یەک شەممە, 05 ک یەکەم 2021

سەلام روشدی لەگەڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان کۆبۆوە

"سەلام روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان / لقی هه‌ولێر له تاران، دیداری کرد.

له‌ درێژه‌ی کار و چالاکییه‌کانی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ڕۆژی یه‌کشه‌مه ٥ی دیسه‌مبه‌ری ٢٠٢١ سه‌ردانی شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان / لقی هه‌ولێری کرد که له‌سه‌ر بانگهێشتنامه‌ی کۆمپانیای "پارس ڕه‌ستاک" Pars Rastak به‌ڕێوه‌به‌ریی پێشانگا و کۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌‌ پیشه‌ییه‌کان له ئێران ‌و به مه‌به‌ستی به‌ره‌پێشبردنی ئابووری و بازرگانی هه‌رێمی کوردستان و زیادکردنی جووڵه‌ی بازرگانی سه‌ردانی شاری تارانی پایته‌ختی ئێرانیان کردووه که ئه‌ندامانی شانده‌که پێکهاتبوون له: "گه‌یلان سه‌عید عه‌زیز" سه‌رۆکی لقی هه‌ولێر، "خه‌لیل گۆران" جیگری سه‌رۆکی لقی هه‌ولێر، "عه‌بدوالخالق زرار عه‌بدوڵڵا"، "ڕه‌سووڵ عومه‌ر عه‌بدوڵڵا " و "هوشیار محه‌مه‌د ئیبڕاهیم" ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێری لقی هه‌ولێر و هه‌روه‌ها "خالید سه‌عید ئه‌حمه‌د" بازرگان.

 له‌م سه‌ردانه‌ی جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیی دۆستانه و فراوانکردنی جووڵه‌ی ئابووری و بازرگانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کرا که له پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایه و هه‌نگاوی باشی ناوه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهان و هه‌روه‌ها ئێرانیش که پشتیوانی له خاوه‌نکار، سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن پیشه‌کان ده‌کات که له هەرێمی کوردستان پڕۆژه‌کانیان جێبه‌جێی بکه‌ن بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی به‌هێز و پته‌و به داهاتووی هەرێمی کوردستان. ‌‌ 

 "سەلام روشدی" له درێژه‌ی ئه‌م دیداره‌دا ده‌ستخۆشی له سه‌ردانی شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران کرد بۆ ئه‌وه‌ی که سوودوه‌ربگرن له‌و ئه‌زموونه‌ی که هه‌یانه و گواستنه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان بۆ جێبه‌جێی کردنی پڕۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی.

 له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان / لقی هه‌ولێر، ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد که سوودیان له‌ بیرۆکه‌کانی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان وه‌رگرتووه له کاتی سه‌ردانیان بۆ پێشانگا و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی تاران که زانیاریی گرینگیان ئاراسته‌ کردبوون تاکوو بیگوازنه‌وه بۆ هه‌رێمی کوردستان. 

 سه‌ردانی شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی هه‌رێمی کوردستان / لقی هه‌ولێر بۆ وڵاتی ئێران، ٤ ڕۆژ کات ده‌خایه‌نێت و به‌شداری کۆنفرانسی ناساندنی بازار و بازرگانی له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان ده‌که‌ن و هه‌روه‌ها سه‌ردانی چه‌ندین پێشانگا و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی ده‌که‌ن، له‌وانه: پێشانگای بنه‌مای زانستی، سه‌ردانی سندووقی نوێخوازی و گه‌شه‌پێدانی سه‌رۆک کۆماری، سه‌ردانی ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی له پارکی زانست و ته‌کنه‌لۆجیای ئه‌لبورز، سه‌ردانی کۆمپانیاکانی بنه‌مای زانستی، سه‌ردانی پێشانگای ئێران "مێتافۆ" (پۆڵا، کانزا، که‌ره‌سته‌کانی مه‌کینه‌ و ...)، سه‌ردانی گه‌وره‌ترین پێشانگاکانی ئێران له بواری پیشه‌ی پۆڵا و مێتالۆجی، سه‌ردانی ناوه‌ندی IHIT و ...

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا تاووتوێ کرا.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ڕووسیای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەی بە ڕۆڵی دیاری سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە ڕووسیا وەک پێشەوای نەتەوەیی کورد دەیبینێت، ھەروەھا باسی لە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێم کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە بیروبۆچوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کرا، سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا کردەوە کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سوریا بکات .

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2021/december/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%BE%DB%8E%D8%B4%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%84%DB%95-%D9%86%D9%88%DB%8E%D9%86%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D8%AA%D8%A7%DB%8C%D8%A8%DB%95%D8%AA%DB%8C%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%DA%95%D9%88%D9%88%D8%B3%DB%8C%D8%A7-%D9%88-%D8%AC%DB%8E%DA%AF%D8%B1%DB%8C-%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%DB%8C-%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D8%AA/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵيۆزى ئيتاليا كرد

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/11/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز برۆنۆ ئه‌نتۆنيۆ باڵيۆزى ئيتاليا له‌ عيراق كرد كه‌ ئه‌ركى ته‌واو ده‌بێت.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز باڵيۆزى ئيتاليا سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پشتگيرييه‌ى له‌ ماوه‌ى كاركردنيدا له‌ عيراق لێى كراوه‌ و بۆ داهاتوو هيواى بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ڵ ئيتاليادا خواست.

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تيرۆرستانى داعشدا له‌ سنوورى گوڵه‌جۆ شه‌هيد بوون و خاوخه‌ميى خۆى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارياندا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا بۆ خواست و سوپاسى هه‌وڵ و كاره‌كانى له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستاندا و پشتگيرى و يارمه‌تييه‌كانى ئيتالياى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ په‌لامارى شه‌وى ڕابردووى داعش و شه‌هيدبوونى پۆلێك پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مانى كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ داعش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و ده‌بێ به‌ هاريكاری و هه‌ماهه‌نگيى هاوبه‌شى سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ببينه‌وه‌.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستاندا، به‌تايبه‌تيش گرنگيى يه‌كهه‌ڵوێستيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وەرێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-italian-ambassador/

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دۆخی عیراق لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێ دەكات

دەربارەی ئەو ناكۆكییانەی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا هاتووەتە ئاراوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكوو دەبێتە هاوبەشی چارەسەر و لە پشتگیری بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە وڵات، بەردەوام دەبێت.

ئەم وتانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی دیداریدا لەگەڵ بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق هاتن كە ئەمڕۆ 2012/11/28 لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە دیدارەكەدا هەروەها برەودان بە پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا، هەڕەشەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەی داعش، گرنگیی پتەوكردنی میكانیزمی هاریكاریی هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، تاوتوێ كران.

هەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش كردەوە و هاوڕا بوون كە پێویستە لایەنە عیراقییەكان بگەنە ڕێككەوتن و حكوومەتێكی عیراقی دابمەزرێت كە بتوانێت سەقامگیریی سیاسی بپارێزێت و داواكاریی هاووڵاتیان لە ئارامی و سەقامگیری و ژیانێكی باشتر و خزمەتگوزاری، ڕەچاو بكات.

هەوڵ و هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەگە و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو. تیایدا جەخت لە بەردەوامیی بەردواداچوون و پشتگیریی بەریتانیا بۆ پرۆسەكە و سەركەوتنی كرایەوە.

تاوتوێكردنی دۆخ و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

https://presidency.gov.krd/the-president-of-the-kurdistan-region-discusses-the-situation-in-iraq-with-the-british-ambassador/

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئێران بۆ هاوڵاتى: ئێران پشتیوانیی یەكێتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران ئەوە دەخاتە روو كە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێران پشتیوانی لەكێتی دەكات بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان پارتی و یەكێتی و دەشڵێت:» پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێم لای پارتییە و دەیەوێت بۆ ئەم خولەش پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت».

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەكۆماری ئیسلامی ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوەش دەدات كە ئێران هیچ رۆڵێكی نابێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا» ئەگەر زۆرینەی لایەنە شیعەكان پشتیوانی لە كاندیدێك بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەویش پشتیوانی دەكات».

هاوڵاتى: دوێنێ سێشەممە كۆمسیۆنی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، پێتانوایە ئێران رۆڵی هەیە لەنێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق؟

نازم دەباغ: دیارە رۆڵی ئێران لەعێراقدا رۆڵێكی مێژوویی هەیە كە لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق لەعەرەب و كوردو پێكهاتەكانی تر لەپەیوەندی باشداربوون لەقۆناغەكانی ئەوكاتەی كە دژی رژێمی پێشووی عێراق بوون.

ئێران هەمیشە چاوی لەوەیە كە كەمترین كێشە لەعێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی عێراق رەنگدانەوەی نەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ئێران، واتا تێكچونی باری ئەمنی عێراقی بەململانێی نێوخۆی ناوخۆی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر ئێران.

ئێران هەمیشە ئارامی و هاوكاری لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی سەركەوتوو لە عێراق دروست بكەن.

 '" ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت. '"

 

هاوڵاتى: بەڕێزتان ئاگادارن موقتەدا سەدر 73 كورسی بەدەستهێناوەو مالكی 33 كورسی، هادی عامری 16 كورسی، ئایا ئێران رۆڵی دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق؟ یان دووبارە ئەگەر كازمی دابنرێتەوە؟

نازم دەباغ: ئێران رۆڵی نییە لە دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵكو بەپێی ئەو دابەشكارییەی لەعێراق هەیە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان و سەرۆك كۆمار بۆ كوردو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكانە.

واتا لەناو شیعە، زۆرینەی شیعە دەتوانێت دەستنیشانی كەسێك بكات بۆ سەرۆك وەزیران، بەدڵنیاییەوە ئەوەی شیعەكان هەڵیدەبژێرێت و كاندیدی دەكات بۆ ئەو پۆستە، لەهەمانكاتدا كە زۆرینەی شیعەكانی لەگەڵ بێت ئێرانیش دەبێتە پشتیوانی.

هاوڵاتى: تاچەند ئێران پشتگیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی جارێكی تر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت؟

نازم دەباغ: ئێران لەقۆناغی یەكەمدا كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، چاوەڕوان دەكات بە رەزامەندی هەموو لایەنە كوردییەكان سەرۆك كۆمار یەكێك بێت كە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هانیشیان دەدات كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت.

هاوڵاتى: ئایا ئێرانییەكان هیچ تەحەفوزێكیان هەیە لەسەر بەرهەم ساڵح كە ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار؟

نازم دەباغ: تا ئێستا ئەوەی كە لەئێرانم بۆ ئەو خولەی كە تێپەڕی هەستم بەوە نەكردووە كە تەحەفوزو نیگەرانی هەبێت لەوەی كە دكتۆر بەرهەم سەرۆك كۆمار بووە، بۆیە ئێران پێشیخۆشە كە سەرۆك كۆمار بەشێك بێت لەكەمكردنەوەی كێشە ئیقلیمییەكان و هاوكار بێت، بەرهەم ساڵحی پێ خراپ نەبووە.

ئێران لێدەگەرێت بۆ زۆرینەی كورد كە پشتیوانی لەكێ دەكەن، پێموایە دیاری كردنی سەرۆك كۆمار لەعێراقدا پەیوەندی بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی گوێبیست بووم لەیەكێتی، كە سەرۆك كۆمار لە سێ قۆناغی پێشوو خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال بووەو دواتر كاك دكتۆر فوئاد مەعسوم بووەو و خولی پێشوو كە كاك دكتۆر بەرهەم ساڵح بووە، ئێران پێی باشە ئەم خولەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، تا ئێستا گوێبیست نەبووین كە كەسێكی تر كاندید كرابێت لەجێگەی دكتۆر بەرهەم بۆ سەرۆك كۆمار.

هاوڵاتى: لەماوەی رابردوو وەفدی پارتی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد، باس لەوە دەكرا بۆ ئەوە چوون كە پشتیوانیان بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هیچ زانیارییەكتان لەوبارەیەوە هەیە؟

نازم دەباغ:  پێموابێت ئەوەی مەترەح بێت كە سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، تەبایی لەناو كورد هەبێت بۆ دیاری كردنی سەرۆك كۆمار، وەك پێشتر باسم كرد بۆ راگرتنی باڵانس ئێران پشتیوانی لە یەكێتی دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

هاوڵاتى: كورد كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی زیاد كردووە لە 58 كورسییەوە بۆ 64 كورسی، پێتانوایە ئەگەر یەكڕیزی نەبێت زیادبوونی ژمارەی چەند كورسییەك كاریگەری دەبێت لە دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لەعێراقدا؟

نازم دەباغ: وەك یەكێك كە بەشداربووم لە خەباتی سیاسی و بەشداربووم لەخەباتی نیشتمانیشدا ئەوەی كە مافەكانی كورد دەستەبەر بكات تەنها یەكڕیزی ناوخۆیە، چونكە بە 50 و 60 كورسی و 80 كورسی ناتوانی لەسەر حسابی دەنگی زۆرینەو كەمینە مافەكان وەربگیرێت.

هێزی كورد ژمارەی كورد لە یەكڕیزیدایە، بەجوودا بچێت لەگەڵ بەغدا وتووێژ بكرێت و ئەوكاتە دەبێتە دەسكەوتی كەسی و حزبی و مافەكانی كورد ون دەبێت لەجیاتی مافە رەواكانی كورد پرسی ئەوەی كێ دەبێتە وەزیرو سەرۆك كۆمار باس دەكرێت.

واتا زیادبوونی ژمارەی كورسی ژمارەیە، بەڵام یەكێتی ریزەكانی كورد هێزەو ئەو هێزە دەتوانێت پارێزگاری لەمافەكانی گەلی كورد بكات سەركەووتو بێت بەرەو بەغدا بڕوات بۆ زیاتر لەو مافانەی كە هەیە.

هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی دەتوانێت دەستپێشخەر بێت بۆ یەكڕیزی، یان پارتی كە زۆرترین كورسی هێناوەو زۆرترین ئەركی بەردەكەوێت بۆ ئەوەی یەكڕیزی لەنێوان لایەنەكان پێكبهێنێت؟

نازم دەباغ: بەدڵنیایی نەك یەكێتی،  پارتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو، هەتا ئەوانەی كە كورسیان بەدەستنەهێناوە بەڵام بوونیان لەساحەكە بۆ ئایندە رۆڵیان دەبێت، دەستپێشخەری بۆ هەموو لایەكە لەوەی كە یەكهەڵوێست و یەكڕیز بن.

ئەو هێزەی كورسی زیاتری هەیە لەهەموویان ئەركی زیاترە، ریزەكان یەكبخات یان تێكی بدات كەخەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو هاوبەشێكی سەرەكی لەعێراق و هەرێم ببینێت، یەكێتیش دەتوانێت خاوەنی دەستپێشخەری بێت، خاوەنی ئەو دەسەڵاتەش بێت بۆ یەكڕیزی لە بەغدا.

 

https://hawlati.co/page_detail?smart-id=22373

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە

 ئێوارەى رۆژی دووشەممە 2021/11/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو ئان لیندى، وەزیرى دەرەوەى سوید و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخى عیراق و هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پەیوەندییەکانى سوید لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى سویدى لە هەرێمى کوردستان، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران، دۆخى کەمپى هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانى داعش، بوارەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیى جێندەرى، سیستمى دادوەرى لە عیراق و هەرێمى کوردستان و هەڕەشەکانى گۆڕانى کەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عیراق، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیى سەقامگیریى سیاسى لە عیراق و گەیشتنى لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێک بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات و یەکلاکردنەوەى هەر تێبینى و کێشەیەک لەسەر ئەنجامەکانى دەنگدان لە عیراق کردەوە کە لە ئەنجامدا حکوومەتێکى لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانى هاووڵاتییانى عیراق لە ژیان و گوزه‌رانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، ڕەچاو بکات.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەى گرنگیى بەردەوامیى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان لە عیراق و هەرێمى کوردستان و بەشدارى و هاوبەشیى کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵاتدا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنى دیموکراسى و ئازادییەکان و مافى مرۆڤ و یەکسانى و باشترکردنى سیستمى دادوەرى و دادگاکان کرایەوە.

پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنى تیرۆرستانى داعش، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.

 

  •  

 سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە - The Presidency of the Kurdistan Region - Iraq (gov.krd)سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە - The Presidency of the Kurdistan Region - Iraq (gov.krd)

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى هۆڵه‌ندا كرد

نيوه‌ڕۆى رۆژی دووشه‌ممه‌ 2021/11/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ميشێل ڕێنته‌نار باڵيۆزى هۆڵه‌ندا له‌ عيراق كرد.

له‌ ديدارێكدا دۆخى عيراق، به‌تايبه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و مشتومڕانه‌ى ده‌رباره‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ن، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ڕۆڵى هێزه‌ هۆڵه‌ندييه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا و هاريكاريى هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق به‌ ڕێكاره‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن‌ و دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عيراق بكرێت، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا كرايه‌وه‌ به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى كشتوكاڵى و وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تايبه‌ت و هه‌هامه‌نگيى زانكۆيى و ئه‌كاديميدا.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى هاريكارى و پشتگيريى هۆڵه‌نداى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرد و ڕۆڵى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هۆڵه‌نداى به‌زر نرخاند بۆ ئه‌و يارمه‌تييه‌ى پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن بۆ چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‌

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ برێت مەکگورک کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامە، لە گەڵ برێت مەکگورک ڕێکخه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا له‌ کۆشکی سپی کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کرا. جەخت لە برەودان بە هەماهەنگیی وهاریکاری کرا لە پێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە .

 

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە.

دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندی کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگە هەرێمییەکان کرا.

 
 
 
 
 

 

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین، گەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ، بەڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی کاریگەری سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردەوە .
دایەلۆگی ستراتیجی ئەمەریکا و عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

 

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆدەبێتەوە (gov.krd)

 

پەڕەى 42 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی