سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی چوارشه‌ممه 2/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له به‌ڕێزان ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له عێراق، ئاغای موقیمی پارێزگاری تاران، ئاغای شه‌هریاری پارێزگاری ئورمیه، ئاغای دانایی فه‌ر سه‌رۆكی په‌ره‌پێدانی بازرگانیی عێراق و ئێران و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسه ژووره بازرگانی و ئابوورییه‌كانی پارێزگا جیاجیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردن له كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌ربڕی. ئاماژه‌یان به په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران كرد و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی و بازرگانیدا، نیشان دا.
شاندی میوان ده‌سخۆشییان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و دووپاتیان كرده‌وه كه ئێران خوازیاری ئه‌وه‌یه سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕۆژه سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، دووپاتیشی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی ده‌خوازن سه‌قامیگریی ئابووری له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و له‌مباره‌یه‌وه ئێران كه خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، ده‌توانێت هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی ئێرانی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و هیوای خواست كۆنفرانسه‌كه سوودی بۆ هه‌ردوولا هه‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆز و كونسولی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌شی كرد كه هاوكار بوون بۆ به‌رەو‌پێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره‌كانی زانستی و ئابووری و بازرگانی و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه هه‌بوون.
نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران خوازیارى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانه
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2/5/2018 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نكار و بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان ده‌ستی به كاره‌كانی كرد.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و سه‌ره‌تا به‌ناوی خۆی و به‌ڕێزان محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌خێرهاتنی به‌ڕێز د. شه‌ریعه‌تمه‌داری وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگاره‌كانی ئێران و به‌تایبه‌تی پارێزگاری ورمێ و باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران له به‌غدا و هه‌موو به‌شداران و میوانانی كۆنفرانسه‌كه‌ی كرد.
به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشی له ڕێكخه‌ران، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره بازرگانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه كرد كه به‌شداربوون له ڕێكخستنی كۆنفرانسه‌كه‌دا كردووه و هیوای خوات ببێته هۆى هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كاراتر بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌ن.
دواتر باسی په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و ڕایگه‌یاند كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له زۆر لایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شى هه‌یه و گرنگییه‌كى گه‌وره به په‌یوه‌ندییه ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات، هه‌ر بۆیه به بایه‌خه‌وه له‌م كۆنفرانسه ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات و پشتگیریش له هه‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه ده‌كات ببێته هۆى په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه ئابوورى و بازرگانییه‌كان و له‌مباره‌یه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كاری به‌رده‌وامی كردووه.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاشكرای كرد كه قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران ده‌گاته 6,5 ملیار دۆلار كه زیاتر له 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، ئه‌مه جیا له فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.
هه‌رل له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هه‌رێمی كوردستان 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له سنووره‌كانى ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و 359 كۆمپانیاى ئێرانى له هه‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه كه زۆربه‌یان له بوارى بازرگانیدا كار ده‌كه‌ن، وێڕاى هه‌بوونى 135 كارگه‌ى ئێرانى له هه‌رێمى كوردستان كه سه‌دان ده‌رفه‌تى كاریان ڕه‌خساندووه و كۆى ئه‌و چالاكییه بازرگانییانه‌ش له هه‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه له هه‌وڵدان هه‌ندێكیان بكرێنه ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.
به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌وڵ ده‌دات ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته حكوومه‌ت هه‌ندێ هه‌نگاوى كرده‌یى ناوه و شوێنى تایبه‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه دابین كردووه، به‌ڵام پێویستی به هه‌نگاوی كاراتر له هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقه و هیوای خواست ئه‌م كۆنفرانسه هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌رده‌م پڕۆژه‌كه تاكو بتوانرێت بخرێته سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌جێكردن.
سه‌باره‌ت به گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نیوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه گفتوگۆكان هه‌ندێ له كێشه و گرفته‌كانى تایبه‌ت به ده‌روازه و مه‌رزه سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه و هه‌وڵى به‌رده‌وامیش له هه‌ردوولا هه‌یه ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره به زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن.
به‌ڕێزیان ڕوونى كرده‌وه كه ئه‌مه ده‌بێته پاڵپشتییه‌كی دیكه بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه ئابوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێران‌دا و ده‌بێته هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى زیاد ببێت، كه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ركییه‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و كاری جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كات.
به‌ڕێزیان داوای له كۆمپانیا، بازرگان، خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش كرد بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن و هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌كیش پێویست بێت حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆیان ده‌كات. دووپاتیشی كرده‌وه كه سنووری درێژى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران واى كردووه دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیك بن، بۆیه ده‌كرێت زۆر زیاتر له‌وه كه ئێستا هه‌یه، بواره بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له سه‌ر هاوكارییه‌كانی گه‌ل و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و بیری هێنایه‌وه كه گه‌ل و كۆمارى ئیسلامى دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ده‌رگایان له په‌نابه‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، له شه‌ڕى داعشیشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستانى كردووه كه جێگه‌ی ڕێزی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه و هه‌میشه به چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، بۆیه خوازیاری ئه‌وه‌یه هه‌میشه په‌یوه‌ندیى باشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت به‌تایبه‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له هه‌رێمى كوردستان و عێراق سوود له پسپۆڕی و شاره‌زاییه‌كانی ئێران له بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا وه‌ربگیرێت.
له كۆتاییدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووباره به‌خێرهاتنی میوانان و به‌شدارانی كۆنفرانس و ده‌ستخۆشی له ڕێكخه‌رانى كرد و هیوای خواست بۆ بره‌ودان و به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانیى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا، كۆنفرانسه‌كه ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه و كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان له هه‌ردوولا بكات.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..
هه‌مووتان به‌خێر بێن بۆ كۆنفرانسى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان. له ده‌ستپێكردنی ئه‌م وته‌یه‌دا ڕێگه‌م بده‌ن به ناوی به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لسوودانی، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزای عێراق و به ناوی خۆم و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى، جیگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی جه‌نابی دكتۆر شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیرى پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌م كه ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێناوه بۆ ئه‌م كۆنفرانسه و زه‌حمه‌تی كێشاوه، به‌خێر بێت، سه‌رچاو.
به‌خێرهاتنی ئۆستاندارانی ئێران و به‌تایبه‌تی ئوستانداری ورمێ كه دراوسێی ئێمه‌ن له‌ولا، به‌خێرهاتنێكی گه‌رمیان ده‌كه‌م كه ئه‌وانیش ته‌شریفیان هێناوه و لێره ئاماده‌ن. به‌خێرهاتنی جه‌نابی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌م ئاغای مه‌سجدی، زۆر به‌خێر بێن (خیلی خوش امدید، متشكرم).
به‌ڕێزان..
ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه، سكرتاریه‌تى ئه‌نجومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان، ژووره بازرگانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌ڕێز وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌كاله‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شدارن و ئه‌م كۆنفرانسه‌یان ڕێكخستووه، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن. هیوادارم ببێته هۆى هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كاراتر بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتى و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌و كێشانه‌ی له نێوانماندا هه‌یه و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه له زۆر لایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شییان هه‌یه و پێویستییان به هاریكاریى هاوبه‌شه، گرنگییه‌كى گه‌وره به په‌یوه‌ندییه ئابوورى و بازرگانییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئێسلامى ده‌دات، بۆیه به بایه‌خه‌وه له‌م كۆنفرانسه ده‌ڕوانێت و پشتگیرى لێ ده‌كات. پشتگیرى له هه‌ر كار و چالاكییه‌كى دیكه‌ش ده‌كات كه ئامانجى ئه‌وه بێت و ببێته هۆى په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندیی ئابــوورى و بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام كارى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره به‌و په‌یوه‌ندییانه بدات و فراوان و هه‌مه‌جۆریان بكات. قه‌باره‌ى ساڵانه‌ى ئالوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران‌دا له عێراقدا ده‌گاته 6.5 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش زیاتر له 25%ى كۆى گشتیى هاورده‌كردنى هه‌رێمى كوردستان پێكده‌هێنێت، جگه له فڕۆخانه‌كان و پارێزگاكانى خوارووى عێراق.
هه‌رێمى كوردستان 67%ى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبیل له سنووره‌كانى ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌دات، هه‌روه‌ها (359) كۆمپانیاى ئێرانى له هه‌رێمى كوردستان لقیان هه‌یه كه زۆربه‌یان له بوارى بازرگانیدا چالاكن و كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه وێڕاى هه‌بوونى (135) كارگه‌ى ئێرانى له هه‌رێمى كوردستان كه سه‌تان ده‌رفه‌تى كاریان له بواره جیاكاندا ڕه‌خساندووه. كۆى ئه‌و چالاكییه بازرگانییانه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران له هه‌رسێ مه‌رزى سنووریى نێوده‌وڵه‌تیى په‌ڕوێزخان، حاجى ئۆمه‌ران و باشماخه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌رێن، له‌گه‌ڵ پێنج مه‌رزى دیكه‌ى لاوه‌كى كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ندێك له‌وانه‌ش بكرێنه ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌وڵى جددى داوه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له چوارچێوه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابووریدا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران، ناوچه‌یه‌كى بازرگانیى ئازاد له مه‌رزى په‌روێزخان دروست بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته حكوومه‌ت هه‌ندێ هه‌نگاوى كرده‌یى ناوه و شوێنى تایبه‌تى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ناوچه‌یه دابین كردووه، به‌ڵام هێشتا له هه‌ردوولا، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عێراقیش هه‌نگاوى كاراتر بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه پێویسته.
هیوادارین ئه‌م كۆنفرانسه هاوكار بێت بۆ زه‌مینه‌خۆشكردن و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كانى به‌رده‌م پڕۆژه‌كه و بتوانین بیخه‌ینه‌وه سه‌ر ڕێچكه‌ى جێبه‌جێكردن.
به‌ڕێزان،
گفتوگۆكانى ئه‌م دواییه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال، هه‌ندێ له كێشه و گرفته‌كانى تایبه‌ت به ده‌روازه و مه‌رزه سنوورییه‌كان و گومرك و بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر كردووه، گفتوگۆ و هه‌وڵى به‌رده‌وامیش له هه‌ردوولا هه‌یه كه ته‌واوى كێشه‌كانى ئه‌و بواره به زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هاوكار و پاڵپشتێكى دیكه بۆ فراوانكردنى بازرگانى و چالاكییه ئابوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیی ئێران‌دا.
ڕێكخستنه‌وه‌ى كار و چالاكییه بارزگانى و ئابوورییه‌كان له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته هانده‌رێك بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران كه ده‌رفه‌تى باشترى كار و بازرگانییان بۆ بڕه‌خسێت و قه‌باره‌ى ئالوگۆڕى بازرگانیى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق زیاد ببێت كه ئه‌وه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ركییه‌كانى ئێمه‌یه و كارى جددی و به‌رده‌وامی بۆ ده‌كه‌ین.
لێره‌وه، ئه‌م كۆنفرانسه به ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه داوا له كۆمپانیاكان، بازرگانان، خاوه‌نكاران و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئێران و هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكه‌م، بواره‌كانى ئالۆگۆڕى بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزارى و كار و پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان خۆیاندا زیاتر و فراوانتر بكه‌ن، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه هه‌موو هاوكارى و پشتگیرى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.
هه‌رێمى كوردستان سنوورێكى درێژى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران هه‌یه و دوو بازاڕى له‌یه‌كتر نزیكن، بۆیه ده‌كرێت زۆر له‌وه زیاتر كه ئێستا هه‌یه، هه‌موو بواره بازرگانییه‌كانى نێوانیان هه‌مه‌جۆر و فراوانتر بكه‌ن.
گه‌ل و كۆمارى ئیسلامیى ئێران دۆستى دێرینى گه‌لى كوردستانن، له ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا ئێران ده‌رگاكانى به‌سه‌ر په‌نابه‌رانى كوردستاندا كردۆته‌وه، داڵده‌ى داون و هاوكاریى كردوون، هه‌روه‌ها له شه‌ڕى داعشدا یارمه‌تى پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستانى كردووه كه ئه‌وه جێگه‌ی ڕێز و پێزانینى هه‌میشه‌ییی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه له عێراقدا. گه‌لى كوردستان ئه‌و ڕۆژانه له‌بیر ناكات و هه‌میشه به چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه سه‌یرى مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات.
ئێران دراوسێیه‌كى گرنگه بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ده‌رفه‌تى كار و بازرگانى و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له زۆر بوارى دیكه‌شدا له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، بۆیه چاومان له‌وه‌یه هه‌میشه په‌یوه‌ندیى باشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت.
پێمان وایه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان، به‌تایبه‌تى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى، درێژخایه‌ن و ستراتیژى بن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران. هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش له زۆر بوارى دیكه‌دا، به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵیدا پێویستییان به پسپۆڕى و شاره‌زایى و ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانى ئێران هه‌یه. كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین و پلانمان هه‌یه كه له‌و بوارانه‌دا هاوكار بین و هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین.
له كۆتاییدا، دووباره هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، ده‌ستخۆشى له ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆنفرانسه ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. هیوادارم بۆ بره‌ودان و به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندى و ئالۆگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا، ئه‌نجامى باشى لێ بكه‌وێته‌وه و له‌و پێناوه‌دا كۆمه‌ڵێك ڕاسپارده و پێشنیارى ئه‌رێنى پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان له هه‌ردوولا بكه‌ن.
جارێكی تر زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، دووباره به‌خێر بێی ئاغای شه‌ریعه‌تمه‌داری كه ئه‌مڕۆ ته‌شریفتان هێناوه.
زۆر سوپاس
ئێواره‌ى رۆژی سێشه‌ممه 1/5/2018، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئیره‌ج مه‌سجدى، باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له عێراق كرد كه بۆ به‌شداریكردن له كۆنفرانسى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابووریى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان له هه‌ولێر، بانگهێشت كراوه.
له دیدارێكدا كه به‌ڕێز مورته‌زا عیبادى، سه‌ركونسولى كونسلخانه‌ى ئێران له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێرانیان تاتوێ كرد و تیشكیان خسته سه‌ر كۆنفرانسه‌كه، كه له‌لایه‌ن ژووره بازرگانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ساز كراوه و بڕیاره سبه‌ى چوارشه‌ممه له هه‌ولێر به‌ڕێوه بچێت.
"نازم عومەر ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، ڕۆژی دووشەمە رێکەوتی 30/4/2018 له‌گه‌ڵ "هیدە ئاکی ئاداچی" بەرپرسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن دیداریی کرد.
لە چاوپێکەوتنەکەدا بەرێز"هیدە ئاکی ئاداچی" خۆشحاڵی خۆی دەربری لەسەر هێوربوونەوەی تەنگەشه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی و کردنەوەی سنوورەکان و فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، و هیوای خواست کە کێشەکانی دیکە هەروەها بەره‌و چارەسەری هەنگاوبنێت.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هەروەها گفتووگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دەنگدان باسی لێوە کرا.
نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، و باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەرێز "نێچیرڤان بارزانی" کرد کە دوای پرۆسەی رفراندۆم چەندین سەردانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و هەرێمی ئەنجامداوە بۆ هێورکردنەوەی دەرئەنجامی ریفرادۆم و سەرکەوتو بوو.
لە دیدارەکەدا "نازم ده‌باغ" ئەوەشی خستەڕوو کە کوردستان هەمیشە پێویستی بە باڵپشت و پشتیوانی دۆستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستیەکان.
"هیدە ئاکی ئاداچی" هیوای سەرکەوتنی بۆ پرۆسەی ئاشتی و گفتۆوگۆ خواست لە چوارچێوەی پابەندبوونی هەر دوولا بە دەستوری هەمیشەیی عراق.
"نازم عومەر دەبا‌غ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، لە ساڵیادی لە دایکبوونی "ولیەم ئەلکساندر" شای وڵاتی هۆڵه‌ندا له باڵیۆزخانەی ئه‌م وڵاته لە تاران بەشداریی کرد.
بە بۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی "ولیەم ئەلکساندر" Willem-Alexander شای وڵاتی هۆڵه‌ندا، باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە تاران، بەو بۆنەیەوه ئاهەنگێکیان گێرا، کە بەشێکی زۆری باڵیۆزی وڵاتان لە تاران ئامادە بوون.
خاتوو "سوزان تریستال" باڵیۆزی هۆلەندا لە تاران بانگهێشتی ئاراستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەشداربوون لەو بۆنەیەدا و "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەو بۆنه‌یەدا بەشداربوو.
دوای بانگهێشتی باڵیۆزی عێراق لە تاران "راحج سابیر عه‌بود المووسه‌وی" بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تاران، بۆ بەشداری کردن لە کۆڕبەندێک کە باڵیۆزخانەی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئامادەیان کردبوو بە بۆنەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تاران هەریەک لە "هیوا ره‌سول ره‌شید"، "فه‌خره‌الدین عه‌زیز سالح"، "سۆران عه‌لی ئەمین" و "عه‌لاء غولام عه‌لی" تیایدا بەشداربوون.
لە کۆربەندەکەدا نوێنەری پارتە سیاسییەکانی عێراق و بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقی نیشتەجێی تاران بەشداربوون.
"راجع الموسه‌وی" باڵیۆزی عێراق و "حه‌یده‌ر الحوسه‌ینی" بەرێوبەری نووسیگەی هەڵبژاردنەکان لە تاران لەسەر گرنگی بەشداربوون لە هەڵبژاردن و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بۆ هاوڵاتیان دێنە پێش وتاریان پێشکەش کرد.
باڵیۆزی عێراق لە تاران له وتارەکەیدا پێگه‌ی قوربانییەکانی پێشمەرگە و حه‌شدی شه‌عبی بەرز نرخاند بۆ رزگارکردنی عێراق لە دەستی داعش.
گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و تاران دەستپێدەكاتەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت لەم هەفتەیەكدا كارەكان كۆتایی بێت، فڕۆكەخانەی سلێمانیش دەڵێت لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی گەشتەكان رێكدەخات لەپەیوەندیدان.
نازم دەبا‌غ نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران بە PUKmediaی راگەیاند: بڕیاری سیاسی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی نێوان ئێران و فڕۆكەخانەی سلێمانی دراوەو تەنها كاری كۆمپانیان ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان.
وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت تا رۆژی سێ شەممەی داهاتوو بڕیاری كۆمپانیای بواری فڕۆكەوانی بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش دەربچێت، چونكە كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزار پێویستیان بەتەواوكردنی كارەكانیانە كە بوارەكانی خزمەتگوزاری گەشتە ئاسمانییەكان دەگرێتەوە.
لای خۆشیەوە تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكمان كردوە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان و 24 سەعات فڕۆكەخانە بۆ گەشتەكان ئامادەیە.
وتیشی: ئەو كۆمپانیایەی گەشتەكان رێكدەخات لەگەڵ لەسەر هێڵین، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی ئێرانن، چونكە ئاسمانی ئێران بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستاندا داخراوە.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 17/4/2018ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، باسی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به ڕه‌وشی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستانی كرد.
سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی (چارشه‌مبوا سۆر)ی ئێزدییانه‌وه جه‌ژنه پیرۆزه‌ی له ئێزدیانی كوردستان و هه‌موو جیهان كرد و گوتی "هه‌روه‌ك هون دزانن سبه جه‌ژنا هه‌ڤوه‌لاتیێن یێن مه یێن ئێزدییه، جه‌ژنا چارشه‌مبیا سۆر، ئه‌ز ب ڤێ هه‌لكه‌تنێ لێره‌ڤه ب ناڤێ حكوومه‌تا هه‌رێما كوردستانێ و ئه‌نجومه‌نێ وه‌زیران گه‌رمترین پیرۆزباهیێ ل هه‌می هه‌ڤوه‌لاتیێن مه یێن ئێزدی ل كوردستانێ و ده‌ره‌ڤه‌ی كوردستانێ و سه‌رتاسه‌ری جیهانێ دكه‌م و جه‌ژنا وان پیرۆز دكه‌ین، هیڤیدارین جه‌ژنا وان ب خێر و خۆشی و سه‌رفه‌رازی بۆ وان ڤه‌گه‌ڕیت و پیرۆزباهیێ لێ دكه‌ین".
دواتر له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاسایی بوو، ئه‌و بابه‌تانه‌ی تیایدا باس كران زیاتر له‌سه‌ر پرسی چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی زیاده‌ڕۆیی به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر موڵك و ماڵی حكوومه‌ت بوو كه ئه‌مه‌ش پێویستی به پڕۆژه‌یاسایه‌ك هه‌یه و هیوادارین له‌م نزیكانه‌دا بتوانین بۆ په‌رله‌مانی بنێرین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته، ئه‌مه یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان بوو. له ته‌ورێكی دیكه‌دا هه‌روه‌ك ئاگادارن بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستی پێكردووه، له‌مباره‌یه‌وه جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه هیوادارین بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌كی ئارام و ڕێك‌وپێك و دوور له توندوتیژی له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه بچێت. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه پاراستنی ئه‌من و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه، بانگه‌شه له شوێنی خۆی ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر زۆر گرنگه ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتیانی كوردستان پارێزراو بێت، له كۆبوونه‌وه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه كرده‌وه و هیوادارین هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو عێراق دوور له توندوتیژی به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌مووشی مانگێكه و ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین بزانین دوای هه‌ڵبژاردن چی ده‌بێت".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به تاپۆكردنی خانووه بێتاپۆكان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زێده‌ڕۆییه‌كان، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌مڕۆ بڕیاری له‌سه‌ر درا و ده‌چێته په‌رله‌مان، ڕێكاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه داناوه. مه‌سه‌له‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كان دوو سێ به‌شه كه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی سنووری شاره‌وانی و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و سه‌خه‌رییه‌كان پێكدێت، پڕۆژه یاسای حكوومه‌ت ڕێگه‌چاره‌ی بۆ ئه‌مانه داناوه و له‌وانه‌ش چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی به زێده‌ڕۆیی له ناوه‌وه‌ی سنووری شاره‌وانی دروستكراون و ڕێكاریان بۆ دیاری كراوه تاكو تاپۆ بكرێن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ڕێكارێك دانراوه تاكو سنوورێك بۆ ئه‌و زێده‌ڕۆییانه دابنرێت كه له‌مه‌ودوا ده‌كرێن و بێگومان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جدییه كه ڕێگه به‌و زێده‌ڕۆییانه نادات".
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی سه‌ردانی شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌ڕێزیان گوتی "هه‌ر له ڕاگه‌یاندن گوێم لێ بووه كه شاندێكی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا و هیچ شتێكی فه‌رمی له‌نێوان ئێمه و به‌غدا تاكو شاندێكمان سه‌ردانی به‌غدا بكات نییه، ئه‌و دانوستانه‌ى له‌نێوان ئێمه و به‌غدا هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، بۆیه زۆر ئاسایییه شاندی ئێمه بڕوات و شاندی ئه‌وان بێته ئێره، به‌ڵام ئێستا هیچ واده‌یه‌ك نییه بۆ ناردنی شاندێك به‌ره‌و به‌غدا".
ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامیی هاتنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی له به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌بڕدرێت، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانین ئه‌وه‌یه كه به‌غدا پابه‌ند ده‌بێت به ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ناردوویه‌تی، به‌رده‌وام ده‌بێت و پێمان وانییه كێشه له‌م بابه‌ته‌دا دروست ببێت".
دواتر سه‌باره‌ت به كێشه‌ی مووچه‌ی پاسه‌وانانی وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای چاكسازی حكوومه‌ت كه له په‌رله‌مانی كوردستانه، تا دوای هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند ناكرێت، به‌رێزیان ڕایگه‌یاند "كێشه‌یه‌ك هه‌بوو له‌سه‌ر مووچه‌ی پاسه‌وانه‌كان، وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی بابه‌ته‌كه‌ن و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. ده‌رباره‌ی پرسیاری دووه‌میش ئێمه یاسای چاكسازیمان ناردۆته په‌رله‌مان تاكو په‌سه‌ند بكرێت، یاساكه هه‌نگاوێكی یه‌كجار زۆر گرنگه بۆ چاكسازی له وڵاتی ئێمه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ك حكوومه‌ت داوا ده‌كه‌ین له په‌رله‌مان، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و یاسایه به زووترین كات ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرێت و تا ئێستاش به‌و هیوایه‌ین كه ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ ده‌كرێت، واته له په‌رله‌مان ده‌رده‌چێت و ده‌بێته یاسا".
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كردنه‌وه‌ی گه‌شتی ڕاسته‌وخۆی نێوان توركیا و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی و هه‌وڵی هاوبه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانان و حكوومه‌تی عێراق بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان و سوپای عێراقدا بۆ پاراستنی ئاسایشی كه‌ركووك، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "بۆ كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانیی نێوان توركیا و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، گفتوگۆ له‌نێوان ئێمه و ئه‌نقه‌ره هه‌یه و به‌و هیوایه‌ین بتوانین ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكه‌ین. سه‌باره‌ت به پرسیاری دووه‌میش به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ دانوستان و شتێك له‌نێوان ئێمه و ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و سنوورانه، نییه. بێگومان ئێمه نیگه‌رانین له تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منی له‌و سنوورانه و زانیاریشمان هه‌یه و پشتگیریش له جێگیربوونی ئه‌من و ئاسایشی ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ین، پشتگیری له هه‌نگاوه‌كانی به‌غدا له دابینكردنی ئه‌من و ئاسایشی هاووڵاتیان له‌و سنوورانه ده‌كه‌ین و له‌مباره‌یه‌وه ئه‌وه‌ی پێویست بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی".
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان و مەترسیی لەدەستدانی دەنگەکان لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، گوتی: "لە هەڵبژاردن هەموو شتێک قابیلە، ئەوە نییە کە بڵێین لەسەدا سەد هەموو کورسییەکان بەدەست دێنینەوە یان نا، دیار نییە. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە، حزبەکانی دیکە بارەگایان هەیە لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە، بەڵام ئەو ده‌رفه‌ته بە پارتی نەدراوە نە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە بکات و نە بارەگاشیان هەبێت، یەکێک لەو هۆکارانەی کە زۆر بەداخەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووکیش بکات، مەسەلەی ئەمنی بوو. ئەوە هەڵبژاردن مەعلوومی دەکات، بۆیە هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین."
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا و هێرشی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە سووریا ڕوون کردەوە و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند "هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەگشتی لەو بابەتەدا ڕوونە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گەورەترین قوربانیی بەکارهێنانی چەکی کیمیایین، دوێنێ یادی کیمیابارانکردنی شێخ وەسانان بووە، پێشتریش هەڵەبجە و بادینان و شوێنەکانی دیکە بووە. ئێمە میللەتێکین باشتر لە هەموو میللەتێک لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تێدەگەین، هەر هەنگاوێک ببێتە هۆکاری ئەوەی وڵاتان چەکی کیمیایی بەکار نەهێنن، یان هەر لایەنێک، ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری دەکەین و بەو هیوایەین کە سنوورێک دابنرێت و بە هیچ شێوەیەک چەکی کیمیایی لە ناوچەکە بەکار نەهێنرێت، چونکە وەکوو باسم كرد گەورەترین قوربانیی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، گەلی کوردستانی عێراقە."
سەبارەت بە دابەشکردنی پارچە زەویی نیشتەجێبوون بەسەر هاووڵاتییاندا، بەڕێز سەرۆک وەزیران، گوتی "نازانم بە دیاریکراوی ئەم مانگە دابەشکردنەکە دەکرێت یان نا، بەڵام ئێمە پلانمان هه‌یه پارچە زەویی نیشته‌جێبوون دابەش بکەین، بەڵام هێشتا ڕێکنەکەوتووین لەسەر میكانیزم، بۆ کێ و بە چ شێوەیەک ئەوانە دابەش بکرێت؟."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو کاندیدە کوردانەی کە لەسەر لیستەکانی دیکەی عێراق خۆیان بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەران پاڵاوتووە و کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان و دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، هەر قەوارەیەکی سیاسی و هەر حزبێکی سیاسیی عێراقی دەتوانێ کاندیدی هەبێت لە کوردستان و حزبە کوردستانییەکانیش بێگومان دەتوانن لیستیان هەبێت لە بەسرە و بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراقیش، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە ئەو بابەتە جێی نیگەرانیی ئێمەیە، نەخێر جێی نیگەرانیی ئێمە نییە."
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ چەند مانگ پێشتر، بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانی بە باشتر وەسف کرد و ڕایگەیاند "ڕەوشەکە بە شێوەیەکی گشتی باشترە، دەبێ قیاسی دۆخى ئێستا بکەین لەگەڵ دوو مانگ و سێ مانگ بەر لەئێستا، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بکەین، ئێمە هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوەیە نەک بەرەو دواوە. هەموو شتێک بە دڵی ئێمە نییە، بەڵام پێمان وایە، لەسەر هێڵێكى ڕاست بەرەو پێشەوە دەچین، نەک بەرەو پاشەوە."
سەبارەت بە هەواڵێک لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "خۆشحاڵین بە دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی نێوان تاران و هەولێر و سلێمانی، ئەوە شتێکی باشە و خۆشحاڵین بەو هەنگاوە. پەیوەندیی لەنێوان ئێمە و تاران باشە، بە شێوەیەکی گشتی، پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشە."
دەربارەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و دیداریان لەگەڵ به‌ڕێز سەرکۆماری توركیا، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "چوونی وەزیری پلاندانان لە چوارچێوەی ئەو بانگهێشته‌دا هات کە وەزیری ئابووریی تورکیا بۆ وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستانی ناردبوو. لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەشدا دیارە دەرفەتێک هەبووە لەگەڵ جەنابی سەرۆک کۆمار قسەیەکیان کردووە، ئێمە خۆشحاڵین بەوە، بێگومان چاوەڕێی هەنگاوی دیکەشین بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە ئاسایی ببێتەوە کە تا ئێستاش بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات. تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێمە و هەمیشە هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوە بووە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەبێت."
ئەنجامی بەدواداچوونی پەرلەمان بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازیی حکوومەت، دوایین بەشی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەریمی کوردستان بوو، بەڕێزیان لەو بارەیەوە دووپاتی کردەوە "پیش‌تر زۆرێک لەو شتانە بە یاسا ڕێکخراون، بۆیە ئێستاش به‌دڵنیاییه‌وه دەبێ پەرلەمان بڕیاریان لەسەر بدات، پلانی (ئەی) و (بی) نییە، پلانەکە ئەوەیە کە دەبێ پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، ئەمە پڕۆژەیەکی چاکسازییە و لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندایە، ئێمە وای بۆدەچین. له‌وانه‌یه هەندێ خەڵک زەرەرمەند بن، بەڵام به دڵنیایییه‌وه، لە قازانجی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندایە و پێم وایە پەرلەمانتارە بەڕێزەکانیش هەر بەو چاوە سەیری ئەو یاسایە دەکەن و هیوادارین ئەوە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت."
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەبا‌غ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەبا‌غ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات