ئه‌مڕۆ 16ى نيسان، يادى 36 ساڵه‌ى تاوانێكى ديكه‌ى ڕژێمى پێشووى عێراق ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كردييه‌ ده‌سپێكى تاوانى سامناكى كيميابارانكردنى خه‌ڵكى سڤيلى كوردستان، ئه‌ويش تاوانى كيميابارانكردنى خه‌ڵك و خاك و سروشتى جوانى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تييه‌.

به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه‌ يادى شه‌هيدانى نه‌مرى ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و ڕێز بۆ به‌ركه‌وته‌ و قوربانييانى ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌نێرين كه‌ ئه‌وسا ڕژێم ڕێگه‌ى نه‌دا تيماريش بكرێن و له‌گه‌ڵ خێزان و كه‌سوكاريان ناچار بوون به‌رگه‌ى ئازار و مه‌ينه‌تييه‌كى گه‌وره‌ بگرن.

باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى به‌گشتى، هه‌ميشه‌ مه‌ڵبه‌ندى خه‌بات و تێكۆشان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و زۆرداريى ڕژێم بوون، پێگه‌ و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ و پشتيوانيى پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشه‌كانى كوردستان بوون‌، بۆيه‌ وه‌ك زۆر جارى ديكه‌، به‌هارى ساڵى 1987 ديسان كه‌وتنه‌وه‌ به‌ر شاڵاوى ڕه‌شى ڕژێم و كيمياباران كران.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ بايه‌خ و گرنگيپێدانى زياتر و خزمه‌تكردنى باشترى ئه‌و ناوچه‌يه و خه‌ڵكه‌ نيشتمانپه‌روه‌ره‌كه‌ى له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه،‌ ده‌كه‌ينه‌وه. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر بێت.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/4/16

 

https://presidency.gov.krd/message-from-the-president-of-the-kurdistan-region-7/

بەختیار شاخی // رۆژی پێنجشەممە 13ـی 4ـی 2023، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بوو. ئەو پێشوازییە فەرمی و شکۆدارەی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، چەندە بۆ کوردستانییان پڕ بایەخ و مایەی دڵخۆشی و ئومێد بوو، هێندە و زیاتریش لای یار و نەیارانمان مایەی رامان و خوێندنەوە بوو. راستییەکەی، ئەو پێشوازییە لە ئاستی سەرۆکی وڵاتاندا بوو، ئەویش وڵاتانی کاریگەر، نەک هەرێمێک کە هەندێ لایەن خەونی خراپی پێوە دەبینن. 

 

لەو ماوەیەی رابردوودا هەرێمی کوردستان خرابووە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسی، بڕیاری راگرتنی نەوتی کوردستان و هاوکات هەندێ لێدوان و راپۆرتی ئامانجدار و هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێم، نەیتوانی ئیرادەی هەرێمی کوردستان بشکێنێت. جووڵەی دیپلۆماتیکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە، هاوکات مامەڵەی خێرا و وردی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆخی تازە و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەردەبازی ژیرانە بوون و نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی و ئەزموونی فەرمانڕەوایی لە هەرێمن. 

 

بەڕەچاوکردنی ئەو دۆخە، بۆ من وەک چاودێرێک، دیدارەکانی 13ـی4ـی 2023، بیرخەرەوەی دیدارەکەی 2ـی 12ـی 2017 بوو، ئەو رۆژە کوردستان لە دۆخێکی سەختی ئابڵوقەی دیپلۆماتیک و هەڕەشە و خۆگیڤکردنەوە و پەنجە راوەشاندنی سێشەممانی سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق و داخستنی فڕگە و سنووردا بوو، بەڵام لەو رۆژەدا سەرۆک ماکرۆن، لە کۆشکی ئێلیزێ، بە پێشوازییەکی نایاب و شکۆدار لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بوو، بە بەغدا و هاوپەیمانەکانی گوت: هەرێمی کوردستان بۆ دنیای ئازاد گرینگە و دەیپارێزین. 

 

لە دیدارەکانی رۆما، لەگەڵ پاپا و سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و سەرۆکی پەرلەمانی ئیتاڵیا و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، زۆر بابەتی جێی سەرنج باس کران، زۆریان هەمان پەیامیان بۆ هەموولایەک تێدا هەیە کە گرینگیی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان پێشان دەدات، هاوکات بۆ ناوخۆی هەرێمیش دەبێ پەیامی تێدا بێت، پەیامێک کە سەرۆکی پەرلەمانی ئیتاڵیا لە دیدارەکەدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت: "گه‌لى كوردستان ده‌بێ شانازیی به‌ خۆيه‌وه‌ بكات."

 

ئەم پەیامە بۆ تاکی کوردستانی زیاتر لە واتایەکی هەیە، گەلێک کە رووبارێک خوێنی لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە و دژی ژێردەستەیی راپەڕیوە و وەک بەرپرسانی وڵاتان دەڵێن، "لەجیاتیی هەموو دنیای ئازاد بەرەو رووی تیرۆر وەستا و گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی لەسەر خاکی کوردستان تێکشکا"، بۆ دەبێ بڕوای بە هێز و توانای خۆی و چارەنووسی خۆی لاواز بێت؟ تاکی کورد کە دەبینێ لە دەوڵەتانی گەورە و گرینگی دنیادا بەو شێوە فەرمییە و وەک سەرۆکی وڵاتان پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و پەیامی پشتیوانیی بەرپرسانی پلەیەکی ئەو دەوڵەتانە لەبارەی کوردستان دەبیستێت، بۆ دەبێ هەستی خۆبەکەمزانینی هەبێت و هێشتا خەریکی خۆخۆری و یەکترشکاندن بێت؟ بۆ دەبێ ئەو پێگەیە و ناوبانگی جوانی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان و ئازایەتیی پێشمەرگە نەبنە هۆی شانازی و پێکەوە هەوڵی بەهێزترکردنی نەدەین؟

 

دەبێ لەبیرمان بێت کە ئەگەرچی لە دوای راپەڕین، بەتایبەتی دوای کۆڕەو، پاراستنی خەڵکی کوردستان تەنها لە روانگەی مرۆڤدۆستی و بەهاناوەهاتنی گەلێکی ئاوارە و لێقەوماو بوو، بەڵام ساڵانی دواتر، ئەوە لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێهاتەکانی کوردستان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و ئەزموونێکی دیموکراسی بوون کە ناوبانگی هەرێمیان بەرز راگرت و دواتریش لە تێکشکاندنی داعش گەیشتە لووتکە. ئێستایش، هاوکات لەگەڵ پاراستنی سەرجەم ئەو بەها بەرزانە، پێویستە پایەکانی باڵاکردنی هەرێمی کوردستان پتەوتر بکرێن.

 

جموجۆڵی ئێستای دیپلۆماتیکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، شانبەشانی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان لەناو پێکهاتەکانی کوردستان و فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتیخوازی، بنەمای سەرەکیی هێزی نەرم (soft power) پێکدەهێنن، هێزێک کە بۆ بەردەوامیی پشتیوانیی دنیای ئازاد و پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافە دەستوورییەکان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردستانی، تا دابینکردنی سەقامگیری و خۆشبژێوی زۆر پێویستە.

 

لینکی وتار:

https://www.rudaw.net/sorani/opinion/14042023

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئیماراتی کرد بەسەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ناسر لوتاه جێگری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات کرد و سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ شێخ محەمەد بن زاید و شێخ محەمەد بن ڕاشد سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئیمارات دەربڕی بۆ پشتیوانیی و پشتگیریی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان . 
جێگری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، شوێنێکی تایبەتی لە لای سەرکردایەتی ئیمارات هەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەکانی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ڕاپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەک تەنیا دژی گەلی کوردستان، بەڵکوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان بوو، کە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەکانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە ، هەر ماون و برینەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.
لەم یادە خەمگینەدا، کە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان و بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات.

لە یادی پڕخەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادمانن.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2023/4/14

ئه‌مڕۆ له‌ يادى سى و پێنج ساڵه‌ى تاوانه‌كانى ئه‌نفالدا كه‌ ڕژێمى پێشووى عێراق ساڵى 1988 به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك و خاكى كوردستان ئه‌نجامى دان، به‌وپه‌ڕى شكۆوه‌ زياتر له‌ 182 هه‌زار شه‌هيدى ئه‌نفال به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌، سه‌رى ڕێز له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين و سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌ر‌زيان ده‌كه‌ين.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌، حكوومه‌تى عێراق ده‌بێ كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بۆ بكاته‌وه‌ و بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق جێبه‌جێ بكات كه‌ ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش هه‌رچى له‌ توانادايه‌ ده‌بێ باشتر خزمه‌ت بكرێن و بايه‌خ و گرنگيى زياتريان پێ بدرێت.

قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى خه‌بات و تێكۆشانی سه‌تان هه‌زار شه‌هيدى تاوانى سامناكى وه‌ك ئه‌نفاله‌كان و كيمياباران‌ و قوربانيدانى گه‌لى كوردستانه‌، له‌م ياده‌دا با به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وت و مافه‌كانمان، ڕێز له‌ گيان و يادى شه‌هيدان بنێين. هه‌روه‌ها ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ين تاكو ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش زیاتر به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز له‌ هيچ شوێنێكى جيهان تاوانێكى وا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گيانى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/4/14

 

 

https://presidency.gov.krd/statement-by-president-nechirvan-barzani-on-the-anniversary-of-the-anfal-operations/

له‌ دوا ديداريدا له‌ ڕۆما، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/4/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ل به‌ڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا، سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى سه‌ربازيى ئيتاليا بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌ربڕى و خواستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منى و سه‌ربازيدا له‌گه‌ڵ ئيتاليا نیشان دا.

لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا ستايش و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ باشتركردنى سه‌قامگيريى ئه‌منى عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كرد، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ردوولا خواستيان بۆ به‌رده‌واميى هاريكاريى ئه‌منى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر ده‌ربڕى و هاوڕا بوون كه‌ دۆخى ئابوورى و سه‌قامگيريى ئه‌منى پێكه‌وه‌ گرێدراون، بۆيه‌ گرنگه‌ ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌و بكرێت. هه‌روه‌ها بيروڕايان ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ گۆڕييه‌وه‌.

 

https://presidency.gov.krd/the-italian-defense-minister-praises-the-role-of-the-kurdistan-region/

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت هۆکاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی و دواتریش هێرشی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی هەڵوێستە "نەتەوەییەکانی" یەکێتیە بۆ پرسی کورد لە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت واباشترە حزبەکە "لەمەودوا زیاتر بیر لەبەرژەوندی هەرێمی کوردستان" بکاتەوە.

نازم دەباغ کە کادیری پێشکەوتووی یەکێتیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یه‌كێتی باجی هه‌وڵ و كۆششه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌دات؛ زه‌مانێک تاوانباركراین كه‌ پشتیوانی دیموكراتین، وە زه‌مانێک تاوانباركراین كه‌ پشتیوانی په‌كه‌كه و پارتی سۆشیالستی كوردستانی توركیا و ئاڵای ڕزگارین. به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت لەمەودوا زیاتر بیر لەبەرژەوندی هەرێمی کوردستان بکەینەوە. ده‌بێت یەکێتی هه‌وڵبدات باجه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێمی كوردستان."

لە ڕۆژی 3ی مانگی چواردا تورکیا گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند ڕێوشوێنەکان ڕەنگە تا مانگی 7 بەردەوام بن "بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە" لە سلێمانی.

بەرپرسانی ناوچەکە بە توندی ئەو تۆمەتانەی تورکیا سەبارەت بە هەبوونی هێزی پەکەکە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەو ڕێوشوێنانە و هێرشە درۆنیەکەی 7ی مانگ پەیوەندیان هەیە بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا.

لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کاروانێکی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک) بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی و بە یاوەری چەند کارمەندێکی سەربازی ئەمەریکا کرابوونە ئامانج.

نازم دەباغ یەکەم کادیری یەکێتی نییە لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوتی یەکێتی بەرامبەر بە حزبە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی دەربڕیوە. ڕۆژی 6ی مانگیش بەهرۆز گەڵاڵی بەرپرسی پێشووی نوسینگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ تورکیا ڕەخنەی لە مامەڵەی یەکێتی گرت لەگەڵ حزبە کوردیەکانی "پارچەکانی تری" کوردستان و ڕایگەیاند، " ناکرێت ئاگات له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان نه‌بێت. ده‌بێت کێشه‌کان به‌ گفتووگۆ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێن."

هەوڵەکانی ئێران

دوێنێ چوارشەممە ڕۆژنامەی ئەل عەرەب بڵاویکردەوە گوایە كۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی نێوەندگیری دەدات و لە ڕێگەی عێراقەوە دەیەوێت کێشەکانی نێوان تورکیا و "حزبەکەی تاڵەبانی" چارەسەر بکات.

لەم بارەیەوە، نازم دەباغ ڕایگەیاند زانیاری نییه‌ لەسەر ئەوەی کە ئێران هەوڵێکی وەهای دابێتبەڵام وتی ئێران به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی تێدا نه‌بێت و ئاسایش و سه‌قامگیری زیاتر هه‌بێت لە ناوچەکەدا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند، "به‌دڵنیاییه‌وه‌ بە هۆی جوگرافیای سیاسی ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران و عێراقیشدا باشبێت به ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گەلانی کوردستان...پێموایه‌ ئێرانیش به‌رژه‌وه‌ندی له‌ ئارامی ناوچه‌كه‌دایه،‌ له‌كاتێكدا سلێمانی نزیكه‌ی 400 كیلۆمه‌تر سنوری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا."

ئەو هۆشداریدا لە تێکچوونی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ بە هۆی ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییە و ڕێوشوێنەکانی تورکیا به‌ "به‌هانه‌ی" سەردانەکەی مه‌زڵوم عەبدی بۆ سلێمانی.

نازم دەباغ دەڵێت، "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی بۆ سلێمانی هه‌یه‌ له‌شوێنه‌كانی تریش هەیە، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كاری پێبكەن."

هێرشەکەی هەینی ڕابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە. بەرپرسانی یەکێتی و سەرۆک کۆماری عێراق تورکیایان بە ئەنجامدەری ئەو بۆمبارانە تۆمەتبار کرد، هەرچەندە تورکیا تا ئێستا بە ڕەسمی بەرپرسیارێتی خۆی دەرنەبڕیوە. 

لایەنگیری وڵاتانی دراوسێ

دوای ڕووداوەکەش بەشێک لە سەرکردە و لایەنگرانی یەکێتی و پارتی کەوتنە هێرشکردنە سەر یەکتر و تاوانبارکردنی یەکتر بە هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. بەشێک لە چاودێران و حزبە ڕکابەرەکانی یەکێتی، ئەو حزبەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بەتەواوی چۆتە ژێر ڕکێفی ئێرانەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانە ڕەتکردەوە و وتی، "من واینابینم، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ سنوری پارتیش ڕاسته. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ خۆی ساغ كردببێته‌وه‌ بۆ توركیا و ئه‌م لایه‌نه‌ش بۆ ئێران."

دەباغ دەشڵێت " ئه‌گه‌ر خۆساغ كردنه‌وه‌ هه‌بووایه‌ بۆ سه‌ر ئێران من پێموایه‌ پێویستی نه‌ده‌كرد كاک قوباد بچێته‌ توركیا. هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و جوگرافیایه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری مه‌رزێک له‌ مه‌رزه‌كانی خۆی بێت...له‌ زه‌مانی جه‌نابی مام جه‌لال و له‌ ئێستاشدا هه‌میشه‌ یه‌كێتی په‌یوه‌ندی باشی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و له‌گه‌ڵ ئێران. له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی 400 كیلۆمه‌تر مه‌رزی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، ناتوانێت ده‌ستی لێهه‌ڵبگرێت."

سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی ئێران بە هۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵوێست بەرامبەر بە تورکیا وربگرێت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕەتیکردەوە، تورکیا و ئێران پەیوەندییەکانیان لەسەر کورد تێکبدەن.

لەو ڕووەوە نازم دەباغ وتی" من واینابینم ئێران و توركیا له‌سه‌ر كورد عاجز بن. میدیاكانی ئێرانیش وه‌كو ھەموو ڕووداوێک باسی ئه‌و ڕووداوه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ڕوویداوه‌. ئه‌م ڕووداوه‌ زیاتر له‌چوارچێوه‌ی زۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان قسه‌ی له‌سه‌ردەکرێت."

 

https://www.dengiamerika.com/a/7049363.html

به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/4/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆشكى ئه‌پۆستۆليك له‌ ڤاتيكان له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپا فرانسيس كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ديدار و بينينى قه‌داسه‌تى پاپا له‌ ته‌ندروستييه‌كى باشدا ده‌ربڕى و هيواى سه‌لامه‌تى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ خواست، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ڕه‌وشى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان پێشكه‌ش كرد.

به‌ڕێزيان ئاماژه‌ى به‌ گرنگى و كاريگه‌ريى سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى ماف و ئازاديى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانه‌ و بۆ هه‌مووان به‌ نيشتمانى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى ده‌مێنيته‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ قه‌داسه‌تى پاپا وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ و بينينه‌وه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ستايشى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ و يه‌كترقبووڵكردنى له‌نێو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان كرد و جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌و كولتووره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق پارێزراو بێت‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ يادێكى خۆش ناوه‌زه‌د كرد.

له‌ كۆتاييدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى تابلۆى هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كارى كوردى پێشكه‌ش به‌ قه‌داسه‌تى پاپا كرد كه‌ ده‌ربڕى پێكه‌وه‌ژيان بوو له‌نێو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-pope/

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی