سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 31/1/2017 به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ساز دا.
VOA: به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی با له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ بكه‌م، چاوه‌ڕوانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كورد به‌گشتی چییه له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا؟
نێچیرڤان بارزانی: بێگومان كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چاوه‌ڕێی زۆری له ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، ئێمه پێمان وایه ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا خه‌باتیان بۆ ده‌كات و هه‌وڵی بۆ ده‌دات، له كوردستاندا هه‌یه. ئه‌مڕۆ كورد له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی دژی تیرۆره و ئه‌مه پێوه‌رێكی زۆر زۆر گرنگه بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی ترامپ كه ئێمه له‌پێشه‌وه‌ین. به‌هاكانی پێكه‌وه‌ژیان، كوردستانی ئێمه شوێنێكه ئه‌مڕۆ هه‌موو پێكهاته‌كان به خۆشی و ئازادی و بێ كێشه تیایدا ده‌ژین وه‌ك مه‌سیحی، موسڵمان، ئێزدی، عه‌ره‌ب و توركمان ئه‌مانه هه‌مووی پێوه‌ری زۆر زۆر گرنگن. ئه‌مڕۆ گه‌ر سه‌یری دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ی، ده‌بینی كه كوردستان وه‌كو به‌شێك له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌نها شوێنێكه بۆته هیواو ئومێدی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه ناتوانن له شوێنه‌كانی دیكه بژین و ڕوو له كوردستان ده‌كه‌ن. كورد به هیواوه ده‌ڕوانێته ئیداره‌ی نوێی ترامپ و هیواداره ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كه پێشتر له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئۆباما هه‌یبووه، له ئیداره‌ی ترامپدا زیاتر و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات.
VOA: سه‌باره‌ت به دوا پێشهاته‌كانی شه‌ڕی داعش و پێشبینی به‌ڕێزتان بۆ دوای داعش چییه؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای زیاتر له دووساڵ شه‌ڕ و به‌رگریكردن و ئه‌وه‌ی ئیمه كردمان له هه‌رێمی كوردستان، به خوێنی هه‌زار و شه‌شسه‌د پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید و زیاتر له نۆ هه‌زار بریندار، ده‌توانم بڵێم ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێشتر داعش داگیری كردبوون، ئه‌وانه‌مان هه‌مووی دووباره وه‌رگرتۆته‌وه. بێگومان ئه‌مه بێی پشتوانی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌كرا و ئه‌م كاره ئاسان نه‌بوو زۆر زه‌حمه‌ت بوو. ئێستا خۆشبه‌ختانه دوێنێ ئۆپه‌راسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ به‌كۆتا هات و ئه‌و سنووره هه‌مووی ئازاد كرا و ئێستا هێزه‌كانی عێراقی له‌سه‌ر ڕووباری دیجله‌ن، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌گشتی له ڕووی سه‌ربازیه‌وه ڕاسته به هێواشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نامانه‌وێ زیاتر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بكوژرێت و نامانه‌وێت قوربانییه‌كانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی زیاتربێت، بۆیه پلانه‌كه زۆر به هێواشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. پلانه‌كه زیاتر به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكایه و هێزه‌كانی عیراقیش به‌شدارن له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرنگه بگوترێ و پرسیار بكرێ ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و كێشه‌یه‌ی ئێستا له عیراقدا هه‌یه كێشه‌یه‌كی سه‌ربازییه؟ ئه‌مه كێشه‌یه‌كی سیاسی یه نه‌ك سه‌ربازی. به بڕوای من به ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی داعش ته‌واو نابێت، مومكینه شاره‌كان له‌ده‌ست بدات، مووسڵ له‌ده‌ست بدات، ڕه‌قه و شوێنه‌كانی دیكه له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام وه‌كو فكر و ڕێكخستنی داعش ده‌مێنێته‌وه. داعش له‌م وڵاته‌دا دروستكراوه له ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی هه‌ڵه كه له عیراقدا په‌یڕه‌وكراوه، تا ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ته هۆی دروستبوونی داعش چاره‌سه‌ر نه‌كرێن له ڕووی سیاسییه‌وه، من باوه‌ڕناكه‌م پرسی داعش له عیراقدا كۆتایی پێ بێت و تا ئێستاش ئێمه بچووكترین هه‌نگاو له به‌غداوه نابینین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ئه‌وه بدات ئه‌و كێشانه‌ی بوونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش له عیراقدا، چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌ڵێ ئێمه دوای داعش مه‌ترسیمان هه‌یه كه ڕاسته وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد داعش شاره‌كان له‌ده‌ست بده‌ن، به‌ڵام وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆرست له عیراقدا ده‌مێننه‌وه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق كاریگه‌ریمان له‌سه‌ر نییه له‌به‌ر یه‌ك هۆكار كه زۆر گرنگه، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه كه فكری داعش له كوردستاندا به‌و شێوه‌یه پاڵپشتی نییه، ناڵێم هیچ نییه، به‌ڵام ئه‌و پاڵپشتییه گه‌وره‌یه بۆ فكری داعش و توندڕه‌وی له كوردستاندا جێگه‌ی نییه و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه نییه پشتگیریی له توندڕه‌وی بكات، بۆیه من نابینم ئه‌وانه مه‌ترسی بن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، مه‌ترسییه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه جیرانی ئێمه‌ن و ئه‌و مه‌ترسییه هه‌ر بۆ ئێمه ماوه‌ته‌وه، كه‌واته بۆ هه‌رێمی كوردستان، عیراقێكی سه‌قامگیر و بێ كێشه زۆر باشتره له‌وه‌ی كه كێشه‌ی هه‌بێت و ناسه‌قامگیر بێت چونكه بێگومان گاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت.
VOA: شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه دواجار بووه هۆی ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا به‌شه بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت، ئه‌مه چه‌ند كاریگه‌ری و قورسایی خستۆته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمه له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ڕووبه‌ڕووی سێ شۆكی زۆر گه‌وره بووینه‌وه، یه‌كه‌میان له مانگی دووه‌وه بڕه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕدرا بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگادار بكه‌نه‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی كه ئێمه نه‌وتمان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه كردووه كه له ڕاستییهكهیدا ئێمه له مانگی پێنجه‌وه نه‌وتمان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه كرد، ئه‌مه شۆكی یه‌كه‌م بوو. دووهه‌مینیان هاتنی زیاتر له ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها شه‌ڕی داعش كه هه‌زار و سه‌د كیلۆمه‌تر سنوورمان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی تیرۆرستی هه‌یه، شه‌ڕ كردن و به‌رگریكردن پاره‌ی پێویست بوو و ئیمكانیاتی پێویست بوو. له‌سه‌رووی ئه‌مانه هه‌مووی دابه‌زینی نرخی نه‌وت به شێوه‌یه‌ك كه قه‌ت چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا و هاته بیست دۆلار، ئه‌مانه هه‌مووی بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌ڕاستی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان دوو سێ ساڵی زۆر سه‌ختی تێپه‌ڕاندووه و تا ساڵی دووهه‌زار و شازده‌ش كاریگه‌ریی یه‌كجار زۆری هه‌بووه. من وه‌كو نمونه‌یه‌ك ده‌یهێنمه‌وه، هاتنی ئه‌م ئاوارانه به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی كه ئێمه هه‌مانه له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی، ته‌كلیفی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ملیارێك و چوارسه‌د ملیۆن دۆلاره، به‌داخه‌وه وه‌ك پێویست هه‌رێمی كوردستان هیچ هاوكارییه‌كی نه له به‌غدا و نه له هیچ شوێنێكی دیكه وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌مه ته‌كلیفێكی زۆره بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم كه ئێمه توانیومانه قه‌یرانه‌كه ڕاگرین، پێشكه‌وتنمان نه‌بووه له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڵام توانیومانه تا ڕاده‌یه‌ك ڕایبگرین بێگومان ئه‌مه‌ش به تێگه‌یشتنی دروستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و پشتیوانی و هاوكاری و تێگه‌یشتنی مووچه‌خۆران و كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوایه، مومكین نه‌بوو ئه‌وه به‌ده‌ست بێت. ئێمه پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین له ساڵی 2017ه‌وه دۆخه‌كه ورده ورده به‌ره‌و باشتر بڕوات.
VOA: سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئێوه پێشتر سه‌ردانی بهغداتان كرد له‌گه‌ڵ وه‌فدێكدا، ئایا گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن؟ ئایا ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، مه‌به‌ستم ڕێككه‌وتنێكی نوێ ده‌كرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر به ڕاشكاوی بڵێم، تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ش داواكاری هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانییه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه ئه‌وه‌یه. ئێمه هه‌میشه ئاماده‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه بووین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه له به‌غدا هه‌یه جا چ له پرسی نه‌وته یان كێشه سیاسییه‌كانه، ئه‌وه له به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندایه. تا ئێستا ئێمه كاری باشمان به‌یه‌كه‌وه كردووه، به‌رگرییكردن دژی داعش نمونه‌یه‌كی زۆر باشی ئه‌و هاوكاریه یه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌یه كه ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه، پێشبینی بكه‌ن دوای 25 ساڵ ئێمه بۆ یه‌كه‌م جار ڕێگه‌مان دا سوپای عیراق بگه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه كارێكی ئاسان نه‌بوو و بڕیارێكی زۆر قورس بوو، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌مان دا چونكه دوژمنێكی هاوبه‌شمان هه‌بوو و ده‌بوایه پێكه‌وه شه‌ڕی ئه‌و دوژمنه بكه‌ین و زۆریش سه‌ركه‌وتوو بووین، ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم سه‌دا سه‌د، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم سه‌دا په‌نجای ئه‌و زانیارییه هه‌واڵگیرییه بوو كه ئێمه ڕۆژانه دامانه سوپای عیراق، ئه‌و هاوكارییه‌ی كه له نێوان ئێمه و سوپای عیراقدا هه‌بوو له‌ڕووی دانی زانیاری كه ڕۆژانه پێمان ده‌دان، یه‌كجار زۆر هاوكاریی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌ی كردووه كه ئه‌مڕۆ سوپای عیراق له مووسڵ ده‌یكات. كه‌واته من ده‌مه‌وێ بڵێم ئێمه ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و كێشانه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟ ده‌بێت زه‌مینه‌یه‌ك ئاماده بكرێت بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوولا براوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بین، نه‌ك لایه‌نێك وا بیر بكاته‌وه چونكه مه‌ركه‌زه و حكوومه‌ته و ده‌بێ ئه‌و برا گه‌وره‌بێت و لایه‌نی دیكه برای بچووك بێت، ئیمه وا مامه‌ڵه ناكه‌ین، ده‌بێت ئێمه ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین كه هه‌م به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی تێدابێت و هه‌م به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غداشی تێدابێت. ئێمه ئه‌مڕۆ له قه‌یرانێكی زۆر سه‌ختی دارایی داین، به‌غدا هیچ هه‌نگاوێكی نییه بۆئه‌وه‌ی بێت یارمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بدات، من له قسه‌كانی خۆم له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش گوتوومه ئه‌و نه‌وته‌ی كه ئێستا ئێمه ده‌یفرۆشین ئه‌گه‌ر ئێمه قه‌ناعه‌تمان وابێت یه‌ك دۆلاریش زیاتر له‌وه‌ی كه ده‌ستمان ده‌كه‌وێت به‌غدا بیداته هه‌رێمی كوردستان، ئێمه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر به باشتر ده‌زانین له رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی دیكه.
VOA: به‌ڕێزت ئاماژه‌ت به‌وه كرد كه ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانییه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئایا هیچ هه‌نگاوێكتان ناوه؟ ئایا حكوومه‌تی عێراقی وه‌ڵامی بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێوه چییه؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه، با ئه‌و پرسیاره له‌خۆمان بكه‌ین 12 ساڵه ئێمه ده‌ستوورێكی عیراقیمان هه‌یه و هه‌نگاوه‌كانی به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره چی بووه؟ هیچیان نه‌كردووه. هه‌رێمی كوردستان ته‌جروبه‌یه‌كی زۆر ناخۆشی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه، ته‌جروبه‌ی ناخۆشی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه به‌غدا تا ئێستاش خۆی به مه‌ركه‌ز ده‌زانێت و هێشتا له‌وه تێنه‌گه‌یشتووه كه سیسته‌می عیراق گۆڕاوه و سیسته‌می عیراق مه‌ركه‌زی نییه، زۆر جار خه‌ڵك ده‌ڵێن حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی، هیچ حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی نییه، به‌ڵكو حكوومه‌تی فیدراله، سیسته‌می عیراق دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووری عیراق، سیسته‌مێكی فیدرالی یه، شێوه‌ی بیكردنه‌وه‌ی به‌غدا شێوه‌یه‌كی هه‌تا بڵێی مه‌ركه‌زی یه، ئه‌و یاسایانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه چ له ڕووی ئیداره‌دانی نه‌وت، چ له ڕووی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت، هیچیان له به‌غدا جێبه‌جێ ناكرێن، به‌غدا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات؟ وه‌كو هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عیراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌كی عیراق ده‌كات، ده‌یه‌وێت ئاوه‌هاش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بكات و ئه‌مه‌یان له هه‌رێمی كوردستان قبووڵ ناكرێت. ئێمه له ساڵی 2003 و پێش 2003 ڕاسته بارودۆخی ئابووری ئێمه باش نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه به ئاره‌زووی خۆمان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه به‌غدا و به‌زۆر نه‌بووه، به ئێمه‌یان گوتووه عیراقێكی نوێیه، عیراقێكی دیموكراته، عیراقێكی فیدراله و له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپانه ئێمه بڕیارمان دا كه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا. ئه‌وه‌ی كه به‌ڕێزان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو به‌ڕێز سه‌رۆك مام جه‌لال و سه‌رۆك بارزانی كردیان له‌وه‌ی كه عیراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه و بارودۆخی عیراق باش بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ندیان پێده‌كرا و ئه‌وه‌ی له‌توانایاندابوو كردیان بۆ ئه‌و پرسه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی عیراق نایێنه پێش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. باسی میزانییه یه‌كێك له شته هه‌ره گرنگه‌كانه، ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنی بودجه به زۆرینه و كه‌مینه بێت، ئێمه هه‌ر كه‌مینه‌ین، هه‌موو كورسییه‌كانی كورد له به‌غدا 65 كورسی یه و ئه‌وانی دیكه یه‌كجار زۆرترن، به‌ڵام بڕیاری دوستكردنهوهی عیراق دوای ساڵی 2003 له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق بوو نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كێ زۆره و كێ كه‌مه.
VOA: ئێستا گه‌ر ئێوه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵی 2003 ئایا هه‌مان بڕیار ئه‌ده‌ن كه به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێدا، بڕیارێكی خۆویستانه بووه بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ عیراقدا بمێننه‌وه؟
نێچیرڤان بارزانی: نه ئێمه په‌شیمان نین، چونكه تۆ حوكم له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه ده‌ده‌یت، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه سه‌دام له‌سه‌ر حوكم لادرا بۆ كورد ڕۆژێكی میژوویی بوو و ئێمه په‌شیمان نین له‌وه. به ته‌ئكید ئه‌گه‌ر به‌گه‌ڕێینه‌وه ئه‌و كاته هه‌مان بڕیار ده‌ده‌ین، ئێمه نیگه‌رانین له‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێمه بوون به‌تایبه‌تی شیعه‌كان كه پێكه‌وه خه‌باتمان كردووه و پێكه‌وه بووین، به‌داخه‌وه دوای 2003 كه ئێمه پێشتر پێكه‌وه خه‌باتمان ده‌كرد بۆ ڕۆژێكی خۆشتر بۆ عیراق، ئه‌وان پشتیان له‌و به‌ڵینانه كرد كه به كوردیان دابوو، ئه‌وان به‌ڵێنه‌كانی خۆیان به‌جێ نه‌گه‌یاند به نیسبه‌ت كورد، ئه‌مڕۆ دوای 12 ساڵ كورد ئه‌و پرسیاره له‌خۆی ده‌كات، ئایا له پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق، كورد له كوێیه؟ دوای 12 ساڵ پرسیار له‌وه ده‌كات، ئایا هیچ گارانتییه‌ك بۆ ئایندهی ئه‌م میلله‌ته هه‌یه؟ پرسیار له‌وه ده‌كات ئایا به‌غدا چی كرد بۆ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140؟ فكری به‌غدا و مهناتڵێتی ئه‌وان ئه‌وه بووه كه له هێزه‌وه قسه له‌گه‌ڵ ئێمه بكه‌ن، فكریان وابووه كه‌ی به‌هێز بوون ئه‌و كاته بێن قسه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی بكه‌ن، كه‌واته ئه‌و فكره مه‌ركه‌زییه له عێراق هه‌ر وه‌ك خۆ ماوه‌ته‌وه و ئه‌و فكره مهركهزییهتهی كه عیراق به‌ڕێوه ده‌بات، به بڕوای من هۆكاری گه‌وره‌ترین كاره‌ساته بۆ ئه‌و وڵاته.
VOA: باست له‌وه كرد كه نه‌ناردنی به‌شه بودجه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عیراقییه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولیر و به‌غدایه، ئایا بوونی ئاواره‌كان وه‌ك هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه باس له‌وه ده‌كرێت كه حكوومه‌تی عێراقی یارمه‌تیی ئاواره‌كانی خۆی نادات كه له‌ئێستادا له هه‌رێمی كوردستاندا له كه‌مپدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها یارمه‌تینه‌دانی پێشمه‌رگه له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه له ڕووی نه‌دانی چه‌كه‌وه، چه‌ندێك كێشه‌و و گرفتن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا؟
نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا وه‌كو پێویست به‌غدا یارمه‌تی ئاواره‌كانی نه‌داوه، من ڕاشكاوانه بڵێم هه‌تا ئێستا ئه‌و هاوكارییه‌ی كه ده‌بوایه عیراق بۆ ئاواره‌كان بیكات، تا ئێستا نه‌یكردووه، مامه‌ڵه‌ی عیراق له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان وه‌كو هه‌ر وڵاتێكی كۆمه‌ك به‌خشه، به‌و شێوه‌یه یه، واته تاكو ئێستا وه‌كو پێویست به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵناگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای له‌م ئاوارانه بێت.
VOA: ئه‌ی سه‌باره‌ت به هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه؟
نێچیرڤان بارزانی: سه‌باره‌ت به هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه، عیراق تاوه‌كو ئێستا وه‌ك پێویست هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ی نه‌كردووه، نه‌ك وه‌كو پێویست نه‌یكردووه، به‌ڵكو هه‌ر نه‌یكردووه و ئێمه شتێك نابینین كه بڵێین یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌ی داوه كه ئێمه له یه‌ك سه‌نگه‌رین و پێكه‌وه شه‌ڕ ده‌كه‌ین و دوژمنی هاوبه‌شمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه عیراق بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌یكات با من وه‌ك نموونه‌یه‌ك بیهێنمه‌وه، حه‌شدی شه‌عبی كرد به یاسا، ئێمه ڕێزمان هه‌یه بۆ حه‌شدی شه‌عبی كه له به‌رگریكردن له عێراق له دژی داعش ڕۆڵی خۆیان بینی، حه‌شدی شه‌عبییان كرد به یاسا و هه‌موو پێداویستییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاماده نین قبووڵی بكه‌ن ته‌نیا پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی مه‌نزومه‌ی به‌رگریی عیراقدا جێگه‌ی هه‌یه، حازرنین ئه‌وه بكه‌ن، بۆ حه‌شدی شه‌عبی كه هی خۆیانه و ئه‌وان پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن، هه‌موو كارئاسانییه‌ك ده‌كه‌ن، باشه با ئه‌م پرسیاره بكه‌ین، ئێمه چۆن خۆمان به هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته بزانین؟ ئێمه به چ هاندانێك كار بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌م ولاته بكه‌ین؟ هێزه‌كانی ئێمه پێشمه‌رگه و كورد ئێستا ئه‌و پرسیاره له‌خۆی ده‌كات. بۆ، بۆ حه‌شدی شه‌عبی ئه‌م شتانه هه‌مووی ده‌كرێت و بۆ هێزی پێشمه‌رگه هیچ ناكرێت؟
VOA: له كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ، به‌شێك له خه‌ڵكی یان ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌گوترێت شه‌قام، باسیان له‌وه ده‌كرد یا ڕه‌خنه‌یان له‌وه ده‌گرت كه هه‌رێمی كوردستان بۆچی هێزی پێشمه‌رگه ده‌خاته شه‌ڕێكه‌وه كه ئه‌وان ده‌ڵێن خاكی كوردان نییه؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمه ئه‌م شه‌ڕه ناكه‌ین، ئێمه به‌رگری ده‌كه‌ین، داعش شه‌ڕی ئێمه‌ی كردووه، ئێمه شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نه‌كردووه و ئه‌وان یه‌خه‌ی ئێمه‌یان گرتووه، كه یه‌خه‌ی ئێمه‌یان گرتووه ئێمه ناچاربووین، ئێمه ئه‌م به‌رگرییه بۆ خۆمان ده‌كه‌ین و شه‌ڕ ناكه‌ین، ئێمه ئه‌م به‌رگرییه بۆ كوردستان ده‌یكه‌ین، بۆ هاووڵاتیانی كوردستان ده‌یكه‌ین و ئه‌و شوێنانه‌شی كه ئێستا ئێمه ئازادمان كردوون، هه‌مووی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و كاریگه‌رییه‌كه‌شی گه‌لێك زۆره، ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئه‌مڕۆ خۆشبه‌ختانه له شه‌ڕی داعشدا ئازاد كراون، من ده‌توانم بڵێم ئه‌و ناوچانه‌ی كه ڕزگارمان كردوون له ڕووی ئه‌منییه‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
VOA: پێشبینی به‌ڕێزتان بۆ ئه‌مساڵ چییه؟ پێتان وایه قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن له هه‌رێمی كوردستاندا؟ هیچ موژده‌یه‌كی خۆشتان پێیه بۆ هاووڵاتیان؟
نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، من ناتوانم ئه‌وه بڵێم كه ئێستا ده‌توانین شتێكی گه‌وره بكه‌ین، به‌ڵام هه‌وڵ و كۆششی ئێمه بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بارودۆخی داراییمان باش بوو، یه‌كه‌م شت بارودۆخی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. گه‌ر پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه به بڕوای من ئایا پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین بارودۆخمان باشتر ببێت؟ به‌ڵێ ئێمه پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه بارودۆخی ئێمه له‌م ڕووه‌وه باشتر ببێت.
VOA: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق سوپاست ده‌كه‌ین بۆ پێدانی ئه‌م ده‌رفه‌ته و ئه‌م دیداره.
نێچیرڤان بارزانی: سوپاس و به‌خێربێن سه‌رچاو.
http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=55331
ره‌هه‌ند و کاریگه‌رییه‌کانی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی/ داهاتووی ناروونی موسڵ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واشنگتۆن و روسیا به پێی به‌رژه‌وه‌ندی هاوب سه‌ربازی
له مانگه‌کانی رابردووه‌وه ناوی پێشمه‌رگه‌کانی کورد و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستانی عێراق له راگهیادنه ناوخۆیی و جیهانییه‌کاندا زیاتر له هه‌میشه ده‌بیسترێت و ده‌بیندرێت. له‌وانه‌یه بڵێین لوتکه‌ی ئه‌م بابه‌ته دوای ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ بوو به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ش هه‌واڵی جۆراوجۆر له‌سه‌ر رووداوه سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی ئه‌م ناوچه که به‌شێکه له عێراق، راگه‌یاندنه‌کانی پڕکردبووه‌وه.
دوای ئه‌وه که ژماره‌ی سه‌ردانه‌کانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا بۆ عێراق رووی له زیادبوون کرد و باسی پلاندانان و ده‌ستپێکردنی " ئۆپراسیۆنی پاککردنه‌وه‌ی موسڵ" گه‌یشته به‌رزترین ئاستی خۆی، وێنه و وته‌کانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق دیسان راگه‌یاندنه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پڕکرده‌وه. لێره‌دا بوو که گریمانه‌ی به‌شداری پێشمه‌رگه له شه‌ڕی موسڵ ده‌ستی پێ‌کرد؛ دیداری بارزانی و عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق، راڤه‌ی دروست و هه‌ڵه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌ڵام ده‌قی رێککه‌وتنی نێوانیان و ورده‌کارییه‌کانی، به شێوه‌یه‌کی دروست و رێکوپێک باس نه‌کرا.
ته‌نانه‌ت پێشنیاری بارزانی بۆ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه له ده‌سه‌ڵات دوای ١٢ ساڵ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، له نێو هه‌واڵه‌کانی سوریا و حه‌ڵه‌ب، ئۆپراسیۆنی موسڵ و رووداوه‌کانی یه‌مه‌ن، له‌بیرکرا. له‌م رووه‌وه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی رووداوه سیاسی و ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی "نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان‌مان کرد له ئێران و له‌م وتووێژه‌دا باسی رووداوه جیاوازه‌کان له‌وانه داخستنی په‌رله‌مانی کوردستانی عێراق و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ده‌ستوورێکی کارامه و رێکوپێک و کێشه‌ی نێوان حزبه سیاسییه‌کانمان کرد. ده‌باغ داهاتووی موسڵ دوای داعش به گرنگ وه‌سف ده‌کات و په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و هه‌رێم به پێی په‌یوه‌ندی سه‌ربازی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش لێکده‌داته‌وه..
له‌م مانگانه‌ی رابردوودا به‌تایبه‌ت دوای ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ و ئاماده‌بوونی پێشمه‌رگه‌کانی کورد له‌م ئۆپراسیۆنه‌دا، بینیمان که مه‌سعود بارزانی به فه‌رمی رایگه‌یاند که ئاماده‌یه له پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بکشێته‌وه. ئایا ئه‌وه‌ی که بارزانی دوای ١٢ ساڵ به چ ئاکامێک گه‌یشتووه که به شێوه‌یه‌کی ئاشتییانه ده‌سه‌ڵات به‌جێ بێڵیت، روون نییه. به‌ڕای ئه‌وه‌ی هۆکاری ئه‌م هه‌نگاوه‌ی چییه؟
به‌داخه‌وه هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ساڵانی رابردوودا رووبه‌رووی قه‌یرانێکی سیاسی، ئابووری و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ته‌وه. له راستیشدا به هۆی بارودۆخی جوگرافی هه‌رێمه‌وه که له عێراقدایه، قه‌یرانه‌کانی عێراق، هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه. له‌م رووه‌وه گرنگترین قه‌یرانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، "قه‌یرانی سیاسی"یه که له درێژه‌ی ئه‌مه‌دا ده‌بێت "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش"یش له‌به‌رچاو بگیردرێت. چونکه به پشتیوانی پێشمه‌رگه‌کانی کورد نزیکه‌ی ٨٠ بۆ ٩٠% له‌و ناوچانه‌ی که تایبه‌ت به کورده‌کان بوو، رزگار کران و ئه‌مه ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بوو بۆ ئێمه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، هه‌موو ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه له بواری سه‌ربازیدا بووه، به‌ڵام له بواری سیاسی‌دا به ڕای من ئاڵوگۆڕێکی تایبه‌ت رووی نه‌داوه و له‌م رووه‌وه ناتوانین دڵخۆش بین به ئێستا و داهاتوویه‌کی رووناک. ئه‌گه‌ر کورده‌کان نه‌توانن له‌ناو ماڵی خۆیان هاوکار و هاودڵ بن، بێ‌شک تووشی کێشه ده‌بن. بڕێک که‌س پێیان وایه که هاودڵی کورده‌کان له شه‌ڕی دژ به داعش ده‌توانێت ببێته مایه‌ی یه‌کگرتوویی سیاسی، به‌ڵام به‌ڕای من شه‌ڕی دژ به داعش به‌م زووانه کۆتایی نایه‌ت. له‌وانه‌یه له‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌دا ره‌وتێکی نوێ بێته ئاراوه، به‌ڵام تا کاتێک سه‌رچاوه‌کانی پشتیوانی و هۆکاره‌کانی دروستبوونی داعش له‌ناونه‌به‌ین، بێ‌شک ئه‌وان درێژه به کاری خۆیان ده‌ده‌ن.
له‌م رووه‌وه بارزانی وه‌کو سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌بێت ههنگاوێکی کاریگه‌ر بۆ دروستکردنی یه‌کگرتویی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه ناوخۆییه‌کانی ناوماڵی کورد له هه‌رێم و ته‌نانه‌ت عێراقیش هه‌ڵگرێت. بۆیه بینیمان که بارزانی له په‌یامێکدا رایگه‌یاند که ئاماده‌یه له چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراودا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، گۆڕینی سه‌رۆکی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مان هاوکاری بکات و ده‌سه‌ڵات راده‌ست بکات. بارزانی ته‌نانه‌ت وتبووی که ئه‌گه‌ر حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی هه‌رێم ئه‌ویان قبووڵ نییه، پێشنیاره‌کانی خۆیان بخه‌نه به‌رده‌ست و هه‌ر رێککه‌وتنێک بکه‌ن، ئه‌و پابه‌ندی ده‌بێت.
به شێوه‌یه‌کی روون، کام حزب و لایه‌نی سیاسی دژی بارزانین؟
هیچ حزب و لایه‌نێک دژی بارزانی نییه، به‌ڵکوو کێشه له‌سه‌ر ده‌ستوور و سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستانه. ئێمه له په‌رله‌مانی کوردستان چه‌ندین حزبی جیاوازمان هه‌یه، وه‌کو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق که مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات، ئه‌ڵبه‌ت له‌ناو په‌رله‌مانی کوردستان ١٢ بۆ ١٣ حزبی جیاواز هه‌ن. که‌واته بارزانی وتویه‌تی هه‌رکه‌سێک ئاماده‌بێت ئه‌م پۆسته وه‌ربگرێت و له لایه‌ن زۆرینه‌ی حزبه‌کانه‌وه په‌سه‌ند بکرێت، له زووترین کاتدا ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت. به‌ڵام له ئێستادا قسه‌کانی ئه‌و به مانای ده‌ست له کارکێشانه‌وه نییه، به‌ڵكوو ته‌نها ئاماده‌بوونییه‌تی بۆ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات به پێی چوارچێوه‌ی پلانێکی تایبه‌ت.
زیاترین کێشه‌کانی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر چ بابه‌تێکه؟
یه‌کێک له باسه‌کان پێداچوونه‌وه به ده‌ستوور وچۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه. سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پێشتر به ده‌نگی راسته‌وخۆی خه‌ڵک هه‌ڵبژێردراوه، به‌ڵام زۆرینه‌ی حزبه‌کان رایانگه‌یاندووه که ده‌بێت په‌رله‌مان هه‌ڵیبژێرێت. له‌م رووه‌وه پێویستمان به گۆڕینی ده‌ستوور هه‌یه. چونکه به هۆی کێشه‌ی نێوان سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم، په‌رله‌مانی داخراو کێشه‌کان په‌ره‌ی سه‌ند. له‌م رووه‌وه بارزانی له ئێستادا به‌دوای ده‌ستووری نوێ و کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌یه تاوه‌کوو ئه‌گه‌ر له داهاتوودا کێشه‌یه‌ک له نێوان ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان هاته ئاراوه، ئه‌م ده‌ستووره بتوانێت چاره‌سه‌ری بکات. له هه‌فته‌ی رابردوودا دانوستان له نێوان بارزانی (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) و یه‌کێتی نێستمانیی کوردستان، گۆڕان و یه‌کگرتووی ئیسلامی له سلێمانی کرا که چاوه‌ڕوانی ئاکامه‌که‌ی ئه‌که‌ین.
که‌سانێک گریمانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی "جه‌لال تاڵه‌بانی" بۆ سیاسه‌ت له پێگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان باس کردووه، پێگه‌ی تاڵه‌بانی له سیاسه‌تی هه‌رێمدا چییه؟ ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ببنه سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان؟
ده‌بێت به روونی بڵێم که که‌سایه‌تی تاڵه‌بانی ناکرێت له‌گه‌ڵ که‌سانی دیکه هه‌ڵسه‌نگێندرێت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که تووشی جه‌ڵده‌ی مێشک بوون و نه‌خۆش که‌وتن، به‌داخه‌وه هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی کورده‌کانی عێراق تووشی کێشه بوو. کاتێک تاڵه‌بانی له به‌غدا بوو، هه‌موو لایه‌نه‌کان وه‌کو سیاسه‌تمه‌دارێکی گه‌وره‌و کاریگه‌ر له ئاست خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌یانناسی و له‌م رووه‌وه ده‌یتوانی که قه‌یرانه‌کانی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که چاره‌سه‌ر بکات. که‌واته یه‌کێک له هۆکاره‌کانی قه‌یران له هه‌رێمی کوردستان، نه‌بوونی تاڵه‌بانییه له ساحه‌ی سیاسی‌دا. به شیوه‌یه‌ک که کێشه‌ی جێگره‌وه‌ی بارزانی ده‌یتوانی به بوونی تاڵه‌بانی تاڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌ر بکرێت. چونکه هیچ که‌سایه‌تییه‌کمان وه‌کو تاڵه‌بانی له هه‌رێم نییه. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته نابێت ببێته هۆی ئه‌وه که سیاسییه‌کانی کورد نه‌یه‌نه ناو کایه‌ی سیاسییه‌وه و چۆڵایی له داهاتوودا دروست ببێت. هه‌روه‌ها که ئێستا ئه‌مه روویداوه‌و که‌سێک بۆ جێگره‌وه‌ی بارزانی باس ناکرێت.
له بارودۆخی ئێستا که‌س ئه‌و توانایه له خۆیدا نابینێت که بێته ناوبواری سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دروست ده‌بێت که ئایا هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت به پێی سیاسی و دیپلۆماتیک به‌ڕێوه ببرێت یان ده‌بێت به سوودبینین له هێزی سه‌ربازی به‌ره‌و پێش بڕوات؟ له‌م رووه‌وه ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت بۆ ئه‌گه‌ری نه‌مانی بارزانی رێگاچاره‌یه‌کی تایبه‌ت بدۆزرێته‌وه. رابه‌رانی سیاسی هه‌رێمی پێشوازییان له پێشنیاره‌که‌ی بارزانی کردووه که ده‌بێت به "کرانه‌وه‌یه‌کی نوێ له چاکسازی هه‌رێمی کوردستان" ناوببرێت.
به روونی و دیاریکراو، که‌سێکی گونجاو بۆ جێگره‌وه‌ی بارزانی له هه‌رێم دانراوه؟
له ئێستادا بابه‌تی جێگره‌وه‌ی بارزانی له هه‌رێمی کوردستان گرنگ نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه بوونی ده‌ستوور و یاسای نوسراو و چوارچێوه‌ی رێک‌وپێکی سیاسییه له هه‌رێم. له‌م رووه‌وه ده‌بێت وه‌کو هه‌نگاوی یه‌که‌م یاسایه‌کی دیاریکراو بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چوارچێوه‌یه‌ک بۆ چاودێریکردن له هه‌رێم دروست بێت. به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر یاسا نه‌بێت که‌سی دوای بارزانی، تووشی کێشه ده‌بێت. له ئێستادا هێزی سه‌ربازی هه‌رێمی کوردستان له ده‌ست پارتی دیموکرات و دواتر له ده‌ست یه‌کێتی نیشتمناییدایه. لێره‌دا ئه‌گه‌ر که‌سێک له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو حزبه ببێته سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ده‌بێت بزانین ئایا ده‌توانێت فه‌رمان بۆ پێشمه‌رگه ده‌رکات یان نا؟ چونکه دابینکردنی ئه‌من و ئاسایش له هه‌رێم، له‌ده‌ست ئه‌م دوو حزبه‌دایه.
واتا هیچ که‌سێک بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بوونی نییه؟
ناتوانم بڵێم بوونی نییه و له روویه‌کی دیکه‌شه‌وه ناتوانم ناو بهێنم. چونکه هێشتا هیچ ئه‌ڵترناتیڤ و جێگره‌وه‌یه‌کی به‌هێز بۆ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێم باس نه‌کراوه و له روویه‌کی دیکه‌شه‌وه لایه‌نی سیاسیش له‌به‌رچاو ده‌گیردرێت.پرسیارێکیش که بڕێک لایه‌ن ده‌پرسن ئه‌وه‌یه که ئایا بارزانی ده‌توانێت دیسان ببێته‌وه به سه‌رۆکی هه‌رێم؟ لێره‌شدا بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره دیسان نه‌بوونی یاسایه‌کی ورد و روون دێته ئاراوه. چونکه ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێک ببێت زۆربه‌ی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت بارزانی دیسان خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، ده‌بێت به پێی ده‌قی ده‌ستوور بڕیاری دابێت و هه‌روها خه‌ڵکیش ده‌توانن به شێوه‌یه‌کی دروست و بێ سه‌رلێشێواوی بڕیار بۆ هه‌رێم بده‌ن. به‌ڵام هێشتا ئه‌م باسه له ئارادایه که ئایا سه‌رۆکی هه‌رێم له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت یان له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه؟
به‌م پێیه، هیچ هه‌نگاوێک بۆ گۆڕینی ده‌ستوور هه‌ڵگیراوه؟
چه‌ند پێشنیارێک دراوه‌و کۆمیسیۆنیش به‌ڕێوه چووه به‌ڵام دوای داخستنی په‌رله‌مان و لابردنی سه‌رۆکی په‌رله‌مان که خه‌ریکه ده‌بێته دوو ساڵ، ئه‌م بابه‌ته پشتگوێ خراوه‌و که‌یسه‌که‌ی راگیراوه و کێشه‌کان به‌رده‌وامن. له بواری دووه‌مدا بابه‌تی قه‌یرانی دانانی سیاسه‌ته‌کان هه‌رێمه. به شێوه‌یه‌ک که ئێستا نازانین که پلان و سیاسه‌تی گشتیی هه‌رێم کێ دایده‌نێت. ئایا خودی سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌م هێڵه سیاسییه داده‌نێت یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت بێته ناوبابه‌ته‌که‌وه؟ له‌م رووه‌شه‌وه دیسان ده‌گه‌ینه نه‌بوونی رۆشنگه‌ری سیاسی و به‌ڕای من دوای کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی موسڵ، بارودۆخێکی نوێ دێته ئاراوه و پێویسته به تێڕوانێنێکی قووڵ، ستراتیژی دوای ئازادکردنی موسڵ دابنێین..
هۆکاری سه‌ره‌که‌ی ئاماده‌بوونی پێشمه‌رگه له ئۆپراسیۆنی موسڵ چی بووه؟ به شێوه‌یه‌ک که دیداری نێوان مه‌سعود بارزانی و العبادی له به‌غدا پێش ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ باس و خواسێکی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و ئه‌ڵبه‌ت هه‌واڵی باوه‌ڕپێکراو له‌سه‌ر ده‌قی رێککه‌وتننامه‌که‌یان بڵاونهکرایهوهو له ئاست چه‌ند دێڕێک باسکرا. وه‌کو که‌سێکی ئاگادار له ره‌وتی سیاسی هه‌رێم، هۆکاری سه‌ره‌کی به‌شداری پێشمه‌رگه له هێڵی باکوور و رۆژهه‌ڵاتی ئۆپراسیۆنی موسڵ، چی بووه؟
هۆکاری سه‌ره‌کی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی داعش له عێراق. له‌وانه‌یه راڤه‌ی ئێمه بۆ داعش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق یه‌ک نه‌بێت، به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان، داعش به دوژمنێکی زۆر مه‌ترسیدار ده‌زانێت که هیچ حزب و گروپ و ئایینێک ناپارێزێت. له‌م رووه‌وه هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، تورکیا و زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که جیاوازه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یانه‌وێت داعش له عێراق ریشه‌کێش که‌ن، به دڵنیاییه‌وه، کورده‌کان دژی داعش ده‌وه‌ستنه‌وه‌و شه‌ڕ دژی داعش به پێویست ده‌زانین. ده‌بێت بزانین کاتێک داعش چووه ناو موسڵ، به‌ڕێوه‌بردنی خراپ له عێراق بووه هۆی ئه‌وه که ئه‌وان موسڵ داگیر بکه‌ن و کاره‌سات رووبدات. به شێوه‌یه‌ک که له هێرشی داعش بۆ ناوچه‌ی سه‌ربازی ئێسپایکر نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌س کوژران و ده‌وترێت تائێستا نه‌یانتوانیوه ته‌نانه‌ت لاشه‌کانیان بدۆزنه‌وه. ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بڵێم که به‌رژه‌وه‌ندی بڕێ وڵاتی ناوچه‌که له‌م نێوانه‌دا کاریگه‌ر بوو و ته‌نانه‌ت جۆرێک له له هه‌ستی تۆڵهسهندنهوهیشی تێدا بووه. له‌و کاته‌دا به‌شێک له هه‌رێمی کوردستان که‌وته ده‌ست داعش، به‌ڵام به خۆشحاڵییه‌وه به یارمه‌تی ئێران و چه‌ند وڵاتێکی هاوپه‌یمان، توانیمان تا راده‌یه‌کی زۆر سه‌رکه‌وین به‌سه‌ر داعشدا و ئه‌وان له سنووره‌کانمان دوورکه‌ینه‌وه.
بارودۆخی و شوێنی موسڵ وه‌کو یه‌کێک له شاره گه‌وره‌کانی عێراق بۆ داعش گرنگه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م شاره نزیکه‌ی ٧٠ کیلۆمه‌تر له هه‌رێمی کوردستانه‌وه دووره. بۆیه مانه‌وه‌ی داعش له موسڵ به‌رامبه‌ره به ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریسم بۆ هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌ت هه‌ولێر. کاتێک باسی به‌شداری پێشمه‌رگه له موسڵ کرا رێککه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و عێراق کرا که به پێی مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور بڕیاردرا ئه‌و ناوچه کوردییانه‌ی له ده‌ست داعشدایه، پێشمرگه‌کانی کورد بۆ ئازاکردنهوهیان یارمه‌تی به سوپایت عێراق بگه‌یه‌نن. هه‌روه‌ها ئیجازه دراوه که هێزه‌کانی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی ئه‌م شوێنانه، له‌وێ بمێننه‌وه. بۆیه ده‌بێت بزانین که دوای ئازادکردنی موسڵ چ رووداوێک له بواری سیاسی‌دا رووده‌دات؟ به شێوه‌یه‌ک که پێش هاتنی داعش بۆ موسڵ، کورده‌کان له ئیداره‌ی پارێزگا، شاره‌وانی و ته‌نانه‌ت دابینکردنی ئاسایشی شاره‌که‌دا به‌شدار بوون.
دوای ئازادکردنی به‌عشیقه، بارزانی به فه‌رمی رایگه‌یاند که ئێمه هێشتا رێککه‌وتنی سیاسیمان له‌سه‌ر موسڵ نه‌کردووه و ئه‌مه ته‌نها رێککه‌وتنێکی سه‌ربازییه. لێره ده‌بێت بزانین که له ده‌ستووری عێراقدا ئاماژه به ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی کورد کراوه، که واتا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که بۆچی ئه‌و ناوچانه‌ی که سوپای عێراق بووه هۆی ئه‌وه‌ی بکه‌وێته ده‌ست داعش، ده‌بێت له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئازاد بکرێن؟ ته‌نانه‌ت ئه‌مه یه‌که‌مجاره له مێژوودا که سوپای عێراق و پێشمه‌رگه بۆ دژایه‌تیکردنی دوژمنێکی هاوبه‌ش، هاوکاری ده‌که‌ن و ئێستاش ده‌بینین که پێشمه‌رگه وه‌کو هێزێکی به‌هێزی عێراق دێته ئه‌ژمار. له‌م رووه‌وه چاوه‌ڕوانین که دوای ئازادکردنی موسڵ، رۆڵی کورده‌کان دیاری بکرێت، چونکه زۆرینه‌ی دانیشتووانی رۆژهه‌ڵاتی موسڵ، کوردن. به شێوه‌یه‌ک که سه‌رده‌مێک موسڵ به ویلایه‌تی نه‌ینه‌وا ده‌ناسرا که هه‌ولێر و که‌رکووک و تهنانهێ سلێمانیش به‌شێک له‌و ویلایه‌ته بووه و دواتر دابه‌ش بووه‌و جیابوونه‌ته‌وه.
دوای ئازادکردنی موسڵ، ئه‌گه‌ری روودانی چ سیناریۆگه‌لێک له ئارادایه؟
له هه‌ڵسه‌نگاندنێکی گشتیدا ده‌توانین بڵێین که ئه‌گه‌ری دوو سیناریۆ له ئارادایه. یه‌که‌م ئه‌وه که کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌که به‌م شێوه‌ی ئیستا بمێنێته‌وه که یه‌کێک له کێشه‌کان بابه‌تی کورده که به پێی دوو رێگای سه‌ربازی و سیاسی ئیمکانی چاره‌سه‌رکردنی هه‌یه. به‌ڵام له‌وانه‌یه دوای ئۆپراسیۆنی موسڵ بیرۆکه‌ی به‌عس له عێراق ببێته هۆی ئه‌وه تا هێرشیتر دژی کورد بکرێت. چونکه هێشتا بیرۆکه‌ی به‌عسیزم له بنه‌مای سیاسی و ئه‌منی عێراقدا بوونی هه‌یه. له سیناریۆی دووه‌مدا بابه‌ته‌که به شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه. ده‌بێت بزانین که عێراق، هه‌رێمی کوردستان وه‌کو جوگرافیایه‌کی سیاسی په‌سه‌ند ده‌کات یان نا؟ چونکه کورده‌کان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بوون به فاکته‌رێک له رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌دا. ئێمه پێمان وایه داعش په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراقی تووشی کێشه کردووه و یه‌کگرتوویی عێراقیان کردووه‌ته ئامانج.
له‌م رووه‌وه سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له داهاتوو بکاته‌وه که چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق و هاوپه‌یمانه‌کان په‌یوه‌ندی ببێت. به واتایه‌کی دیکه ده‌بێت روون ببێته‌وه که کورده‌کانیان ته‌نها وه‌کو هێزی سه‌ربازی دژی داعش قبووڵه یان وه‌کو لایه‌نی سیاسی کاریگه‌ر ده‌یناسن؟ لێره‌دایه که هه‌موو ئه‌م پرسیارانه له ئێستادا بێوه‌ڵامه. ئه‌ڵبه‌ت له روانگه‌ی ئێمه‌دا، بارودۆخه‌که روونه به‌ڵام لایه‌نه شاراوه‌کانی که‌یسی موسڵ تا کاتی پاککردنه‌وه‌ی له داعش، هه‌روا ده‌منێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م توانایه له ئێستادا هه‌یه که به پێی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بتوانین کێشه‌كان چاره‌سه‌ر که‌ین.
پێش ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ " ئه‌شتۆن کارته‌ر" وه‌زیری به‌رگری عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کرد. بڕێک که‌س پێیان وایه که هاتوچۆکانی کارته‌ر بۆ کۆتاییهێنان به که‌یسی موسڵ بووه له به‌رژه‌وه‌ندی دیموکراته‌کان و بڕێک که‌س دژی ئه‌م رایه‌ن. ده‌ستکه‌وتی ئه‌م دیدارانه چی بوو؟
ده‌بێت بزانین که ئه‌مریکا یاریکه‌رێکی نێوده‌وڵه‌تییه و له‌م رووه‌وه ناتوانین بڵێین که چونکه دیموکراته‌کان خه‌ریکن کۆشکی سپی به‌جێ دێڵن و بڕیاره ترامپ و تیمی کۆمارییه‌کان بێنه ئه‌وێ، که‌واته ئه‌شتۆن کارته‌ر سه‌ردانی زۆر رێکده‌خات. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م سه‌ردانانه بێکاریگه‌ر نین به‌ڵام نابێت واداینێین که به گۆڕینی سه‌رۆک کۆمار له ئه‌مریکا، سیاسه‌ته گشتییه‌کانیش ده‌گۆڕدرێت. له‌م رووه‌وه ده‌بێت بزانین که له ئه‌مریکا هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه وه‌کو که‌یسی سه‌ربه‌خۆ باس ده‌کرێت. به شێوه‌یه‌ک که له‌سه‌ر داعش که‌یسێک ده‌کرێته‌وه یان سه‌باره‌ت به عێراق، سوریا، ئێران و ئه‌فغانستان و وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین که‌یسێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌کرێته‌وه که سیاسه‌ت و ستراتیژی هه‌رکام له‌مانه به‌جیا باس ده‌کرێت.
به‌م پێیه ده‌بێت بڵێم که سه‌باره‌ت به هه‌رێمی کوردستان ستراتیژی ئه‌مریکا به شێوه‌یه‌کی دیکه ده‌بێت. واتا ئامانج و ستراتیژی ئه‌مریکا ته‌نها گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌رێمه‌و ده‌یانه‌وێت که ده‌سه‌ڵات که که‌سێکه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ که‌سێکی دیکه. لێره‌دایه که به گۆڕینی حکومه‌ت ده‌بینین که ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر که‌یسی هه‌رێم کاریان ده‌کرد، به‌دوای به‌داواداچوونن بپ رێککه‌وتنه‌کانی حکومه‌تی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌رێم. سه‌ردانه‌کانی کارته‌ر بۆ هه‌رێم له چوارچێوه‌ی رێککه‌وتنه‌کانی ئه‌مریکا و عێراق ده‌بێت که پێشتر به پێی دژایه‌تیکردنی داعش دانراوه که پشتیوانی له پێشمه‌رگه‌ش نیشان ده‌دات.
لێره‌دا هه‌روه‌ها که پێشتر ئاماژه‌م پێدا، دوو ناوه‌ند یان دوو سیناریۆ دێته ئاراوه. یه‌کێک باسی پشتیوانیی سه‌ربازی و دووه‌م پشتیوانیی سیاسییه. واتا هێشتا دیارنییه که سیاسه‌تی ئه‌مریکا له پشتیوانیکردنی هه‌رێمی کوردستان به چ هۆکارێکه. که واتا ته‌نها ده‌ستکه‌وتێک که ده‌توانین بۆ سه‌ردانه‌که‌ی کارتهت بۆ هه‌رێم بیری لێ بکه‌ینه‌وه، باسی پشتیوانیکردنه له پێشمه‌رگه بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش له سه‌ر زه‌وی و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی هه‌ردوولایه.
واتا هیچ رێککه‌وتن و ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی نه‌کراوه؟
له سیاسه‌تدا و به تایبه‌ت له ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیدا، بابه‌تێکی نه‌گۆڕمان نییه و که واته، هیچ سیناریۆیه‌ک وه‌ک خۆی جێبه‌جێ ناکرێت. کاتێک که ده‌وترێت ئه‌مریکا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا دانوستانیان له‌گه‌ڵ ده‌کات و به‌م پێیه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێم دانوستانیان کردووه، بابه‌تی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و په‌یوه‌ندی سیاسی دێته ئاراوه. چونکه حکومه‌تی ئه‌مریکا ناتوانێت راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم دانوستان بکات یا بێته ناو جوگرافیای عێراقه‌وه و لێره‌دایه که پێشێلکردنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌رده‌که‌وێت. که واته ده‌بێت له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌م رێککه‌وتنه سهربازیانهدایه که ئه‌گه‌ری رێککه‌وتنی سیاسی به‌هێز ده‌بێت یان به پێی سیناریۆی دیکه، دانوستان ده‌کرێت.
لێره‌دایه که ده‌ڵێین ئازادکردنی موسڵ له عێراق و ته‌نانه‌ت ره‌قه له سوریا، بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێت. چونکه لهـم شه‌ڕانه‌دا ته‌نها کورده‌کان به‌شدار نین به‌ڵکوو هێزه ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانیش هه‌ن. واتا ئه‌گه‌ر ئێران و روسیا نه‌بوونایا بێ‌شک، حه‌ڵه‌ب ئازاده نه‌ده‌بوو. له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌گه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که پشتیوانی‌یان له تیرۆریستان نه‌کردایا، بێ‌شک، شه‌ڕ تا ئێستا درێژه‌ی نه‌ده‌کێشا. له‌م رووه‌وه له ئێستادا هه‌موو ئه‌م هاوکاریانه زیاتر به پێی په‌یوه‌ندی سه‌ربازییه که به سیاسی‌کردنی دوای ئازادکردنی موسڵ دیارده‌که‌وێت.
ئایا په‌یوه‌ندی سه‌ربازی هه‌رێم، ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌مریکایه؟ به شێوه‌یه‌کی روون پێشمه‌رگه‌کان و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانێک وه‌کو روسیا و ئه‌ونای دیکه په‌یوه‌ندی سه‌ربازی و ئه‌منییان هه‌یه یان نا؟
به‌ڵێ به شێوه‌یه‌کی دیار له‌گه‌ڵ روسیا په‌یوه‌ندیمان هه‌یه و ته‌نانه‌ت له مۆسکۆ، نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان چالاکه. به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ روسه‌کان هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆکارێک که له‌گه‌ڵ تورکیا، ئه‌مریکا و ته‌نانه‌ت ئێران په‌یوه‌ندیمان نه‌بێت.
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مۆسکۆ له چ بوارێکدایه؟
زیاترین بواره‌کان هاوکاری سه‌ربازی و ته‌قه‌مه‌نییه. له‌م دواییانه‌دا روسه‌کان بۆ شه‌ڕی دژ به داعش که‌ره‌سه‌و چه‌کیان بۆ هه‌ێم نارد. .
به پێی نزیکبوونه‌وه‌ی به سه‌رۆک کۆماربوونی ترامپ، روانگه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌رۆک کۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریکا چییه؟
هه‌ڵوێستی ترامپ و به گشتیی ئه‌مریکا هه‌روا که باسمان کرد به‌نده به سیاسه‌ته گشتییه‌کانی ئه‌مریکاوه، به‌ڵام وادیاره ته‌کتیکی تاڕاده‌یه‌ک جیاواز بێت. ترامپ له به‌شێک له قسه‌کانیدا سوپاسی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی کرد که دژی داعش شه‌ڕ ده‌که‌ن و لێره‌دا دیسان باسی سه‌ربازی دێته ئاراوه نه بابه‌تی سیاسی، به‌ڵام به گشتیی هه‌موو لایه‌نه‌کانی کوردستانی عێراق به په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا خۆشبینن، نابێت له‌م بابه‌ته‌ش چاوپۆشی بکه‌ین که ترامپ ته‌نها یه‌ک که‌سه‌و له‌م نێوانه‌دا دروشمی هه‌ڵبژاردنی جیاوازه له لایه‌نه کردارییه‌کان.
له‌م رووه‌وه کاتێک سه‌یری سیاسه‌ته‌کانی رابردووی ئه‌مریکا له ناوچه‌که ده‌که‌ین و بارودۆخی ئێستا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، وادیاره که ئه‌گه‌ری نزیکبوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ترامپ به روسیا ده‌گاته قۆناغی کرداری. ته‌نانه‌ت دژی ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه رووبدات که به‌نده به تیمی ترامپه‌وه نه خودی ئه‌و. به‌ڵام من بڕوام به سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دراوسێکان هه‌یه. وه‌کو ئێران و تورکیا. چونکه ئاماده‌بوونی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کاتییه.
وه‌کو دوایین پرسیار، ئایا مه‌سعود بارزانی وه‌کو سه‌رۆک هه‌رێمی کوردستان به پێی بارودۆخه‌که، پێشمه‌رگه بۆ شه‌ڕی دژ به داعش ده‌نێرێته سوریا؟
هه‌روه‌ها که له پرسیاره‌که‌تاندا بوو په‌یوه‌ندی به بارودۆخه‌که‌وه هه‌یه. ده‌بێت بزانین که ئایا توانا و ئه‌گه‌ری جووڵانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له جوگرافیایه‌کی دیکه‌دا هه‌یه یان نا. هیچ وڵاتێک حه‌ز به شه‌ڕکردن ناکات به‌ڵام کاتێک که بڕیار بێت ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێم، تووشی مه‌ترسی بێت، بێ‌شک ده‌چێنه شه‌ره‌وه. له قۆناغێکدا پێویست بوو بچینه کۆبانی و دژی داعش شه‌ڕ بکه‌ین، که له‌وێ داستانێکی حه‌ماسی له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و ته‌نانه‌ت ژنانی کورد له مێژوودا و دژی داعش تۆمارکرا به‌ڵام ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێم له مه‌ترسیدابوو. به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆکارێک که ئه‌من وئاسایشی دراوسێکان له لایه‌ن ئێمه رووبه‌رووی مه‌ترسی بێته‌وه.
رژێمی ئەسەد بەهاوكاری ئێران‌و روسیا‌و حزبوڵای لوبنان، شەڕی حەڵەبی بردەوە، كە بەچارەنوسسازترینو گرنگترین شەڕی سوریا دادەنرێت، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران دەڵێت “ئه‌گه‌ر هه‌رێم یه‌كچارچه‌یی خاكی عێراق نه‌پارێزێت، ئێران كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت”.
ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٦ شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بەسەرپەرشتی محسن عزیزاقدم بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیای گەیشتنە تاران و سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیان کرد.
شاندەکە لە لایەن نازم عومەر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران پێشوازیان لێکراو ئامادەیی نوێنەرایەتی بۆ راپەراندنی کاروبارەکانیان پێشاندا . شاندی وەزارەت سوپاس وپێزانینی خۆیان بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تاران کە هەمیشە لەکاتی سەردانیان بۆکۆماری ئیسلامی ئێران بۆچارەسەری بەرکەوتوانی کیمیاباران هاوکاری تەواویان دەکات دەربڕی.
رۆژی سێشەمە ( ٢٢/١١/٢٠١٦ ) کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی کاراجۆنسۆنمالینا جێگری بەرپرسی یۆنامی لە تاران سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد. لەلایەن نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم و سۆرانعلیئەمین بەرێوبەریپەیوەندیەکانوراگەیاندنپێشوازیلێکرا.
لە دانیشتنەکەدا کاراجۆنسۆنمالینا پرسیاری لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان هەبوو بەتایبەت لە دوای دەستپێکردنی ئوپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری موسڵ و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند.
نوێنەری حکومەت تێروانین و بۆ چوونەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ میوانەکەی روون کردەوە و باسی رۆلی پێشمەرگە قارەمانەکانی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکرنی موسل کرد و هەروەها وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆمیوانەکەی روون کردەوە.
ئێران نه‌بوایا، "عێراقی داعش" دروست ده‌بوو/ کورده‌کانی عێراق جودایی‌خواز نین/ جیهان، چاوه‌ڕوانی داعشی پارتیزانی بێت
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند کە عێراقی پاش ئازادکردنەوەی موسڵ قۆناغێکی نوێ دەبێت لە لاوازکردنی داعش و ئەو دەستانەی کە لە پشتەوەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بوون.
ناوبراو لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی وتی: بڵاوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە ئاراستەی شەڕەکەی بۆ کردەوەی تیرۆریستی و خۆتەقاندنەوە بگۆڕێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران هەروەها بە ئاماژە بە ئەزموونی پێشووی ململانێی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق وتی کە ئەگەر لایەنەکان پابەندی ڕێکەوتنەکانیان لە چوارچێوەی دەستور و هەرەوەها ڕێکەوتنەکانی پێش شەڕی موسڵ نەبن دەتوانێت کێشەکانی وڵات بەرەو قوڵبوونەوە ببات.
سەبارەت بە تورکیا و جێگیربوونی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە بنکەی سەربازی بەعشیقە، نازم دەباغ وتی کە تورکیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە تا ئێستا بە سەر چەندین قۆناغدا سیاسەتی خۆیی تێپەڕاندووە و ئەمانەش وای لێدەکات کە لە عێراقدا بمێنێتەوە.
ئەمانە و چەندین بابەت و وردەکاری زیاتر لە وتووێژی جام کوردی لە گەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا هاتووە:
وەک ئەوەی کە لە ئێستادا شەڕی ئازادکردنی موسڵ بووەتە تەوەری سەرەکی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکان و بە گەورەترین شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش هەژمار دەکرێت، لێکدانەوەی بەڕێزتان بۆ ئەم شەڕە چییە و چە گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا دەخوڵقێنێت؟
دیارە گرنگی شەڕی موسڵ تەنیا لە شارەکەدا نییە بەڵکوو ناوچەیەکی بەرفراوان و سوننەنشین و ناوەندی بنیادگوزاری سوپای عێراقە و هاوسنورە لە گەڵ سوریا و تا ڕادەیەک لە گەڵ تورکیاش. کاتی خۆی کە داعش و پشتیوانانی داعش و هاوکارانی هاوکاربوون بۆ گرتنی شاری موسڵ و ناوچەکە، لێکدانەوەیەک بوو بۆ درووست‌کردنی پێگەیەکی بەهێزی ئەو سوننانەی کە داعش و یان پشتیوانی داعشن کە هەنگاوێکیش بوو بە بڕوای من بۆ درووست‌کردنی هەرێمێکی سوننە لە عێراق و سوریادا. هەروەها هەنگاوێکیش بوو بۆ لەناوبردنی ئیدارەی کوردی. ئەم شەڕە بۆ ئازادکردنی موسڵ خۆی لە لاوازکردنی داعش لە عێراق و سوریادا دەبینێتەوە.
هەروەها چۆن لە پاش گرتنی موسڵ باس لە عێراقێکی نوێ دەکرا و گووترا عێراقی پاش گرتنی موسڵ بە دڵنیاییەوە ئەمجارەیان ئازادکردنەوەی موسڵ قۆناغێکی نوێ دەبێت لە لاوازکردنی داعش و ئەو دەستانەی کە لە پشت داعش بوون. هەروەها تێکەڵاوکردنی کارتی یاری هەموو هێزە عێراقییەکان بە کورد، عەرەب، سوننە و شێعە و ئەوانیتر لە گەڵ کارتی هێزە دەرەکییەکان وەک ڕووسیا، ئەمریکا و دراوسێکان بە تایبەت تورکیا، ئێران و سەعوودیا.
واتە دەبێت هەموو ئەگەرەکان بخرێنە سەر مێزی لێکدانەوە و دیراسەکردن، چۆن دەکرێت هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ داهاتوو. کە دەکرێت ئێمەی کورد باشتر بیر لەو داهاتووە بکەینەوە کە لە کاتی خۆی وامان دانا داعش سنورێکی بۆ درووست کردووین لە نێوان هەرێم و عێراقدا. بەڵام ئەمڕۆکە ئازادکردنی موسڵ هەنگاوێکە بۆ دەرکردنی هێزێکی چەکداری تیرۆریستی بەهێز و شکست پێهێنانی و گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق و بە توانایی هێزی شەڕکەر و چەکدارەکانی عێراق. دەبێت لەو کاتەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی ڕابردووی بەشێک لە هێزی عێراقی و ناوچەییەکان، دەبێت بزانین لە کاتی هەست کردن بە بەهێزبوونی سوپای عێراق چۆن بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کورد و بەغدا دەکرێتەوە.
ئازادکردنەوەی موسڵ چە کاریگەرییەکی لە سەر ڕەوشی ناوخۆیی عێراق دەبێت؟
بە دڵنیاییەوە وەکوو لە پێشەوە باسمان کرد کێشەی دەرکردنی داعش لە موسڵ و ناوچەکە چارەسەر دەکرێت بەڵام دوو کێشەی گەورەتر درووست دەبێت، یەکیان پەرت و بڵاوکردنی هێزەکانی داعش و دەکرێت ڕوو بکەنە شەڕی پارتیزانی، جارێکی‌تر شەڕەکانیان زیاتر دەبێتە کاری تیرۆر و خۆتەقاندنەوە. کێشەی دووەمیش بەم بیرکردنەوەی هێز و لاینەکان هەیان بووە و لە ململانێی نێوان خۆیان جارێکی دیکە بە هۆی بوونی هێزی چەکداری حەشدی شەعبی، حەشدی نیشتمانی، سوپا و ئاسایش کێ دەڵێت جۆرە غروورەیەک درووست نابێت و کێشەکان درێژەی پێ نادرێت و ململانێکان قووڵتر نابنەوە.
لە پاش سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، ئایا ئازادکردنەوەی موسڵ دەتوانێت هەولێر و ناوەند لە یەکتر نزیک بکاتەوە، یان بە ڕای بەڕێزتان ئەگەری شەڕی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە سەبارەت بەو ناوچانەی کە کورد کۆنتڕۆڵی کردووە لە ئارادایە؟
دەکرێت پاش سەردانەکەی بەڕێز کاک مەسعود و ئازادکردنی موسڵ لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و لە هەمان کاتیش‌دا وەکوو لە خاڵی یەک و دوو باسمان کرد دەکرێت کێشەکانیش قووڵتر بکاتەوە، ئەگەر هەر دوولا پابەند نەبن بەو ڕێکەوتننانەی هەبوو بە تایبەت بە پێی دەستوری عێراق و مافی چارەی خۆنووسین چارەسەرکردنی مادەی 140.
تورکیا هێزی لە بنکەی سەربازی بەعشیقە جێگیر کردووە و بەرپرسانی ئەم وڵاتەش بە تایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێداگری لە سەر بەشداریکردنی هێزەکانیان لە شەڕی ئازادکردنەوەی موسڵ دەکەن و هاوکات ئەمەش لای بەرپرسانی باڵای عێراق بە توندی وەڵام دراوەتەوە. تورکیا لە موسڵ چی دەوێت؟ بەردەوامی ئەم ڕەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغدا بەرەو کوێ دەبات؟
ئاشکرایە کە سیاسەتی تورکیا لە سەرەتای پەیدابوونی داعش تا ئەمڕۆکە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ بووە، هەر لەوەی کە گووترا پشتیوانی داعش و هاوکارە بە تایبەت لە سوریا. هەر لە پاش کودەتاکەی سوپای تورکیا گۆڕانی سیاسەتی ئەم وڵاتە بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل و هەروەها جۆرە ساردبوونەوەیەک لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا. دیارە هەموو ئەوانە وا لە تورکیا دەکات زۆرتر سور بێت لە سەر مانەوەی لە عێراق و باشیک وەک سەرقاڵکردنی سوپاکەن بە شەڕی ناوخۆ و دەرەوە و لە هەوڵدا دەبێت بۆ پارێزگاریکردن لەو پێگەیەی هەیەتی چ لە کوردستان و چ لە باشیک بە هەر هۆکارێک کە ئەوەش بە پێی لێدوانەکانی سەرکردەکانی عێراق دژ بە تورکیا بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە مەنتیق کار نەکرێت ئاڵۆزی و دژواری لە ناوچەکە دەهێنێتە کایەوە و واش لە کورد دەکات خۆی بە سەر لایەکدا ساغ بکاتەوە.
دەوترێت کە لە موسڵ ڕێڕەوێک بۆ دەربازبوونی تیرۆریستانی داعش بەرەو سوریا دەکرێتەوە. چوونی ئەو تیرۆریستانە بۆ سوریا و بوونی بە ئەفغانستانێکی دیکە چە کاریگەرییەکی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری داهاتووی عێراق دەبێت؟
بۆ ڕێگاکردنەوە نازانم بەڵام ئەنجامەکەی وەکوو شەنگال دەبێت، داعش موسڵ و ناوچەکە چۆڵ بکات کە هاوکات لە سوریاش شەڕێکی قورس لە گەڵ داعش دەکرێت بە تایبەت لە شاری حەلەب، ئەمڕۆ حەلەب بووەتە ناوچەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ ساغکردنەوەی ململانێی نێوان لایەنە دژەکان کە پشتیوانی داعش و ئەوانەی کە دژ بە داعش بوون، لە هەر ڕوویەکەوە نەک کار دەکاتە سەر عێراق بەڵکوو کاریگەریی لە سەر هەموو ناوچەکە دەبێت.
نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت لە پاش ئازادکردنەوەی موسڵ هێزە بەشداربووەکان لە شارەکە بکشێنەوە. ئایا هەرێمی کوردستان ئەمەی پێ قبووڵ دەکرێت؟ واتە کورد بە ناردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەم شەڕەدا تێچووی بەرکەوێت و دواتریش بکشێتەوە؟
ووتمان لێدوان و ململانێی سیاسی لە پاش ئازادکردنەوەی موسڵ ڕەنگدانەوەی دەبێت ئەگەر لایەنەکان پابەندی ڕێکەوتنەکانی پێش ئازادکردنی ئەم شارە نەبن.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، شەڕی موسڵ، ململانێی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و قەیرانی ئابوری کە لەم ڕۆژانەدا کاریگەرییەکانی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە سەر ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی هەرێم دەبینرێت داهاتووی پرۆژەی سەربەخۆیی بەرەو کوێ دەبات. ئایا لەم هەل و مەرجەدا هەرێمی کوردستان بەرەو ڕیفراندۆم دەڕوات یان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دەمێنێتەوە؟
پێم وایە پرۆژەی سەربەخۆیی کورد ئاوات و ئامانج و خواستی هەموو کوردێکی دڵسۆز و تێکۆشەرە کە ڕۆژێک دەبێت ئەم ئامانجە بێتە دی، بەڵام بە نەبوونی یەک ووتاری سیاسی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە پێم وایە ئەم هەنگاوە ڕادەوەستێ، دەبێت لەم قۆناغەدا قابیلی جێبەجێ کردن نەبێت.
هەموو ئاراستەکانیش بەرەو ئەوە دەڕۆن پاش سەردانەکەی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە دڵنیایی دایە عێراقییەکان کە ئێمە لە گەڵ جیابوونەوە نین، بەڵکوو داوای سەربەخۆیی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەکەین کە ئەم قسانەی لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵ دەگرێت و قۆناغێکی‌تر لە ئیدارەدانی سیاسی بۆ سەرکردایەتی کورد دێنێتە پێشەوە. دیسانەوە هەر بەرنامەیەک و پرۆژەیەک هەبێت بە یەکێتی ڕیزەکانی گەل و یەک گوتاری سیاسی جێبەجێ دەبێت.
وتووێژ: ئیدریس سلێمانی
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات