ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە بەڕیز حسن احمد الشحی باڵیۆزی نوێی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە عێراق و راشد محهمهد مهنسوری کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئیمارات لهههرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی نوێی ئیمارات سڵاو و ڕێزی شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە بۆ یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکانی ئیماراتی عەرەبی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ خواست و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و سوپاسی ئیماراتی عەرەبی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەبواری مرۆییدا پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوانی کردووە.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی٧ـی٢٠٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە خاتوو لینداڵ ساچس باڵیۆزی ئوسترڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئوستراڵیا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ دیدارەکە و ڕایگەیاند کە من ئەرکەکەم لە عێراق کۆتایی دێت و بۆ ئەوە هاتووم ماڵئاواییتان لێ بکەم، من چوار ساڵە لە عێراقم و لەم چوار ساڵەدا ڕەوشی زۆر خراپم بینیوە، بەڵا دەرفەتی ئەوەشم هەبوو کە کوردستانی جوان ببینم. باڵیۆزی ئوستراڵیا سوپاسگوزاریی خۆی و وڵاتەکەشی پێشکەشی سەرۆک بارزانی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوکارییان لەگەڵ نوێنەرایەتی و ئەو هاووڵاتییانەی ئوستراڵیا کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
باڵیۆزی ئوستراڵیا جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی وەک بەشێک لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەست بە مەترسییەکانی تیرۆر دەکات و لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەماهەنگی و پاڵپشتیی لەگەڵ دۆستەکانی و بەتایبەت هەریمی کوردستان پەرە پێ دەدات. سوپاسی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوانیان حەواندۆتەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ ئەو ڕۆڵە مرۆییەی کوردستان هەیە و لەچوارچێوەی کارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هەوڵ دەدات هاوکاریی زیاتر بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکان تەرخان بکات.
هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئوستراڵیا ڕایگەیاند: ساڵێک بەر لە ئێستا ڕەوشێکی زۆر خراپ هەبوو، خۆشحاڵم کە پێشمەرگە توانی ئازایانە بەرگریی بکات و هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر هەرێم نەهێڵێت.
باڵیۆزی ئوستراڵیا نیگەرانیی خۆیشی لە ڕەوشی خراپی ناوخۆی عێراق و پەرەسەندنی ناکۆکییەکان دەربڕی و هیوای خواست ئەو هەوڵانەی بۆ ئاشتەوایی هەیە سەربگرێت.
بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، هیوای سەرکەوتنیشی لە کاری نوێیدا بۆ باڵیۆزی ئوستراڵیا لە عێراق خواست، سوپاسی وڵاتەکەشی کرد بۆ بەشدارییان لە شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ڕاستە ساڵێکی سەختمان بەڕێ کرد، ئەو شەڕە بەسەر ئێمەدا سەپێندرا و بەدرێژایی مێژوو گەلی ئێمە دەستپێشخەری شەڕ نەبووە و هەمووجارێ بەسەریدا سەپێندراوە، بەڵام جێی شانازییمانە کە پێشمەرگەی کوردستان توانییان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن.
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە داعش هەڕەشەیە لەسەر هەموو مرۆڤایەتی و لەناوبردنیشی ئەرکی هاوبەشی هەمووانە و پێویستە نەک هەر لە ڕووی سەربازی بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و فیکری و ئابوورییشەوە شەڕی ئەو تیرۆریستانە بکرێت.
سەرۆک بارزانی هیوای خواست کێشە ناوخۆییەکانی عێراقیش بە نیازپاکی چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە بەشدارییکردنی تورکیا لەشەڕی دژی داعش و گرژییەکانی ئێستای نێوان تورکیا و PKK سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە بێ گومان هاتنی تورکیا بۆ ناو هاوپەیمانیی دژی داعش کاریگەریی ئیجابی دەبێت. سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكان نیشان دا و تەئکیدی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و بە پێویستیشی زانی تەركیزی گشت لایەك لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بێت کە دوژمنی هاوبەشی هەمووانە.
باسکردنی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تەوەرەێکی تری دیدارەکە بوو.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 فرانك ڤالتر شتاینمایێر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و تیشك خرایە سەر هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە.
هەر لەم پەیوەندییەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تاوتوێ كرا.
ڕۆژی چوارشەممە 29ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەریدوون سینێرلی جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دواپێشهاتە سیاسییەكان و هەورەها شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و تێیدا وەزیری دەرەوەی توركیا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی هەستیاری ناوچەكە باسی لە بڕیاری دەوڵەتی توركیا و ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا كرد بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرۆك بارزانیی لە وردەكارییەكانی ئەم ڕێككەوتنە ئاگادار كردەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەیشی بەوەدا كە ئامانجی توركیا لەم بڕیارە شكاندنی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی خەڵكی ئاوارە بۆ ناوچەكانیان و گەیاندنی هاوكاریی مرۆییە بۆ ئاوارەكان.
لەدرێژەی قسەكانیدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاند كە توركیا بە گرنگییەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و بە فاكتەری سەقامگیری و بووژانەوە و پێشكەوتنی ناوچەكەی دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
لەبارەی بارگرژییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكەیش ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە توركیا بوار بۆ هەموو لایەك كراوەیە بۆ ئەوەی بەشداری پڕۆسەی سیاسی بن ئەویش لەسەر بنەما و پێوەرە دیموكراتییەكان و دوور لە مەنتقی چەك و، ئەوەیان مەرجی سەرەكی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییە و وڵاتەكەی پابەندی ئەم بنەمایەیە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش كە هەڕەشەن بۆ سەر هەموو لایەك و ئەركی هەموو لایەكە بەشدار بن لە شەڕكردن لەدژی تیرۆریستانی داعش و ئەو شەڕەش دەبێ هەمەلایەنە بێت و تەنیا شەڕی سەربازی نەبێت بەڵكو پێویستە شەڕی فكری و ئابووریی داعشیش بكرێت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە بڕیاری دەوڵەتی توركیا بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی داعش كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر یەكلاییبوونەوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێت. پەیوەست بە بارگرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان شەڕ و توندوتیژی بە ڕێگەیەكی گونجاو نازانێ و هانی هەر دوولا دەدات كە بگەڕێنەوە سەر بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن و، سوود لە كرانەوە و پڕۆسەی سیاسی وەربگرن.
جێگەی ئاماژەكردنە لەم دیدارەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، لهپهیامێكدا دهربارهى بۆمبابارانكردنی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، ئامادهییى خۆى و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردن لهپێناو دروستكردنەوەی ئاگربەست و ئاشتی لە توركیا، دهردهبڕێت.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیه:
شەوی ڕابردوو فڕۆكە و تۆپخانەكانی توركیا، بەمەبەستی لێدانی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانیان بۆمباباران و تۆپباران كرد. بەداخەوە ئەو بۆمباباران و تۆپبارانكردنە دوای ئەوە هات كە سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان چەند جارێك ڕایگەیاند "ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیا كۆتایی هاتووە و پارتی دیموكراتیی گەلان HDP و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـ یش بۆیان نییە بڕیار لەسەر چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان بدەن"، ئەوەش لە ڕۆڵی ئەوانی لە پرۆسەكەدا كەم كردەوە و كاریگەرییەكی زۆریشی لە ڕای گشتیی توركیا كرد و حكوومەتی توركیای خستە ژێر گوشارێكی زۆرەوە.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند پۆلیسێك لە توركیادا كوژران، كە پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند، ئەمەش بارودۆخەكەی زۆر ئاڵۆزتركرد.
پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، زەمینەی بۆ سازكرا و بە كردەوە دەستیپێكرد، هەروەها قۆناغی زۆر گرنگیشی بڕی و ئەنجامەكانیشی زۆر كاریگەربوون بۆ پێشكەوتنی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە توركیا و باشبوونی گوزەرانی خەڵك لهو وڵاتە.
هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەبوو لە دروستكردنی ئاگربەست لەنێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و هێنانەكایەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا، كە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئەنجامی ئەو ڕۆڵەی بهڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك لایەنێكی سەرەكیی گفتوگۆیەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، نەك وەك زیندانییەك، بەڵام بەداخەوە هەڵەكان ئێستا هەموو ئەو پرۆسەیان تێكداوە. هەموو ئەو پرۆسەیەش بەبێ جورئەت و لێتێگەیشتنی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ـ ی سەرۆك كۆماری توركیا پێكنەدەهات و بەڕێوە نەدەچوو.
بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەگەڵیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەن ڕۆڵی خۆیان بخهنەوە كار بۆ دروستكردنەوەی ئاگربەست و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەو شوێنەوەی لێیەوە پەكخرا، چونكه توندوتیژى و بهكارهێنانى هێز، هیچ كێشهیهك چارهسهر ناكات.
لێرەدا داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین، كە دان بەخۆیدا بگرێت و هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە و ڕۆڵ بدرێتەوە بە بەڕێز ئۆجەلان وHDP و ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەك.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
25/7/2015
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 28/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دكتۆر ئەحمەد ئەمیری یاریدەدەری سكرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز ئەمیری خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستانی لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانیی و ڕاگەیاندندا دووپات كردەوە.
هەروەها باسی لە بارودۆخی عێراق و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد و پشتگیریی وڵاتەكەی لەم شەڕەدا بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و جەختی لەوەش كردەوە كە پاراستنی ئاسایش هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانە بۆیە بە هەموو شێوەیەك هاوكار دەبن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەموو بوارەكاندا و زیاتر بەهێزكردنی، دووپات كردەوە.
هەروەك سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد كە لە سەرەتای هەڕەشە و هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كرد و ئەم هەڵوێستەشی بە جێگەی ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان قبوڵ كرد.
تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ، تەوەرێكی دیدكەی دیدارەكە بوو.
بهناوی خوای مهزن و دلۆڤان
شەوی چوارشەممە ٢٢ـی٧ـی٢٠١٥ تیرۆریستان زنجیرهیهک تهقینهوه و کاری تیرۆریستییان له شاری بەغدا ئهنجام دا که بهداخهوه ژمارهیهکی زۆری هاووڵاتییان شههید و بریندار بوون.
سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان زۆر به توندی ئهو كردهوە نامرۆڤانەیەی تیرۆریستان سهركۆنه دهكات، هاوكات پرسه و سهرهخۆشی له كهسوكاری قوربانیان دهكات و بهشداری خهمیان دهكات و هیوای چاکبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازێت.
بە داخەوە تیرۆریستان لەپێناو ئامانجە دژە مرۆییەکانیان دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزن، هیوادارین دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا بتوانن ڕێگە لە ڕوودانی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە بگرن و ئاساییشی هاووڵاتییان بپارێزن.
سهرۆکایهتیی ههرێمی کوردستان
٢٣ـی٧ـی٢٠١٥
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئێگهارد برۆس باڵیۆزی ئەڵمانیای فیدراڵ لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز برۆس خۆشاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی ڕەوشی سیاسیی عێراقی بە شێوەیەكی گشتی و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كرد و هیوای خواست كێشەكان له ڕێگەی دیالۆك و گفتوگۆوه چارەسەر بكرێن، سیستمی فیدرالیشی بە باشترین سیستمی دەسەڵات بۆ عێراق زانی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئهڵمانیا لە هاوكارییكردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دهبێت و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی كەوتۆتە سەر شانیان، پێشوازییان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و بە شێوەیەكی زۆر باش پێداویستی و جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین كردوون.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە خوازیارن كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی كه بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا، بە تایبەتی لە بوارەكانی بودجە و نەوتدا، سەردانی بەغدا بكات. بەڕێزیان ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بێن و چاودێریی شەفافییەتی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە بكەن، ئاماژەی بەوەش دا كاتێك ساڵی دوو هەزار و سێ چوونە بەغدا، بە ئومێدی دروستكردنی عێراقێكی نوێ بوون، بەڵام ئەمە ڕووینەدا.
هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانیى نێودهوڵهتى كرد كە لە شەڕی دژی داعشدا پێشكەش بە هێزی پێشمەرگەیان كردووە و هۆكارێك بوون پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆر بەردەوام بێت. هیوایشی خواست لە هەردوو بواری مرۆیی و سەربازییەوە زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەردوو بوارەكاندا باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵك و خاك و ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكەن.
لە بارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانیشهوه لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، بەرێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەسەر بنەمای بەرژوەندیی هاوبەش هەبێت.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات