هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نازم دەباغ: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خوازیاری ناسینەوەی بەرپرسانی کۆنفڕانسی هەولێرن

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: وەزارەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئیسڕائیل لە هەولێری بە توندی ئیدانە کرد و خوازیاریی پێکهێنانی هەر چی زووتری لێژنەیەکە بۆ ئەوەی کە لەسەر چۆنییەتی پێدانی ئیزنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی لەم چەشنە بەدواداچوون بکات. 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی "دانشجو" SNN ئێرانی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئیسڕائیل لە هەولێر بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسڕائیل گوتی: وەزارەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئیسڕائیل لە هەولێری بە توندی ئیدانە کرد و خوازیاریی پێکهێنانی لێژنەیەک بوو بۆ ئەوەی کە لەسەر چۆنییەتی پێدانی ئیزنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی لەم چەشنە بەدواداچوون بکات.

 

گوتیشی: ئەو بەرپرسانەی کە پێدانی ئیزنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی لەم چەشنەیان داوە، شایەد وشیاریی سیاسییان نەبووبێت. بێگومان مەبەست لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لەم چەشنە خراپکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی ئیسلام و وڵاتانی ناوچەکەیە.  

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە "ئایا مەبەست لە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئیسڕائیل لە عێراق، ئامادەکردنی ڕای گشتی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلە؟" گوتی: یەکێک لە یارییەکان ئەوەیە کە ئەم کەشووهەوایە بڕەخسێنن کە چۆن کۆبوونەوەی لەم چەشنە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن؛ کەوابوو عێراق خوازیاریی چاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلە، لەڕاستیدا ئەوان بەشوێن تێکدانی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدان.

 

لینکی هەواڵ:

snn.ir/0043UU

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: به‌ريتانيا ده‌يه‌وێت له‌ زۆر بواردا هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان بكات

پاش دوا وێستگه‌ى سه‌ردانى بۆ له‌نده‌ن و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئه‌كاديمياى شاهانه‌ى ساندهێرستى سه‌ربازيى به‌ريتانى، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك هه‌رێمى كوردستان، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيدا گوتى:

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانماندا بۆ به‌ریتانیا ئه‌مڕۆ سه‌ردانی ئه‌كادیمیای سه‌ربازیی شاهانه‌ی به‌ریتانیامان كرد. خۆشحاڵ بووین كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌ی هه‌یانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش دوو كه‌س به‌شدار بوون، دوو ئافره‌ت كه‌ به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ی بینیم جێی شانازین بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ لێره‌ فێری ده‌بن. به‌ هیوا‌ی ئه‌وه‌ی لێره‌ فێر ده‌بن كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستانیش بتوانن ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ده‌ستیان هێناوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن. به‌ هیوای ئه‌وه‌ین بتوانین له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خه‌ڵكێكی زیاتر بۆ ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ بنێرین تاكو فێر ببن. ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌دا‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها وه‌ك خۆتان ده‌زانن چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی هاتین بۆ له‌نده‌ن و چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بوو، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كه‌ خۆی كورده‌، هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری. چاوپێكه‌وتنه‌كان هه‌مووی زۆر به‌ باشی به‌ڕێوه‌ چوون. په‌یوه‌ندیی كورد و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنه‌، به‌ریتانیا هه‌ر له‌ ساڵی 1991ـه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی هه‌رێمی كوردستاندا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ پرسی سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراقدا. خۆشحاڵ بووین كه‌ جارێكی ديكه‌ هاتینه‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بارودۆخی عیراق، هه‌ڵبژاردنه‌كان و چۆنیه‌تیی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیامان تاوتوێ كرد، هه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دیكه. هیوادارین بتوانین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین. بابه‌تی داعش پرسێكی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه‌ بوو، وێڕاى بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ چۆن بتوانین بواره‌كانی ئابووری و بازرگانیش له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵوێستی چی بوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “بێگومان پشتگیریی خۆی بۆ سه‌قامگیری و ئارامی و پێشكه‌وتنی عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش دووپات كرده‌وه‌ و جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پشتگیریكردنی هه‌رێمی كوردستان و عیراق”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ بۆچی به‌ریتانیا گرنگی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات، به‌ڕێزیان گوتی “وه‌ك باسم كرد په‌یوه‌ندییه‌كانمان كۆنن و بۆ به‌ریتانیا سه‌قامگیریی عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا پرسێكی گرنگه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئێمه‌ به‌رله‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌فغانستان به‌رنامه‌ڕێژی بۆ كرابوو، به‌ڵام بێگومان به‌ریتانیا وه‌ك ئه‌ندامێكی چالاكی هاوپه‌یمانیی دژی داعش و هاوكار بۆ عیراق سه‌یری هه‌رێمی كوردستان ده‌كا‌ت و له‌و باوه‌ڕه‌دام به‌رتیانیا ده‌بینێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ عێراق ڕۆڵێكی گرنگی بۆ سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌”.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ریتانیا له‌ چ بوارێكدا ده‌یه‌وێت هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد “به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت له‌ زۆر بواردا یارمه‌تيی هه‌رێمی كوردستان بدات، ئه‌وه‌ی بینیم ده‌یه‌وێت هاوكاريی هه‌رێم بكات له‌ پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، ده‌یه‌وێت یارمه‌تیمان بدات له‌ بواری ئابووری له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یه‌وێت له‌ بواری په‌روه‌رده‌شدا یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بدات، واته‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و بوارانه‌ن كه‌ پێموایه‌ به‌ریتانیا ده‌توانێت تياياندا هاوكار بێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشدا به‌م شێوه‌یه‌ باسمان كردووه‌”.

 

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-britain-wants-to-help-the-kurdistan-region-in-many-areas/

 

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێنشينى ئه‌بوزه‌بى كۆبووه‌وه‌

له‌ دوا ڕۆژى سه‌ردانيدا بۆ به‌ريتانيا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌لايه‌ن به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید، جێنشینی ئه‌بوزه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئیمارات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌بوزه‌بييه‌وه‌، له‌ شوێنى مانه‌وه‌ى پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ ئيمارات، دۆخى سياسى و هه‌ڵبژاردن و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى عيراق، سه‌ردانى هه‌ردوولا بۆ له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه و گفتوگۆيان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بۆريس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا، دوايين پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و له‌سه‌ر گرنگيى بره‌ودان به‌ هه‌وڵه‌كان و هاريكارى و كارى هاوبه‌ش له‌پێناو پاراستنى سه‌قامگيرى و چارەسه‌ركردنى كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌دا هاوڕا بوون و له‌مباره‌يه‌وه‌ بيرورايان ئاڵوگۆڕ كرد.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-abu-dhabi-crown-prince/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى ئه‌كاديمياى ساندهێرستى سه‌ربازى ده‌كات

له‌ دوا وێستگه‌ى سه‌ردانيدا بۆ له‌نده‌ن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌كاديمياى شاهانه‌ى ساندهێرستى سه‌ربازيى ناسراو له‌سه‌ر ئاستى جيهان به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌يه‌ك قوتابيى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ خوێندن و پێگه‌ياندن و خول و ڕاهێنانه‌كانيدا به‌شدارن و گه‌وره‌ترين ئه‌كاديماى سه‌ربازيى به‌ريتانييه‌.

به‌رپرسانى ئه‌كاديمياكه‌ بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و ئه‌ركى دامه‌زراوه‌ ئه‌كاديمى و سه‌ربازييه‌كه خسته‌ ڕوو كه‌ سه‌ركرده و پله‌دارى‌ سه‌ربازى به‌ لايه‌نى ئه‌كاديمى و مه‌يدانى ئاماده‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌پێى به‌رنامه‌يه‌ك كه‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستانيش لێى سوودمه‌ندن، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جيهانه‌وه‌ به‌شداريان هه‌يه‌ و له‌گه‌ڵ خوێندنى ئه‌كاديمى، لايه‌نى مه‌شق و ڕاهێنانى جه‌سته‌يى و سه‌ربازيش بۆ به‌شداران په‌ره‌پێده‌ده‌ن.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگى و پێويستيى هاوبه‌شى و سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عيراقدا له‌و ده‌رفه‌تانه‌ كرده‌وه‌ و له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى عيراق و پاشان له‌ ديدارێكى تايبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستخۆشى و پيرۆزبايى لێكردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها به‌شداريى ئه‌وانى به‌ گرنگ و جێى بايه‌خى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و به‌ هيواى به‌رده‌وامبوون و به‌شداريى زياتر له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سوپاسى حكوومه‌تى به‌ريتانياى كرد بۆ ڕه‌خساندنى ئه‌م ده‌رفه‌ته.

له‌ كۆتاييشدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ياداشتێكى له‌ ده‌فته‌رى ياداشتى كه‌سايه‌تى و سه‌ردانيكار و ميوانانى ئه‌كاديميادا نووسى و سوپاسى به‌ر‌پرسانى ئه‌كاديمياكه‌ى كرد.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-visits-sandhurst-military-academy/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ هەینی 17ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کرد. 

لە دیدارەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاووتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە .
لەتەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا،کە پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت، كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق.

 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2021/september/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%BE%DB%8E%D8%B4%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%84%DB%95-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9-%DA%A9%DB%86%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D8%AA/

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

پاشنيوه‌ڕۆى رۆژی هه‌ينى 2021/9/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌ديم زه‌هاوى، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى تازه‌يدا له‌ به‌ڕێز زه‌هاوى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و گوتى: مايه‌ى شانازييه‌ كه‌ ده‌بينين بۆ يه‌كه‌مجاره‌ كوردێك له‌ به‌ريتانيا له‌ بوارێكى گرنگدا ده‌بێته‌ وه‌زير و له‌ زۆر بوارى ژيانى سياسى و كارگێڕيدا سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها گرنگيى سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتنه‌كانى به‌ريتانيا له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى خوێندنى پيشه‌ييدا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر پێويست و گرنگه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نه‌ديم زه‌هاوى خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردان و ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى كه‌ يه‌كه‌م شاندى فه‌رميى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيايه دواى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، پێشوازى لێده‌كات و له‌گه‌ڵياندا كۆدبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى به‌ريتانيا بۆ هاوكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك وڵاتانى ديكه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، ده‌توانێت له‌ بوارى كارى هاوبه‌شمان سوودمه‌ند بێت.

ئاڵوگۆڕى بيروڕا ده‌رباره‌ى دۆخى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/the-president-of-the-kurdistan-region-meets-with-the-british-minister-of-education/

پەڕەى 84 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی