مەنسوور جیھانیـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ٨ منداڵی کۆبانێ و شەنگال لە تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن بڵاوکراوە و لە لایەن بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری دنیاوە پێشوازیی لێکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" کە لە دەرھێنانی ٨ منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە، لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانێکی زۆر لەم وڵاتەو ھەروەھا لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا و زۆر بە جوانی پێشوازیی لێکرا.
بینەرانی ژاپۆنی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە شۆکدابوون و بۆیان دەرکەوت کە نەتەوەی کورد تا چ ڕادەیەک بەھێزن و منداڵەکانیان ئەم ھەمووە تراژیدیایەیان بەسەر ھاتووە بەڵام بەم شێوەیە بەھرەمەند و داھێنەرن و ئێستا بە چاوێکی دیکەوە سەیری کورد دەکەن.
ئەم منداڵانە بە ماوەی ٢ مانگ لە لایەن راوێژکاران و گرووپی دەرھێنەران، خولەکانی فرێکاریی سینەمایان تێپەڕکردووە و پاشان لە نێوان ئەواندا چەندین کەس دەستنیشانکراون و وەکوو دەرھێنەری بچکۆلە ئەم ٨ فیلمە دیکۆمێنتارییەیان سازکردووە. ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" و بەرێنوێنی "بەھمەن قوبادی" بەرھەمھاتووە.
کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆنی لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور"ی ناساند کە تیایدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێو شەڕ و ئاوارەیی نیشانی بینەرانی خۆیدا کە ئەمجارە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
"بەھمەن قوبادی" ھەر بەم بۆنەیەوە سەردانی ژاپۆنی کرد و لە خولی ڤۆرکشۆپی فیرکاریی لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە و ھەروەھا لەگەڵ کەناڵی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK سەبارەت بەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا چەندین وتووێژی تایبەتی کرد.
مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" سێ خەڵاتی سەرەکی ١٧مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" لە ئەمەریکای بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: "نیکۆلاس چادیۆرگ" Nicolas Chaudeurge دەرھێنەر و ھەڵگری چەندین خەڵاتی جیھانی لە وڵاتی فەڕنسا، "کارێن چین" Karen Chien بەرێوەبەری ھونەریی و ھەڵگری چەندین خەڵاتی سینەمایی لە وڵاتی کۆریا و ھەروەھا "کریستییەن ھۆلێری" Christene Hurley بەرنامەداڕێژیی سینەمایی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی حوزەیران / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی "ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕڵۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆرۆئاسیا" Eurasia لە کازاخستان، لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە بیستەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کەڵکەتە" Kolkata لە ھیندستان، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پووسان" Busan لە کۆریای باشوور، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس" Thusis لە سویسڕا، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ترۆمسۆ" Tromsø لە نۆروێژ، لە سی و ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" Goteborg لە سوید، لە ٣٠مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سانتا باربارا" Santa Barbara لە ئەمەریکا، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلیلوەند" Cleveland لە ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دێت ماتێر" Movies That Matter لە ھۆڵەندا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دۆحە" Doha لە قەتەر، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھۆنگ کۆنگ" Hong kong لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدڵ ئێست نۆو" Middle Eas Now لە ئیتالیا، لە پازدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیبۆڕن" Tiburon لە ئەمەریکا و ھەروەھا لە سی و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" Istanbul لە تورکیا.
ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوون لە فیستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلم، چەندین خەڵاتی
گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەبووزەبی" لە وڵاتی ئیماڕات، خەڵاتی "باشترین دەرھێنان" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە وڵاتی مەکەدوونیا، خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان" لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی سەرەکیی "باشترین فیلم" و خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" و ھەروەھا خەڵاتی "ڕەخنەگرانی سینەما" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" Fantasporto لە وڵاتی پورتوگال.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" POEFF لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی "باشترین فیلم" بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.
ئەمڕۆ هەینی، ١٧ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژن و ئاگاداربوون لە بارودۆخی هێزی پێشمەرگە و بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ، سەردانی هەرسێ میحوەری مەخموور-گوێڕ و باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووکی کرد.
لەم سەردانەدا سەرەتا سەرۆك بارزانی سەردانی میحوەری مەخموور-گوێڕێ کرد و لەلایەن بەرێز سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەرەکە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو میحوەرە بەگەرمی پێشوازیی لێ کرا. سەرۆک بارزانی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی بەسەر کردەوە و پیرۆزبای جەژنی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و دەستخۆشیی لێ کردن کە بەهۆی ئازایەتی و گیانفیدایی ئەوانەوە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و گەلەکەشمان بە ئاسوودەیی جەژن دەگێڕێت.
دواتر سەرۆک بارزانی بەمەبەستی پیرۆزبایی جەژن و بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ لە میحوەرەكانی باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگەی لەو دوو میحوەرە بەسەر کردەوە و لەلایەن بەڕێزان محەمەد حاجی مەحموود سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی کەرکووک و دکتۆر کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و دوبز و وەستا ڕەسوول بەرپرسی میحوەری چواری باشووری کەرکووک، بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.
دواتر لە كۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لەو دوو میحوەرە سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بەگەرمی پیرۆزبایی لە هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکان کرد و ڕایگەیاند کە هاتووم تا جەژنتان لێ پیرۆز بکەم و سوپاستان بکەم بۆ ئەو خۆڕاگری و قارەمانێتییەی پێشانتان داوە و ئەو گیانفیدایی و لەخۆبووردووییەی ئێوە بۆ ئەوەیە گەلەکەمان بە ئاسوودەیی بژیت.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی پێشمەرگە زۆر پیرۆزە و پەیوەستە بە مان و نەمانی میللەتێک و و ئەوەیش بۆ ئێوە شانازییەکی گەورەیە و سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانە نارد كە بە خوێنی خۆیان خاكی كوردستانیان پاراستووە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و دوابڕیاریش لای گەلە و حزبەکان ئامرازن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان و بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتیمان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و وێڕای جیاوازیی لە بۆچوونەکان و ئەگەر ناکۆکییەکیش هەبێت، ئەوە گەل بڕیاری کۆتایی دەدات نەک حزبێک.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا جەختی کردەوە کە گەلەکەمان قوربانی زۆری داوە و پێویستە کۆتایی بە نەهامەتییەکانی بێت و ڕایگەیاند کە دەبێ بەدەستی خۆمان ئەو مافە وەدەست بهێنین و چاوەڕێی هیچ لایەک نەکەین، جەختیشی کردەوە كە یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێكەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەكانمان لە سەنگەری بەرگری بنەمای یەكڕیزیی گەلەكەمانە و دەبێ ئەوە بۆ سیاسییەكانیش وەك ڕێگە پێشاندەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و برایەتی و بە هیچ شێوەیەكیش نابێ بارودۆخی سیاسیی و ناوخۆیی كوردستان كاریگەریی لە سەر پێشمەرگە هەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیار و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگەیە و بۆنە و جەژنەکانی لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت، دواتریش سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان خستتەڕوو.
بهناوی خوای گهورهو میهرهبان
هاوكاتی پێشوازیكردن لهجهژنی رهمهزانی پیرۆزو دهربڕینی ههست و سۆز بۆ یهكتری، بهپێویستی دهزانم جهژنه پیرۆزهی خۆم ئاڕاستهی سهرجهم موسوڵمانان بهگشتی و پێشمهرگه قارهمانهكان بهتایبهتی بكهم و چهپكهگوڵی سهربهرزی و سهرفرازی بدهم لهیهخهی خانهوادهی سهربهرزی شههیدان.
ئاشكرایه ئهم جهژنی رهمهزانه هاوكاتی چهندان گۆڕانكاری گهورهیه لهناوچهكهدا، كه گهلی كوردمان لهو هاوكێشانهدا كاراكتهری سهرهكییهو لهجهنگی روبهڕووبونهوهی تیرۆردا هێزی پێشمهرگهی كوردستان نموونهی هێزی قارهمان و خۆڕاگری ناوچهكهیهو بهنهبهردی و قارهمانێتییهكانی توانیویهتی بهجیهان بڵێ بهگیان و خوێن لهههوڵداین تا بۆ دنیای بسهلمێنین ئێمهین گهلی ئازادیخوازو دیموكراسیخواز لهناوچهكه، ههربۆیه پێویسته ههموومان یهكڕیزو كۆدهنگ بین بۆ گهیشتن بهئاواتهكانمان، ئهویش تهنها لهڕێگای یهكڕیزی دهبێت و پێویسته لهمكاته چارهنووسسازهدا ململانێكانمان وهلابنێین و نموونهی تهبایی و یهكڕیزی بین بۆ ناوچهكه.
جارێكی ترو بهبۆنهی جهژنی رهمهزانی پیرۆز وێڕای پیرۆزبایی گهرمم لهههموو لایهك بهگرنگی دهزانم جهخت لهوه بكهمهوه كه پێویسته گهلێكی یهكڕیزو كۆدهنگ بین بۆ گهیشتن بهخهونه لهمێژینهییهكانمان.
كۆسرهت رهسوڵ عهلی
جێگری سهرۆكی ههرێمی كوردستان
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17ـی 7ـی 2015 و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا تیرۆریستان لە كردەیەكی دڕندانە و بەهۆی تەقینەوەیەك لە شارۆچكەی بەنی سەعدی پارێزگای دیالە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی بێگوناحیان شەهید و بریندار كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كردە نامرۆڤانەیە دەكات و سەرەخۆشیی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكات و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازێت. تیرۆریستان وەك پیشەی هەمیشەییان بە بێ گوێدانی بەها ئایینی و مرۆڤییەكان زۆر ترسنۆكانە و بێ بەزەییانە گیانی هاووڵاتیان كردووەتە ئامانج. ئەم كارە قێزەوەنانە دادی تیرۆریستان نادات و چارەنووسیان لەناوچوون و شكستە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
18ـی 7ـی 2015
ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 7ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و كۆنسوڵی ئیتالیا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئیتالیا.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و لە دەستپێكی وتەكانیدا بە پێزانینێكی زۆرەوە باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد كە لە هێڵی یەكەمی شەڕكردنە لەدژی تیرۆریستانی داعش و ڕەزامەندیی خۆیشی نیشاندا لەو ئاستە بەرزەی كە هێزی پێشمەرگە لە شەڕكردن و مەشق و ڕاهێناندا هەیانە و، ئەوەی خستەڕوو كە بۆ ڕێگەگرتن لە داعش پێویست بوو وڵاتەكەی لە زووترین كاتدا یارمەتیی كوردستان بدات چونكە یارمەتیدانی كوردستان یارمەتیدانی ئیتالیایە و ئەو شەڕەیش شەڕێكە لەپێناو پاراستنی شارستانییەت و هەموو جیهان. وەزیری بەرگریی ئیتالیا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئیتالیا و گەلی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و بەناوی خۆی و گەلی كوردستان سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە یارمەتیی كوردستانیان داوە لە شەڕی تیرۆریستان و هاتنی سەرۆك وەزیران و كارەبەدەستە باڵاكانی ئیتالیای بۆ كوردستان بە ئاماژەیەكی ڕوون بۆ پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا لە قەڵەم دا. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر مەترسییەكانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنیا شەڕی سەربازی و شەڕی لایەنێك نییە، شەڕی هەموو جیهانی ئازاد و دیموكراتخوازە لەدژی تاریكی و شەڕانگێزی. ئەم شەڕە پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە و هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازی پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و جوهدی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی بۆ ئەو مەبەستە بە پێویست زانی. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە هەندێ وڵات تووشی هەڵە بوون كە بیریان لەوە كردەوە تیرۆر وەك كارت بۆ ململانێكان بەكار بهێنن چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە و دواجار زیانی بۆ خۆیان و بۆ هەموو لایەك دەبێت. سەرۆك بارزانی باسی دەركەوتنی تیرۆریستانی لە عێراق و پەلاماردانیان بۆ سەر كوردستان كرد و هێمای بەوەدا كە پێشمەرگە توانی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی كوردستان تێكبشكێنێت، ئێستا ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و گەلی كوردستانیش بە هیچ شێوەیەك تەحەمولی هزری داعش و خەڵكی وەك داعش ناكات و لە كوردستاندا جێگەیان نییە.
تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی داعش لە ناوچەكە و سووریا و لیبیا و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەیان و هەروەها ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و، سەبارەت بە بوونی تیرۆریستان لە سووریا سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە پێویستە داعش لە سووریایش تێكبشكێندرێت و شەڕی تیرۆر لە سووریا و عێراق بابەتێكە بە یەكەوە بەستراوەتەوە. پەیوەست بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ئەم ڕێككەوتنە ببێتە مایەی پتەوتركردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە و ڕێگەیش بۆ لەناوبردنی تیرۆر خۆش بكات.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی٧ـی٢٠١٥، لە دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە، میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، میحوەری باشیک، میحوەری خازر و بەنداوی موسڵ، بەسەر کردەوە.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆک بارزانی لەلایەن بەرپرسی میحوەرەکان و فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. سەرۆک بارزانی سەنگەرەکای پێشمەرگەی بەسەر کردەوە و پیرۆزبایی جەژنی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و ڕایگەیاند کە هاتووم جەژنە پیرۆزەتان لێ بکەم و بە فەرزم زانی لە جەژندا لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بم.
سەرۆک بارزانی هەروەها داوای لەهێزی پێشمەرگە کرد بەوریاییەوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی کوردستان جێبەجێ بکەن و نابێ ململانێی حزبەکان کاریگەریی لەسەر پێشمەرگە هەبێت، چونکە بوونی ململانێی سیاسی لەناو لایەنەکان ئاساییە و ئەو ململانییە هەرچۆنێک بێت قسەی کۆتایی بۆ گەل دەبێت.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوانەی باسی دووئیدارەیی دەکەن دیارە پەند لە مێژوو وەرناگرن، ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان بۆ ئەوە نەبووە کوردستان دابەش بکرێت و نابێ بەخەیاڵیش بیری لێ بکرێتەوە و کەس ناتوانێ هەرێمی کوردستان لەت بکات و ئەوەی بە یەک ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی کوردستان قایل نییە ئازادە لەوەی شوێنێکی تر بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: زۆر سەیرە لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، کەسانێک هەبن باسی دوو ئیدارەیی بکەنەوە، دڵنیاشم خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەوانە دەداتەوە.
سەرۆک بارزانی هەروەها تەئکیدی کردەوە کە مەینەتی و قوربانیدانی گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو بۆ ئەوە نەبووە کورد پاشکۆ و ژێر دەستە بێت، دوژمنانی گەلەکەمان دەستیان لەهیچ تاوانێک نەپاراستووە و هەرچییان پێ کرابێت کردوویانە بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بۆیە ناکرێت چیدیکە گەلی ئێمە لەو مەینەتییانەدا بژیت و بە ئاگری خەڵکی تر بسووتێت. دەبێ بڕوامان بەخۆمان بێت و گەلەکەمان لەو مەینەتییانە ڕزگار بکەن، نابێ غەدر لە قوربانیدانی گەلەکەمان بکەین، ئێمە لەنێوان سەربەخۆیی و پاشکۆبوونداین و هەرگیز پاشکۆبوون هەڵنابژێرین.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: بەرلەوەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بەڕێوە بچێت پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکەیاندا دەبێت و جارێکی تر تووشی نەهامەتی نەبنەوە و نەچەوسێندرێنەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەنداوی موسڵ کرد و وێڕای جەژنە پیرۆزە و دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ پاراستنی ئەو بەنداوە، ڕێنماییشی دا بە فەرماندەکان کە ئاسانکاریی پێویست بۆ تیمەکانی چاککردنەوە و تیمە تەکنیکییەکان بکەن بۆ ئەوەی کاری چاککردنەوەی پێویست لە بەنداوەکە ئەنجام بدرێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، بەڕێز كۆبیس خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە پیشان دا كە لە نێوان دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.
جەختی لەوەش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا ئەوان ئامادەن لەو ڕووەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیریی خۆشیان بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، لە هەمان كاتدا ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك بە تایبەت بەغدا پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر بێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دوا پێشهاتەكانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەی بەوە دا گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی پارەوە بەردەوامە و چارەسەر نەكراون، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو هەنگاوی دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە بهاوێژێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی گونجاو كە لە بەرژهوەندیی هەموو لایەكدا بێت و لەوبارەیەشەوە سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات