باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لەچوارچێوەی ئابڵوقە ئابوریەكەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران هەڕەشەی توند لەعیراق دەكات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر بەغدا پابەندی ئەو سزایانە بێت ئەوا بەتوندترین شێوە سزای دەدەین"، نوێنەری حكومەتیش لەتاران بەدوری دەزانێت ئێران ئەو هەڕەشەیەی كردبێت و دڵنیاییش دەدات كە "مەترسیان نابێت".

ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەبەغدا بەڕۆژنامەی (وەتەنی) ڕاگەیاندوە، "ئەگەر بەغدا پابەندی سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران بێت و دەستبەرداری كاڵا ئێرانییەكان بێت، ئەوا حكومەت و گەلی عیراق بەتوندترین شێوە سزا دەدەین".

لەوبارەیەوە نازم دەباغ نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێم لەتاران بەSNNی‌ ڕاگەیاند، "من پێموانییە ئێران بەهیچ شێوەیەك هەڕەشە لەعیراق بكات و ناشیكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران چاوەڕوانی هەیە لەعیراق هەموكات لەڕێگەی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەئكیدیان لەوەكردۆتەوە كە عیراق هەوڵدەدات خۆی بەدوربگرێت لەبەشداریكردن لەو بەرنامەیەی ئەمریكا دژ بەئێران گرتویەتیەبەر".

وتیشی:"پێموانییە ئوە هەڕەشەی لەعیراق كردبێت، تاوەكو كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، عیراق خۆی ئەو بڕیارە دەدات پێوەی پابەنددەبێت یان نا، بەڵام عیراق دەتوانێت سیاسەتێكی میانگیر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی عیراق نەكەنە قوربانی بەرژوەندیەكانی وڵاتانی دەرەوە".

 

 

 

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، وەکوو ئەندامی فەرمی شاندی دکتۆر "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ لە دیدارەکاندا بەشداربوو.

 

دکتۆر "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوو لە وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازی، پارێزگاری بەسرە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقی لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی باڵا لە بوارەکانی کارەبا و ئاو و نەوت، کاتژێر ٩ ی سەرلە بەیانی رۆژی شەمە رێکەوتی ١٧/١١/٢٠١٨ گەیشتنە تاران و "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران لە ڕێوڕه‌سمی پێشوازی کردنی بەرێزیاندا بەشداری کرد.

 

نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، وەکوو ئەندامی فەرمی شاندەکە لە هەموو دیدارەکاندا بێجگه لە دیداری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداربوو.

 

لە دیدارەکاندا باس لە رێوشوێنی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە گشتی و لەسەر بەشداری نەکردنی عێراق لە دژایەتی کردنی وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوولا لە بواری ئاسایش و ئابووری و بازرگانی و هەروەها سه‌باره‌ت به شەری دژە تیرۆروتووێژیان کرد، جگە لە بابەتی چارەسەر کردنی کێشەی ئاو لە نێوان ئێران و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 

 

لە دیداری هەر دوو سەرۆک کۆمار بڕیاردرا چەند لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت لە هەر دوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و ئەمنییەکان وهەڵگرتنی ڤیزا و هاوکاریکردن لە بونیادنانەوەی عێراق، هەروەها لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تەپوتۆز کە زۆربەی کات ئاسمانی عێراق و بەشێک لە ئێران دەگرێتەوە، هەرەوەها لیژنەیەکی هاوبەش لە هەر دوو وەزارەتی پیشەسازی بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی باش لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە پێکبێت. 

 

سەرۆک کۆماری عێراق دڵنیاییدا کە کاری ئایندەی عیراق چارەەسەری کێشەکانە و عێراق دەبێت خاڵی پێک گەیشتنی بەرژەوەندییەکان بێت لە چوارچێوەی وڵاتانی ناوچەکە و عەڕەبی، بۆ پتەوکردنی برایەتی و پاراستنی شکۆیی وڵاتەکەی و رێزگرتن لە یەکتری و لە وڵاتانی دراوسێ.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌ ڕێوڕه‌سمی ساڵیادی لە دایکبوونی ئیمپراتۆری ژاپۆن له‌ وڵاتی ئێران بەشداریی کرد.

دوای بانگهێشتی فەرمی لە لایەن "میتسوگو سایتۆ" باڵیۆزی وڵاتی ژاپۆن لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی یادی ساڵانەی لە دایکبوونی ئیمپراتۆری ژاپۆن کە ئاراستەی "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران کرابوو، رۆژی چوارشەمە رێکەوتی ١٤/١١/٢٠١٨ بالیۆزخانەی وڵاتی ژاپۆن له‌ تاران ئاهەنگێکی تایبه‌تی گێڕا و نوێنەرایەتی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران لەم ڕێوڕه‌سمه‌دا بەشداریی کرد.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە وڵاتی ئێران کۆبۆوه.

خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران، بە بۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکەی لە وڵاتی ئێران ئەمرۆ سێشەمە رێکەوتی ١٣/١١/٢٠١٨ سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ تارانی کرد و له لایه‌ن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ وڵاتی ئێران پێشوازی لێکرا. 

له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا خاتوو "کارا جۆنسۆن مالینا" سوپاسی نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تارانی کە لەو ماوەیەدا هەمیشە ڕوونکردنەوەی پێداوه لەسەر ڕووداوەکان و ڕاوبۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ خستووتە ڕوو.

لەچاو پێکەوتنەکەدا باس لە رێوشوێنی دروست کردنی کابینەی تازەی حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و پەوەندییەکانی هەرێم و حکوومەتی تازەی عێراق باس و گفتوگۆی لە بارەوە کرا و "نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران ڕاوبۆچوونی حکوومەتی هەریم و چاوەڕوانییەکانی لە حکومەتی تازەی ناوەند بۆ جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە تاران خستە ڕوو. 

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م دیداره‌دا، خاتوو مالینا ئومێدی خواست کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگاتە چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، باسی لە کاریگەرییەکانی سزاکانی قۆناخی دووەمی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەسەر کوردستان و عێراق کرد کە لە 5-11-2018 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.


نازم دەباغ رایگەیاند، عێراق دەیەوێ خۆی بەدوور بگرێت لە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، هەروەها پێویستیشە کوردستان خۆی نەکاتە قوربانی کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران.

نازم دەباغ ئاشکرایکرد، باوەڕناکات ئەمریکا عێراق پابەندبکات بە سزاکانی بۆسەر ئێران، رەنگە بیخاتە لیستی ناوی ئەو وڵاتانەی کە پابەند نەکراون بە سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران روونیکردەوە، هیچ خاڵێکی سنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران داناخرێت، بەڵکو رێگری لە هاوردە و هەناردەی چەند کەلوپەلێکی ستراتیژی لە بواری نەوت و پیشەسازی و دارایی دەکرێت.

نازم دەباغ گوتیشی" ئێران ئاسایشی کوردستان بە ئاسایشی خۆی دەزانێت، هەروەها پشتیوانی لە حکومەتی داهاتووی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتیوانییەکانی رابردووی ئێران لەبەرچاوبگرێت و لەچوارچێوەی یاساکانی عێراقی فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران بکات.

 

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئابڵوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ”ناڕەوا“ وەسف دەکات و داوا دەکات ”تا دەتوانین“ هاوکاریی ئێران بکرێت.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە حزبەکەی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئابلوقەی ئابووری لەسەر ھەریەکە لە ئێران یان عێراق دابنرێ، ئەوا ڕەنگدانەوەی بۆ سەر وڵاتانی دیکەش دەبێ، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و ئەویش دەگرێتەوە، بەڵام عێراق لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ئێستا ھەیەتی، ھاواریەتی و دەڵێ ناتوانین پابەندنی ئەو سزایانە بۆ سەر ئێران بین، بۆیە دەبێ عێراق بخرێتە دەرەوەی ئەو ئابلوقانەی لەسەر ئێران دادەنرێت“.

 

نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئەوەشی خستە ڕوو، کورد مافی ئێرانی بەسەرەوەیە، چونکە ئەو کاتانەی ئابلوقەی عێراق و وڵاتانی دیکەی لەسەر بووە، گوایە ئێران ھاوکاریی کوردی کردووە، بۆیە دەڵێت: ”کورد تا دەتوانێت، دەبێ ھاوکار بێ، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە خەڵکی ئێران کوردن و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران بەشێوەیەکی گشتی جگە لەو ماوە کەمەی ڕاپرسی، ھەمیشە بەشێک بووە لە بووژاندنەوە و نەوەستانی چالاکیی ئابووریی ھەرێمی کوردستان“.

 

جەختیشی لەوە کردەوە: ”ناکرێ منداڵی خۆمان بە قوربانی منداڵی خەڵک بکەین، پێم باشە عێراقیش ئەوەندەی دەتوانێت، نەبێتە بەشێک لەو ململانێیانەی کە ئەمریکا لە ناوچەکە ھەیەتی“.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە، ئابڵوقە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ناڕەوا دەبینێت و نایشارێتەوە: ”دونیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی کۆمەڵەی ٥ +١ دەکات، تەنیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی وەستاوەتەوە، بۆیە ئەو ئابلوقانەی خراوەتە سەر ئێران، بە ناڕەوای دەبینین“.

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران په‌یامێك ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و داواده‌كات، كه‌سانی پسپۆڕو شاره‌زا بۆ نرخی شتومه‌ك و كه‌لوپه‌لی ئێرانی دیاریبكات و ڕێگری له‌گرانبونی كه‌لوپه‌لی ئێرانی بكرێت، سه‌باره‌ت به‌گرانبونیش به‌هۆی‌ دراوی ئێرانیه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست ده‌دات.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "له‌هه‌رێمی كوردستان نرخ گرانده‌كرێت به‌هه‌مانشێوه‌ی ئێران، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نرخ له‌ئێران گرانبوه‌، له‌كاتێكدا ڕاسته‌ به‌دراوی تمه‌ن نرخی كه‌لوپه‌له‌كان زیادیانكردوه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كاڵاو بابه‌ته‌ی پێشتر به‌دۆلارێك ده‌كڕدرا له‌ئێران ئێستا نیو دۆلاری پێویسته‌".

نوێنه‌ره‌كه‌ی هه‌رێم هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌دات و ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر له‌ڕابردودا تێچوی تۆنێك 100 هه‌زار تمه‌ن بوبێت، ئێستا بۆته‌ دوو سةد هه‌زار، به‌ڵام به‌دیناری عیراقی یان به‌دۆلار نرخه‌كه‌ی هه‌رزانتره‌ هه‌ر ئه‌و برنجه‌ پێشتر به‌دۆلارێك بوو، ئێستا به‌نیو دۆلاره‌".

نازم ده‌باغ په‌یامێك ئاراسته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت:"په‌یامم بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌سی پسپۆڕو شاره‌زا بۆ جێگریكردن و دیاریكردنی نرخه‌كان ڕابسپێرێت، تائه‌و بازرگانه‌ چاوچنۆكانه‌ی به‌بێ هۆكار پاره‌ی زیاد له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن سزا بدرێن".

 

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران، دژایه‌تییه‌کانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ سه‌رۆک کۆماری به‌رهه‌م ساڵح به کیشمه‌کیشمێکی ئاسایی جیهانی سیاسه‌ت ده‌زانێت و ده‌ڵێت: ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن.

 

به پێی راپۆرتی به‌شی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسی تسنیم، ئێواره‌ی سێ‌شه‌ممه ٢١٩ ئه‌‌ندام په‌رله‌مانی عێراق به ده‌نگی خۆیان به‌رهه‌م ساڵح کاندیدی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان‌یان وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته هه‌ڵبژارد. فوئاد حسێن کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان رکابه‌ری به‌‌رهه‌م ساڵح بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. ئه‌مه بۆ یه‌که‌م جار بوو که دوو حزبی گه‌وره‌ی کورد به‌جیا کاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق پێشکه‌ش ده‌کرد. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی کاریگه‌رییه‌کانی هه‌‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و داهاتووی ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان وتووێژێکمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌رێم له تاران ئه‌نجام داوه که له خواره‌وه ده‌یبینن.

نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری عێراق و کاریگه‌ری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسی ئه‌م وڵاته به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌‌ڵێت: دوای به‌‌ڕێوه‌جوونی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی که ساڵی رابردوو له هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو و تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵه‌‌ی سه‌رۆک کۆماری فوئاد مه‌عسوم، وڵات پێویستی به ئاڵوگۆڕ بوو. له‌م بارودۆخه‌دا به‌‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق له هه‌‌لومه‌رجێکی دیموکراتیک‌دا هه‌‌ڵبژێردرا. به‌رهه‌م ساڵح له رووی سیاسییه‌وه درێژه‌پێده‌ری خوالێخۆشبوو جه‌لال تاڵه‌بانی‌یه، به‌‌رهه‌م له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ده‌توانێت رۆڵێکی گرنگ و کاریگه‌ر ببینێت له پێناو یه‌کگرتوویی، دابین‌کردنی ئه‌من و ئاسایش و خوشگوزه‌رانی خه‌ڵک و په‌یوه‌ندی عێراق و وڵاتانی دراوسێ گه‌شه پێ بدات. به دڵنیاییه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه گرنگه به هاوکاری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان ده‌کرێت و به‌و ناسینه‌ی له به‌‌رهه‌م ساڵح هه‌مه ئه‌و توانای گه‌یشتن به‌م ئامانجانه‌ی هه‌یه.

جیاوازییه‌کان ئاساییه

نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران سه‌باره‌ت به دژایه‌تی مه‌سعود بارزانی بۆ سه‌رۆکایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌گه‌ری هاوکاری نێوان پارتی و سه‌رۆک کۆماری نوێ ده‌ڵێت: ئه‌م جیاوازییانه له جیهانی سیاسه‌تدا کیشمه‌کیشمی ئاساییه. له جیهانی سیاسه‌تدا، هه‌ندێ جار بۆ گه‌یشتن به شتێک، پلان و سیاسه‌ت و هه‌نگاوی تایبه‌ت ده‌نرێت، به‌ڵام جاری وا هه‌یه ئاکامه‌که‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌یه که به‌رپرسان و پلان‌دانه‌ران چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن، وه‌کوو کاندید کردنی که‌سێک بۆ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له لایه‌ن پارتییه‌وه.

هاوکاری مه‌سعود بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح

ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: که‌سایه‌تی کاک مه‌سعود بارزانی به شێوه‌یه‌که کاتێک به‌رژه‌وه‌ندی کورد بخوازێت که هه‌ڵویستێکی نوێ بگرێت، ١٠٠٪ ئه‌مه ده‌کات و بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کورد هاوکاری به‌رهه‌م ساڵح ده‌کات. لێره‌دا ده‌بێت بڵێم که پارتی و یه‌کێتی و یان هه‌ر لایه‌نێکی دیکه مادامێک پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق بن و له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌دا کاندیدی لایه‌نێک هه‌ڵبژێردرێت، ده‌بێت پێکه‌وه هاوکار بن و هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن. کاتێک به‌رهه‌م ساڵح یان حکومه‌تی هه‌ڵبژێردراو خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌ک بن که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا مافی کورد بپارێزێت، کێ ده‌توانێت دژایه‌تی بکات؟ بۆیه بۆ به‌‌رهه‌م ساڵح و مه‌سعود بارزانی باشتر وایه که له‌م پرۆژه‌دا هاوبه‌ش بن. به‌ڕای من ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن.

پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی کوردی

ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره کورده‌ی عێراق له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا که "ره‌وتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا به‌ره‌و چ ئاڕاسته‌یه‌ک ده‌روات؟" ده‌ڵێت: ئێمه ئه‌زموونی زۆرمان له‌م بواره‌دا هه‌یه. کێشه‌کانی رابردوو تا شه‌ڕ و پێکدادانیش رۆیشت به‌ڵام ئه‌م کێشانه چ له رێگای وڵاتانی دراوسێ یان له رێگای دانوستان و وتووێژی نێوان هه‌رێم و  به‌‌غدا چاره‌سه‌ر کران، چونکه هه‌ندێ جار بارودۆخێک دێته ئاراوه که پاراستنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی حزب و که‌سایه‌تییه کوردییه‌کان گرنگتره و به‌م پێیه، حزبه کوردییه‌کان پێکه‌وه کار و هاوکاری ده‌که‌ن.

زاڵبوونی خواستی هاوکاری

نازم ده‌باغ له کۆتایی‌دا وێرای ئاماژه به ئه‌و پێشوازییه گرنگه‌ی له ئاستی ناوچه‌ی و جیهانیدا له به‌رهه‌م ساڵح کراوه سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری که‌سایه‌تی ئه‌و له‌سه‌ر ره‌وتی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت: هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێک که خاوه‌ن په‌یوه‌ندی باش و رابردوویه‌کی گه‌ش بێت و هه‌ڵگری پلانی تایبه‌ت بۆ ئاوه‌دانی و خوشگوزه‌رانی وڵات و خه‌ڵک بێت، به دڵنیاییه‌وه پشتیوانی زیاتری لێده‌کرێت. عێراق بۆ ئاوه‌دانی و بوژاندنه‌وه‌ و نه‌‌هێشتنی ئاسه‌واره‌کانی شه‌ر پێویستی زۆری به یارمه‌تی و هاوکاری وڵاتانی جیهان هه‌یه. له ساڵانی رابردوودا بینیمان که عێراق هاوکاری و هاوپه‌یمانی باشی له‌گه‌ڵ دراوسێکانی بووه، پێم وایه له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆماری به‌رهه‌م ساڵح‌دا ئه‌م سیاسه‌ته درێژه‌ی ده‌بێت بۆیه من به داهاتوو گه‌شبینم چونکه ئێستاکه له نێوان کورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق خواستێکی باشی هاوکاری و هاوئاهه‌‌نگی له ئارادایه.

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی