نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ سەلاح الزواری باڵیۆزی فەلەستین لە وڵاتی ئێران دیداری کرد.

نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەر لەبەیانی رۆژی سێشەمە 6ی مایی 2014 لە بارەگای نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، پێشوازی لە سەلاح الزواری باڵیۆزی فەلەستین لە تاران کرد.

لەم دانیشتنەدا باسی باروودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و بە پەرۆشەوە لە تەندروستی مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراقی پرسیاری کرد و ئومێدی ساغ و سەلامەتی بۆ خواست.

باڵیۆزی فەلەستین لە وڵاتی ئێران لە بەشێکی ئەم دیدارەدا تەئکیدی لەسەر ڕۆڵی جەلال تاڵەبانیکرد و ڕۆڵی سەرکردەکانی کورد بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەرز نرخاند.  

 

 سێ شەممە, 06 ئایار 2014

 

 

 

 

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ى ئایارى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ڕوسته‌م مینیخانۆف؛ سه‌رۆك كۆماری ته‌ته‌رستان له‌ ڕووسیاى فیدرال و شاندێكى یاوه‌رى كرد، دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ هه‌ینى له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێره‌وه‌ به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك كۆمارى ته‌ته‌رستان خۆشحاڵیى خۆى به‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نى كۆمپانیا گرنگه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ بواره‌كانى پشه‌سازیى نه‌وت و گاز و پترۆكیمیاییه‌كان و ئامێره‌كانى ڕاكێشانى قورس و دروستكردنى هیلیكۆپته‌رى خزمه‌تگوزارییه‌ جیاكانى وه‌ك ئاگركوژێنه‌وه‌ و ئه‌مبۆلانس و پۆلیس و ئاى تى و چه‌ندین كۆمپانیاى بوارى دیكه‌ پێك دێت. هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى كولتوور و ڕۆشنبیرى و مێژوو و جووگرافیا و بارى ئابووریى ته‌ته‌رستان و پێشكه‌وتنى وڵاته‌كه‌یان و ئه‌زموونى كۆماره‌كه‌یان له‌ چوارچێوه‌ى ڕووسیاى فیدراڵدا پێشكه‌ش كرد.

پاشان هه‌ر یه‌كه‌ له‌ خاوه‌ن و نوێنه‌رانى كۆمپانیاكانى یاوه‌رى، توانست و بوارى پسپۆڕییان بۆ سه‌رۆك وه‌زیران خسته‌ ڕوو و ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ببینن و بزانن تا چه‌ند ده‌رفه‌تى هاوكارى و هاریكاریى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ته‌ته‌رستان ده‌بێت و بواره‌كانى پێكه‌وه‌كاركردن بۆ به‌رژوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا چۆن ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى به‌ ناوى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه‌ و به‌ ڕه‌خسانى ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌ربڕى و ده‌ستپێشخه‌رى و بڕیارى هاتن و سه‌ردانى ئه‌وانى بۆ هه‌رێمى كوردستان بۆ دروستكردنى بوارى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ ئاینده‌دا به‌رز نرخاند. هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى كارا دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس ده‌ستى به‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌ كردووه‌ و پێویستى به‌ هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ژێرخان و بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریى‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌كوو ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌موو به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراق ده‌بێته‌ خاڵى پێشوازى و دڵنیایه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین بوارى هاوبه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوولا ده‌توانن سوودى لێ وه‌ربگرن، ب تایبه‌تى ئه‌و بوار‌انه‌ى كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كات بۆ دابینكردنى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ وڵاته‌كه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا تیمێكى كارى هاوبه‌ش له‌ هه‌ردوولا پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كرده‌یى له‌و لایه‌نانه‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ ده‌توانرێ له‌ سوود و به‌رژوه‌ندیى هه‌ردوولا ‌بێت و ببێته‌ بنه‌ماى كارى هاوبه‌ش له‌ ئاینده‌ و هه‌ردوو پێكه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ى هاوكارى و هاریكاریى هاوبه‌ش دابنێن.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى پیشه‌سازیى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ له‌ دواى ڕووخانى رژێمى به‌عسه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى له‌م بواره‌دا ناوه‌، به‌ڵام هێشتا كارێكى وا له‌ بوارى پترۆكیمیاییه‌كاندا نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌م بواره‌دا بۆ دامه‌زراندنى ئه‌م پیشه‌سازییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ سوود له‌ ئه‌زموونى ته‌ته‌رستان وه‌ربگیرێت.

 

 

 

 

 

 

 

دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی 5ـی 2014، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتێکی ڕەسمی کە لەلایەن بەڕێز شا عەبدوڵڵا شای ئوردنەوە ئاراستەی کرابوو، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو وڵاتی ئوردن بەڕێ کەوت.

بڕیار وایە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئوردن چەند ڕۆژێک بخایەنێت و تیایدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان شای ئوردن و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی ئەنجام بدرێت.

لەو کۆبوونەوانەدا باسی پەرەپێدنی پەیوەندییە ئابووری و فەرهەنگی و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئوردن دەکرێت کە لەخزمەتی هەردوولا و عێراقیشدا بێت.

شایەنی باسە شاندێک لە بەرپرسانی حکوومیی هەرێمی کوردستان لەو سەردانەدا یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکەن کە پێکهاتووە لە: مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

 

 

 

 

 

 

 

ڕۆژی دووشەممە 5ـی 5ـی 2014 لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شا عەبدوللای دووەمی شای ئۆردۆن پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی شای ئۆردۆن سەردانی وڵاتی ئۆردۆنیان كردووە.

لەم دیدارەدا كە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و بەڕێوەبەری نووسینگەی شای ئۆردۆن و وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن و ڕاوێژكاری شای ئۆردۆن لە ئەنجوومەنی سیاسەتە نیشتیمانییەكان ئامادەی بوون، شای ئۆردۆن جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە برایانە كردەوە كە عێراق و ئۆردۆنی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لێك نزیك كردووەتەوە. هەروەها شای ئۆردۆن پاڵپشتیی شانشینی ئۆردۆنی بۆ ئەو هەوڵانە دووپاتكردەوە كە لە پێناو باشتركردنی سەقامگیری و ئاساییشی عێراق و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی لە ئارادان. لەم دیدارەی نێوان سەرۆك بارزانی و شای ئۆردۆن پێشهاتە هەنووكەییە ئیقلیمیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسەیش لەبارەی ئەو میكانیزمانە كرا كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن پێویستە بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و سوودوەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە ئەزموونی شانشینی ئۆردۆن لە بواری گەشەسەندندا.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هەڵوێستی شانشینی ئۆردۆنی بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی عێراق لە بارودۆخە سەخت و دژوارەكاندا بە بەرز نرخاند و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن كردەوە بە شێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات. سەرۆك بارزانی هەوڵە ئاشتیخواز و میانڕۆیانەی شای ئۆردۆنی بۆ چارەسەری تەحەدیات و بارودۆخە سەختەكان كە ناوچەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە بە بەرز وەسف كرد.

 

 

 

 

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران ڕایگه‌یاند که‌ دوو لایه‌ن بۆ ئاڵوگۆڕی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ به‌رانبه‌ر گازی سروشتی ئێران، به‌ ئامانجی دابین کردنی پێویستییه‌کانی هه‌رێم له‌ بواری سووته‌مه‌نی‌ و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخی سووته‌مه‌نی گه‌یشتوونه‌ته‌ لێکتێگه‌یشتن.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس، وتی: له‌ سه‌فه‌ری شاندی ئێرانی به‌ سه‌رپه‌ره‌شتی ڕۆسته‌م قاسمی بۆ هه‌رێم، دوو لایه‌ن له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و گازی سروشتی گه‌یشتوونه‌ته‌ لێکتێگه‌یشتن، به‌ڵام هیچ ڕێککه‌وتنێک نه‌کراوه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و وتانه‌ی که‌ له‌ زمانی ئه‌و له‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی بڵاوبۆته‌وه‌ زیادی کرد: "من وتم له‌ کابینه‌ی شه‌شه‌م و حه‌وته‌می هه‌رێمی کوردستان پێشنیار بووه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ڕێگای بۆرییه‌وه‌ گاز بدات به‌ هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر وه‌کوو ئه‌یشی دا به‌ به‌غدا."

نازم ده‌باغ له‌باره‌ی قۆناغه‌کانی دواتری لێکتێگه‌یشتنی نه‌وتی و گازی له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی به‌سته‌وه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی ده‌وڵه‌تی ئێران و وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌.

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌ هه‌موو دانیشتنه‌کانی شاندی ئێرانی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌شدار بووه‌، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ی به‌ ڕێگه‌گرتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخی سووته‌مه‌نی و دابین کردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێم ناوبرد و زیادی کرد: "شاندێکی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی ستادی هاوبه‌شی ئێرانی و عێراقی وتووێژیان کردووه‌ و بڕیاریان داوه‌ ئه‌و وتووێژه‌ به‌رده‌وام بێت و پێشبینی ده‌که‌م که‌ حه‌وته‌ی ئاینده‌ ئه‌و شانده‌ بێن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شداری بکه‌ن له‌ پیشانگای نه‌وتی که‌ له‌ ئێراندا هه‌یه‌ و بۆ جارێکی تر شاندی هاوبه‌ش دانیشتن و وتووێژ بکه‌ن له‌سه‌ر چۆنێتی ئه‌م کاره‌ و پێشنیاریش کراوه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگای لووله‌وه‌ نه‌وت بنێرین بۆ کۆماری ئیسلامی به‌رانبه‌ر به‌وه‌ فه‌راوه‌رده‌کانی نه‌وتی وه‌ربگرین وه‌کوو گازۆئیل و به‌نزین و نه‌وت."

جه‌ختی کرده‌سه‌ر ئه‌وه‌ش که‌: "دوو لایه‌ن له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌کانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی گفتوگۆیان کرد و ئه‌وه‌ی که‌ بوو؛ گفتوگۆ بوو، نه‌ک ڕێککه‌وتن."

نازم ده‌باغ به‌ ئاماژه‌ به‌ مێژووی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ئێستاشدا به‌رده‌وامه‌، به‌شێک له‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتنه‌کانی بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ و ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخی سووته‌مه‌نی ناوبرد.

ڕاشیگه‌یاند: "بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ (ڕێگه‌گرتن له‌ قاچاخ) دیاره‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌یه‌ شاند بنرێت بۆ کۆماری ئیسلامی و له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژی زیاتر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویستی به‌ ڕێککه‌وتن کرد ئه‌و کاته‌ له‌ ئاستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئاستی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کان دائه‌نیشن بۆ کۆتایی پێهێنان به‌و باسه‌."

هه‌مدیسان جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ لێکتێگه‌یشتنه‌که‌ بۆ ئاڵوگۆڕی نه‌وت و گاز له‌ نێوان هه‌رێم و ئێران بووه‌ نه‌ک فرۆش.

شیاوی ئاماژه‌یه‌ که‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی به‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌فه‌ری شاندی ئێرانی بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ زمانی نازم ده‌باغ له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان و گازی سروشتی هه‌واڵی دابوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەركەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و هەموو هاووڵاتیانی عێراق دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. لە سایەی گیانفیدایی شەهیدانمان و قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەكەمان توانیمان بگەینە ئەو ڕۆژەی گەلەكەمان ئازادانە مومارەسەی دیموكراسی بكات. سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی هاووڵاتیان و پڕۆسەی هەڵبژاردنیان بەجێ گەیاند.

بەشداریی پڕ جۆش و خرۆشی هاووڵاتیانی ئازیز لەم هەڵبژاردنەدا مایەی خۆشحاڵییە و ئومێد و هێزی زیاتر دەبەخشێتە گشت لایەكمان بۆ ئەوەی بە هەموو تواناییەك خزمەتی گەل و نیشتیمان بكەین. هەڵبژاردنەكانی 30ـی نیسان بە گەواهیی خەڵكی بیانی و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە ناحكوومی و سەربەخۆكان پڕۆسەیەكی سەركەوتوو بووە و هیوادارم ئەنجامەكانی بەخێر و خۆشی بۆ میللەتەكەمان بشكێتەوە و ببێتە هۆی پێشڤەچوونی زیاتری دیموكراسی و بووژانەوە و كرانەوە لە هەرێمی كوردستان.

ئەنجامی هەڵبژاردن هەر چییەك بیت گرنگ ئەوەیە جارێكی دی گەلەكەمان ویستی خۆی بۆ چەسپاندنی دیموكراسی ڕاگەیاند. هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە گشت لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەكەم بە گیانێكی نیشتیمانپەروەر و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان بكەن كە بە فەرمی لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ڕادەگەیێنرێت و ملكەچی بڕیاری گەل بن.هیواخوازم ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هاندەرێك بێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لە قۆناغی داهاتوودا بە برایەتی و تەبایی بەیەكەوە كار بكەن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكە.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1ـی 5ـی 2014

 

 

 

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 4ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە پڕۆسەی دەنگدانی هەر دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدانی شارۆچكەی پیرمام ئامادە بوو و دەنگی خۆی دا.

 

 چوار شەممە, 30 نیسان 2014

 

 

كاژێر شه‌ش و په‌نجا ده‌قیقه‌ى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى نیسانى 2014، ده‌ ده‌قیقه‌ به‌ر له‌ واده‌ى ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ قوتابخانه‌ی لاوانی بنه‌ڕه‌تی له‌ گه‌ڕه‌كی كوورانى عه‌ینكاوه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى كاژێر 7ى به‌یانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نگ بدات.

دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگه‌ و داوای له‌ هاووڵاتیان كرد به‌ره‌و سندووقه‌كانی ده‌نگدان بچن و نوێنه‌رانیان هه‌ڵبژێرن و گوتی:

"ئه‌مڕۆش ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی له‌ عیراقدا هاتووینه‌ته‌ ئه‌م بنكه‌یه‌ بۆ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگن و هیوادارم پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌موو عیراقدا به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌توانن به‌شدار بن، بچن بۆ سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان و مافی دیموكراسیی خۆیان به‌ كار بهێنن و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ هه‌ڵبژێرن بۆ په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، هیوادارم پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ به‌ ڕێوه‌ بچێت. بێگومان ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌بێته‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ كۆی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌موو عیراق و هه‌رێمی كوردستان."

سه‌رۆك وه‌زیران خۆشحاڵیی خۆی به‌ ده‌ركه‌وتنی سه‌رۆك تاڵه‌بانی نیشان دا و گوتی: ئێمه‌ چ وه‌كوو كه‌س، چ وه‌كوو حكوومه‌ت به‌ ده‌ركه‌وتنی جه‌نابی مام جه‌لال زۆر خۆشحاڵ بووین و پێم وایه‌ هه‌موو خه‌ڵكی عیراق به‌ گشتی به‌وه‌ خۆشحاڵ بوون كه‌ له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن بینیمان جه‌نابی سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌نگ ده‌دات. بێگومان ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ به‌ڕێزیان لێره‌ نه‌بوون بۆشاییه‌كی له‌ عیراق و هه‌م له‌ كوردستان به‌ جێ هێشتووه‌ و خۆشحاڵ بووین كه‌ بینیمان ده‌نگ ده‌دات و هیوادارین به‌ ته‌ندروستیه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌ته‌وه‌ ڕایگه‌یاند ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ په‌رله‌مان داده‌نیشێت و گوتی: "ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ به‌ كرده‌یی هه‌نگاوه‌ی یه‌كه‌می ده‌ست پێكردووه‌ و هیوادارین له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ فه‌رمی كابینه‌ پێك بێنین و تا ئێستا هیچ لایه‌نێك وه‌زیری خۆی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌."

نێچیرڤان بارزانی نه‌یشارده‌وه‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌خشه‌ی سیاسیی عیراق به‌ گشتی ده‌گۆڕدرێت و گوتی: "بێگومان ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌ی ئێستا له‌ عیراقدا هه‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نێین و ئێستا زۆر زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین و تا هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌بێت ناتوانین بڵێین چ ده‌بێ."

له‌ باره‌ی نه‌بوونی یه‌كلیستیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش له‌ پرۆسه‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردندا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دیموكراسییه‌ و لایه‌نه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له‌وانه‌شه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن ده‌نگ بفه‌وتێن، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پرۆسه‌كه‌ دیموكراسییه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن و مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ هیوادارم له‌ هه‌ر شوێنێك بن مافی خۆیان به‌ كار بهێنن و به‌ره‌و سه‌ندووقی ده‌نگدان بچن."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ عیراق له‌ دوای هه‌ڵبژاردن سه‌خت ده‌بێت و گوتی : "كه‌ لای ئێمه‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت بێت، لای ئه‌وان هه‌ر زۆر زۆر سه‌ختتر ده‌بێت."

 

 

  • چوار شەممە, 30 نیسان 2014

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی