هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

دیدارێکی جیاواز و گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش، نازم دەباغ زانیاری نەبیستراو بۆ ئاژانسی "خەندان" ئاشکرادەکات

دیداریی مامۆستا "نازم دەباغ" لەگەڵ په‌یامنێری ئاژانسی "خەندان" به شێوه‌ی وتووێژێکی ته‌له‌ڤیزیۆنی له هەرێمی کوردستان ئاماده کراوه و خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه ئه‌وه‌یه که نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، یه‌که‌مین جاره که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به جلووبه‌رگی ڕازاوه‌ی کوردییه‌وه له ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن ده‌رده‌که‌وێت.

 چاوپێکه‌وتنی ئاژانسی "خەندان" لەگەڵ مامۆستا "نازم عومه‌ر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، دیدارێکی جیاواز و پڕ زانیارییه، گفتووگۆیەکی سەرنجڕاکێشه که تیایدا پەیوەندیی و دۆسیە ھەستیارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران خرایه‌ڕوو.

 خەندان: نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایدەگەیەنێت، لە مێژوی دێرین  و پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە چەند قۆناغێکدا پەیوەندییەکان بەرزی و  نزمییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندییەکان نەگەیشتوەتە ئاستی پچڕان، جەختیش دەکاتەوە تا ئێستاش لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تاران، پەیوەندیی حزبی زاڵترە لەسەر پەیوەندیی حکومەت.

 

 پێش دروستبونی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بووە

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە بەرنامەی "دیداری خەندان" کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لە لایەن رۆژنامەنووس "هەڤاڵ محەمەد"ەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند، هەر چەندە پێش دروستبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئێران، لەسەر بنەمای پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بووە و ئەوان نوێنەرایەتی وتاری کوردییان کردووە لەو وڵاتەدا، بەڵام لە دوای ساڵی 2007ەوە بەشێکی فراوانی کاروبارەکان، چالاکی بازرگانی، گەیاندنی پەیامێک کە پەیوەندی بە ئەمنییەت و ئاسایشەوە هەبێت لە رێگەی حکومەتەوە ئەنجامدراون و دواتریش ئاستی پەیوەندییەکان بۆ نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بەرزکرایەوە، لە سەرجەم ئەو هەنگاوانەشدا ئێران، پێشوازی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردووە.

 

 دەکرێت سیاسەت و پەیوەندییەکان بگۆڕین، بەڵام ناکرێت جوگرافیا بگۆڕین

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە مێژووی دێرین و پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە چەند قۆناغێکدا پەیوەندییەکان بەرزی و نزمییان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندییەکان نەگەیشتوەتە ئاستی پچڕان، چونکە حکومەتی هەرێم جوگرافیایەکی ئاسایشی، سیاسی، ئابووری و سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە ئەو جوگرافیایە ناگۆڕێت، "جەنابی مام جەلالیش لە سەرەتاوە کە من چومەتە ئێران ئەوەی بە من وتووە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران گرنگە، چونکە ئێمە جوگرافیایەکی هاوبەشمان هەیە و دەکرێت سیاسەت و پەیوەندییەکان بگۆڕین، بەڵام ناکرێت جوگرافیا بگۆڕین".

 

پەیوەندی حزبی زاڵترە لەسەر پەیوەندی حکومەت

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئەوەشی خستەڕو، تا ئێستاش لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندی حزبی زاڵترە لەسەر پەیوەندی حکومەت، واتە کاتێک شاندێکی حکومەتی ئێران دێت سەردانەکەی ڕووی لە لایەنە سیاسییەکانە و دەبێت  پارتی، یەکێتی، یەکگرتوە و کۆمەڵیش ببینێت، هەروەها شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە دێتە ئێران، شاندی لایانە سیاسیەکانە و سەرۆکایەتییەکەی یان پارتییە یان یەکێتییە، لە کاتی کۆبونەوەکانیش پەیوەندی دوو قۆڵی لایەنەکان دێتە بەرباس و هەندێک جاریش، کۆبوونەوەی تایبەت لە نێوان کەسی یەکەمی لایەنەکان و شاندی ئێران ئەنجام دەدرێت.

 

لەبەر چەند هۆکارێک پەیوەندی پارتی لەگەڵ ئێراندا بەهێزترە

 پەیوەست بە پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش لەگەڵ ئێران، "نازم دەباغ" وتی، لە قۆناغی پێش ساڵی 1974 پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دوای ساڵی 1986ـیشەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ ئێران هەبوە، بەڵام لە ئێستادا و لەبەر چەند هۆکارێک، پەیوەندی پارتی لەگەڵ ئێراندا بەهێزترە و بۆ تارانیش یەکێتی "زۆر گرنگە، سەرکردایەتی نوێی یەکێتیش لەم کاتەدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی بەهێز بکات و بەرەوپێشی بەرێت".

 

سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف لە رێگەی بەغداوە بۆ هەولێر ئەنجامدرا، ئەوەش دوو مانای هەیە

 ئەوەشی خستەڕو، لەبارەی دوایین سەردانی "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش یەکەمجار سەردانەکە لە رێگەی بەغداوە بۆ هەولێر ئەنجامدرا، ئەوەش دوو مانای هەیە؛ یەکەم پابەندبوونی هەرێمی کوردستانە بە قەوارەی سیاسی عێراق و دوەمیش ڕەزامەندی بەغدابوە بە سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی وڵات بۆ هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەش باشترکردنی پەیوەندییەکان بوو لەسەرجەم بوارەکان.

 

لە سەردەمی کابینەی پێشوو پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران پڕ رەونەقتر بوون

 پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ئێستای ئێران و حکومەتی هەرێمیش "نازم دەباغ" ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردەمی حکومەتی پێشوتر کە "نێچێرڤان بارزانی" سەرۆکایەتی دەکرد پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران "پڕ رەونەقتر" بوون و لەم کابینەیەدا کەمتر هەوڵ بووە، ئەوەش ڕەنگە پەیوەندیی بە فشاری ئەمه‌ریکا و وڵاتانی دیکەوە هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی کوردستان و تاران بەو شێوازەی پێویستە بەهێز نەبن، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە پەیوەندییەکی باش و جێگیر دروست بکات و چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە دێنەپێش.

 

لە ئێران وشکەساڵی زۆرە و سود لە سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکەیان وەردەگرن

 پەیوەست بە پرسی گرتنەوە و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاویش لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەری ئەو هەنگاوە لەسەر هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، پرسی گرتنەوە و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو، پرسێکی نوێ نییە و چەندین کابینەی پێشوتری حکومەت هۆشداریانداوە کە ئێران دوو پرۆژەی ئاوی هەیە ئەوانیش دروستکردنی بەنداو و  گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکانە، چونکە لە ئێران وشکەساڵی زۆرە و سود لە سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکەیان وەردەگرن، بۆ ماوەی داهاتوش تا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا رێککەوتن بۆ گەرەنتیکردنی پشکی واژۆ نەکات، هەرێمی کوردستان مەترسی کەمبونەوەی ئاوی هەیە.

 

 

 

لینکی چاوپێکەوتن:

 

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=130395&babet=5&relat=1024

 

 

 

https://www.facebook.com/watch/?v=204481554684168

 

 

 

 

 

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زاندا

 جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى موسڵمانانى كوردستان، عێراق و جيهان، به‌تايبه‌تى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان پيرۆز ده‌كه‌م. هيوادارم خێر و خۆشى و ئاسووده‌يى بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت، جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام به‌سه‌ر به‌رن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ دۆخێكى باشتر و دوور له‌ په‌تا و ناخۆشى و قه‌يران و ئاڵۆزى بگه‌ڕێنه‌وه‌.

با هه‌موومان مانا و چه‌مكه‌كانى جه‌ژن له‌ ئاشته‌وايى و لێبورده‌يى و پێكهاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان و ده‌وروبه‌رمان و هه‌مووان، بكه‌ينه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ هه‌ڵسوكه‌وت و په‌يوه‌ندى و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان. با هه‌موومان لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن بكه‌ينه‌وه،‌ تا پێكه‌وه‌ بتوانين خزمه‌تێكى باشترى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بكه‌ين و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر، ئاسووده‌يى، سه‌قامگيرى، پاراستنى زياترى ماف و ئازادييه‌كان و ياسا و دادگه‌رى هه‌نگاو بنێين.

با له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و له‌ ته‌واوى عێراق جه‌ژن بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێچانه‌وه‌ى يه‌كجاريى لاپه‌ڕه‌كانى ڕق و يه‌كترشكاندن و زمانى زبر و به‌ دڵ و نيازێكى پاكه‌وه‌ بيكه‌ينه‌ ده‌سپێكى سه‌ره‌تايه‌كى تازه‌ى ته‌بايى و هاوبه‌شى و هاريكاريى نێوان هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزى و كێشه‌ و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان و هه‌موومان له‌ ئاست به‌رپرسياريه‌تيى مرۆيى و نيشتمانيماندا بين.

جه‌ژنى هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

٢٠٢١/٥/١٢

  • https://presidency.gov.krd/congratulations-to-the-president-of-the-kurdistan-region-on-the-occasion-of-the-blessed-eid-al-fitr/

 

دوای سەردانی زەریف و مەكگۆرك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران هۆشداری دەدات

پۆڵەتیك پرێس // نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، گرنگە هەرێمی كوردستان درك بە ئاییندەی خۆی بكات لە بوونی مەترسییەکی گەورە ئەگەر بێت و خۆی بهاوێتە ئەو ململانێیەی كە لەنێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش هەیە چونكە بە دڵنیاییەوە ئەوان زۆر بە ئاسانی لەسەر حسابی كورد دەتوانن لەگەڵ یەك رێكبكەون، وە ئەوەی خەتەری گەورەیە لە پێشمان دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعشە.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێكی تیابوو كە بریتی بوو لەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران وەكو خۆی ماوە و لە جێگەی خۆیدایە، لەوەش گرنگتر لە رێگەی بەغداوە هات بۆ دیاری كردنی ئەو ئاییندەیەیە كە لە بەرنامەی خۆیاندایە.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران وتی: سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندی نەبوو لە نێوان ئێران و حكومەتی هەرێم بەڵكو لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانی بوو لەگەڵ حزبەكانی كوردستان بە تایبەتی گرنگیدان بە یەكێتی و پارتی، چونكە هاوسەرۆكانی یەکێتی كە دیداریان لەگەڵكرد لە دەرەوەی سیستمی حكومەتی هەرێم بوون، بۆیە دەكرێت ئەو پەیامە بگەیەنێت كە پێگەی حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی كە پێكهێنەری ئەو حكومەتەن لای ئێران گرنگە و جێگەی بایەخ پێدانە.

وتیشی: هاتنی شاندی ئەمریكاش گرنگی خۆی هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و عێراقیش، ناكرێت 100% هاتنی شاندەكەی ئەمریكا ببەستینەوە بە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەڵكو دەكرێت هەریەكە ئەجێندای خۆی هەبێت بۆ سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڵام وارێككەوتووە هاتنی شاندەكەی ئەمریكا دوای هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بووە.

باسی لەوەشكرد، هەریەكە لە ئێران و ئەمریكا ململانێی خۆیان هەیە بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەی گرنگە هەرێمی كوردستان درك بە ئاییندەی خۆی بكات لە بوونی خەتەرێكی گەورە ئەگەر بێت و خۆی بهاوێتە ئەو ململانێیەی كە لە نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش هەیە چونكە بە دڵنیاییەوە ئەوان زۆر بە ئاسانی لەسەر حسابی كورد دەتوانن لەگەڵ یەك رێكبكەون.

روونیشیكردەوە، ئەوەی مەترسی گەورەیە لە پێشمان دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعشە، ئێستا هەرێمی كوردستان دوو ئەركی لەسەر شانە یەكەمیان بەشداربوونە لەشەڕی داعش، ئەركی دووەمی ئەوەیە چۆن دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە ململانێی ئەو وڵاتانەی بوونی هەیە بۆئەوەی نەبێتە قوربانی، وە باشترین شت یەكێتی ریزەكانی ناوخۆمانە كە بتوانین بەرامبەر مەترسییەكان رابووەستین.

رۆژی 24_4_2021 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد.

لەلایەكی دیكە رۆژی 5_5_2021 شاندێكی باڵای ئیدارەی جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد،کە پێکهاتبوو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتوو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

 

https://politicpress.com/47322/

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كان و دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

 ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/4/2021 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كرد كە لە به‌ڕێزان باڵیۆزی ئێران لە عێراق، سه‌ركونسوڵی گشتيى ئێران لە هەولێر، كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی و ژمارەیەك لە كاربەدەست و ڕاوێژكارانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و ژماريه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باسی له‌ په‌یوه‌ندیى له‌مێژينه‌ى هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتيوانيى به‌رده‌وامى ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ر‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت، به‌ بایه‌خه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ڕوانێت.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وێڕأى دووپاتكردنه‌وه‌ی خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌ مێژويييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، نیگه‌رانى به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه‌ مووشه‌كیانه‌ی كرانه‌ سه‌ر هه‌ولێر نیشان دا و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێران ده‌يه‌وێت ناوچه‌كه‌ ئارام و سه‌قامگیر بێت و بوونی سه‌قامگیری و په‌یوه‌نديی ئابووری و بازرگانیی باش، له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌ردولادایه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی عێراق به‌گشتی، شه‌ڕی داعش و بوونی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ ئاسايكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، فراونكردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و جووڵه‌ی بازرگانیی سه‌ر سنووره‌كانی نێوانيان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌ره‌سه‌نده‌كانی ناوچه‌كه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

  •  
  •  

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات

 

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.


لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا ، لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژوەندی هاوبەش . هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ئابووری و ئالوگۆڕی بازرگانی کرایەوە.


پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی جێبەحێکردن و پابەندبوون بە یاسای بودجەی گشتیی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

 
 
 
 
 
 
 
 

 

په‌يامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ يادى ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا

 لە یادى(123) ساڵەی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردى و(23) ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستاندا، پیرۆزبایى لە ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانيی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە.

ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا.

چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بوارى ڕۆژنامەوانى، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە ڕاستگۆیى و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمى كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنى ئازادییەكان دەنرخێنین.

هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەى کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت.

خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بڕیارى بۆ بە فەرمى ناساندنى 22ى نیسان وەک ڕۆژى ڕۆژنامەگەریى کوردى دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانى میر میقداد میدحه‌ت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتى ئازادی و پێشکەوتنى گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەكانی داهاتوو پێكەوە لە دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/4/22

 

پەڕەى 89 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی