هەرێم - ئێران

    هەرێم - ئێران

ئێن.ئاڕ.تى - بڕیارە سبەینێ وەفدێکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بەرهەم ساڵح سەردانى تاران بکات و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە.

 "نازم دەباغ" نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە تاران بە ئێن.ئاڕ.تى ڕاگەیاند، وەفدەکەى یەکێتى بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوخۆى هەرێم و عێراق و ناوچەکە سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات، بەبێ ئەوەى ڕوونکردنەوە بدات لە سەر ناوەڕۆکى سەردانەکە و ئەو بەرپرسانەى ئێران کە لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە.

 دەربارەى ئەوەى سەردانى وەفدەکەى یەکێتى بۆ تاران تا چەند پەیوەندى بە ڕاکێشانى بۆرى نەوت و غازەوە هەیە بۆ ئێران، نازم دەباغ وتى، هێشتا دیار نییە وەفدەکە باس لەو بابەتەکە دەکات یاخود نا.

 وتیشى، وەفدەکەى یەکێتی پێکهاتووە لە بەرهەم ساڵح  جێگری دووەمی سکرتێری گشتی و ئەرسەلان بایز ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و عەدنان حەمەى مینا ئەندامانى سەرکردایەتى یەکێتى، بڕیارە ڕۆژى چوارشەممەى داهاتووش وەفدەکە بگەڕێنەوە هەرێم.

 سەردانى وەفدەکەى یەکێتى بۆ تاران لە کاتێکدایە، ئێستا لێکتێگەیشتنیک لە نێوان تاران و هەولێردا کراوە بۆ گواستنەوەى نەوت و غازى هەرێم بۆ تاران لە ڕێگەى بۆرییەوە، بەڵام تا ئێستا نەچوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

دواڕۆژ: دەربارەی ئاڵۆزیەكانی ماوەی رابردووی ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان "نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "له‌ڕاستیدا ئه‌م کێشه‌‌یه، کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نییه و چه‌ند ساڵ جارێک رووده‌دات، به‌ڵام رووداوی ئه‌م جاره به پێی ئاڵوگۆڕه‌کان و بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشوو".

 

"نازم دەباغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران لە دیدارێكدا كە لە لایەن نووسینگەی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە تاران بۆ دواڕۆژ نێردراوە، دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ندین مانگ پێشتر په‌یامی بۆ ئێمه ناردووه که زانیارییان هه‌یه لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان هه‌وڵی چالاکی سه‌ربازی ده‌ده‌ن و هێزه‌کانیان بۆ چالاکی سه‌ربازی له کۆماری ئیسلامی ئێران کۆده‌که‌نه‌وه، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادارییان کردینه‌وه به پێی راگه‌یاندنه‌کانی "رووداو" و "کوردستان ٢٤" له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ده‌نگوباس و  چالاکییانه‌دا که په‌یامێکی تێدابووه بۆ ئێران، بۆیه کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکه په‌یامی نارده‌وه که هه‌ر چالاکییه‌کی سه‌ربازی هێزه کوردییه‌کان له‌ ناو ئێران ئه‌نجام بدرێت ئێمه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌مان ده‌بێت و شوێنه‌کانیان له هه‌ر شوێنێکی هه‌رێمی کوردستان بێت بوردومان ده‌که‌ین".

 

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەشڵێت: "ئەوەی لێره‌دا پێویسته باسی بکه‌ین ئەوەیە كە رێککه‌وتنی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌روه‌ها حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێز و لایه‌نه‌ ئێرانییه‌کانی ناو هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر له ساڵی ١٩٨٦ که ئه‌و کاته وه‌کوو لایه‌نه سیاسییه‌کان و به تایبه‌ت یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی ئێرانی چ کورد و چ فارس باسی لێوه‌ کراوه ‌و رێککه‌وتین نه ئێران له ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان و له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتمانیی په‌لاماری هێزه ئێرانییه‌کان بدات و نه هێزه ئێرانییه‌کان له سنووره‌کانی ئێمه په‌لاماری ئێران بده‌ن، ئه‌و رێککه‌وتنه له‌و سه‌رده‌مه‌دا جێبه‌جێ‌کرا و به‌رده‌وام بوو تا پێکهاتنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و رێککه‌وتنه‌که گواسترایه‌وه بۆ ناو سیستمی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، تا ئێستاش حکوومه‌ت و حزبه‌کانیش سوورن و دڵنیاییان داوه که پێویسته ئه‌م رێککه‌وتنه رێزی لێبگیردرێت و مافه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌‌نگییه‌کانی لایه‌نه سیاسییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت. پێویست ده‌کات باسی ئه‌وه‌ش بکه‌م که کڕۆکی ئه‌م رێککه‌وتنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیروبۆچوونه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال له‌و سه‌رده‌مه‌دا".

 

دەیشڵێت: "به پێی ئه‌زموونی رابردوو، هه‌میشه له‌م کاتانه‌دا حکوومه‌تی هه‌رێم توانیوییه‌تی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی ئێرانی، پابه‌ندی خۆیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و رێزگرتن له بنه‌ماکان ئه‌نجامداوه و وه‌ڵامی ئه‌رێنییان بووه بۆ چاره‌سه‌رکردن. به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ست ده‌که‌ین بیروڕای جیاجیا هه‌یه چ له نێو لایه‌نه‌که خۆی و چ له نێوان لایه‌نه جیاوازه‌کان، به تایبه‌تی له که‌شی ئارامدا ئه‌وانه‌ی دوورن له مه‌یدان، به شێوه‌یه‌کی دیکه بیر ده‌که‌نه‌وه‌و پێیانوایه دژایه‌تی جووڵانه‌وه‌که‌یان ده‌کرێت، نازانن ئێمه وه‌كوو حکومه‌‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی میلله‌تی کورد له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌‌یه‌کی گشتیدا له‌به‌رچاو ده‌گرین و نامانه‌وێت به کاری که‌م شته‌ گه‌وره‌کان تووشی شکست بکه‌ین.  

 

"نازم عومەر دەباغ" دەڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که هه‌موو سه‌رکرده‌کان ده‌یکه‌ن، که به‌داخه‌وه شیوازی ئیشکردنمان له ناو هێزه سیاسییه‌ ئه‌ساسییه‌کان بێ متمانه‌یی پێوه دیاره ته‌نانه‌ت له‌ناو که‌سایه‌تییه‌کانی یه‌ک حزب و لایه‌نیشدا. له ‌ناو لایه‌نێکی سیاسیدا که‌سێک به‌رپرسه ناوێرێت کورسییه‌که‌ی خۆی به‌جێبێڵێت چونکه پێیوایه له‌مه‌ودوا که‌س حه‌سێبی بۆ ناکات و ته‌نانه‌ت زه‌ربه‌شی لێده‌ده‌ن. بۆیه پێویسته ئه‌م متمانه له‌ناو یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان دروست بێت که مه‌ترسییان بۆ داهاتووی یه‌کتریی نه‌بێت. وه‌کو وڵاتانی رۆژئاوایی، بارودۆخه‌که ده‌گۆڕدرێت و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کان له سه‌رووی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی دیکه‌وه بێت. کاتێک له رۆژئاوا لایه‌نه‌كان حوکم ده‌ستاوده‌ست ده‌که‌ن رێز له یه‌کتر و به‌رنامه‌و پلانی یه‌کتر ده‌گرن".

 

لە كۆتایی دیدارەكەیشیدا نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "هیوادارم سه‌رکرده‌کانمان ئه‌وه‌نده بیرتیژتر بن که ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێده‌که‌ین ئه‌وان به کرده‌وه هه‌نگاویان بۆ نابێت. له رابردوودا له ١٩٨٤ له "سورداش" جه‌نابی مام جه‌لال بانگه‌وازیی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی راگه‌یاند، ئه‌مه یه‌ک لایه‌نه بوو له کاتێکدا جه‌نابی کاک مه‌سعود و خوالێخۆشبوو "ره‌سوڵ مامه‌ند" و سه‌رکرده‌کانی‌تر، به ده‌نگ بانگهێشتنه‌که هاتن و به‌رنامه‌ی ئاشته‌وایی گشتیی به‌رهه‌مه‌که‌ی دروستکردنی به‌ره‌ی کوردستانیی و راپه‌ڕین و حکومه‌ت بوو، واتا هه‌موو داخوازییه‌کان وه‌کوو خۆی جێبه‌جێ ناکرێت، پێویستی به لێبورده‌یی هه‌یه له داخوازییه‌کان و له ده‌سه‌ڵاته‌کان".

K24 - هه‌ولێر:"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان 24، له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران رایگه‌یاند: هه‌ڕه‌شه‌كه‌ هی هه‌موو ئێران نییه‌، به‌ڵام ده‌بێت قسه ‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

راشیگه‌یاند: هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێت كه‌ كه‌ناڵه‌كانی رایگه‌یاندن، به‌تایبه‌تیش كوردستان 24 پڕۆپاگه‌نده‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران، له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێم رایگه‌یاند: ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانن حه‌ق به‌ هیچ لایه‌نێك به‌حه‌ق دانانێن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكوومه‌تی كوردستان بكات.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، گوایه‌ حه‌قی به‌ ئێرانداوه هه‌ڕه‌شه‌ بكات، ره‌تیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنێك پێشتر، نابێت رێگه‌ به‌ كه‌س بدرێت خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران به‌كاربهێندرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێران به‌ پێی ئه‌و گوتانه‌ی ئه‌مڕۆ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتویانه‌، به‌ڵێندراوه‌ هه‌موو لایه‌ن چاره‌سه‌ریی ئه‌و كێشانه‌ بكه‌ن و به‌ڵێنیانداوه‌ پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بن".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند" به‌ڵێنیش دراوه‌ رێگه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادرێت خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و هیچ وڵاتێكی دیكه‌ی دراوسێ، به‌كاربهێنرێت.

 

به‌رده‌وامبوونی چالاكی چه‌كداری له ‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێران، واتا به‌رده‌وامبوونی چالاكی له‌ ناو خاكی ئێران، واتا به‌رده‌وامی بۆردوومانكردنی ئه‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ی ئه‌وانه‌ی لێوه‌دێت.

لە قۆناغى گەیشتن بە ڕیککەوتن لە بوارى وزەوە بۆ قۆناغى هەڕەشەکردن لە یەکتر، بە جۆرێک حکوومەتى هەرێمی کوردستان هەڕەشەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى بە هەڵوێستێکى نەگونجاو بینى و قبوڵی نەکرد.

مانگى رابردوو چەند پێکدانێک لە نێوان پێشمەرگەکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، کە بارەگانى سەرەکییان لە ناو خاکى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ سوپاى پاسداران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان روویدا.

دواى توندبوونەوەى پیکدادانەکانیش، "حوسێن سەلامى" جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران، ئاماژەى بە جموجوڵى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کرد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پەیامێکى هەڕەشە ئامێزى ئاڕاستەى بەرپرسانى هەرێم کرد.

جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى ئێران، هەڕەشەى وێرانکردنى هەرێمى کوردستانى لە حکومەتى هەرێم و خەڵکى هەرێم کرد و، وتى: هەر شوێنێک ببێتە سەرچاوەى هەڕەشە لە دژى حکومەتەکەیان ئەوا بەبێ لە بەرچاوگرتنى هیچ تێبینیەک و بە دڵنیاییەوە وێرانى دەکەن، کە مەبەستى بارەگانى حیزبى دیموکراتى کوردستانی ئێران بوو لە کۆیە.

چەند کاتژمێریک دواى ئەم لێدوانە، حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیەنراویکدا وەڵامى وتەکانى جێگرى فەرماندەى سوپاى پاسدارانى دایەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە قبوڵ ناکەن و نابێت بە هیچ شێوەیەک  ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمى کوردستان بەکاربهێنریت.

لە کۆبونەوەیەکیشدا "فەلاح مستەفا" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێم لەگەڵ هەر دوو کونسوڵگەریى ئێران لە هەولێر و سلێمانى داوایکرد، ئێران خاکى هەرێم و خەڵکەکەى نەکاتە ئامانجى هیچ هەڕەشە و هێرشێک.

هاوکات جیگرى کونسولى گشتى ئێران لە کۆبونەوەکەدا وتى: ئێران هێرش دەکاتە سەر هەر خاڵێک کە ببێتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر ئێران و، ئەوەشى بە مافێکى سروشتى خۆیان زانى.

هەروەها "نازم دەباغ" نوینەرى حکومەتى هەرێم لە تاران بە "ئێن.ئار.تى" وت: لێدوانەکاتى نێوان ئێران و هەرێم، کاریگەرییەکى ئەوتۆى نابێت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران.

لە بەرامبەر تۆپبارانکردن و بۆردومانکردنى ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان، لە لایەن ئێران و تورکیاوە، تا ئیستاش حکومەتى عێراق بێدەنگە هیچ هەڵوێستێکى لەو بارەیەوە دەرنەبڕیووە.

 

ئەم لێدوانانەى بەرپرسانى تاران و هەولێر لەسەر یەکتر، لە کاتکدایە کە هەر دوو لا لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى ڕێککەوتنامەیەک لە بوارى وزەدا و ڕاکێشانى بۆریى نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران.

نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە بەیاننامەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوە بە وتەکانی سەردار سەلامی وتی: زمانی بەیاننامەکە دۆستانەیە و هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتە سەر بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئێران.

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران لە دیمانەیەک لەگەڵ هەواڵنێری "مێهر" ئاماژەی دایە پاژەکانی ئەم بەیاننامەیە کە وەک کاردانەوەیەک بووە بە قسەکانی دوێنێ سەردار سەلامی.

بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، نازم دەباغ لە وڵام بە پرسیارێک سەبارەت بە زمانی بەیاننامە بلاوکراوەکەی هەرێمی کوردستان، وتی: ئەم بەیاننامەیە زمانێکی دۆستانەی هەیە و توند نییە.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران زیادی کرد: هەرێمی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا داوای کردووە کە بەردەوامیی بدرێت بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران.

وتیشی: لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوە کە کێشەکانی نێوان هەرێم و ئێران دەبێ لە ڕێگای دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

"نازم دەباغ" هەروەها وتی: هەرێمی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا وێڕای بە ئیجابی وەسف کردنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وەفدەکانی ئێران، داوای کرد پەیوەندییەکان بەردەوام بێت وەک رابردوو.

ڕاشیگەیاند لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان پێبەندە بە بەڵێنەکانی و ڕێگری دەکات لە هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران کە لە خاکی ئەم هەرێمەوە بکرێت.

ئەوەشی وت کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە کە زنجیرە کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام بێت هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنج شەمە.

"نازم دەباغ" ئەوەی ڕاگەیاند کە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لەوە تۆکمەیە کە بە وتەدان یان بە بەیاننامەیەک تێک بچێت.

 

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران جەختیشی کردە سەر پێداگری هەرێم بۆ زەروورەتی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەکانی ڕابردوو لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە تەوەرەکانی چارەسەریی سیاسی قەیرانە دوو لایەنەکان، جێگیرکردنی پاوەجێی لە سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران له‌گه‌ڵ"سه‌لاح البه‌نای" قونسووڵی میرنشینی کوێت لە کۆماری ئیسلامی ئێراندیداریی کرد.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢/٧/٢٠١٦ "سه‌لاح البه‌نای" قونسووڵی میرنشینی کوێت لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و هەر یەک لە "سۆران عه‌لی ئه‌مین" و "سەلام عارف روشدی" ئەندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا "سه‌لاح البه‌نای" لەبەر تازە دەستبەکاربوونی لە کۆماری ئیسلامی پێی خۆشبوو سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات و لە نزیکەوە خۆی بە نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانبناسێنێت. 

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا قونسووڵی میرنشینی کوێت لە تاران، پرسیاری لەبارەی بارودۆخی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شەڕیی داعش کرد. 

"نازم دەباغ" سەرکەوتنی بۆ "سه‌لاح البه‌نای" لە کارە تازەکەیدا خواست و باروودۆخەکەی بۆ روونکردەوە و بەتایبەت رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانله به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا باسی پەیوەندییە دیڕینەکان و تازەی نێوان هەرێمی کوردستان و میرنشینی کوێتی کرد و باسی لە چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان کرد لە دۆستەکانی لەو بارودۆخەی ئێستا‌دا.

لە کۆتاییدا "سه‌لاح البه‌نای" هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایه‌ن توندووتۆڵتربێت و حکوومەتی میرنشینی کوێت زیاتر هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەشەریی دژی تیرۆر و داڵدەدانی ئاوارەکانی ناوەڕاستی عێراق.

پەڕەى 43 لەکۆى 53 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی