimi/
دواى گه‌يشتنى به به‌ريتانيا بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی‌کردن له شاژنى كۆچكردوو ئێلێزابێسى دووەم، ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٩/١٨ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م، شاى شانشينى يه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان له كۆشكى شاهانه‌ى به‌كينگهام له له‌نده‌ن، به ياوه‌ريى به‌ڕێز باڵيۆزى عێراق له به‌ريتانيا به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له ميوانان كرد.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پرسه و سه‌ره‌خۆشيى خۆى و گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م و خانه‌واده‌ى شاهانه و گه‌ل و حكوومه‌تى شانيشنى يه‌كگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گه‌ياند و هاوسۆزى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵياندا دووپات كرده‌وه.
لاى خۆيه‌وه خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و به‌شدارييان له پرسه و ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى له شاژن ئێلێزابێسى دووه‌مدا ده‌ربڕى.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حكوومه‌تى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و ڕێبه‌رانى وڵاتانى جيهان بۆ بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی‌کردن له شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوودا گه‌يشتبووه له‌نده‌ن و هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌به‌رده‌م تابووته‌كه‌يدا له په‌رله‌مانى شانشينى يه‌كگرتوو، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى ماڵئاوايى و نواندنى ڕێزدا بۆ شاژن ده‌كات.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-offers-condolences-to-his-majesty-king-charles-iii/
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2022/9/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز خالد بن حه‌مه‌د ئه‌لسلێتى، باڵيۆزى قه‌ته‌ر له عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى سياسيى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى، هه‌وڵه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له هه‌ولێر له داهاتوودا، ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌كارييه‌كانى قه‌ته‌ر بۆ مۆنديالى جيهانى 2022 تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له خواستى قه‌ته‌ر و هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاریی هاوبه‌شى نێوانيان و ڕه‌خساندنى زه‌مينه‌ى له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له كه‌رت و بواره جياكاندا له هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرده‌وه، هه‌روه‌ها باسيان لە گرنگيى گه‌شته‌كانى ڕاسته‌وخۆى هێڵى ئاسمانيى قه‌ته‌رى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/the-president-of-the-kurdistan-region-and-the-qatari-ambassador-meet/
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات