نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌تاران ده‌ڵێت،له‌ پێش ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ئێران هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی به‌ كورد وت كه‌ ئێستا خۆمان ده‌یانبینین و پێی وتین،ڕیفراندۆم مه‌كه‌ن،نه‌كه‌ن،نه‌كه‌ن,بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌م په‌یامه‌ی ئێڕان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ده‌ڵێم ئێران به‌لایه‌نی كوردی وت ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن ئه‌وا خۆتان بپارێزن له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامی مه‌ده‌ن چونكه‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌كه‌ركوك وه‌كو به‌رمیلێكی باروته‌ ئه‌ته‌قێته‌وه‌ به‌ڕوتاندا."

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران له‌میانی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت"له‌پێش ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم كۆماری ئیسلامی ئێرانی چه‌ندین په‌یامی به‌سه‌ركردایه‌تی كورد دا چ له‌ كۆبونه‌وه‌كان چ ئه‌و په‌یامانه‌ی له‌ڕێگای منه‌وه‌ ده‌یناردن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجام نه‌دانی ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان و هۆشداریدان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌شاری كه‌ركوك،پێشتر ئێران پێی وتین ئه‌م ئه‌نجامانه‌ی ده‌بێت كه‌ ئێستا خۆمان ده‌یبینین"

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران ده‌شڵێت"ئێران له‌ده‌یان كۆبونه‌وه‌ ته‌نانه‌ت به‌ چه‌ندین په‌یام به‌لایه‌نی كوردی وتووه‌،ڕیفراندۆم مه‌كه‌ن،نه‌كه‌ن،نه‌كه‌ن،وتیشی"ئه‌مه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ده‌یڵێم ئێڕان به‌لایه‌نی كوردی وت ئه‌گه‌ر هه‌ر سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ئه‌وا خۆتان بپارێزن له‌ شاری كه‌ركوك ڕیفراندۆم مه‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌كه‌ركوك وه‌كو به‌رمیلێكی باروته‌ به‌ڕوتاندا ده‌ته‌قێته‌وه‌"

نازم ده‌باغ وتیشی"به‌ته‌نها حكومه‌تی ئێرانی نه‌بوو كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌نجام نه‌دانی ڕیفراندۆم بوو،به‌ڵكو من هه‌میشه‌ ده‌مپرسی كێ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوو؟ ته‌نانه‌ت من به‌زانیاری وردی خۆم و هه‌تا شیكردنه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا كه‌سی به‌رپرس و باڵا هه‌بوو كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نه‌بوو"

ده‌باغ داوا ده‌كات سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ناوی ڕاوێژكاره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردییان به‌هه‌ڵه‌دا برد(وه‌ك خۆی ناوی برد) بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و پشتیوانی كردنی ده‌وڵه‌تان له‌كورد دادگایی بكرێن و وتیشی"ئه‌گه‌ر ڕۆژێك دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ هه‌بێت ده‌بێت سه‌رجه‌می ئه‌و ڕاوێژكارانه‌ دادگایی بكرێن كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردییان به‌هه‌ڵه‌دا برد و ده‌یانوت چه‌ندین ده‌وڵه‌ت پشتیوانی له‌كورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌و قسه‌یه‌یان ده‌كرد"

نازم ده‌باغ داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێم كرد هه‌رچی زووه‌ هه‌وڵی ده‌سپێكردنی گفتوگۆو ڕێكه‌وتن بدات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عیراقی تا ده‌ستور هه‌موار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان سیاسه‌تی پێش ڕیفراندۆم شاندی كوردی بڕواته‌وه‌ به‌غداد كه‌ مه‌به‌ستی ڕێكه‌وتن نه‌بوو هه‌رده‌یوت ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌بینیمان عیراق هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."

سه‌باره‌ت به‌ڕێكه‌وتنی پێش وه‌خته‌ی ڕوداوه‌كانی(١٦)ی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نی عیراقی به‌ ئاگاداری ئێران و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كورد نازم ده‌باغ وتی"هه‌رلایه‌نێك بڵێت ڕێكه‌وتن هه‌بووه‌ ئه‌وا بۆ داپۆشینی شكسته‌كانی خۆیه‌تی هیچ ڕێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌ جگه‌ له‌و ڕێكه‌وتنه‌ی جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاییه‌كان ئه‌نجامیدا له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بۆ موچه‌ و خه‌رجیه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی بۆ به‌شداریكردنی هێزه‌كانی پشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ"

 

نازم ده‌باغ باسی له‌و مه‌ترسیانه‌ كرد كه‌ كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌وبه‌دوا ڕوبه‌ڕی ده‌بێته‌وه‌ و وتی"مه‌ترسیه‌كه‌ ئێران نیه‌ به‌ڵكو خودی عیراقه‌ كه‌ ئێران و توركیا و ته‌نانه‌ت بینیمان جیهانیش پشتیوانی له‌عیراق ده‌كه‌ن و وتی"له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سنوری پێش(٢٠٠٣)،دوه‌م ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی فیدرالیزم كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری و دارایی ده‌چێته‌وه‌ ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی،وه‌ ئێستا له‌ به‌غداد دوو سیاسه‌ت هه‌یه‌،سیاسه‌تێك ده‌یه‌وێت جیاوازی دروست بكات له‌هه‌رێم،سیاسه‌تێكیش هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت یاسای پارێزگاكان جێ به‌جێ ده‌كات ئه‌وكات حوكمه‌تی عیراقی به‌جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌كدا ده‌كات و شكست به‌و فیدرالزمه‌ ده‌هێنێت كه‌ ئێمه‌ خوێنیمان له‌پێناودا ڕشت بۆیه‌ پێویست ده‌كات ئێمه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ له‌پێش چاو بگرین."

 

سنور ميديا 

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بكاتەوە، بەپێی میدیا ئێرانییەكانیش بارزانی نامەی "نهێنی" بۆ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ناردوە.

 31ی تشرینی یەكەمی 2017، باوكی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كۆچی دوایی كرد، مەسعود بارزانی پرسەنامەیەكی بەزمانی فارسی ئاراستە كردو ماڵپەرە فارسییەكان وەك ئاماژەیەك بۆ نیازی بارزانی لەچاككردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆیی‌و پارتەكەی لەگەڵ ئێران، دەقی نامەكەیان بڵاوكردەوە.

 جگە لەوە هەریەكە لەماڵپەڕەكانی تابناك، فەرتاك نیوزو ئیسنای ئێرانی بڵاویان كردووەتەوە كە "مەسعود بارزانی نامەیەكی تری نهێنی بۆ قاسم سلێمانی ناردووەو تیایدا داوای گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و ئێرانی كردووە بۆ سەردەمی حەفتاو هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو".

 لەنامە نهێنییەكەدا بارزانی داوای لەسلێمانی كردووە هانی بەغداد بدات گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر بكات‌و واز لەفشارەكانی‌و هێرشی سەربازی بهێنێت بەرامبەر هەرێمی كوردستان.

 هەروەها بارزانی لەنامەكەدا ئامادەیی پیشانداوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ تاران، بەپێی زانیارییەكانی هه‌فته‌نامه‌ى (ژیان) لەپەیامانەی كە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران كراوە لەپاش ئەنجامدانی ریفراندۆم، پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بەوەدا ناوە كە پەیوەندییەكی هەڵەی لەگەڵ ئێران هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی و پارتیش دەیانەوێت لەمەودوا پەیوەندییەكی تر كە لەوەی پێشوو جیاوازبێت لەگەڵ ئێران درووست بكەنەوە.

 نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران، بە (ژیان)ی راگەیاندوه‌ "تەنها ئاگاداری پرسەنامەكەم، بەڵام پێشتر پەیوەندی پارتی‌و ئێران بەتەواوەتی سڕ ببوو، بێگومان پارتی مەبەستیانە كە ئەو پەیوەندییانەیان دوای ریفراندۆم لەو سڕبوونە رزگار بكەن".

 هەوڵەكانی بارزانی‌و پارتی بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتێكدایە، رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2017 مەسعود بارزانی، لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (NPR)، رایگەیاند كە "پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا دەكەن".

 بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رەتیدەكاتەوە كە هیچ هەوڵێكی نهێنی‌و نامەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لەئارادابێت.

 هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە وتى"پارتی وەك سیاسەت‌و بەرنامە لەگەڵ پەیوەندی باشدایە لەگەڵ ئێران، توركیا، عێراق‌و سوریاو هەموو وڵاتانی تر، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا دەدات".

 

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، له رۆژی لە دایکبوونی "ئاکی هیتۆ" ئیمپڕاتۆری ژاپۆن و هەروەها جەژنی میللی وڵاتی ژاپۆن لە تاران بەشداریی کرد.

دوای بانگهێشتی فەرمی لە لایەن "هیرویاسو کوبایاشی" باڵیۆزی ژاپۆن لە تاران کە بە بۆنەی رۆژی لە دایکبوونی "ئاکی هیتۆ" ئیمپڕاتۆری ژاپۆن و هەروەها جەژنی میللی وڵاتی ژاپۆن ئاراستەی "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران کرابوو، باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە وڵاتی ئێران ئێوارە خوانێکیان بەم بۆنەیەوە سازکرد و نوێنەرایەتی هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران تیایدا بەشداربوو.

له‌م بۆنه‌یه‌دا باڵیۆز و نوێنه‌ریی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له تاران و هه‌روه‌ها دکتۆر "عه‌باس عه‌ڕاقچی" بریکاری یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش تیایدا ئاماد‌بوون.

 نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى ئێرانى، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان بوو به‌شێك له‌ مێژوو.



له‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى (عالم)ى ئێرانى، نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران، ڕای گه‌یاند: "حكوومه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى پێكهێنانى شاندێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ پێی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدڕاڵدا، گفتوگۆ بكات".


ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند جارێك ئاماده‌یی خۆى نیشانداوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و چاوه‌ڕێی حكوومه‌تى به‌غدایه‌. پێشبینیشى كرد، هه‌فته‌ى داهاتوو كارى له‌سه‌ر بكرێت.
 

سه‌باره‌ت به‌ سنووره‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، نوێنه‌ره‌كه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران، ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ كۆمارى ئیسلامی ئێران ده‌روازه‌ى سنوورى باشماخى كردووه‌ته‌وه‌، گوتیشی: "ده‌روازه‌كانى تر له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنى نێوان حكوومه‌تى فیدڕاڵ و حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌وه‌ستێت، كه‌ پێشنیاز كراوه‌ به‌هاوبه‌شى له‌نێوان هه‌ردوولا به‌ڕێوه‌ ببرێت، به‌ڵام به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌روازه‌كان به‌ته‌نها كۆنترۆڵ بكات".

 

سه‌باره‌ت به‌ ڕێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ له‌ 25ى ئه‌یلوولى 2017 به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چوو، نازم ده‌باغ، كه‌ له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ تاران، گوتی: "دواى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامه‌كه‌ى هه‌ڵپه‌سارد، ڕیفراندۆم بوو به‌ به‌شێك له‌ ڕابردوو، به‌و پێیه‌ى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراقه‌".

 

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ "هیدە ئاکی ئاداچی" بەرپرسی بەشی سیاسی و عه‌قید "هیرویوکی کانە کو" بەرپرسی بەشی سەربازی باڵیۆزخانەی ژاپۆن دیداریی کرد.

"هیدە ئاکی ئاداچی" بەرپرسی بەشی سیاسی و عه‌قید "هیرویوکی کانە کو" بەرپرسی بەشی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران ئەمرۆ یەکشەمە رێکەوتی ٥/١١/٢٠١٧ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران و "هیوا ره‌سووڵ" و لوقمان لەتیف محه‌مد" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا. 

لە چاوپێکەوتنەکەدا گفتووگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی دوای پرۆسەی ڕیفڕاندۆم کرا و نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، و باسی  لە سیاسەتی ئێستای حکوومەتی عێراق کرد بە فشارهێنانی زیاد بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەنجامدانی گفتووگۆی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە هەڵپەساردنی ئەنجامەکانی ڕیفڕاندۆم. 

"نازم ده‌باغ" ئومێدی خواست نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆستی وەکوو ژاپۆن و وڵاتانی دراوسێ پارێزەری مافە ڕەواکانی گەلی کورد بن لە پرۆسەی گفتووگۆکاندا، و ئاماژەی بەوە کرد کە کاردانەوەی سەربازی جگە لە زیان و ماڵ وێرانی بۆ هیچ لایەک سوودی نابێ.  

لە وڵامدا "هیدە ئاکی ئاداچی" بەڵێنیدا کە ئەم داواکارییە بگەیەنێتە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ بەدواداچوون. 

نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد کە کورد لەگەڵ خەباتکردندا بۆ سەربەخۆیی مێژویەکی زۆری هەیە و سەلماندوویەتی کە کێشەی کورد بە هێزی چەکداری لەبن نایەت.

 

جام کوردی:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند کە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستانی بۆ دواتر گەڕاندەوە و داهاتووەکەشی وا دەبێت کە دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ کە سەردانی بیست و سێهەمین خولی پێشانگای چاپەمەنییەکانی ئێرانی لە تاران کردبوو، ژووری تایبەتی جام کوردیی وەک یەکەم گۆڤاری هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرکردەوە و لە وتووێژی لە گەڵ ستافی جام کوردی وتی: لەم هەلومەرجە نوێیەدا پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق دەبێت.
ناوبراو وتی: بە پێی دەستووری عێراق دەبێت فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان لە سنورەکانی پێش ٢٠٠٣ بەردەوام بێت و لە سێ بواری بەرگری، دارایی و سیاسەتی دەرەوە هەرێمی فیدراڵ دەبێت لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیدا بێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕایگەیاند کە بەدەر لەم سێ بوارە، ئەرکی بەڕێوەبردن لە ئەستۆی سیستەمی فیدراڵی هەرێم دەبێت.
دەباغ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵی لایەنێکی سیاسی بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا وتی: لە ڕاستیدا بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چەشنێک لە کاردانەوەی هەرێم لە بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغدا بووە کە لە بەرامبەر بە کورد هەڵەی تێدا بینراوە بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی ئەوەیان پیشان داوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کێشە و داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەبن کێشە و گرفتەکانی دیکەش سەرهەڵدەدەن.
ئەم دیپلۆماتکارە کوردە هەروەها وتی: بەرژەوەندی کورد ئەوەیە کە ئەم پاڵپشتییە لە دەست نەدات کە داوای وتووێژ لە گەڵ بەغدا و چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستوور دەکەن و پێویستە بۆ ڕێگری لە زەرەرمەندی زیاتر بەو ئەمری واقیعە ڕازی ببێت.
نازم دەباغ سەبارەت بە ڕۆڵی تاران لە هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش وتی: بە بۆچوونی من ئێران بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی ئەرێنیی لە بەرامبەر کوردانی عێراق هەبووە و ئەوەش پێویست بوو کە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمیش گرنگیمان بە ڕاوێژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدا و ئەو پرۆسەیە بەڕێوە نەدەچوو لە بەر ئەوەی کە بینیمان دەرەنجامی باشی بە دواوە نەبوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە درێژەدا وتی کە لە ئێستاشدا وا دەبینم کە بە هەمان شێوەی جاران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کێشە و گرفتەکانی کورد چارەسەر ببێت.
نازم دەباغ لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ ژووری جام کوردی لە پێشانگای چاپەمەنییەکانی تاران بە ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری میدیا لە پەیوەندی نێوان گەلان وتی: میدیا گەر بتوانێت پەیامی ڕاستی بگەێنێت کاریگەری بەرچاوی خۆی پیشان دەدات.

 

 نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران، نازم ده‌باغ له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت “دڵنیام له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت”.


ئا: ئاوێنه‌
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌دوای‌ راگه‌یاندنی‌ واده‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیای‌س كورد چڕ كردبۆوه‌‌و به‌رده‌وام له‌كوردستان بوه‌، ئایا راسته‌؟
نازم ده‌باغ: له‌كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ریفراندۆم ئه‌نجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا، به‌ڵام هه‌مو شانده‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حاجی‌ قاسم نه‌بون.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ خۆی‌ رۆژانی‌ پێش ریفراندۆم زیاتر هاته‌ سه‌ر خه‌ت؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ بو ریفراندۆم نه‌كرێت چونكه‌ توشی‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بین.
ئاوێنه‌: ئایا خۆت په‌یامی‌ قاسمی‌ سلێمانیت گه‌یاندوه‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، من په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم به‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ نارد بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و به‌ته‌له‌فون‌و زاره‌كیش ناردومه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌و په‌یامه‌یدا پێیوتم به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێ‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ین له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستور‌و یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقدا به‌رگری‌ له‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ بكه‌ین‌و ماده‌ی‌ 140یش جێبه‌جێ‌ بكه‌ین
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌‌و زۆر تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ كردوه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم؟
نازم ده‌باغ: به‌لًێ‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌‌و سه‌ركرده‌ی‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان كردوه‌‌و به‌ڵێنیشی‌ پێداون ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و وتویه‌شیه‌تی‌ درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ عێراق هه‌مو داخوازییه‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ هه‌شتانه‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ عێراقدایه‌.
ئاوێنه‌: باشه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازییه‌ یان وه‌ك دبلۆماتكار رۆڵ‌ ده‌بینێت؟
نازم ده‌باغ: حاجی‌ قاسم پیاوێكه‌ له‌روی‌ بیركردنه‌وه‌و قسه‌كردنه‌وه‌ پیاوێكی‌ دیبلۆماتكاره‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا له‌روی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ مه‌یدانییه‌.
ئاوێنه‌: له‌كه‌یه‌وه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ده‌ناسیت؟
نازم ده‌باغ: له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ‌ حاجی‌ قاسم هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وكات نوێنه‌ری‌ مام جه‌لال بوم له‌تاران‌و له‌گه‌ڵ‌ شاندێك دیدارمان كرد. حاجی‌ قاسم په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نزیكی‌ له‌گه‌ڵ‌ مام جه‌لال‌و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانیش هه‌بوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت له‌دیاریكردنی‌ سیاسه‌تی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: من پێموایه‌ له‌وه‌ش كاریگه‌رتر‌و واوه‌تره‌، من خۆم دیومه‌ كه‌ زۆر شت به‌بێ‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌و نه‌كراوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌قسه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵسوڕێن؟
نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی ئه‌ویان بكردایه‌ ریفراندۆمیان نه‌ده‌كرد.
ئاوێنه‌: ئایا هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل‌و پشتگیریی‌ له‌ریفراندۆمه‌كه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بو له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌كوردستان؟
نازم ده‌باغ: هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل ته‌نها مانایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامییه‌ ئه‌گه‌رچی‌ خۆشیان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی‌ هه‌بێت، لێتده‌كات به‌دوژمن، ئێرانیش كه‌ وه‌ك دوژمنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ خۆی‌ سه‌یری‌ ئیسرائیل ده‌كات، نایه‌وێت روبه‌رێكی‌ وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ پشتیوانی‌ بكرێت كه‌ سنوری‌ به‌سنوره‌كه‌وه‌یه‌تی‌. له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مومان ده‌زانین سه‌رزه‌مینی‌ كورد له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رزه‌مینی‌ ئاریاییه‌و له‌رابردودا به‌شێك بوه‌ له‌ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئێرانی‌.
ئاوێنه‌: ئه‌ی‌ بۆچی‌ ئێستا ئێران پشتگیری‌ هێزێكی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات له‌دژی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ئاریاییه‌؟
نازم ده‌باغ: ئێران پشتیوانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌كردوه‌، وتویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سبه‌ینێ‌ توشی‌ شه‌ڕ بن ئێمه‌ پشتیوانیتان ناكه‌ین، حكومه‌تی‌ عێراقیش حكومه‌تێكی‌ شیعه‌یه‌، دڵنیاشم له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت. كه‌واته‌ ئێران دژی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌و كرا.
ئاوێنه‌: سیاسه‌تی‌ ئێران له‌م قۆناغه‌دا به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن ده‌بێت پاش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌؟
نازم ده‌باغ: من سیاسه‌تی‌ ئێستای‌ نازانم، سه‌باره‌ت به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ كه‌سانێكی‌ ئه‌وتۆم نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕیینه‌وه‌ بۆ رابردوی‌ ئێران‌و كه‌سی‌ حاجی‌ قاسم زۆرجار گوێم لێبوه‌ وتویه‌تی‌ كه‌ پێویسته‌ كورد كاریزماكانی‌ خۆیان بپارێزن‌و نه‌یانشكێنن، به‌دڵنیایی‌ مادام ئێران بیر له‌هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌‌و به‌شێك له‌سوننه‌ ده‌كاته‌وه‌، دبێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد بكات.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران پشتگیریی له‌دروستكردنی‌ دو ئیداره‌یی‌ له‌هه‌رێمدا ده‌كات؟
نازم ده‌باغ: من وا هه‌ستناكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌گه‌لی‌ كوردستان خۆیه‌وه‌تی‌، سبه‌ینێ‌ ئه‌گه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌ جیابێته‌وه‌ خۆ ئێران ناتوانێت به‌زۆر به‌هه‌ولێره‌وه‌ی‌ بلكێنێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ پێپه‌كنه‌خرا.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پێخۆشه‌؟
نازم ده‌باغ: ئه‌م پیاوه‌ به‌درێژایی‌ په‌نجا ساڵه‌ شكست‌و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینوه‌و كه‌سێكه‌ حسابی‌ بۆ ده‌كرێت، پێموانییه‌ ئێران پێیحۆش بێت سه‌ركرده‌كانی‌ كورد بزر بن، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ئێران به‌زیانی‌ ده‌زانن‌و هه‌وڵیشدا ئه‌وه‌ رونه‌دات به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كرا.
ئاوێنه‌: واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ بكرایه‌ چاره‌نوسی‌ كورد وای‌ لێنه‌ده‌هات؟
نازم ده‌باغ: ئه‌مه‌ هه‌ر له‌قاسمی‌ سلێمانیدا قه‌تیس مه‌كه‌ن، هه‌مو دنیا داوای‌ لێكردین ریفراندۆم نه‌كه‌ین، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ دۆسته‌كان‌و هاوپه‌یه‌مانه‌كانمان بكردایه‌ وامان لێنه‌ده‌هات، ئێستاش ده‌بێت دراوسێكانمان له‌پێشتر بن بۆ نێوانگیریی‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ن‌و سبه‌ینێ‌ به‌جێمانده‌هێڵن‌و ده‌ڕۆنه‌وه‌، كه‌ به‌درێژایی‌ مێژو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان مسۆگه‌ر كرابێت پشتیان تێكردوین.
ئاوێنه‌: به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئێران‌و قاسمی‌ سلێمانی‌ ئه‌ندازیاری‌ گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بون؟
نازم ده‌باغ: باشه‌ بۆچی‌ ئێمه‌ بۆ هۆكاره‌كان نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ كه‌ دۆستێكی‌ دێرینی‌ كوردی‌ عێراق كه‌ رۆڵی‌ هه‌بوه‌ له‌هاوكاری‌ كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌ك داده‌نێیت ئه‌و ئه‌زمونه‌ی‌ هه‌ته‌ بیشێوێنێ‌؟ بۆچی‌ په‌یامه‌كه‌ وا ناگه‌یه‌نن كه‌ بڵێن بۆ حاجی‌ سلێمانی‌ وایلێهات به‌شداری‌ بكات له‌گه‌ڵ‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ په‌لاماردانی‌ كوردستان؟

 

 

 

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، له‌گه‌ڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "شێخ عه‌تا محه‌مه‌د نووری" جێگری سەرۆکی هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان دیداریی کرد.

شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "شێخ عه‌تا محه‌مه‌د نووری" جێگری سەرۆکی هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان هاورێ لەگەڵ بەرپرسانی سنوورەکانی باشماخ و پەروێزخان و ئەندامانی ئەو بەرێوبەرایەتییە سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ"  نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران پێشوازیان لێکرا. 

مەبەست لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران، بینین و سەردانی پێشانگای "ئێران ئێکسپۆی"ه Iran Expo 2017 کە لە شاری تاران بەرێوەدەچێت.

لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران باس لە باروودۆخی خاڵە سنووریەکان و هەوڵەکانی کردنەوەیان کرا، کە لەبەرژەوەندیی هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی