ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2023/4/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ خاتوو ئه‌لينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتيان تاوتوێ كرد و به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنييان زانى.

خاتوو ڕۆمانۆوسكى ئاماژه‌ى به‌‌ بايه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى‌ به‌ گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان كرد‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

 

 

https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-and-us-ambassadors-discuss-bilateral-relations/

ئه‌مڕۆ هه‌ينى، 2023/4/7 دوای به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین خوالێخۆشبوو مامۆستا شیخه‌ڵڵا ئیبراهیم، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ دوا پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد.

سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخه‌ڵڵا گوتی: “كاكه‌ شێخه‌ڵڵا تێكۆشه‌رێكی ناسراوی گه‌له‌كه‌مان بووه‌، له‌مێژه‌ ده‌مناسی، واته‌ له‌ ته‌مه‌نی زۆر گه‌نجییه‌وه‌. كاك شێخه‌ڵڵا هه‌میشه‌ جێی ڕێز بووه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌، له‌ناو كادیرانی پارتی و له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ خه‌باتی كردووه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك بووه‌ جێی ڕێز و پێزانين بووه‌ هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌، هه‌م بۆ كایران و ئه‌مڕۆ ده‌بینین بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستانیش. ده‌بینین ئه‌مڕۆ خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداره‌ له‌ پرسه‌كه‌یدا، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌و وه‌فادارییه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كاكه‌ شێخه‌ڵڵا هه‌یبووه‌ و به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی هه‌ولێر.”

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ حكوومه‌ت، به‌ڕێزیان جه‌ختی كرده‌وه‌: “من خۆم داوام كردووه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران كاك مه‌سروور داوای كردووه‌ و پێمان وایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی بۆ ناو حكوومه‌تی هه‌رێم زۆر پێویسته‌. كێشه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌توانین كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ له‌ناو حكوومه‌تدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بێگومان چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا.”

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: “پێش ده‌ركردنی فه‌رمانى هه‌رێمی، براده‌ران له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانیان كردووه‌ و ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنمان دیاری كردووه‌، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دامانناوه‌ و وه‌ك ئه‌ركی خۆيشم وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكه‌م و ڕۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م. هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.”

ده‌رباره‌ی ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداش، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “ڕێككه‌وتنێكی زۆر گرنگه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو عێراقدایه‌ و هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ داكۆكيمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی عێراقییانه‌ بۆ ئه‌م كێشانه‌ هه‌بێت.

زۆر جار پرسیار له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئایا هه‌رێمی كوردستان پێشتریش ئاماده‌ بووه‌ بۆ ڕێككه‌وتن؟ به‌ڵێ، ئێمه‌ پێشتریش ئاماده‌ بووین، به‌ڵام حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ئاماده‌ نه‌بووه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌م جاره‌یان حكوومه‌ت له‌ به‌غدا ئاماده‌ بووه‌ و هیوادارین ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ به‌ زووترین كات بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكرنه‌وه‌، ڕێككه‌وتنێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان، به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقدایه‌، ئه‌مه‌ هیوای ئێمه‌یه‌ و په‌نا به‌ خوا ببینین به‌ زووترین كات ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكرێت.”

سه‌باره‌ت به‌ پرسیارێكی دیكه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: “هیوادارم و هه‌روه‌ك گوتم بۆ خۆمان ئه‌ركی یاسایيی منه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م و كاتیشمان هه‌یه‌، به‌ر له‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دیاری بكرێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان قسه‌مان كردووه‌ و هیوادارم هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌وه‌ بن كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌ بچێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرسێكی یاسایی و ئیعتبارییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت.

 

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-the-date-of-the-elections-has-been-determined-in-consultation-with-the-parties/

ئەمڕۆ هەینی 4/7 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد بە بۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت.
لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش کرا.

07 نیسان 2023
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2023/april/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA-%D9%BE%DB%95%DB%8C%D9%88%DB%95%D9%86%D8%AF%DB%8C%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8C-%D8%AA%DB%95%D9%84%DB%95%D9%81%DB%86%D9%86%DB%8C-%D9%84%DB%95-%DB%8C%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AF%DB%95%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%DB%8C-%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D9%85%D8%B1%DB%8C%DA%A9%D8%A7%D9%88%DB%95-%D9%BE%DB%8E%DA%AF%DB%95%DB%8C%D8%B4%D8%AA/

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و ڕووداوه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى سلێمانى ده‌كات كه‌ ئێوارى دوێنێ 7ى نيسان ڕوويدا. نيگه‌رانين له‌و ئاڵۆزييانه‌ى كه‌ به‌دوايدا هاتن.

له‌ كاتێكدا داوا له‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان ده‌كه‌ین ئه‌ركى خۆيان جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ و هۆكارى ڕووداوه‌كه‌‌، پێويسته‌ هه‌موو لايه‌ك دان به‌ خۆياندا بگرن و به‌ شێوازێكى دروست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانيدا بكه‌ن و له‌برى تۆمه‌تبه‌خشينه‌وه‌، هه‌نگاو بنرێت بۆ نه‌هێشتنى هۆكاره‌كانى.

سه‌رجه‌م هاووڵاتييانى كوردستان، به‌تايبه‌تى شارى خۆشه‌ويستى سلێمانى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيرى و ژيان و گوزه‌رانيان، ئه‌ركى له‌پێشينه‌ى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ڕێگه‌ نادرێت به‌ هيچ پاساوێك بكه‌ونه‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

2023/4/8

 

 

https://presidency.gov.krd/a-message-from-the-presidency-of-the-kurdistan-region/

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2023/4/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى قۆناغه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ته‌بايى و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراقدا كرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان و دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى وڵات به‌ گيانێكى به‌رپرسيارانه‌ى نيشتمانى.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و تاوتوێكردنى دۆخى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-has-met-with-the-leader-of-the-rule-of-law-coalition/

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 8/4/2023 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا بەشدارى له‌ ڕێوڕەسمی چل و دوو ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی بەدردا كرد كە هەریەك لە بەڕێزان سەركۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی حكوومی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئامادەى بوون.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بە ناوی خوا،

ئامادەبووانی بەڕێز..

سەرەتا بەبۆنەی یادی چل و دوو ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدر‌، پیرۆزبایی لە بەڕێز حاجی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و ئەندامان و جەماوەری ڕێکخراوه‌كه‌يان دەکەم. هیوادارم ڕێکخراوی بەدر ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە پاراستنی سەقامگیری و چەسپاندنی دیموکراسیەت و فیدراڵی لە عێراق.

هەروەها ڕێگەم بدەن بە ناوی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە پیرۆزبایيی یادی دامەزراندن لە سەرکردایەتيی ڕێکخراوی بەدر بکەم و جەنابیان ڕێز و پیرۆزبایی تایبەتی هەيه‌ بۆ بەڕێز حاجی هادی عامری و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ڕێكخراوی بەدر.

بەڕێزان..

مێژووی بەدر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری. لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق ئەوکات خەباتێکی زۆر سەختیان کرد بەرامبەر ڕژێمی پێشوو. هاوکاريی نێوان هێزە سیاسییەكانى عێراقی و کوردستان وایانکرد پێکهاتەکانی عێراق باوەڕیان بە سەرکەوتن بەهێز ببێت.

لەبەرئەوەش خەڵک ساڵی ١٩٩١ به‌ باوەڕەوه‌ دژی ڕژێم ڕاپەڕین و ئەو باوەڕە هەر بەردەوام بوو تاکو ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣. هەر ئەو پێکەوەبوونەش وایکرد لایەنەکان سەرکەوتوو بن لە قۆناغی گرنگی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیيی عێراق کە قۆناغێکی زۆر گرنگ بوو لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەكەماندا.

لەم ڕۆژەدا کاتێک یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدر و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری دەکەینەوە، پێویستە یادی سەرکردەی مقاومەی ئیسلامی و شەهیدی میحراب، سەید محەمەد باقر ئه‌لحەكیم، بەیاد بێنینەوە. ئەو سەرکردە شەهیدە، هەوڵێکی سەرکەوتووانەی دا، بۆ یەکخستنی مقاوەمەی ئیسلاميی شیعە و عێراق بەگشتی دژی زۆرداری.

هەروەها لەگەڵ باوکم و سەرۆک مەسعوود بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال، پەیوەنديی نێوان مقاوەمەی ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کوردیان زیاتر پەرەپێدا. جگە لەوەی کە بەردەوام پەیوەندییەکی بەهێز هەبووە لەنێوان بنەماڵەی بارزان و بنەماڵەی ئه‌لحەکیم و مەرجعیەتی باڵای شیعە لە نەجەف، ئێستاش بە هەموو شێوەیەک دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە لەگەڵ مەرجەعیەتدا، هەر بەهێز بمێنێتەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز ..

سبەی ٩ی نیسانە و ٢٠ ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمى دیکتاتۆریدا تێدەپەڕێت. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بیر لەو سەرکەوتنانە بکەینەوە کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی بەدیهاتوون. بیر لە هەردوو کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە لەندەن و سەلاحەدین بکەینەوە کە تێیاندا بەرنامە بۆ عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی دانرا.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، هەڵبژاردن بووەتە بەشێکی ژیانی سیاسی، ئەويش پێشکەوتنێکی گرنگە، چونکە لە هەموو شوێن و وڵاتێکدا هەڵبژاردنی ئازاد ڕووحی دیموکراسییە. هەروەها نوێنەرایەتيی پێکهاتەکان لە پەرلەمان دابین کراوە و عێراق چیدیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێیەکانی. عێراق بووەتە خاوەنی دەستوورێکی دیموکراسی و فیدراڵیی هەمیشەیيی قبووڵكراو.

ئەمانە هەموویان خاڵی گرنگ و سەرەکین لە گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا. بێگومان لەم ٢٠ ساڵەدا هەڵەی زۆریش كراون کە پێویستە ڕاستیان بکەینەوە. هەر بەو شێوەیەش دابەزینی بەشداريی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێت چارەسەر بكرێت.

هەموومان بەشدار بووین لە سەرکەوتندا، هەروەها هەمووشمان بەپێی ئاستی هاوبەشیمان، بەرپرسیاريه‌تيی هەڵە و کەموکوڕییەكانمان دەخەینە سەر شان. تا ئێستا زۆر لەو یاسایانە دانەنراون کە بەپێی دەستوور دەبێ دابنرێن، چونکە ئەم یاسایانە دەبنە میکانیزمی سەرکەوتنی عێراقی نوێ و جێگیربوونی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق.

ئێمە لە عێراق زۆر پێویستە هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کە تاکڕه‌وی و جیاکاريی نەتەوەیی و مەزهەبی، هەمیشە مایەی شەڕ و وێرانی بووە بۆ وڵات. لەبەرئەوەش هەبوونی سیستەمێکی تەواو فیدراڵ و یەکسان لەنێوان نەتەوەکاندا، تاکە ڕێگەی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراقە. ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو زۆر زیانی بە خەڵکی عێراق گەیاندووە. لەپێناو هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، دەبێ پەند لەو ئەزموونانە وەربگرین.

عێراقێك سەقامگیر و سەرکەوتوو دەبێت کە شیعە و سوننە و کورد و مەسیحی و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە، خۆیان تێدا به‌ هاوبەش و سەرکەوتوو بزانن. عێراقی هەمەڕەنگ سەردەکەوێت، عێراقی یەکڕەنگ سەرناکەوێت. مێژووی ١٠٢ ساڵەی ڕابردوو، بە ڕوونی ئەوەمان پێدەڵێت كە ده‌بێت هەموومان پێكه‌وه‌ بەشدار بین.

بەڕێزان..

زۆر دڵخۆشم کە دەبینم برای بەڕێزم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقى فيدراڵ، هەوڵی جددی دەدات و كار دەكات بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت‌، ئەوەش مایەی پشتیوانيی هەموو لایەکە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لەو ئاراستەیەی سەرۆک وەزیران، ئەوەشمان بە هەموو دۆست و هاوبەشانمان ڕاگەیاندووە.

ڕێککەوتنی هەناردەکردنى نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاراستەی چارەسەرێکی فراواندا. لێرەدا دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسروور بارزانی و تیمی هەردوولای حکوومەت و لایەنەکانی هاوپەیمانيی به‌ڕێوه‌بردنى دەوڵەت دەکەم.

ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە “چارەسەری عێراقی” باشترین چارەسەرە. ئەگەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ئه‌و چارەسەره‌، دەتوانین گشت کێشەکان چارەسەر بکەین. هەموو لایەک دەمانتوانی بەدوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێین، بەڵام ڕێگەی ڕاست بۆ هەموو لایەک ڕێگه‌ى ناوخۆی عێراقە.

چارەسەری عێراقی، سەروەری و پێشکەوتنی عێراق بەهێز دەکات. متمانەی خەڵک بە دەسەڵات بەهێز دەکات، متمانەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق بەهێز دەکات.

ئەگەر چارەسەری عێراقیانە بکەینە نیاز و ئامانج، دەتوانین دڵنیا بین لە سەقامگیريی ئێستا و لە سەرکەوتنی داهاتوومان. چارەسەری عێراقی، بە هاوبەشی و گفتوگۆ سەردەکەوێت، چونکە ئێمە ڕووحی ئەم هاوبەشییەمان هەیە کە ئەویش دەستووری عێراقە.

بەر لە ١٠ ساڵ، سەرۆک بارزانی، بە نیازێکی پاک و ڕوانگەیەکی ستراتیژی، داوای لە هەموو لایەنە عێراقییەکان کرد پێکەوە دابنیشین بۆ ڕێگرتن لە ڕووداو و کارەساتی گەورە و داوای كرد بگەڕێینەوە بۆ دەستوور.

بەداخەوە ئەوە نەکرا، ڕووداو و کارەساتی زۆر ناخۆش ڕوویان لە عێراق و ناوچەکە کرد. ئەمڕۆ دۆخێکی تازەی دڵخۆشکەر لە عێراق دروستبووە، لەو باوەڕەداین ئێستا زەمینەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان هەیە. بۆیە گرنگە بە دڵێکی پاک و ڕوانگە و چارەسەرێکی نيشتمانييانه‌ دەستی پێبکەین.

عێراق ڕووبه‌ڕووى زۆر ئاڵنگاريی تازەی ناوخۆ و ناوچه‌كە ده‌بێته‌وه‌، بۆیە پێویستە چیتر کێشەکان بە هەڵواسراوی نەهێڵینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بە سەر کێشەکاندا زاڵ ببین. یەکێک لەو کێشانە، مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایە. عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی کە گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە هەیە لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانی عێراقەوە.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی بەدر و هەموو ئەندامان و لایەنگرانیان دەكەم دەکەم، داوا لە هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دەکەم لەم ڕەمەزانەدا بە دڵێکی پاکەوە گفتوگۆ بکەن لەپێناو چارەسەری هەموو کێشەکان و ژیانێکی باشتر بۆ هەموو گەلی عێراق كە شایستەیەتی.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، هيواى كاتێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم. زۆر سوپاس بۆ بانگهێشته‌كه‌تان.

https://presidency.gov.krd/nechirvan-barzani-the-iraqi-solution-is-the-best-solution/

ئه‌مڕۆ سێشەممە 4/4 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانى، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، له‌گه‌ڵ عەبدوللەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال کرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی شاندی هەردوولا لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، بەرز نرخێنرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، جەخت لە گرنگیی پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ کرا.

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/april/%D8%B3%D9%87-%D8%B1%DB%86%D9%83%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%87-%DA%AF%D9%87-%DA%B5-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9-%DA%A9%DB%86%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%83%DB%86%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%87-%D9%88%D9%87/

ئەمڕۆ لە چل و سێيەمین ساڵیادی تاوانەکانی جینۆساید و بێسەروشوێنکردن و وڵاتبەدەرکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلیدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانييانى ئەو تاوانانە دەکەینەوە.

ئەوه‌ى دەرهەق بە کوردانی فەیلی کرا، پاکتاوێکی نەژادیی ڕەگەزپەرستانە بوو. تيایدا وێڕای بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، سەتان هەزاریشیان دووچاری ڕاگواستن و وڵاتبەدەرکردن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە بوونه‌وه‌ تەنها لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردنیان لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان.

ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە، حکوومەت و دەوڵەتی عیراق ڕووبەڕووی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و مرۆیی دەکاتەوە بۆ قەرەبۆکردنەوەی قوربانييان. لەم یادەدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عیراق دەکەین ئەرکى خۆى بەجێ بگەیەنێت به‌ قەرەبۆکردنەوە و گێڕانەوەی سەرجەم مافە مەدەنی و ماددییەکانی کوردانی فەیلی.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. قوربانیدان و دڵسۆزیی خوشک و برایانی کوردی فەیليمان، جێی شانازیی گەلەکەمانە و هەمیشە لە یادمانن.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/4/4

 

 

 

https://presidency.gov.krd/message-of-president-nechirvan-barzani-on-the-commemoration-of-the-genocide-of-the-faili-kurds/

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی