پرسى ئێزیدیەکان ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى نێوان فەلاح مستەفا و جێگرى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو

  • پێنج شەممە, 05 ت دووەم 2015

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە بەڕێز ئەداما دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا کە سۆکۆل کۆندى بەرپرسى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوون،  ئەداما دینگ جێگرى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید ستایشى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ واڵاکردنى سنوورەکانى بەڕووى ئاوارەو پەناهەندەکانى سوریاو عیراق، کە وێڕاى بوونى قەیرانى ئابوورى توانى بەپێى توانا کۆمەکیان بکات.

هاوکات دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆرستانى داعش ئەنجامدرا. بەڕێزیان گووتى هەرچەندە عیراق واژووى رێکەوتننامەى رۆماى نەکردووە بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەک بگرێتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کەیسە و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند. هەروا گووتى لە گەڕانەوەم بۆ نیویۆڕک هەموو ئەو راستیانە دەخەمەڕوو کە لە هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ئاشنایان بووم.

فەلاح مستەفا وێراى بەخێرهێنان بەناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد کە لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکان بە گوێرەى توانا لە بوارە جیاجیاکان یارمەتى هەرێمى کوردستانیان داوە.

بەڕێزیان گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵى داوە لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان کار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو کەیسە بکات. هەروا حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى باڵاى پێکهێنا بۆ بەدوواداچوون و کۆکردنەوەى بەڵگەى تاوانەکان تایبەت بە جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى تر. ئەم لێژنەیە هەنگاوى باشى هەڵێناوەو دادگاى باڵاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى لە لاهاى لێ ئاگادار کردۆتەوە.

فەلاح مستەفا گووتى هیوادارین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى زیاترى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆ ئەم هەنگاوە، تاکو کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى تر لەڕووى ماددى و سایکۆلۆژى قەرەبوو بکرێنەوەو تاوانبارانیش بەسزاى خۆیان بگەن.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1668

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی