سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه
به‌يانيى ڕۆژی چوارشه‌ممه 2023/9/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له نه‌مسا ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ ئه‌ورووپا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێراى ئاماژه‌دان به په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى هه‌ردوولا و ستايشى پشتگيريى نه‌مسا له هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گه‌شتيى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى ڤيه‌ننا ـ هه‌ولێر، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كرد بۆ دووباره كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له به‌غدا و داواى كرد نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌مسا له هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له هه‌ولێر بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه كه‌رتى تايبه‌تى نه‌مسايى خوازياره وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان بكات. له‌مباره‌يه‌وه هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه سهقامگيريى سياسى و ئه‌منى گرنگه بۆ ڕاكێشانى سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى و پێشكه‌وتنى ئابوورى. ده‌رباره‌ى كۆچى ناياساييش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌وه كرده‌وه كه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى ناسايى، ده‌بێ هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه له‌نێوان وڵاتانى ئه‌ورووپا و ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و سيستمى فيدراڵى به ته‌واوى جێ‌گير ببێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكگهيشتنى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان، به‌ڕێوه بچێت. هه‌روه‌ها جه‌ختی له په‌يوه‌نديى دراوسێيهتيى باش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه.
چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-austrian-foreign-minister/
«سەلام رشدی» بەشداری له دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆ دیپلۆماتکاران کرد
"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، به‌شداری له دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیپلۆماتکاران، کونسوڵ، نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
هەولێر، هەرێمی کوردستان. ئێوارەى رۆژى دووشەممە ١١/٩/٢٠٢٣ بە ئامادەبوونى "سەفین دزەیی" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، جێگرى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسان و دیپلۆماتکار و کونسوڵ و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و پیاوانى کار، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی هاوینەى بۆ دیپلۆماتکاران ساز کرد.
لە وتەیەکدا "سەفین دزەیی" بەخێرهاتنى میوانانى کرد و بەناوی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وێڕای بەخێرهاتن کردن، سوپاسی و پێزانینی دەربڕی بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و ڕابردوودا.
بەڕێز دزەیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی گەل و حکومەتی مەغریب کرد بە هۆی ئەو بوومەلەرزە دڵتەزێنەی وڵاتەکەی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی بوونە قوربانی و برینداربوون. هاوکات سەرەخۆشی ئاڕاستەی کۆماری تورکیا و بولگاریا و یۆنان و ئەو وڵاتانە کرد کە بەهۆی ڕووداوی لافاوەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشت و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانیان بوونە قوربانی.
بەڕێزیان تیشکی خستەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێز "مەسرور بارزانی" لە کۆبوونەوەکانیدا، کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکانى لە بارەی دوایین پێشهاتەکان و پەرەسەندنەکان ئاگادار کردۆتەوە و بەردەوامە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خواستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە سەر بنەمای دەستوور و دانوستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان، هەروەها جەخت لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و گرنگیی پاراستن و ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچەکە دەکەینەوە. لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە پێش.
بەڕێز دزەیی ئاماژەی بە گرنگیی پاڵپشتیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەرکردنەکان و ڕۆڵی پۆزەتیڤانەیان هەبێت لە بەرەوپێشچوون و ئاشتی و ئارامی زیاتر.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، بەڕێز "سەفین دزەیی" دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی سەرجەم میوانە بەڕێزەکانی کرد و جەختی لە خواستی گەل و حکومەتی هەرێمی کردەوە بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییە دوولایەنەکان لە سەرجەم بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، و هەرێمی کوردستان دەرگای واڵایە بۆ هەر دەستپێشخەرییەک و هاوئاهەنگییەک لەو پێناوەدا.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/9/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق و شانديكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تايبه‌تى پرسى بودجه و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييهوه.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌رانه له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه بۆ لێكگهيشتنى هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، به شێوه‌يه‌ك مافه دهستوورييهكانى هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر بكات و ئارامى و سهقامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى له عێراق كرده‌وه وه‌ك له ده‌ستووردا هاتووه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه ده‌بێ وه‌ك هه‌رێمێكى فيدراڵى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكرێت و به‌رده‌واميى كێشه و ناكۆكی له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا، له به‌رژه‌وه‌نديى وڵات‌دا نييه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان و دابينكردنى شايسته دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ياسا و ڕێككه‌وتنه‌كان، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له تهبايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرده‌وه.
دهرفهتهكانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى و ناوخۆيى و به‌هێزكردنى كه‌رتى تايبه‌ت له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ئێزدييان و گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-meets-with-us-ambassador-to-kurdistan/
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/9/11 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز محه‌مه‌د كازم ئال سادق، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى باسى له بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيهكى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا كه هه‌رگيز ڕێگه ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له عێراق، جه‌ختى له بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ يارمه‌تى و ئاسانكارييهكانى له گواستنه‌وه‌ى زياره‌تكارانى ئێرانى له يادى عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا.
تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-meets-with-iranian-ambassador-to-iran/
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا دەکات
ڕۆژی دووشەممە 9/4 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.
سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە.
شاندەکە هەروەها ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لەمبارەیەوە ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە ، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت ، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/september/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-شاندێکی-پەرلەمانی-کەنەدا-دەکات/
ئەمشەو، شه‌ممه 2023/9/2 به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵى، له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منيى كه‌ركووكيان تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له پێويستيى گرتنه‌به‌رى ڕێكارى خێراى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان كرده‌وه بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى كه‌ركووك و ڕێگه‌گرتن له هه‌ر هه‌وڵێكى تێكدانى پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايشى شاره‌كه و هاووڵاتييانى.
هه‌ردوولا داكۆييان له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ لايه‌نه ئه‌منييه‌كانى شاره‌كه، بێ جياوازى ئارامى و سهقامگيريى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بپارێزن و ڕێگه له پشێوى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى ئه‌منيى شاره‌كه بگيرێت، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون و لێپێچينه‌وه‌ى ياسايى به‌رامبه‌ر ته‌قه‌كه‌ران بكرێت كه شه‌هيد و بريندارى لێكهوتهوه.
ڕاگه‌يه‌نراوێك له سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منيى كه‌ركووك
گرتنی ڕێگەی سەرەکيی هەولێر ـ کەرکووک لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کارێکی نایاسایی بوو، بەداخەوە ئەو کارە نایاساییە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لانەدراوە! کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە کاری زياترى نایاسایی نییە!
دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەهێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانيشتووانى شاره‌كه بەگشتی، هاووڵاتييانى کورد لە کەرکووک ئەمڕۆ ناڕەزایييان بەرامبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، كه‌چى جێگەی داخە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە و گەنجێک شەهید بووه و چەندانی دیکەش بریندارن.
له كاتێكدا به نيگهرانييهكى زۆره‌وه له‌و گرژييه ئهمنييانه دهڕوانين و به وردى چاودێريى دۆخه‌كه ده‌كه‌ين. به توندى سه‌ركۆنه‌ى ته‌قه‌كردن و دهستڕێژيى چه‌ك به‌رامبه‌ر به خۆپيشانده‌رانى سڤيل ده‌كه‌ين. نانه‌وه‌ى ئاڵۆزى و پشێويى ئه‌منى له كه‌ركووك، هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايش و سه‌قامگيرى ده‌كات.
لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ده‌بێ ڕێكارى خێراى پێويست بگرنه به‌ر و ئه‌ركى هێزه ئهمنييهكانه بێ جياوازى پارێزگارى له ئاسايشى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بكه‌ن و ته‌قه‌که‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه.
بهرپرسياريهتيى هه‌موو لايهكه ئارامى و سهقامگيريى ئه‌منى بپارێزن و ڕێگه نه‌ده‌ن به هيچ پاساوێك دۆخى ئه‌منى له كه‌ركووك و سنوورى پارێزگاكه ئاڵۆز ببێت. هه‌موو لايه‌ك دان به خۆيان‌دا بگرن، ڕێگه‌كان بكرێنه‌وه و ئارامى و ژيانى ئاسايى بۆ هاووڵاتييانى كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/9/2
https://presidency.gov.krd/statement-from-the-president-of-the-kurdistan-region-about-the-security-situation-in-kirkuk/
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌خت له سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌كاته‌وه
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2023/8/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا پێشوازى له (60) ده‌رچووى په‌يمانگه‌ى دادوه‌رى كرد كه (45)يان وه‌ك دادوه‌ر و (15)يان وه‌ك جێگرى داواكارى گشتى سوێندى ياساييان خوادووه و ده‌ستبه‌كار ده‌بن. له‌و ژماره‌يه (24)يان ئافره‌تن و به‌سه‌ر ناوچه‌كانى هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیاندا دابه‌ش ده‌بن.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، ئه‌ندامانى داواكارى گشتى، وه‌زيرى داد و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد. ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى،
دادوه‌ران،
ئه‌ندامانى داواكارى گشتى،
جەنابی وەزیر،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ڕۆژتان باش..
هەموولایەكتان بە خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ پێكه‌وه به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى (60) ده‌رچووى به‌ڕێزى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ى دادوه‌ران ده‌كه‌ين كه (45) دادوه‌ر و (15) جێگرى داواكارى گشتين. جێى خۆشحاڵييه‌كى زۆره كه لەناو ئەو ژماره‌يه، بيست و چوار خانمى به‌ڕێزن و به‌سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و گه‌رمياندا دابه‌ش بوون. به گه‌رمى ده‌ستخۆشى و پيرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م.
بوون به دادوه‌ر، ئه‌ركێكى سه‌خته و بهرپرسياريهتييهكى گه‌وره‌يه به‌رامبه‌ر به خوا و بەرامبەر بە ويژدان و بەرامبەر بە كۆمه‌ڵگه و بەرامبەر بە مرۆڤايه‌تى. به ڕاستى ئێوه پيشه‌يه‌كى قورستان هه‌ڵبژاردووه، هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم لەم ڕێگە سەختەی كە هەڵتانبژاردووە و خوای گەورە سه‌رفرازتان بكات و سەركەوتوو بن.
پاش ئه‌وه‌ى پهيمانگاى دادوهريتان سه‌ركه‌وتووانه ته‌واو كرد، ئێوه‌ى به‌ڕێز چ وه‌ك دادوه‌ر، چ وه‌ك جێگرانی داواكارى گشتى، كه سوێندى ياساييتان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن، ئه‌مه بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕووداوێكى گرنگ و جێى بايه‌خێكى به‌رچاوه. ئێوه ڕاسته‌وخۆ سه‌روكارتان له‌گه‌ڵ هاووڵاتييان و داوا و مافهكانيانه. ئێوه پارێزه‌رى مافه‌كانى هه‌موو چين و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا و ماف و موڵك و به‌رژه‌وه‌نديى گشتين.
به‌ڕێزان..
دادوه‌رى، بنه‌ماى حوكمڕانييه لە هەر وڵاتێك. پارێزه‌رى كۆمه‌ڵگه و پارێزەری سيستمى سياسييه لە هەر وڵاتێك. بۆ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كانى دنيا، سه‌ربه‌خۆييى دادوه‌رى، سهروهريى ياسا، هه‌بوونى متمانه به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پێويستييه‌كى لهپێشينه و ژیرانەیە. بنه‌ماى پێشكه‌وتنى سياسى و ئابوورى و كۆمهڵاتييه.
ئه‌ى ده‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى وه‌ك كوردستان چه‌نده له‌پێش و گرنگ و پێويست بێت كه له قۆناغى ڕاگوزهردايه و كوردستان ده‌يه‌وێ ئه‌و سيستمه ديموكراسييه به‌هێزتر بكات كه دايمه‌زراندووه؟
دڵنيام هه‌مووتان وته و ڕوانينى وينستۆن چه‌رچل سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا و شارل دوگۆل سه‌رۆكى فه‌رنسا له سه‌رده‌مى شه‌ڕى دووه‌مى جيهانيدا ده‌زانن. كاتێك له گه‌رمه‌ى شه‌ڕدا خه‌ريكبوو له‌نده‌ن له‌ژێر ئاگرى بۆمببارانى نازييهكاندا وێران ده‌بوو، چه‌رچل له وه‌زيرى داد ده‌پرسێت: دۆخى دادوه‌رى چۆنه؟ كه وه‌زير له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: باشه!
چه‌رچل وته ناوداره‌كه‌ى خۆی دەڵێت كە ئەویش: كه‌واته مه‌ترسن، به‌ريتانيا سه‌لامه‌ته.
هه‌روه‌ها دواى ڕزگاركردنى فه‌ره‌نسا له داگيركاريى نازييه‌كان، كه سه‌رۆك دوگۆل گه‌ڕايه‌وه پاريس، پرسيار له هاوڕێيه‌كى ده‌كات: دۆخى دادوه‌رى و داگاكان له وڵات چۆنه؟ وه‌ڵامى ده‌داته‌وه: هێشتا باشه.
ئينجا دوگول ده‌ڵێ: كه‌واته ده‌توانين سه‌رله‌نوێ فه‌ره‌نسا بنيات بنێينهوه!
له كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كاندا، ئاوا له دادوه‌رى ده‌ڕوانن، بۆيه بێگومان بۆ ئێمه له هه‌رێمى كوردستان، سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و سهروهريى ياسا، كۆڵه‌گه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى حوكمڕانييه‌كى دروست و سه‌ركه‌وتووه لە وڵات‌دا. بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتى بڕوا و متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به ياسا و دادگا هه‌بێت، ده‌بێ دڵنيا بێت له‌وه‌ى مافه‌كانى ده‌پارێزرێن.
بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ياسا و دادپه‌روه‌رى جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى به ڕاستى جێى متمانه و پارێزه‌رى مافى هه‌مووان بێت، ڕۆڵى دروستى خۆى له بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئاسووده‌ى مه‌ده‌نى و بهدامهزراوهييكردنى حوكمڕانيدا بگێڕێت، له كاتى لێكۆڵينه‌وه و بڕيارداندا، ده‌بێ به ته‌واوەتى بێلايه‌ن و دادپه‌روه‌رانه، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بن.
ئه‌وه ئه‌رك و بهرپرسيارييهكى مه‌زنه، له ئه‌ستۆى دادوه‌ران، له ئه‌ستۆى ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا. ئێوه له‌به‌رده‌م خودا و ويژدان و مرۆڤايه‌تيدا ئه‌و به‌رپرسياريه‌تييه هه‌ڵده‌گرن. ئێوه ده‌بێ له ئاستى ئه‌و ئه‌رك و پهرپرسياريهتييهدا بن.
به‌ڕێزان..
ياسا ده‌سه‌ڵاتى به دادوه‌ر داوه كه ئازاد بێت. ئه‌وه ئه‌ركى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادوه‌رانه سه‌ربه‌خۆييى خۆيان بپارێزن. ئه‌ركى دادوه‌ره ده‌بێ خۆى قبووڵى نه‌كات و ڕ‌ازى نه‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك، هيچ شتێكى به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنن.
هاووڵاتى كاتێك شه‌و به ئاسووده‌يى سه‌ر ده‌نێته‌وه، كاتێك متمانه‌ى به ياسا و وابهستهيى به وڵات و نيشتمانهوه هه‌يه كه دڵنيا بێت له‌وه‌ى دادوه‌رى، دادگا و دادوه‌ران سه‌ربه‌خۆن. دڵنيا بێت له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ڕۆژێك مافى پێشێل كرا، ياسايهكى سه‌روه‌رە له سه‌رووى ههمووانهوهيه، به‌رگرى و پارێزگارى لێ ده‌كات. ماف و شكۆى بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاووڵاتى ئه‌و بڕوا و متمانه‌يه‌ى نه‌بوو، دڵنيا بن، هيچ شتێكى ديكه ڕاسته‌ڕێ نابێت.
بۆيه به‌ڕێزان، هه‌موو پشتگيرييهكتان لە سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى وڵات و لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان هه‌يه.
بێگومان، نه‌مانگوتووه و ناڵێين له هه‌رێمى كوردستان هيچ كێشهيهك له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆييى دادوه‌رى و سهروهريى ياسادا نييه! ناڵێين هه‌موو شتێكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دروسته و له‌ژێر هيچ گوشارێكى سياسيدا نييه!
كێشه و تهحهديى جددى له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری هه‌يه كه پێويستى به چاككردنەوە و چاكسازييه. به‌ڵام ئەوەی كە گرنگە، دڵنياتان ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه ئيراده‌يه‌كى جدديمان هه‌يه، سوورين و به‌رده‌وام له كار و هه‌وڵداين بۆ چاككردنى. ئێوه‌ش لاى خۆتانه‌وه هه‌نگاو به هه‌نگاو، ده‌توانن گرفته‌كان نه‌هێڵن.
ده‌توانن ياسا سه‌روه‌ر بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن ده‌ستێوه‌ردان له ئه‌رك و بڕيارهكانتاندا بكرێت كە بە دڵنیاییەوە دەیڵێم دەسەڵاتی دادوەری ئەو ڕێكچكەیەی گرتووە و لەسەر ئەوە دەڕوات و بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان زۆرن، لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان ئاسان نین، بەڵام ئەوە وەك ئامانجێك دەستنیشان كراوە و دادوەرەكان لەسەری دەڕۆن.
به‌ڕێزان..
گرنگه به‌رده‌وام تواناكانتان پێشبخه‌ن. له دادوه‌ريدا ڕه‌چاوى مافه‌كانى مرۆڤ و پێوه‌ره نێودهوڵهتييهكان بكه‌ن، خولى شياندن و به‌هێزكردن له هه‌موو بواره‌كاندا ببينن، ئه‌وپه‌ڕى سوود له ته‌كنه‌لۆژيا وه‌ربگرن، په‌يوه‌ندى و هاوكاريى به‌رده‌وامتان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى دادوه‌ريدا له عێراق و لە جيهاندا هه‌بێت.
کاتی خۆی كه یاسای پەیمانگای دادوەران ئامادە کرا، کۆمەڵێک ئامانجمان هەبوو، لەوانە: پێگەیاندنی دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و مەعریفییان، تا دەسەڵاتی دادوەری هەم لەڕووی دامەزراوەیی، هەم لەڕووی توانای مرۆیی بە شێوەکی پێشکەوتوو، ببێته هۆى بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتی دادوەرى، هه‌روه‌ها حوکم و سەروەريی یاسا تۆکمەتر و کاراتر بن.
ئێستا ئێمە ئەمڕۆ بەرهەمی پەیمانگای دادوەری دەبینین کە زادەی ئەو یاسايهيه لە هەرێمی كوردستان. ئه‌مه مایەی خۆشحاڵی و پێزانینی ئێمه‌يه.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ داكۆكى له‌وه بكه‌مه‌وه كه پێويسته پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە داواکاری گشتی ئاماده بكرێت تا ڕێكخستنێكى ياسايييانه بۆ كاره‌كانى و په‌يكه‌رێكى تۆكمه‌ى دامه‌زراوه‌يى بۆ ئامادە بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بخرێتە بەردەم پەرلەمانی داهاتووى کوردستان بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردن.
دووباره پيرۆزبايى له هه‌موو ده‌رچووان، به‌ڕێزان دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى ده‌كه‌م، به‌تايبه‌تيش پیرۆزباییەكی گەرمی خانمانى به‌ڕێز دەكەم. هيوادارم ده‌ستبه‌كاربوونتان به‌شێك له كه‌موكوڕييه‌كانى ئه‌و بواره پڕ بكاته‌وه. ببنه‌نه نموونه‌ى نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به گيانێكى تازه‌وه، سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه ئه‌ركه‌كه‌تان ڕاپه‌ڕێنن و متمانه و دڵنيايى له‌ناو هاووڵاتيياندا به‌هێز و بەهێزتر بكه‌ن.
سوپاس و ده‌ستخۆشى و پێزانين بۆ پهيمانگاى دادوه‌رى. ئێوه ئه‌ركێكى پيرۆز به‌جێ ده‌گه‌يه‌نن. هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن و خوا پشتیوانتان بێت.
سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان و هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم و دیسانەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە هەرهەمووتان دەكەم و زۆر بە خێر بێن.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-stresses-the-independence-of-the-judiciary/
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە 8/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی هەرێم لەگەڵ ئەمەریکا کرد و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانی بەردەوامیی ئەمەریکا دووپات کردەوە.
کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیی و هەماهەنگیی دوولایەنە نیشاندا .
گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان، تەوەرێکی سەرەکی دیدارەکە بوو.
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/august/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-کونسوڵی-گشتیی-نوێی-ئەمەریکا-دەکات/
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان
ئەمڕۆ هەینی ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی ؛
لە ( 35 )مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال لە دەڤەری بادینان، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانیيانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە.
لەم هێرش و پەلامارانەدا ، کە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، هەزاران خەڵکی بێتاوانی بادینان ئەنفالکران و بە دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان گوندیش تێکدران و لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراودا، زیانێکی زۆر گەورە بە ناوچەکە گەیشت.
جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە، کە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقە، کە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە کە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جێنۆسایدکردن نابنەوە.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/8/25
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/august/پەیامی-سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-لە-ساڵیادی-ئەنفالی-بادینان/