مەیسەم سولەیمانی/ تەنھا یەک پرێسک بەس بوو بۆ ئەوەی ئاشتییەک کە ساڵیانێک بوو ھەوڵی بۆ دەدرا، لەناوبچێت. رۆژی رابردوو پ.کا.کا رایگەیاند ئاشتی نێوان ئەم گروپە و حکومەتی تورکیا کۆتایی ھاتووە و سەر لەنوێ لەگەڵ ئەنقەرە دەچێتە شەڕەوە. تورکیا ناوچەیەکی زۆری ژێردەسەڵاتی پ.کا.کای لەناوخاکی عێراق بوردومان کردووە و بە فەرمی و بە کردەوە چووەتە ناو بەرەی دژە داعشەوە بە رابەری ئەمریکا. بەڵام تورکیا ھێشتا سنوورێکی دیاری بۆ شەڕی دژە تیرۆر رانەگایندووە. بە پێی وتەکان داوود ئۆغلو سەرۆک وەزیری تورکیا، وادیارە ئەنقەرە لە ئێستادا تیرۆریستەکانی داعش و کوردەکانی وڵاتەکەی بە یەک دەزانێت. لەم رووەوە لەگەڵ جەنابی "نازم عومەر دەباغ"، نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران وتووێژێکمان کرد و ئاکامەکانی کۆتاییھاتنی ئەم ئاشتییەمان خستە بەرباس.

 

پ.کا.کا رایگەیاندووە کە کۆتایی بە ئاگربڕی لەگەڵ تورکیا دەھێنێت، ئەمە چە کاریگەرییەک لەسەر ھەردوولا دادەنێت؟

بە گشتیی پابەندنەبوون بە ئاگربڕ بابەتێکی نەرێنییە و لەچاونەگرتنی لە لایەن ھەرکام لە لایەنەکانەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ھۆی شەڕ لە نێوانیاندا. تورکیا ئێستا ھێرشی ئاسمانی بۆسەر مۆڵگەکانی پ.کا.کا دەست پێکردووە و ئەمەش دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ پابەندنەبوون بە رێککەوتنی ئاشتیی. بەڵام دەبێت بڵێین شەڕ ئاکامێکی باش لێناکەوێتەوەو دەبێت ھەردوولا بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە شەڕ خۆیان بپارێزن، چونکە بێ‌سوودە.

 

تورکیا رایگەیاندووە دەبێتە بەشێک لە ئێتلافی دژەداعش، ئەمە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

بە ڕای من تورکیا ناچار بوو لەگەڵ داعش شەڕ بکات، چونکە نیشانەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکەی ناوچە کوردییەکەی تورکیا لە لایەن داعشەوە کراوە، بە دڵنیاییەوە داعش دوای کۆتاییھاتنی کارەکانی لە سوریا و عێراق بەرەوە تورکیا دەڕوات، مەترسی داعش تەنھا بۆ سوریا و عێراق نییە، بەڵکوو بۆ ھەموو ناوچەکەو جیھانە، بەڵام لەوانەیە تورکیا داعش وەکو کەرەسەیەک بەکاربێنێت بۆ سەرکووتکردنی کوردەکانی سوریا و تورکیا.

 

واتا تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان داعش و پ.کا.کا؟

بۆ تورکیا تۆفیر ناکات. بەو ھۆکارەی کە ھەروەھا کە داعش بە تیرۆریستی دەناسێت پ.کا.کاش بە تیرۆریست دەناسێت و بە بیانووی دژایەتیکردنی تیرۆر پ.کا.کا دەکاتە ئامانج. بەڵام دەبێت وردتر تیرۆریسم پێناسە بکرێت تاوەکو سنووری نێوان کوردەکان و داعش روونتر بێتەوە.

 

ئەگەر شەڕ لە نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا ھەڵگیرسێت ئاکامەکەی بە کوێ دەگات؟

ئەمە پێشتریش روویداوە و ئاکامەکانیشمان بینیوە. بەڵام ئێستاکە ھەر شتێک بێت دەبێت پێکەوە یەکگرتوو بین تاوەکو تیرۆریستەکان لەناوبەرین.

 

کۆتایی ئاشتی نێوان ئەم دوولایەنە ئایا کۆتایی ھێمنییە لە ناوچەکەدا؟

بەڕای من ئەم رووداوە کێشەی زۆر و گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەو ھێمنی و سەقامگیرییەی یەک ساڵی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەناو دەچێت.

 

ئایا کۆتایی‌ھاتنی ئاشتی دەرفەت بۆ داعش ناخولقێنێت تاوەکو بتوانێت لە ناو خاکی سوریا زیاتر بەرەو پێش بڕوات؟

ئەم رووداوە بە دڵنیاییەوە دەرفەتە بۆ داعش. شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پ.کا.کا بەرەوپێشچوونی داعش بۆ ناوچە کوردییەکانی ناو خاکی سوریا ئاسانتر دەکات و کوردەکان لەم ناوچانەدا لاواز دەکات.

 

ئەگەر شەڕی نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا بێتە ئاراوە، ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەمیشە بەدوای ئاشتی، سەقامگیری، ھێمنی و ئاسایش و وتووێژ و دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی بووە و ئەم ھەرێمی ھیچکات ناچێتە ناو شەڕێکی وەھاوە. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕ‌ە رووبدات، یەکێک لەو ناوچانەی بە دڵنیاییەوە زیان دەبینێت ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

 

ڕۆژنامەی ئیعتماد، یەکشەمە ٤ گوڵانی ١٣٩٤ ھەتاوی، ساڵی سێزدەیەم، ژمارە ٣٣٠٠، بەشی "وتووێژی ڕۆژ"، لاپەڕەی ٦.

بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، بەڕێز دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لە نامەیەکدا پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە نامەکەیدا، ویڕای جەژنەپیرۆزە، هیواد شادی و ئارامی بۆ سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان خواستووە.

ڕۆژی هەینی 24ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپا و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەگریی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و سوپاسی ئەو هەماهەنگی و كارە هاوبەشەی كرد كە لە نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە و بە كارێكی نموونەیی و سەركەوتووی وەسف كرد و هەروەها سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دووپاتكردەوە و هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای بە هاوبەشییەكی مەزن بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەكە لەقەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوونە و ئەوەی خستەڕوو كە بە كاری هاوبەش توانیمان سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنین، هەروەها ڕەزامەندیی خۆیشی لە ئاستی هەماهەنگیی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە نیشاندا كە زۆر دەقیق و ورد بووە بە جۆرێك كە تا ئێستا هیچ زیانێك بە خەڵكی سڤیل نەگەییشتووە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئێمە جێگەی شانازییە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و لەگەڵ ئەوەیش ئەو شەڕە تەنیا شەڕی لایەنێك نییە لەگەڵ تیرۆر، بەڵكو شەڕی هەموو لایەكە. بۆیە بەكاری هاوبەش و پێكەوەیی دەكرێ ئەنجام و سەركەوتنی زۆر باش بەدەست بهێنرێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. پەیوەست بە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دیموگرافی موسڵ پێویستە دڵنیاییەكی تەواو بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی موسڵ بدرێت كە چیتر تووشی كارەسات و نەهامەتی نابنەوە و ماف و داواكارییەكانیان مسۆگەر دەكرێن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لە دژایەتیكردنی تیرۆردا بارودۆخی عێراق و سووریا بەیەكەوە بەستراوە و پێویستە لە هەر دوو شوێن تیرۆریستان تێكبشكێندرێن و لەناو ببردرێن. لە ئاستی ناوچەییشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان باسكرد كە نابێ هیچ لایەك تیرۆر وەك كارتی سیاسی لەدژی لایەنەكانی دی بەكار بەهێنێت چونكە دواجار ئاگر و زیانەكانی تیرۆر بەر خۆی دەكەوێتەوە.

لەم دیدارەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزراەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

جێگەی ئاماژە پێكردنە بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە دەفتەری پڕۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتیی هەرێم یادداشتێكی نووسی كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بۆ سەرۆك بارزانی و هاوكارەكانی

لەگەڵ شانازییەكی گەورە بۆ لێهاتوویی و ئازایەتیی پێشمەرگە و حیكمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، دۆستایەتیی لەگەڵ ئەمەریكا.

ئێمە بەهیوای بەردەوامبوونی ئەو هاوبەشییەمانین لە ئاییندەدا.

ئاشتن كارتەر

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا

24-7-2015

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی ئێران نووسیوییەتی: کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕۆژنامەی ئێرانی ڕۆژی پێنجشەمە سەبارەت ەب ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کاروانی لاوانی کورد لە ناوچەی سوروچ وتارێکی نووسیوە کە دەقە تەواوەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە:

ناوچەی سوروچ لە سنووری نێوان تورکیا و سوریادا، رۆژی دووشەممە تەقینەوەیەکی بەھێزی بەخۆیەوە بینی. ئەحمەد داوود ئٶغلو، سەرۆک وەزیری تورکیا گروپی تیرۆریستی داعشی بە بەرپرسی ئەم خۆکووژییە ناساند و وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، بەڵێنی‌دا تا ھەموو دەست و پێوەندیەکانی ئەم کردەوە بە سزای خۆیان بگەن، وە بەدواداچوونی بۆ دەکات. سەرەڕای ئەمە کوردەکانی تورکیا، سوریا و عێراق کە بە سەرھەڵدانی داعش چەندین زامی گەورە لەوانە رووداوەکانی کۆبانێ‌یان، بەسەردا ھاتووە، چاوەڕوانی بەڵێنەکانی داوود ئۆغلو نابن و پێشمەرگەکانی کورد لە پێناو سەندنەوەی مافی خوێن‌ی رژاوی گەنجەکانیان کە ھیچ ئامانجێکیان نەبوو جگە لە ھاوکاریکردن و یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئاوارەی خۆیان، ھەڵدەستنەوە. بە سەیرکردنی رووداوەکانی عێراق و سوریا، بۆمان دەردەکەوێت کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی. جگە لەمە، سەرکەوتنی حزبی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیادا ھێزێکی دیکەی بەخشییە کوردەکان و ئێستاکە دوژمنانی کورد بھتایبەت لە عێراق، تورکیا و سوریا ھەوڵی شکاندنی ئەم ھێزە دەدەن بەڵام ھەرچی کات تێدەپەڕێت و کردەوەی تیرۆریستی دژی کوردەکان پەرە دەستێنێت دژکردەوەی پێشمرگەش زیاد دەکات و باشتر دەبێت.

خاڵێکی دیکە کە دەبێت سەرنجی بدەین ئەوەیە کە داعش لە دەرەوەی زەوییەوە بەھێز ناکرێت، بە دڵنیاییەوە سنوورێک ھەیە کە لە رێگایەوە یارمەتی و کەرستەی جۆراوجۆر لەوانە چەک و تەقەمەنی و یارمەتی مرۆیی و ... دەگاتە دەستی و تەنھا سنوورێک کە بۆ ئەمە بوونی ھەیە سنوورەکانی تورکیایە. ھێرشی تیرۆریستی رۆژی دووشەممە بۆ کاروانی لاوانی کورد لە سنووری تورکیا جارێکی دیکە ئەمەی بە جیھان و بەرپرسانی ئەنقەرە نیشاندا کە داعش مەترسی نییە بۆ سەر یەک یان دوو گروپ، بەڵکوو مەترسییەکی نێودەوڵەتییە. بۆیە دەبێت تورکیا ئەگەر ئێستاش ئامادە نییە لە سیاسەتی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوین پاشەکشە بکات لە داھاتوودا دەبێت ئەم ئاڵوگۆڕە بکات. جگە لە تورکیا دەبێت ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ھوشیار بن کە یەکگرتوویی نێودەوڵەتیی دژی داعش تەنھا ئەگەری رووبەرووبوونەوەیە دژی ئەم گروپە. وڵاتانی ئەوروپایی ئەزموونی پێگەیاندنی گروپە توندڕەوەکانییان ھەیە و بە باشی ئاکامەکەی دەناسن. کاتێک کە ئەم گروپانە لە ئەوروپا گەشەیان کرد و وڵاتانی ئەوروپایی بە بیانووی دیموکراسییەوە پێشیان پێ‌نەگرتن، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەوروپایی بە تەواویی ھەست بە مەترسی ئەم گروپانە دەکەن و بۆ دوورخستنەوەیان لە ئەوروپا یەکیان گرتووەو لەم پێناوەشدا ئەم گروپە مەترسیدارانە بەرەوە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەت عێراق، سوریا، ئەفغانستان و ... رەوانە دەکەن. بۆیە ئەگەر لە بارودۆخ و ھۆکارەکانی دروست‌بوونی داعش ورد نەبینەوە و ریشەکانی نەناسین و ئەم بارودۆخ و ھۆکارەکانە لەناو نەچن، ھیوایەک بۆ

لەناوچوونی ئەم گرووپە نامێنێت و کردەوەکانیان درێژەی دەبێت.

 

 

ڕۆژنامەی ئێران، گۆشەی "جیھان نەما"، پێنجشەمە ١ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی ھەتاوی، ساڵی بیست و یەکەم، ژمارە ٥٩٨٣، لاپەڕەی ٢٠.

ڕۆژی دووشەممە 20ـی 7ـی 2015 كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سەنتەرێكی كولتووریی گەنجان لە شارۆچكەی پرسووسی سەر بە ئۆرفای باكووری كوردستان ڕوویدا و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەو ناوچەیە. زۆر بە توندی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و دڕندانەیە ئیدانە دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و ئومێدی چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازین و هاوخەمی خۆمان بە خوشك و براكانمان لە باكوور ڕادەگەیێنین.

تاوانی شەهیدكردنی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی كردەوەی دڕندانە، نیشانەی شكست و پەلەقاژەی تیرۆریستانە كە دژی هەموو بەهایەكی مرۆڤی و ئایینین. لەوەیش دڵنیاین كرداری تیرۆریستیی لەمجۆرە ئیرادەی هەموو لایەك بەهێزتر دەكات بۆ لەناوبردن و تێكشكاندنی تیرۆریستان.

سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان

شكست و سەرشۆڕیش بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی



سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

20ـی 7ـی 2015

ڕۆژی دووشەممە 20ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. خالد بن محەمەد ئەلعەتیە وەزیری دەرەوەی قەتەر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی قەتەر سڵاوی ئەمیری قەتەری بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەروەها ستاییشی پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگەی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و پێشڤەچوونی كوردستان بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیشی كرد كە لەگەڵ ئەوەی كوردستان لەشەڕ دایە و قەیرانی ئابووریشی هەیە بەڵام بووەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە كە لە نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینیی جیاواز پێكهاتوون.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی ئاوارەكان و جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی خۆی دەزانێت و ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان كردوویەتی بەڵام ژمارەی ئاوارە و پەنابەران یەكجار زۆر و لە دەرەوەی تواناكانی هەرێمی كوردستانە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە دەركەوتن و گەشەی تیرۆریستان لە عێراق و مەترسییەكانی تیرۆر دا و ڕایگەیاند ئەو تاوان و دڕندەییەی تیرۆریستان لە دژی خەڵك و پێكهاتەكان ئەنجامیان داوە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. ئەوەیشی خستەڕوو كە تیرۆریستان سوودیان لە ململانێی تاییفی و بارودۆخی نالەباری سیاسی وەرگرت و گەشەیان كرد. سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەمە لایەنە هەیە و لە تەك شەڕی سەربازی پێویستە لەڕووی سیاسی و فكری و ئابووریشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت. هەروەها ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕاگەیاند كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا بارودۆخی عێراق و سووریا بەیەكەوە بەستراوە و پێویستە لە عێراق و سووریا تیرۆر لەناو ببردرێت.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی قەتەر تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی حكوومەتی هەرێمەوە ئیدانەی كارە تیرۆرستییەكەی شاری پرسوسی توركیای كرد و ڕایگەیاند حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی ئەو كارە تیرۆریستییەی پرسوس كە ژمارەیەك خەڵكی سڤیلی كردە ئامانج، ئیدانە دەكات و پرسە و سەرەخۆشی لە كەس و كاری شەهیدان دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.

بەڕێز دزەیی هەروەها گووتی ئەو كارە تیرۆرستییە ترسنۆكە سەلماندی كە تیرۆر هیچ سنوورێك ناناسێت و لە هەركوێیەك بۆی بلوێت دەستی ڕەشی خۆی دەوەشێنێت، ئەمەش گرنگیی بەرەی دژی تیرۆر لە هەر شوێنێك پشتڕاست دەكاتەوە.

بەڕێز سەفین دزەیی دووبارە هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ كەس و كاری شەهیدان و برینداربووانی هێرشە تیرۆریستییەكە دووپات كردەوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران له‌گه‌ڵ جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران کۆبۆوه‌.

 "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له ئێران داوی بانگهێشتێک لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی پزیشکی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران،سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ (٢٢/٧/٢٠١٥) سەردانی ئه‌م زانکۆیه‌ی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان "دکتۆر بیژەن نەقیبزادە" جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی و  "دکتۆر ئەحمەد قەرەباغیان" بەڕێوەبەریی کاروبار و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و دکتۆر "کەمال وەیسی" نوێنەری کاروباری نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد.

لە دانیشتنەکەدا باس لە هاوکاریی زانکۆیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرا و هەروەها سه‌بار‌‌ه‌ت به‌ چۆنییەتی وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان له‌ لایه‌ن زانکۆکانی ئێران و گۆڕینەوەی زانیارییە پزیشکییەکان هاتنه‌ ئاخاوتن.

لەم کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هەروەها بەرپرسانی زانکۆی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران باسیان لەوە کرد کە بە زووترین کات پرۆژەیەکی هاوکاریی پێشنیارکراو لە لایەن زانکۆکەیانەوە ئامادە دەکەن و پێشکەشی وەزاره‌تی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی دەکەن.  

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی