نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 24/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێزان بۆرگ برێندێ وەزیری دەرەوە و خاتوو ئینا ئیركسن وەزیری بەرگریی نۆروێژ و شاندێكی دیپلۆماتكار و سەربازیی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی نۆروێژ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی هەندێك لەو گرفتانە چارەسەر بكات كە لەسەرتای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ناوچەكە دروست ببوون.
هەروەك سوپاس و ڕێزی خۆی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا كە توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەران بكەنەوە و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم هەوڵە مرۆییەی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێزەوە سەیری قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات كە توانیویەتی بەوپەڕی نەبەردییەوە ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و هێرشەكانیان تێك بشكێنێت.
وەزیری بەرگریی نۆروێژیش پابەندبوونی وڵاتەكەی لە بەردەوامی هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی لە ڕووی مەشق و ڕاهێنانەوە دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو پێشكەوتنانە پیشان دا كە لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان، بەدی هاتوون.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی شاندی نۆروێژی كرد و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەڵك و حكوومەتی نۆروێژ ڕاگەیاند كە لە كاتی تەنگانەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست كە لە ڕووی مەعنەویەوە كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبووە.
لەبارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە حكوومەتی نۆروێژ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ڕاستەوخۆ یان بەڕێگەی ڕێكخراو و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هاوكاریی مرۆیی زیاتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن و لەڕووی مەشق و راهێنانیش بە هێزی پێشمەرگە، بەردەوام بن.
گفتوگۆكردنی بارودۆخی عێراق و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە دیدارەكەدا هەریەكە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:
له ههموو قۆناغهکانی کار و بهڕێوهبردن و سیاسهتکردن و له کاری رۆژانهدا و بۆ زیاتر بیرکردنهوه له ئاینده و داهاتوویهکی باشتر، پهنا دهبرێته بهر دیراسهکردن و سوودوهرگرتن له راوێژی راوێژکاران.
لهم سهردهمهدا ئهوهی ناوی زۆر دههێنرێت و دهبیسترێت سیاسهتمهدار و راوێژکار و چاودێری سیاسییه، دهکرێت و پێویسته پێوانه دابنرێت بۆ ئهوانهی که ئهم ناو و نازناوانهیان بۆ دادهنرێت.
سیاسهتمهدار ئهو کهسانهن که له بواری سیاسیدا و له شکست و سهرکهوتندا خاوهن ئهزموون و. خاوهن رابردوون، نهک تهنها لهبهر ئهوهی پلهیهکی حزبییان ههبووه یان ههیانه و ئهمڕۆ له سهر کاردان یان لهبهر ههندێک هۆکار لهسهرکار لابراون. ئهمڕۆکه سیاسهتمهدار بووهته ناونیشانی ئهوانهی له کاروباری حزب کاریان کردووه یان نهماون له بوارهکهدا، به هۆی کاری رۆژانه یان خود به هۆی ههندێک مهرجی تایبهتهوه پلهیهکی حزبییان وهرگرتووه و دهم له سیاسهت دهدهن، رۆژانه ژمارهیهک لهوانه دهبینین لێکدانهوه بۆ رووداوهکان دهکهن و لێکدانهوهکانیشیان به خواستی خۆیان و له بهرژهوهندی حزبهکانیان لێکدهدهنهوه و دوای ماوهیهکی کورت ههموو رووداوهکان به پێچهوانهی ئهوهی باسیان کردووه روودهدهن و کهسیش نییه رهخنهیان لێبگرێت و راستییهکانیان بۆ بخاته روو.
راوێژکار دهبێت پیاوێکی ئهکادیمی و چالاک له بواری سیاسی و مێژوویی و یاساییدا بێت نهک به پلهو مووچه بووبێته راوێژکار، ههر بهم شێوهیه با بزانین ئهم ههموو سهرکردهو دهوڵهتمهردانهی دهیان راوێژکاریان ههیه چ له دهرهوهو چ له ناوهوه که ئهو ههموو مووچهو دهرماڵهیه وهردهگرن ئایا هیچ پرسیویانه ئهو ههموو گرفت، قهیران، رۆتین و بروکراتییه چییه؟ و بۆچی وایه؟ کام راوێژکار و کام راوێژی وادهرچووه که باسی لێوهکراوه؟
بهداخهوه زۆرینهی راوێژکارهکان تهنها گوێ له بهرپرسان دهگرن و لێکدانهوهکانیان به پێی وتهی ئهوان ئاڕاسته دهکهن و له کۆتاییشدا دهستخۆشییان لێدهکرێت، ئهوهتا ئهو ههموو قهیرانه هاتووهته ئاراوه که ئهنجامی ئهو ههموو راوێژکارییه و وایکردووه له داهاتووشدا زوخاوێکی دیکه بکات به گهرووی ئهم گهله داماوهدا، له لایهکی دیکهوه وایکردووه کێشهی سهرۆکایهتی ههرێم ههموو شتێک له خۆیدا چڕبکاتهوه، که کێ سهرۆکهو چۆن ههڵدهبژێردرێت؟
پرسیار ئهوهیه ناکرێت له جیاتی ئهو ههموو کۆبوونهوه سیاسی رۆژانه و چهندین کاتژمێر کاتبردن، که تهنها کاتی بهتاڵی تهلهڤزیۆن و راگهیاندنهکان پڕدهکاتهوه بیر له کێشهو قهیرانه سهرهکییهکان بکرێتهوه یان ههمووی بۆ ئهوهیه به قهیران، قهیران بهڕێ بکهن؟
ناکرێت باس له پلان و چاکسازی و ئاینده بکرێت و چیتر دهنگوباسی مووچهپێدان یان چهند کاتژمێر بوونی کارهبا و ئاو و ... هتد، بکرێته موژدهو به گوێی جهماوهردا بدرێتهوه. له کاتێکدا ئێمه عێراقمان به گهندهڵترین وڵات دادهنا و به خاوهنی ئهو ههموو گرفت و قهیران و شکستانهمان دهزانی له بهڕێوهبردندا و خۆشمان به سهرکهوتوو. ئهمڕۆکه عێراق که گیرۆدهی شهڕی داعش و تیرۆر و رووبهرووبوونهوهی رۆژانهی کاری تیرۆریستی و ئهو ههموو ململانێیهی نێوان هێز و لایهنهکانی بووه، کهسێک هاتووه بانگهوازی چاکسازی دهکات و دژ به گهندهڵی دهوهستێتهوهو به دهنگ هاوولڵاتیانی راپهڕیو و خۆپیشاندهرهوه دهچێت. ئهی ئێمه که دهمانگوت کوردستان نمونهی دیموکراسی و ئازادی و پێشکهوتنه له ناوچهکهدا، بۆچی ئهمڕۆکه به پێچهوانهوه وهستاوهتهوه. کوان ئهو ههموو سیاسهتمهدار و راوێژکار و چاودێری سیاسی و ئهندام پهرلهمانه گهنجانه یان خاوهن ئهزموونهکان؟
ئهگهر سهیری دروشم و بۆچوونهکانی رابردوو تا ئهمڕۆکه بکهین کوا ئهنجامهکان و کێ لێپرسینهوهی کرد لهسهر ئهنجامی سیاسهتهکان؟
با چیتر پرسه چارهنوسسازهکان و پرۆژهی چاکسازی نهکرێته قوربانیی پلهو کورسییهک، چ لهوه دهگۆڕێت گهر له پهرلهمان بێت یان له ناو کۆمهڵانی خهڵک، باشتر نییه کۆبوونهوهکان چڕ بکرێنهوه له پرۆژهیهکی ئاشکرا بۆ شهفافیهت و چاکسازی و بخرێته بهردهم جهماوهر؟ و ئهوسا باس له راپرسی و سازان بکرێت؟
نهک له پشتی پهردهوه باس له سازان بکرێت لهسهر پشک و پلهو پاراستنی بهرژهوهندی تاکهکان له ناو پرۆسهکهدا.
دواى هەوڵێکى زۆرو هەماهەنگى بەردەوامى نێوان یەکێتى ئەوروپا و وەزارەتى دەرەوەى فیدڕاڵ و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و تەواو بوونى رێکارە یاساییەکان، بڕیاردرا لە داهاتوویەکى نزیک یەکێتى ئەوڕوپا بە فەرمى نووسینگەى هەماهەنگى خۆى لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند ئێمە وەک حکومەتى هەرێم بەگەرمى پێشوازى لە کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگى نێردەى یەکێتى ئەوڕوپا لە هەرێمى کوردستان دەکەین و سوپاسى بەرپرسانى یەکێتى ئەوڕوپا دەکەین کە داواکارى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیان بە هەند هەڵگرت و بڕیاریان دا نووسینگەى یەکێتى ئەوڕوپا لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە.
فەلاح مستەفا گووتى: یەکێتى ئەوروپا کە پێگەیەکى گرینگى هەیەو لە ٢٨ وڵاتى ئەندام پێکهاتووە، کاریگەرى و سەنگى خۆى هەیە لەسەر ئاستى قەیران و هاوکێشە سیاسى و ئابووریەکانى جیهان بە گشتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتى و هاوکات دەتوانێت رۆڵێکى کاریگەر لەم بارودۆخەى ئێستادا ببینێت، ئەویش لەڕێگەى پشتیوانى کردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان لەڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکان.
هەر لە درێژەى لێدوانەکەیدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى دووپات کردەوە بۆ سەرخستنى کاروبارەکانى نووسینگەکەو پەرەپێدانى پەیوەندى زیاترى نێوان هەرێمى کوردستان و یەکێتى ئەوروپا.
جێگەى ئاماژە پێکردنە هەرێمى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردووە لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندیەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوەو ئێستا 33 وڵات نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان هەیە کە لە ناویاندا هەر پێنج وڵاتى ئەندامى هەمیشەیى لە ئەنجومەنى ئاسایش لەسەر ئاستى کونسوڵگەرى گشتى نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 23/8/2015 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و خاتوو یانا هیباشكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و بەرێزان كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی هەماهەنگیی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دوایی پێشكەشكردنی چەند گوتارێك، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوە نووسینگەكە كە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆر بوو چاوەڕوانی ئەم هەنگاوەی دەكرد، هەروەها سەردانی خاتوو فیدریکا مۆگرینی، وەکو نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستانی بە هۆکارێكی گرنگ بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی ئەم نووسینگەیە بە شێوەیەکی فەرمی لە هەرێمى كوردستان زانی.
هەروەك زیادکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییە بیانییەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ 33 نوێنەرایەتی، بە ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی سیاسەتی کرانەوەى هەرێمى کوردستان بە ڕووى جیهاندا بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی ڕێز لەیەکگرتن و بەرژەوەندیى هاوبەش قبووڵكرد و ئاماژەی بەوە دا كە یەكێتیی ئەورووپا پێکهاتەیەك نیە تەنها بۆ خۆی بژی، بەڵكو لەناو جیهان و ئابووریی جیهاندا دەژی و بوونی خۆی سەلماندووە و هەژموونی خۆی تەنها لەپێناو باشترکردنی مەرجەکانی ئابوورى و بازرگانی بەکار ناهێنێ، بەڵکو لە دەرەوەی سنووری خۆی کاری جددی دەکات لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرز ڕاگرتنی بەهاکانی دیموکراسی.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە پەیوەندیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان مێژوویەکی ئەرێنی و باشی هەیە، بۆیە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە هەولێر، دەبێتە مایەی هەماهەنگیکردنی باشتر لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەورووپا و لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمى کوردستان دەتوانێ سوود لە ئەزموون و شارەزاییى یەکێتیى ئەورووپا وەربگرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانى سەروەریى یاسا و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و بیناکردنى تواناکان و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لەناو حکوومەت و کۆمەڵگا و وەبەرهێنان و ئابووری و بازرگانیدا و لەم ڕێگەیەشەوە ئابووریی جیهان بەرەو پێشەوە ببات و ئاستی خۆی لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و وزەدا، بەرزتر بکاتەوە.
جەختی لەوە كردەوە كە باشترکردنی سیستەمى حکومڕانى، ئامانجی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەرێمى کوردستان بە مافى خۆی دەزانێ سوودی زیاتر لە ئامانج و دەسکەوتەکانی ڕێککەوتنامەی هاوبەش وەربگرێت، کە یەکێتیی ئەورووپا لە 11ی ئایاری ساڵی 2012 لە گەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا واژۆی کردووە. لەسەر ئاستی سیاسیش ئەوەی دووپات كردەوە كە یەکێتیى ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و، لێكنزیكکردنەوەى لایەنەکان و، دڵنیابوون لەوەى کە تەواوى پێکهاتەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى، بەمەبەستی چەسپاندنى سیستەمى لامەرکەزی، کە لەم قۆناغەدا باشترین ڕێگاچارەیە بۆ شێوازی حوکمڕانی لە عیراقدا.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی کوردستان بە درێژاییی سنوورەکانی لە جەنگێکی سەپێنراودایە دژ بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش و پێشمەرگه قارهمانهكانى كوردستانیش، بە نوێنەرایەتیى جیهان، ڕووبەڕووى ئەو تیرۆریستانە دەبنەوە و خەبات و بەرگری دەکهن بۆ پاراستنى گیانی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. هەروەها وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی و هاوکاریی یەكێتیی ئەورووپا، داوای لە ئەندامانی یەکێتییەكە كرد بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و پێدانی چەك و تەقەمەنى و وەرگرتنی ئەو بریندارانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان ناتوانرێت چارەسەریان بۆ بکرێت.
ئەوەشی بیرهێنایەوە كە بەهۆی جەنگی سەپێنراوی داعشەوە، زیاتر لە یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پهنابهر، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێشوازییان لێ کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆییی گەورە و لە توانای حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە بێ یارمەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە دابینکردنی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتی و گرنگەکانیان، بەردەوام بێت.
هەروەها سوپاسی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپای كرد كە بەشداری كاریگەریان هەبوو لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان كە لە کۆنفرانسى بروکسل لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى 2015، ڕایگەیاند پێویستى بە (500) ملیۆن دۆلارە بۆ بەردەوامیى بەرنامەکانى لهعیراق و داوای كرد هاوکاریى زیاتر پێشکەش بکەن و جەخت لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی جددیتری حكوومەتی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بکەنهوه.
لەبارەی بابەتی ئەنجامدانی جینۆساید دژ بە كوردانی ئێزدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكەش، ئاشكرای كرد تا ئێستا چەندین گۆڕى بەکۆمەڵى ئەو تاوانانە دۆزراونەتەوە کە لە لایەن تیرۆرستانى داعشەوە ئەنجام دراون كە تەنیا لە ناوچەی شەنگال تا ئێستا 12 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە و ڕێکەوتى 13ى ئهم مانگه ڕێوڕهسمى بەخاكسپاردنى تەرمى 67 قوربانیی دەستی داعش، له مەزارگەی شهرفهدین بەڕێوەچوو و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئازادکردنى شەنگاڵ ژمارەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە زیاتر بێت، ئەمە جگە لە تاوانى ڕفاندن و فرۆشتنى کچان و ئافرەتان و کوشتنى منداڵ و پیر كە کارەساتى گەورەن و نابێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاستیاندا بێدەنگ بێت.
لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە دیكۆمێنتكردنی ئەو تاوانانە، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ بە دواداچوون و کارکردن لەپێناو کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تاوان و بە دۆکیۆمێنتکردنی و بەرزکردنەوەی بۆ بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی، وەک دادگای لاهای، دامەزراندووە. داواشی لە یەکێتیی ئەرووپا كرد هاوکاریی مەعنەوی و سیاسیی خۆیان پێشکەش بکەن، لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. هەروەها داوای لە کۆمسیۆنى باڵاى یەکێتیى ئەورووپا كرد بە شێوەیەکى فەرمى و لە ڕێگاى ئەندامەکانیانەوە، داوا لە دادگاى نێودەوڵەتى لە لاهاى بکات، بۆ وەرگرتنی ئەم کەیسە و لێکۆڵینەوە لەم تاوانانە و سزادانى بکەرانى كە تا ڕادەیەک دەبێتە مایەی کەمکردنەوەى خەم و پهژارهى خانەوادەکانى ئەم قوربانیانە و گهلى كوردستان بهگشتى.
لە کۆتایی گوتەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسى خاتوو یانا هیباشکۆڤا، باڵیۆزى یەکێتیى ئەرووپا لە عیراق كرد کە لە ماوەى کارکردنیدا ڕۆڵێکى باشی بینیوە لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکى داهاتوویدا. هەروەها پیرۆزبایى لە بەڕێز پاتریک جەیسن كرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەك بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە کارەکانیدا.
دوای ڕێوڕەسمەكەش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە كۆبوونەوەكانی پێنج قۆڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە شاری سلێمانی كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەسەر پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دروستبوونە و ڕایگەیاند كە كۆبوونەوەی داهاتوو ڕۆژی چوارەشەممە ئەنجام دەدرێت و هیوای خواست كۆبوونەوەكان بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی بە شێوەیەك هەموولایەك لەسەری ڕازی بن. دووپاتیشی كردەوە كە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان تا ئەوكاتەی دەگەنە ئەنجام، بەردەوام دەبن.
هەروەها ڕەتیشی كردەوە كە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی پێنج لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەی كۆتایی بێت و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن ئەو كۆبوونەوانە بگەنە ئەنجام.
لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشەوە، دووپاتی كردەوە كە مافی خەڵكە خۆیان سەرۆكی خۆیان هەڵبژێرن و ئەمە هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدەن بگەنە سازان. ئاشكراشی كرد ئەگەر لە نێوان هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمان و لەناو خەڵكدا نەگەیشتن بە سازان، ئەوا ئەوان لەگەڵ ئەوەن پرسەكە بخرێتە بەر ڕاپرسی و خەڵك بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك بدات و خەڵكیش هەر بڕیارێك بدات ئەوان وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندی دەبن و پێشوازی لێدەكەن و نایانەوێت ئیرادە لە خەڵك بسەنرێت.
لەبارەی خاڵی ناكۆك لەنێوان لایەنەكاندا، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ خاڵێكی ناكۆك نییە، بەڵام ئەویش نازانێت بۆ ناگەن بە ڕێككەوتن. ئەوشی بیرهێنایەوە كە ئەوەی لە ڕۆژی 23ی حوزەیران لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا، فەرزی ئیرادە بوو و ئەمەش نە لەلایەن پارتی و نە لایەنەكانی دیكەی قبووڵی ناكەن، جەختی لەوەش كردەوە كە دەتوانرا ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، بە هێمنی بەر لە دروستبوونی كێشە، لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بەڕێوەچووبان بێ ئەوەی هیچ لایەك وا بیر بكاتەوە كە ئیرادەی ئەوی دیكەی بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەروەها ئەوەشی ڕەتكردەوە كە پارتی تەنیا لەیەك سەنگەر بێت و ئاماژەی بەوە كرد گەر هەموو لایەك بۆ بەرژوەندی كوردستان هەنگاو بنێن، ئەوا ئاسۆی ڕێككەوتن و چارەسەر دەردەكەوێت.
لەبارەی پابەندنەبوونی پەرلەمانتارانی چەند لایەنێك بەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بەرەبەبەیانیی 19ی مانگ هاتە ئاراوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەر لە ئێوارەی ڕۆژی 18ی ئەم مانگە تا كاتژمێر 7ی بەیانیی ڕۆژی 19ی مانگ، پێنج لایەنەكە لە كۆبوونەوەدابوون تەنیا یەك خاڵ باسكرا كە ئەویش ئەوە بوو كۆبوونەوە نا ئاساییەكەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام ئەوان پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوون و كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانیان ئەنجامدا و نەیانتواتی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنن و ئەوانیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هەڵوێستەیان بە هەند وەرنەگرتووە و هیوای خواست بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ بگەن بە چارەسەر.
بەڕێزان ئەمە دەقی گوتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:
ئامادەبووانى بەڕێز، میوانانى خۆشەویست،
ئێوارەتان باش و هەموو لایەكتان بەخێربێن،
بەڕێز باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عیراق، خاتوو یانا هیباشکۆڤا،
بەڕێزان کونسوڵ و دیپلۆماتکار و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان،
خۆشحاڵین لێرەدا لەگەڵ ئێوەى بەڕێز بەشدار دەبین لە ڕێوڕەسمی کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگیى نێردەی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان. ماوەیەکی زۆر بوو، چاوەڕوانی ئەم هەنگاوە بووین.
سەردانی خاتوو فیدریکا مۆگرینی، وەکو نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان هۆکارێكی گرنگ بوو، بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی ئەم نووسینگەیە بە شێوەیەکی فەرمی لە هەرێمى كوردستان. دیارە زیادکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ 33 نوێنەرایەتی، ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی سیاسەتی کرانەوەى هەرێمى کوردستانە بە ڕووى جیهاندا بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی ڕێز لەیەکگرتن و بەرژەوەندیى هاوبەش. ئێمە پێمان وایە یەكێتیی ئەورووپا پێکهاتەیەك نیە کە تەنها بۆ خودی خۆی بژی، یەکێتیی ئەورووپا لەناو جیهان و لەناو ئابووریی جیهاندا دەژی و بوونی خۆی سەلماندووە.
هەروەها دەزانین کەوا یەكێتیی ئەورووپا هەژموونی خۆی تەنها لەپێناو باشترکردنی مەرجەکانی ئابوورى و بازرگانی بەکار ناهێنێ، بەڵکو لە دەرەوەی سنووری خۆی کاری جددی دەکات لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرز ڕاگرتنی بەهاکانی دیموکراسی.
وڵاتان لە سەرتاسەری جیهان سوود لە بەرنامە و یارمەتییە مرۆییەکانى یەکێتیی ئەورووپا وەردەگرن. پەیوەندیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان مێژوویەکی ئەرێنی و باشی هەیە، بۆیە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە هەولێر، دەبێتە مایەی هەماهەنگیکردنی باشتر لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانى یەکێتیى ئەورووپا.
هەرێمى کوردستان دەتوانێ سوود لە ئەزموون و شارەزاییى یەکێتیى ئەورووپا وەربگرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانى سەروەریى یاسا و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و بیناکردنى تواناکان و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لەناو حکوومەت و لەناو کۆمەڵگادا. نەك تەنها لە بوارەکانی بەهێزکردن و پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و پتەوکردنی پرنسیپەکانی سەروەریی یاسا، بەڵکو لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابووری و بازرگانیشدا دەتوانن یارمەتیمان بدەن.
بەو شێوەیە هەرێمی كوردستان دەتوانێ بە هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا، ئابووریی جیهان بەرەو پێشەوە ببات و ئاستی خۆی لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و وزەدا، بەرزتر بکاتەوە. چونکە پەرەپێدان بە مانا فراوانەکەی، هەوێنی نەشونومای مێژووییی هەر میللەتێکە و ئامرازێکیشە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤی هاوچەرخ، لە دەست هەژاری و نەداری و دواکەوتن و ستەمکاری. یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم زیاتر هەماهەنگ و هاوکارمان بێت.
باشترکردنی سیستەمى حکومڕانى، ئامانجمانە، بۆیە هەرێمى کوردستان بە مافى خۆی دەزانێ سوودی زیاتر لە ئامانج و دەسکەوتەکانی ڕێککەوتنامەی هاوبەش وەربگرێت، کە یەکێتیی ئەورووپا لە 11ی ئایاری ساڵی 2012 لە گەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا واژۆی کردووە.
لەسەر ئاستی سیاسی، یەکێتیى ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و، لێكنزیكکردنەوەى لایەنەکان و، دڵنیابوون لەوەى کە تەواوى پێکهاتەکان بەشدارن لە پرۆسەى سیاسى، بەمەبەستی چەسپاندنى سیستەمى لامەرکەزی، کە ئێمە پێمان وایە لەم قۆناغەدا باشترین ڕێگاچارەیە، بۆ شێوازی حوکمڕانی لە هەموو عیراقدا.
بەڕێزان،
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە درێژاییی سنوورەکانی لە جەنگێکی سەپێنراودایە دژ بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش، ئەو ڕێکخراوەی کە ڕێز لە هیچ بەهایەکى مرۆڤایەتی ناگرێت. پێشمەرگه قارهمانهكانمان، بە نوێنەرایەتیى جیهان، ڕووبەڕووى ئەو تیرۆریستانە دەبنەوە و خەبات و بەرگری دەکهن بۆ پاراستنى گیانی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بە هەموو پێکهاتەکان و هاووڵاتی و ئاوارە و پهنابهران لە كوردستان و لە دەرەوەی سنووری كوردستان.
بۆیە لێرەوە وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی و هاوکارییان، داوا لە ئەندامانی یەکێتیى ئەورووپا دهكهین بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە، لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و پێدانی چەك و تەقەمەنى و وەرگرتنی ئەو بریندارانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان ناتوانرێت چارەسەریان بۆ بکرێت، ئەمەش ڕێزگرتنێکە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانمان.
هەموو لایەك ئاگادارن کە بەهۆی جەنگی سەپێنراوی داعشەوە، زیاتر لە یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار مرۆڤ وەك ئاوارە و پهنابهر، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و پێشوازییان لێ کراوە لەم هەرێمەدا. ئەمەش بە ڕاستی قەیرانێکی مرۆییی گەورەی دروست کردووە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەبێ یارمەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە دابینکردنی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتی و گرنگەکانیان، بەردەوام بێت.
ئێمە وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەوپەڕى تواناکانى خۆمان خستۆتە گەڕ، لە پێشکەشکردنى هاوکارى و خزمەتگوزارى بە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام پێویستیمان بە پشتگیریى بەردەوامى نێودەوڵەتى هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسى بروکسل لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى 2015، ڕایگەیاند کە پێویستى بە (500) ملیۆن دۆلار هەیە، بۆ بەردەوامیى بەرنامەکانى لهعیراق. وڵاتانى یەکێتیى ئەورووپا، بەشداریى کاریگەریان هەبووە لە پێشکەشکردنى هاوکاریى مرۆیى، بۆیە دووبارە سوپاسیان دەکەم و لێرەوە داوایان لێ دەکەم کە هاوکاریى زیاتر پێشکەش بکەن و بۆ ئەو مەبەستە، جەخت لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی جددیتری حكوومەتی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بکەنهوه.
بەڕێزان،
دەمەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ ئەوەی لێرەدا ئاماژە بە بابەتى جینۆساید، دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى دیكه بکەم، کە لە لایەن گرووپى تیرۆریستیى داعشهوه ئەنجام دراوە. تاکو ئێستا چەندین گۆڕى بەکۆمەڵى ئەو تاوانانە دۆزراونەتەوە، کە لە لایەن تیرۆرستانى داعشەوە ئەنجام دراون. ڕێکەوتى 13ى ئهم مانگهلە ڕێوڕهسمى بەخاكسپاردنى تەرمى 67 قوربانیی دەستی داعش، له شهرفهدین لە شەنگال بەشدار بووم.
تاکو ئێستا لە ناوچەى شەنگال 12 گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ئازادکردنى شەنگاڵ ژمارەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە زیاتر بێت، ئەمە جگە لە تاوانى ڕفاندن و فرۆشتنى کچان و ئافرەتان و کوشتنى منداڵ و پیر. ئەمانە کارەساتى گەورەن كه نابێت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاستیاندا بێدەنگ بێت.
پاش ڕوودانی ئەو تاوانە دڕندانە و نامرۆییانەی ڕێکخراوی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ لێژنەیەکی دامەزراند بۆ بە دواداچوون و کارکردن لەپێناو کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تاوان و بەدۆکیومێنتکردنی و بەرزکردنەوەی بۆ بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی، وەک دادگای لاهای. ئێمە داوا لە یەکێتیی ئەرووپا دەکەین هاوکاریی مەعنەوی و سیاسیی خۆیان پێشکەش بکات، لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بۆیە داوا لە کۆمسیۆنى باڵاى یەکێتیى ئەورووپا دەکەین، بە شێوەیەکى فەرمى و لە ڕێگاى ئەندامەکانیانەوە، داوا لە دادگاى نێودەوڵەتى لە لاهاى بکات، بۆ وەرگرتنی ئەم کەیسە و لێکۆڵینەوە لەم تاوانانە و سزادانى ئەوانەی كە ئەم تاوانانەیان ئەنجام داوە. ئەمەش تا ڕادەیەک دەبێتە مایەی کەمکردنەوەى خەم و پهژارهى خانەوادەکانى ئەم قوربانیانە و گهلى كوردستان و مرۆڤایەتی بهگشتى لە سەرانسەری جیهاندا.
ئێمە ئەم دەرفەتە بە گونجاو دەزانین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی وڵاتانى یەکێتیی ئەورووپا بکەین، کە بەردوام بوون لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە جەنگ دژ بە چەکدارانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش، بەبێ دەستنیشانکردنی کات بۆ کۆتاییهێنان به هاوکارییهكانیان. خۆشحاڵتر دەبین ئەگەر هاوکاری و پشتگیریکردنی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ سوپاسى خاتوو یانا، باڵیۆزى یەکێتیى ئەرووپا لە عیراق بکەم، کە لە ماوەى کارکردنیدا، ڕۆڵێکى باشی بینیوە لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازم لە ئەرکى داهاتوویدا.
هاوکات پیرۆزبایى لە بەڕێز پاتریک جەیسن دەکەم، بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەك بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیی یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان و دەمەوێ دووپاتی بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو هاوكارییەك لەگەڵ بەڕێزی.
جارێكی دیكە هەموو لایەكتان بەخێربێن و زۆر سوپاس.
ڕۆژی دووشەممە 24ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وڵاتی نەرویژ كرد كە پێكهاتبوون لە بۆرگ برێندێ وەزیری دەرەوە و خاتوو ئینا ئیركسن سوریدی وەزیری بەرگری و خاتوو سيسيل برييا باڵیۆزی نەرویژ لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی نەرویژ.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی نەروێژ سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد لەو ڕۆڵەی كە لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعشی گێڕاوە و هەروەها ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕی بە هۆكارێكی گرنگ و ئیلهامبەخش لە قەڵەم دا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و سەركەوتنیان لە بەرانبەر تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە گشت قۆناغەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی نەروێژ سوپاسی ئەو هەماهەنگییە بێوێنەیەی كرد كە لەنێوان ڕاهێنەرە سەربازییەكانی وڵاتەكەی و هێزەكانی پێشمەرگەدا بوونی هەیە و پڕۆسەی ڕاهێنانی پێشمەرگەی بە سەركەوتوو وەسف كرد هەم لە بواری فێربوونی شێوازەكانی شەڕكردن و بەرگری و هەمیش لەڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانیاری پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە لە بوارە جیاجیاكاندا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی وڵاتی نەرویژی كرد بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و باسی لە ئامادەیی و ورەی بەرزی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی كوردستان كرد كە لە هەموو چركەساتێك ئامادەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانن. پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت بابەتێكی سرووشتییە و دەرهاوێشتەكانی ژیانی دیموكراسییە و پڕۆسەی سیاسی هەر چۆنێك بێت كاریگەری لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییش بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان و سەقامگیریی ناوخۆیی دانانێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی گرفتەكانی عێراق تاوتوێ كرا و باسیش لە دواڕۆژی سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا و لەبارەی گرژی و ناكۆكییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە شەڕكردن بژاردەیەكی خەراپە و پێویستە دواجار لایەنە ناكۆكەكان بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و ئاشتی و بۆ زیندووكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیش هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو یارمەتیدانێكە.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەوروێژ تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:
زوڵملێكردن و چەوساندنەوەی جەماوەر دەبێته هۆی دروستبوونی ناڕەزایی له نێویانداو له قۆناغی دواتریشدا جێبەجێنەكردنی خواست و داواكارییەكانیان وادەكات كه داوای مافەكانیان بكەن و تەنانەت بێنه سەرشەقام و به شێوەی جۆراوجۆر داوای بەدیهاتنی خواستەكانیان بكەن، هەمیشه و به درێژایی مێژوو ئەم دیاردەیه وایكردووه كه كەسانێكی دڵسۆز و بەپەرۆش به هەستكردن به بەرپرسایەتی جڵەوی جەماوەر بگرنه دەست و له ئاكامیشدا به دروستكردنی سەركردایەتییەك رابەری جوڵانەوەو بزووتنەوەكانی جەماوەری بگرنه دەست و له پێناو گەیشتن به مافه رەواكانی خەڵك و دابینكردنی خواستەكانیان چالاكی بكەن و ئەمەش دیاردەیەكه كه به درێژایی مێژوو نموونەمان دیوەو چەندین رێكخستن و پارت و حزب هاتوونەته ئاراوه كه سەركردایەتی شۆڕش و جوڵانەوەی رەوا و ئازادیخوازانەی گەلانیان كردووەو كاروانی خەبات و تێكۆشانیان بەرەو سەركەوتن بردووه و لەم نێوانەشدا هەندێك گەیشتوونەته ئامانج و هەندێكیان هێشتا بەڕێگاوەن و هەندێكی دیكەش شكستیان خواردووه.
به دڵنیاییەوەو به روونی دەتوانین نمونەی زۆر له مێژوودا دەستنیشان بكەین كه به دوو جەمسەری جیاوازدا چارەنوسی خۆیان و گەلەكانیان تۆماركردووه، هەندێك لەو نمونانه ئیمپراتۆری و دیكتاتۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو هەندێكیش به شۆڕش و راپەڕین درێژەیان به خەبات داوه، بەڵام ئەنجام و كۆتایی ئەوانەی له خزمەت فراوانكردنی ئیمپراتۆری و دیكتاتۆریدا بوون و هەوڵیان بۆ فراوانكردنی دەسەڵات داوه ئەوە بووه كه لەو پەڕی هێز و توانادا گەیشتوونەته خاڵی كۆتایی و شكستیان هێناوەو لەناو چوون.
پیوێسته له رۆژگاری ئەمڕۆدا و له كاتی ئێستادا زیاتر سەرنجی ئەو رووداوانه بدەین و توێژینەوەی وردیان بۆ بكەین و ئەو پرسیاره رووبەرووی خۆمان بكەینەوه كه دەبێت بۆ چ ئەنجام و ئامانجێك ئەو هەموو سەركرده مەزن و ئەو هەموو هێز و تێكۆشەرانه له بەرامبەر كێشەیەكدا لەسەر كورسی و پایه، ئەو هەموو قەیران و كێشه بێننه ئاراوەو جەماوەرێك كه له رابردوودا بەردەوام پشتیوانییان بوون پشتگوێ بخەن، جەماوەرێك كه پشتیوانی سەرەكی ئەوان بوون بۆ خەبات و گەیشتن به ئامانجه نەتەوەییەكان.
بەڵام ئەمڕۆكه له پێناو پلەو پایەی حزبی و دەستكەوتی تەسكدا ئەو جەماورەمان لەیادكردووه كه به كۆبوونەوەو پەیامی رێكخراوەیی و خواستی لایەنەكان داوا له سەركردایەتییەكانیان دەكەن رێكبكەون و واز له بیركردنەوەی تەسكی بەرژەوەندی تاكی بهێنن و بەرەو سازان بڕۆن، مەگەر هەموو لایەك داوای سازن و دژ به خۆ سەپاندن نییه؟
لەم بارودۆخەدا به دڵنیاییەوه دەبێت هەر لایەك له بەشێك له داخوازییەكانی دەست هەڵبگرێت و بەرەو پرۆژەیەكی هاوبەش هەنگاو بنێن كه تیادا شتێك دراوەو شتێك وەرگیراوه و مانای راستەقینەی دانوستان بەرجەسته بكات.
جەماوەری خەڵكی كوردستان كه به درێژایی مێژوو له لایەن رژێمەكان و به هۆی قۆناغه جیاوازەكانی خەبات تووشی چەندەها زەرەر و زیان و ئەشكەنجه و كیمیاباران و شاڵاوی بەدناوی ئەنفال بووەو هەزاران شەهیدی لەم رێگایەدا بەخشیوه و سەدان پەككەوتەی تیایه و هەزاران بێوەژن و باوكی جگەرسووتاوی له ئامێزه، ئاستی سەبر و پشووی سنووردارەو دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین ئایا ئاستی سەبری ئەم خەڵكه تاكوێیەو تاكەی دەبێت باجی دەسەڵاتخوازی سەركردەكانی بدات؟
پێویسته ئەم سەركردەو پارتانه باش بزانن كه به ماندووبوونی ئەم جەماوەره پێ گەیشتوون و هەر ئەم جەماوەرەش دەتوانێت سزا و پاداشتیان بدات.
هیوادارم و ئۆمێد دەخوازم زیاتر لەمه لەسەر دەستی سەركرده و پارت و رێكخراوەكان زاخاو به قوڕگی ئەم گەله زوڵملێكراوەدا نەكرێت كه به درێژایی مێژوو له لایەن دوژمنەوه زوڵمی لێكراوەو چەوساوەتەوه، دڵنیابن رق و تووڕەبوونی جەماوەر سنوورداوەو هەوڵ بدەن نەكەونه بەردەمی تووڕەیی و عوسیانی جەماوەر.
با دوور بڕوانن لەو هەموو پەیام و راسپاردانەی له لایەن جەماوەرەوه پێیان دەگات، كام رێكخراو و پارت و سیاسەتمەداری كورد هەیه له لایەن كەسان و وڵاتانی دراوسێ و جیهانییەوه ئامۆژگاری نەكرابێت؟ تۆ بڵێی پەیامەكان تەنها زاراوەیی بێت یان ئەوەتا له پشت ئەم پەیامانەوه پەیامی دیكه هەیه كه گرنگتر له هەمووان پەیامی جەماوەره كه پاداشتی سەروەری دەستكەوتەكانی خوێنی شەهیدانەو له سەروو هەموو شتێكەوه دەوەستێت و دەبێت سەرتا پێ گوێی لێبگیرێت و جێبەجێ بكرێت.
مەنسوور جیھانی ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.
ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.
"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:
ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە
شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.
ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.
مەنسوور جیھانی ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە کۆنفڕانسی رێکخراوەی جیھانی "یۆنسکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.
لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ، "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"، ئەکتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی "ھەیام عەباس" Hiam Abbass و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ٨٠٠ کەس لە کەسایەتییە تایبەت و میوانە بیانییەکان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا چووە سەر پەردەی سینما.
ئەم فیلمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSA لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنابوو.
لە دەستپێکی کۆنفڕانسی رێکخراوەی یۆنسکۆدا جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ بەخێرھاتنی میوانانی کوردستانی کرد و پەیامی "ئیرینا بۆکۆڤا" Irina Bokova سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆی خوێندەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا ھاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە یۆنسکۆ UNESCOنمایش دەکرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێکی زۆر گرینگ و بەھێز لە رووی پەرەپێدانی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، لێکتێگەیشتن، وتووێژ و ھەروەھا پێکھێنانی ئاشتی دەبینێت.
دواتر "مایکل ھاوکینز" سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی ئوستوڕاڵیا بەخێرھاتنی دەرھێنەر و میوانانی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە گرینگی خەڵاتی یۆنسکۆی کرد و ھەروەھا باسی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ بەشی باشترین دەرھێنەر لە خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵبژێردرابوو. و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی سیناریۆ و ھەر بەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی یۆنسکۆی وەرگرت.
لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا "شەوکەت ئەمین کورکی" خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم بانگھێشتەی یۆنسکۆ و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یۆنسکۆ و سوپاسی رێکخراوەی یۆنسکۆ و خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی کرد و داوای لە "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانی کرد کە بێنە سەر سەحنە.
"عەباس غەزالی" کە بە جلووبەرگی کوردیی لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی یۆنسکۆ ئامادەبوو وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کوردستانی کرد کە چۆن سەرەڕای شەڕەکان، بەردەوام ھەوڵدەدات کە کەلتووری خۆی بپارێزێت و بە تایبەت لە رێگای سینەماوە بەرەو پێشەوەی ببات.
ئەم ئەندامەی پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە شەری کورد دژی گرووپی داعش کرد کە لە جیاتی ھەموو جیھان، کورد دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات و کەلتووری خۆی دەپارێزێت.
دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و ھەروەھا "عەباس غەزالی" لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://fr.unesco.org/events/projection-memories-stone-shawkat-amin-korki
http://if.com.au/2015/06/11/article/Memories-on-Stone-screened-at-UNESCO/WXLSTKHMXB
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات